گرێ کوێرەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک، دەکرێتەوە؟

0

نوچەنێت

دوای (١٤) ساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك، ئەنجامدەدرێت و ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنەكەش بۆ یەك لەسەر سێ كەمدەبێتەوە و بەدووریش دەزانرێت هاوشێوەی پێشوو لیستێك بتوانێت زۆرینەی دەنگ و كورسییەكان بەدەستبهێنێت.

دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کاتێکدایە، کە لە دوای رووداوەکانی (١٦)ی ئۆکتۆبەری ساڵی (٢٠١٧) تائێستا کورسی پارێزگار، کە پشکی کوردە بەتاڵە و لەلایەن راکان جبورییەوە بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێت. دوای زیاتر لە (١٩) مانگ، یەکێتی و پارتی رێککەوتن لەسەر دیاریکردنی ئەندازیار تەیب جەبار بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک.

تائێستا هیچ وادەیەک بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک، دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار و هیچ رێککەوتنێکیش لەگەڵ هەردوو پێکهاتە و فراکسیۆنی عەرەب و تورکمان نەکراوە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار لەناو دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگاوە.

یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پاریزگای کەرکوک(١)

بەپێی پێشنیازێكی كۆميسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق رۆژی (١٦-١١-٢٠١٩) بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق و لەناویاندا كەركوك پێشنیازكراوە، كۆميسیۆنیش چاوەڕوانی بڕیاری حكومەتی عێراق و هەمواركردنەوەی یاساكەیە لەلایەن پەرلەمانەوە، بۆ ئەوەی بە فەرمی كاتی هەڵبژاردنەكە جێگیر بكرێت و دەست بە ئامادەكارییەكان بكرێت.

ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك كە بۆ یەكەمجار لە (٣٠)ی كانونی یەكەمی (٢٠٠٥) هەڵبژێردراو پێكهاتووە لە (٤١) ئەندام كە (٢٦)یان لە لیستی برایەتی كەركوكن (زۆرینە كورد) و (٦) ئەندامی عەرەب و (٩) ئەندامی توركمان پێكهاتووە، بەڵام لە هەردوو هەڵبژاردنی رابردووی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە ساڵانی (٢٠٠٩) و (٢٠١٣)دا هەڵبژاردن لەو پارێزگایە ئەنجامنەدرا، ئەوەش بەهۆی ناكۆكییە سیاسی و نەتەوەییەكانەوە، بڕیارە لە هەڵبژاردنی چوارەمی ئەنجوومەنی پارێزگاكاندا بەشدارایی بكات، ئەمجارەش بەشێوەیەكی مەرجدار.

بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق، ژمارە (١٢)ی ساڵی (٢٠١٨)، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك، هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراق بەڕێوەدەچێت، بەڵام بەمەرج.

مادەدی (٣٥)ی یاساكە چەند مەرجێكی بۆ هەڵبژاردنەكە داناوە، لەوانە: وردبینی تۆماری دەنگدەران پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە، دیاریكردنی میكانیزمێك بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی پارێزگای كەركوك بەسەر پێكهاتەكانی شارەكەدا، بۆ دەستەبەركردنی نوێنەرایەتی سەرجەم پێكهاتەكانی كەركوك، هەروەها ئەو ئەنجامانەش هیچ كاریگەرییەكەی نابێت لەسەر دیاریكردنی ئایندە و چارەنووسی كەركوك، لەگەڵ دیاریكردنی یەك كورسی بۆ كۆتای مەسیحیەكان.

ئاوات محەمەد ئەمین، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك دەڵێت “بەپێی ئەو مەرجانەی بۆ هەڵبژاردنی كەركوك دانراوە، ئەگەر پێكهاتەیەكیش (٧٠%)ی دەنگەكانی هەڵبژاردنەكە بباتەوە، ناتوانێت سەرجەم جومگەكانی دەسەڵاتی پارێزگاكە وەربگرێت و دەبێت پێكهاتەكانی دیكەش بەشداریی پێبكات لە پۆستەكاندا”.

یەكەم هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك، لەگەڵ پارێزگاكانی دیكەی عێراق و هەرێمی كوردستان، بەپێی یاسای پۆل برێمەر (حاكمی مەدەنی ئەمەریكا لە عێراق ٢٠٠١٣) ئەنجامدراو ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی كەركوك بە (٤١) ئەندام دیاریكرا، بەڵام بەپێی یاسا نوێیەكە ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك دەبێتە (١٣) ئەندام، كە یەكێكیان كورسی كۆتای مەسیحییەكانە.

