ئێران چۆن توانی لە چوار پایتەختی عەرەبی باڵادەست بێت؟

0

نوچە

لە ساڵی ٢٠١٥ ئێران بە سوود وەرگرتن لە رێککەوتن و هەڵوێستی ئەمریکا و هەڵگرتنی گەمارۆيه ئابورییەکان، بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان، هەۆلی دا هەژموونی  خۆی  بەسەر دەوڵەتانی ناوچەکەدا بسەپێنێت. تێکچوونی رەوشی ئاسایشی ناوچەکە لە دوای بەهاری عەرەبی، سەرهەڵدانی داعش و توندبوونی ناکوکییە تایفییەکان، دەرفەتێکی زێرینی بۆ ئێران رەخساند بۆ  ئەوەی لە ماوەیەکی کورتخایەندا ببیتە دەسەڵاتێکی هەژموونگەرا لە عیراق، سوریا، یەمەن، لوبنان. لەهەمان کاتیشدا کار بکات بۆ دروستکردنی خەونی لە مێژینەکەی، کە بریتییە لە  هیلالی شیعی.

ئەم بەهێز بوون و فراوانخوازیەی ئێران، لە سەر ئاستی رۆژهەلاتی ناوەڕاست، زەنگێکی مەترسیدار بوو بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، وەک ئیسرائیل، سعودیە، میسر و دەوڵەتانی تر، و زۆربەی رەخنەکانیش  ئاراستەی ئیدارەی ئوباما دەکران، بەوەی، کە سیاسەتەکەی بۆتەی هۆی ئەوەی ئێران دەست بەسەر چەندین پایتەختی  وڵاتانی عەرەبیدا بگرێت. دوای هاتنی ئیدارەی  تڕەمپ بۆ سەر دەسەڵات، سیاسەتی ئەمریکا لەسەر ئاستی دەرەکی تا رادەیەکی زۆر گۆڕانکاری بەسەردا هات، بە تایبەت ئەوەی پەیوەندی بە مەلەفی ئێرانەوە هەیە.

هێرشی سەربازی پرسی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران چارەسەر ناکات (١)

باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی دووی تەلەفزیونی ئیسرائیل لە مانگی ٦-ی ٢٠١٥ رایگەیاند؛ هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران تەنانەت بە راوێژی ئەمریکاش بێت، پرسی بەرنامەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە  چارەسەر ناکات”.

ئۆباما دەشڵیت:” لە سەر بنەمای هەڵسەنگاندنی راستییەکان، دەتوانم ئەوە بسەلمێنم کە رێککەوتنێکی کۆتایی، پێش بە ئێران دەگرێت لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی”.

سەرۆکی ئەمریکا هەروەها دەڵێت:” تەنانەت ئەگەر ئەمریکا لە هێرشێکی سەربازیدا بۆ سەر ئێران هاوکاری بکات، بەرنامەی ناوکی ئێران راناگیرێت”.

ئۆباما لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئیسرائیل بە بێ هاوئاهەنگی ئەمریکا هێرشی سەربازی دەکاتە سەر ئێران یان نا؟ گوتی:” پێم وانییە، بەڵام درک بە ترس و نیگەرانییەکانی خەڵکی ئیسرائیل دەکەم.”

كێن ئەوانەی پشتیوانی شەڕ دەكەن؟ (٢)

هەرچەندە تڕەمپ دژی شەڕی ئێرانە لە ئێستادا، بەڵام لەسەر ئاستی ناوخۆی ئەمەریكا و ئیدارەكەی تڕەمپ، چەند بەرەیەكی بەهێز پشتیوانی شەڕ دەكەن لەوانە:

لە هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران،
ئەمریکا بەرپرسیارێتی ناگرێتە ئەستۆ

– لە ناو ئیدارەكەی ترەمپدا هەڵۆكانی كۆشكی سپی، كە جۆن بۆڵتنی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوە پشتیوانی شەڕن، بۆڵتن كە ئەندازیاری شەڕی عێراقە پێشنیاری كردوە (١٢٠) هەزار سەرباز رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكرێت و بە (٥٠٠) موشەك توانای سەربازی ئێران لەناو ببرێت. (بەڵام لەم دواییانە لسەر داوای ترەمپ دەستی لەکار کێشاوەتەوە)

بەڵام پلانی مایك پۆمپیۆ جیاوازترە و پێشنیاری كردوە سزاكان توند بكرێن و هاوپەیمانی سەربازی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێكبهێنرێت بەوەش ئێران كاردانەوەی دەبێت و ئەوكات ئەگەر هێرشی سەربازیش بكرێتە سەر ئێران لە ڕووی سەربازی و دارایی و بەرپرسیاریتی نێودەوڵەتیشەوە ئەمەریكا بەرپرسیارێتی و ئەركی ناكەوێتە ئەستۆ.