ئەستەمە هیچ لایەنێك
بتوانێت زۆرینە بەدەستبهێنێت

لەوبارەیەوە ئاوات محەمەد دەڵێت “بەپێی یاسا نوێیەكە، هاوتای ژمارەی نوێنەرانی پارێزگاكە، ژمارەی كورسییەكانی ئەنجوومەن دیاری دەكرێت بەوپێیەش ئەنجومەنی داهاتووی پارێزگای كەركوك (١٣) كورسی دەبێت، (١٢) كورسی گشتی و یەك كورسی كۆتای مەسیحییەكان”.

ئاماژەی بەوەكرد، لە ساڵی (٢٠٠٥)ەوە یەك هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك كراوە، بەڵام بۆ خولی داهاتوو، كە ژمارەی ئەندامەكان كەمبووەتەوە حەوت ئەندام دەكاتە زۆرینە، ئەستەمە هیچ لایەنێك بتوانێت زۆرینە بەدەستبهێنێت و دەبێت بەپێی تەوافوق و رێككەوتن پۆستەكان و شارەكە بەڕێوەببرێت.

هەروەها دەڵێت، لە یەكەم هەڵبژاردندا هەشت حیزب و لایەنی سیاسی لە چوارچێوەی لیستی برایەتی كەركوك ئەندامیان هەبوو، بەڵام ئێستا تەنها ماوەتەوە یەكێتی و پارتی و یەكگرتوو، زۆرینەكەش لای پارتی دیموكراتی كوردستانە، ئەوەش پەیوەندی بە شێوازی دانانی لیستی برایەتی كەركوكەوە هەبوو بۆ یەكەم هەڵبژاردن، بەڵام بۆ خولی داهاتوو ئەستەمە حیزبێك یان لایەنێك، یان لیستێك بتوانێت زۆرینەی رەهای ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك ببات و پۆست و دەسەڵاتەكان لای خۆی كۆبكاتەوە.


پێكهاتەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك بەپێی پێكهاتەكان و حیزبەكان بەمشێوەیەیە:

  • لیستی برایەتی كەركوك (٢٦) ئەندام
    پارتی (١٣) ئەندام، (٧) كورد، (٣) مەسیحی (٢) توركمان، یەك عەرەب
    یەكێتی (٨) ئەندام، (٦) كورد، یەك عەرەب، یەك توركمان
    یەكگرتووی ئیسلامی (٣) ئەندام
    بێ لایەن (٢) ئەندامی كورد
  • لیستی عەرەبی (٦) ئەندام
  • لیستی توركمان (٩) ئەندام، بەرەی توركمان (٦) ئەندام

تەمەنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە (١-٣-٢٠٢٠) کۆتایی دێت(٢)

پەرلەمانی عێراق، هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاکانی پەسەند کرد و دوای (١٥) ساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکوک ئەنجامدەدرێت.

ئەنجوومەنی هەر پارێزگایەک
١٠ کورسی دەبێت

کەرکوک ١٣ کورسی

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ هەمواری یەکەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (ئەو پارێزگایانەی لە هەرێمێکدا رێکنەخراون) ژمارە (١٢)ی ساڵی (٢٠١٨)ی پەسەند کرد.

بەپێی هەمواری یاساکە، تەمەنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە (١-٣-٢٠٢٠) کۆتایی دێت و (١-٤-٢٠٢٠) هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لەناویاندا کەرکوک ئەنجامدەدرێت.

بەپێی هەموارە نوێیەکە، بۆ هەر پارێزگایەک (١٠) کورسی ئەنجوومەنی پارێزگا دیاریکراوە، بەڵام هەر پارێزگایەک ژمارەی دانیشتوانی لە یەک ملیۆن کەس تێپەڕێنێت، ئەوا هەر (٢٠٠) هەزار کەس کورسییەک زیاد دەکرێت بۆ کۆی کورسببەکانی ئەنجوومەنەکە.

کەرکوک و ناکۆکی

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک جارێکی دیکە بووە هۆی ناکۆکی نێوان فراکسیۆنەکان و عەرەب و تورکمانەکان دەیانویست لە هەموارەکەدا جێگیری بکەن کە ئەنجوومەنی ئێستای کەرکوک هەڵبوەشێتەوە و هاوشێوەی رابردوو هەڵبژاردنی تێدا ئەنجامنەدرێت تا ئەوکاتەی تۆماری دەنگدەران رێکدەخرێتەوە و پاکدەکرێتەوە و ناوی هەموو ئەو کەسانە لە تۆمارەکە دەردەکرێت، کە دوای ساڵی (٢٠٠٣) کۆبۆنی خۆراکیان گەڕاوەتەوە بۆ شارەکە، پۆستە ئیدارییەکانیش وەک یەک لەنێوان سێ پێکهاتەی شارەکە (کورد، عەرەب، تورکمان) دابەش بکرێت، بەڵام دواجار فراکسیۆنەکان گەیشتنە داڕشتنەوەیەک و هەموارەکە پەسەند کرد.

ماددەی تایبەت بە کەرکوک

بەپێی بڕگەی حەوت لە ماددەی (٣٥)ی یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاکان، کۆميسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی پابەندە بە هاوتاکردنی تۆماری دەنگدەرانی کەرکوک لەنێوان کۆبۆنی خۆراک و رەگەزنامەی شارستانی لە ماوەیەکدا، کە لە (٣١)ی کانونی یەکەمی ساڵی (٢٠٢٠) تێپەڕنەکان، لەگەڵ لابردنی ئەو ناوانەی هاوتانین لەنێوان هەردوو تۆمارەکەدا، جگە لەو رێکارانەی، کە بەپێی ماددەی (١٤٠) دەستور و لیژنەی بەدواداچوونی ڕاستییەکان گیراونەتەبەر بۆ بەشداریی دەنگدەران.

بەپێی بڕگەی هەشتی ماددەی (٣٥)یش، کە هەر تایبەتە بە کەرکوک، کۆميسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان پابەند کراوە بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست بە پێی رێنماییەکان بۆ ئەنجامدانی ئەژماری دەنگەکان بە دەستی و ئەلیکترۆنی بەتایبەتی ئەو سندوقانەی تانەیان لەسەرە.

رێككەوتنێكی سەرەتایی کراوە
بۆ دواخستنی
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان

بێبەشکردنی کەرکوک لە هەڵبژاردن

یەکەم هەڵبژاردن کە بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەنجامدرا، هەڵبژاردنی ساڵی (٢٠٠٥) بو بە پێی یاسای پۆل برێمەر، دواتر ئەو شارە لە هەردوو هەڵبژاردنی ساڵی (٢٠٠٩) و (٢٠١٣) بێبەشکرا، بەوەش لەماوەی (١٤) ساڵی رابردوودا هیچ هەڵبژاردنێکی پارێزگاکان لەو پارێزگایە ئەنجامنەدراوە و بڕیارە لە هەڵبژاردنی چوارەمی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ساڵی (٢٠٢٠) بەشداریی بکات.

هەڵبژاردنەكان بۆ مانگی نیسانی ساڵی داهاتوو دوادەخرێت (٣)

شێروان دوبه‌ردانی ئەندامی لیژنەی هەرێمەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، رێككەوتنێكی سەرەتایی لەنێوان عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق و كۆميسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كراوە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بۆ مانگی نیسانی ساڵی داهاتوو كە بڕیاڕ وابوو لە ١٦ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت.

هاوكات، سائیب خدر ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت لە ڕووی هونەری و تەكنیكییەوە دواخستنی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان یەكلایی بووەتەوە.

سائیب خدر هۆكاری دواخستنی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی گەڕاندووتەوە بۆ بوونی چەند ڕەهەندێك دوای كۆبوونەوەكانی لیژنەكە لەگەڵ ئەندامانی كۆميسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان كە تیایدا دیدێك خرایەڕوو بۆ پێویستی ئەنجامدانی چەند چاكسازییەك لە یاسای هەڵبژاردنەكان لە وادەیەكدا، كە لەمانگی نیسانی ڕابردوو تێنەپەڕیبایە. بەپێچەوانەی ئەوەشەوە، هەڵبژاردنەكان بەگوێرەی ئەو وادەیەی حكومەت دیاری دەكات، بەڕێوەدەچێت.

ئەگەر هەیە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دوا بخەن (٤)

جێگری سەرۆکی کۆميسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، کە ئەگەر هەیە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دوا بخەن.

رۆژی١٣-٣-٢٠١٩ رزگار حاجی حەمە، جێگری سەرۆکی کۆميسیۆن، بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە. کە حکومەتی عێراق بڕی ٢٦٢ ملیار دیناری بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، تەرخان کردووە. دەشڵێت “کێشەیەک لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە هەیە، کە بریتییە لەوەی، یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکان هاتووە، کە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و شارۆچکەکان لە یەک کاتدا دەکرێ”.

پارتی،
وەك ھێزی یەكەمی عێراق
و ھەرێمی كوردستان
بەشداری كارای لە هەڵبژاردن دەبێت

جێگری سەرۆکی کۆميسیۆن ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەگەر هەردوو هەڵبژاردن بەیەکەوە بکرێ، دەبێ لانیکەم لە مانگی ٤ـی ئەمساڵ یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان هەموار بکرێتەوە، چونکە زیاتر لە ٤٠شارۆچکە هەن، ئیدارەی تێکەڵاویان هەیە و دەبێ یەکلایی بکرێنەوە.
پێشتر پەرلەمانی عێراق رۆژی ١٦-١١-٢٠١٩ـی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دیاری کرد.

مەرجەکانی پارتی بۆ بەشداری کردنی لە هەڵبژاردن(٥)

خەسرۆ گۆران بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەكەی راگەیاندووە، بەشی یاسایی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی رێكارە یاساییەكان دەگرێتەبەر بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق و ئەو بڕە پارەیەشی بۆ قەوارەكان دیاری كراوە لەبانك دادەنرێت.

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی ده‌شڵێت”پارتی لە موسڵ، دیالە و ئەگەر دۆخی كەركوك ئاسایی بكرێتەوە لە كەركوك، وەك ھێزی یەكەمی عێراق و ھەرێمی كوردستان بەشداری كارای دەبێت.

تا ئێستا وادەی هەڵبژاردنی
ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان
دیارینەکراوە

خەسرۆ گۆران ئاشكراشیكرد، مەرجی بەشداریكردنی پارتی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كەركوك ئاساییكردنەوەی رەوشی كەركوك و دەرچوونی حەشدی شەعبیە. روونیشیكردۆتەوە “كەركوك رەوشێكی تایبەتی هەیە و نابێت بەو ئاڵۆزییەی لە شارەكە هەیە، هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت”.

نزیکەی (٤٠) هەزار دەنگی کورد لەبەر پەرتەوازەیی بە فیڕۆ چوو(٦)

ئەحمەد عەسکەری، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک دەڵێت: بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە ئەگەر کورد دەیەوێ زۆرینەی ئەنجوومەن مسۆگەر بکات و پۆستی پارێزگاری لە دەستنەچێ، ئەوا دەبێ بەیەک لیست بەشداریی هەڵبژاردنەکە بکات.

عەسکەری پێیوایە “ئەگەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا کورد یەک لیست بوایە، ئەوا کورسییەکی دیکەی دەبردەوەو دەبوە حەوت کورسی، بەڵام بە دەنگێکی کەم ئەو کورسییە بۆ تورکمانەکان یەکلایی بوەوە. لەو دەنگدانەدا نزیکەی (٤٠) هەزار دەنگی کورد لەبەر پەرتەوازەیی بە فیڕۆ چوو”.

هەڵبژاردن لە کەرکوک دوا دەخرا
تا ئەم دۆخەی ئێستا دروستبێ
و کورد لە کەرکوک بێدەسەڵات بکرێ

بەپێی یاسای ژمارە (٣٦)ی ساڵی (٢٠٠٨)ی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، کەرکوک لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بێبەشکرا، تا ئەوکاتەی بەپێی یاساکە گۆڕانکارییە دیمۆگرافییەکان راستدەکرێنەوەو تۆماری دەنگدەرانی پارێزگاکە پاکدەکرێنەوە. هەروەها پۆستەکانی کەرکوک بەڕێژەی (٣٢٪)ی لەنێوان پێکهاتە سەرەکییەکان دابەش دەکرێت. بەڵام لە یاسای ساڵی (٢٠١٨) ئەو کۆتوبەندانە لەسەر هەڵبژاردنی کەرکوک لابراوە.

ئەحمەد عەسکەری جەختیکردەوە، هیچ دەقێکی یاسایی نییە رێگری بکات لەبەردەم هەڵبژاردن لە کەرکوک، بێبەشکردنی پارێزگاکەش لە هەڵبژاردن نایاسایی و نادەستورییە. “پێشتر بۆیە هەڵبژاردن لە کەرکوک دوا دەخرا تا ئەم دۆخەی ئێستا دروستبێ و کورد لە کەرکوک بێدەسەڵات بکرێ. بەڵام بەم حاڵەشەوە هێشتا ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی خەڵکی کەرکوکدایە”.

بەپێی دوائامارەکان، ژمارەی دەنگدەرانی سنووری پارێزگای کەرکوک زیاتر لە (٩٥٠)هەزار دەنگدەرە، بۆ هەڵبژاردنی داهاتو رەنگە لە یەک ملیۆن دەنگدەر نزیک بێتەوە. وتەبێژی کۆميسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە کەرکوک ئاماژە بەوە دەکات بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لە دایکبوانی ساڵانی (٢٠٠١) و (٢٠٠٢) بەشداریی دەنگدان دەکەن، بۆیە پێویستە سەردانی بنکەکانی تۆماری دەنگدەران بکەن بۆ تۆمارکردن و دڵنیابوونەوە لە بوونی ناوەکانیان لە تۆماری دەنگدەران.

وادەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دیارینەکراوە (٦)

شێروان زرار، گوتەبێژی كۆميسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان بە خەندان-ی راگەیاند، “بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاکان دەبێت شەش مانگ پێشتر ئاگاداربکرێنەوە، دەبێت کۆميسیۆنیش لە ڕووی داراییەوە هاوکاری و پاڵپشتی بکرێت، چونکە لە ڕووی یاساییەوە تاکە دەسەڵاتێک کە دراوە بە کۆميسیۆن دەسەڵاتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانە”. تا ئێستا وادەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دیارینەکراوە، ئەوەش لەکاتێکدایە مانگی یەکی ئەمساڵ پەرلەمانی عێراق وادەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقی دیاریکرد.

بەپێی بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق، ١٦ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی لە عێراق بەڕێوەدەچێت، بەڵام تا ئێستا دیارنیە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە هەرێمی کوردستان کەی بەڕێوەدەچێت.

لە رۆژی ٢٤ی حوزەیرانی ساڵی رابردووەوە، وادەی یاسایی ئەنجوومەنی پارێزگاكان كۆتایی هاتووە، بەپێی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاكانیش، تەنها بۆ ماوەی ٩٠رۆژ ئەنجوومەنەکان دەتوانن بەردەوام بن لەسەر كارەكانیان. بەڵام پەرلەمان کاری ئەنجوومەنەکانی بە کراوەیی رێز کردەوە بەبێ دیاریکردنی کات، و تێیدا هاتووە تاکو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێ بەردەوام دەبن.

ئەنجام

دۆخی ئێستای کەرکوک هەر بەو شێوەیە بمێنێتەوە و هەڵبژاردن بکرێ، بە دڵنیاییەوە کورسی کورد کەم دەکات، لەبەرچەند هۆکارێک، ئەگەری ساختەکاری لەلایەنی عەرەب و تورکمان بە هۆی بوونی حەشدی شەعبی زۆرتر دەبێت. هۆکارێکی دیکەش حزبی یەکەمی کوردستان واتە پارتی دیموکراتی کوردستان، بایکۆتی هەڵبژاردن دەکات.

بۆ چارەسەر کردن و لابردنی مەترسییەکان، یەک لیستی و یەکدەنگی لایەنە کوردییەکانە، کە کار بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی کەرکوک بکەن و بە گڕوتینەوە بەشداری هەڵبژاردن بکەن. بەڵام لێرەدا پرسیارێک دێتە کایەوە ئایا ئەو رێککەتنەی پارتی و یەکێتی بۆ دانانی پارێزگاره‌کەی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە؟ ئەگەر درەنگتر بکەوێت کورد زیانمەند بێت و پۆستی پارێزگار بۆ کورد بکەوێتە مەترسییەوە کێ بەر برسیار دەبێت؟

سەرچاوەکان

١ـ https://www.zamenpress.com/Details.aspx?jimare=3206

٢ـ https://www.sbeiy.com/Details.aspx?jimare=15900

٣- https://xelk.org/121466/

٤- http://www.basnews.com/index.php/so/news/iraq/508023

٥ـ https://xelk.org/100286/

٦- https://www.sbeiy.com/Details.aspx?jimare=13756

٧- http://www.xendan.org/detailnews.aspx?jimare=68708&babet=1&relat=7359

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com