– لەسەر ئاستی ناوخۆیش هەر سێ سەرمایەداری ئەمەریكی ئەدیسۆن شیڵدۆن و پۆڵ سنجەر پشتیوان و هاندەری سەرەكی رووخانی ئیرانن، ئەم سێ سەرمایەدارە كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر ترەمپ و پارتی كۆماری هەیە پشتیوانی شەڕن و (٢٥٩) ملیۆن دۆلاریان بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی تڕەمپ تەرخانكردوە.

– لەسەر ئاستی ناوەندەكانی لێكۆڵینەوە و دروستكردنی بڕیاریش هەریەكە لە ناوەندەكانی ( FDD- JINSA-ناوەندی لێكۆڵینەوەی رۆژهەڵاتی دوور- لۆبی یەهودی) ڕای گشتی ئەمەریكا بەئاراستەی شەڕ و رووخانی ئێران دەكەن.

لەسەر ئاستی ئێران كێن ئەوانەی پشتیوانی شەڕدەكەن؟

– لەسەر ئاستی ناوخۆی ئێران، باڵی توندڕەوی دەسەڵات، كە خۆی لە عەلی خامنەئی و حسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسداران و عەلی ئەكبەر ویلایەتی، سەرۆكی ئەنجوومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندیيەكانی ئێران و قاسمی سولەیمانی، پشتیوانی وەڵامدانەوەی ئەمەریكان و پێیان وایە ئامانجی سزاكان لاوازكردن و دواتر رووخاندنی كۆماری ئیسلامی ئێرانە.

– گروپی دووەمی پشتیوانانی شەڕ سوپای پاسەوانانی شۆڕش (الحرس الثوريه) چونكە ئەم هێزە دەستی بەسەر سەدا (٤٣%) ئابوری ئێراندا گرتووە و سزاكان راستەوخۆ كاریگەری لەسەر ئەم هێزە هەبووە و سەرچاوە داراییەكانی وشك كردوە.

بەڵام بەرەی میانڕەوی ئێران، كە بریتین لە عەلی لاریجانی و حەسەن رووحانی و محەمەد جواد زەریف و هۆشەنگ زەنگەنەی وەزیری نەوت، پشتیوانی دانوستان و گفتوگۆن و پێیان وایە هەر هەڵەیەك، دەبیتە هۆی كیشەیەكی گەورە و ئێران دەخاتە شەڕێكی نابەرامبەرە و بۆیە نەرمی نواندن و دانبەخۆداگرتن باشترین رێگای خۆپارێزیە لە مەترسیيەكان.

سزاکانی ئەمریاکا لە قۆناغەکان (٣)

هاوکات لەگەل هاتنی  تڕەمپ بۆ سەر دەسەڵات، هاوکێشەکان بە تەواوەتی پێچەوانە بوونەتەوە و ئیدارەی نوێ سیاسەتێکی زۆر توندی هەمبەر ئێران گرتووەتەبەر. تڕەمپ لە یەکەم هەنگاودا  لە  شوباتی ٢٠١٧ ئێرانی خستە لیستی چاودێرکردنەوە.  بە هەمان ئاراستە، تڕەمپ  ره‌خنەی زۆر توندی ئاراستەی ئیدارەی ئوباما کرد، سەبارەت بە رێکكەوتنی بەرنامەی ئەتومی لەگەڵ  ئێران، و بە ریکكەوتنێکی زۆر خراپی لە مێژووی ئەمریکادا وەسفکرد و داوای چاوخشاندنەوەی بە پەلەی بەندەکانی ئەو ریکكه‌وتنامەیەی کرد.

هەڵوێستی توندی ئیدارەی تڕەمپ،
لە بنەڕەتدا، بۆ گۆڕینی سیاسەتەکانی ئێرانە، نەک رووخاندنی

تڕەمپ لە  ٨ ئایاری ٢٠١٨، بەشێوەیەکی تاکلایەنە لە ریکكەوتنامەکە کێشایەوە  و  لە ٧ئابی ٢٠١٨ قوناغی یەکەم، و لە ٥ نوڤەمبەری ٢٠١٨ قوناغی دووەمی سزاکانی ئابووری بەسەر ئێراندا سەپاندت.  هەروەها لە ٨   نیسانی ٢٠١٩ ئەمریکا سوپای پاسدارانی خستە لێستی تیرۆره‌وە . لەلایەکی تریشەوە،  ئەمریکا بریاری داوە کە لەسەرەتای مانگی ئایاری ٢٠١٩ کوتایی بە موڵەتی ئەو ٨ دەۆڵەتە بهینێت کە بوماوەییەکی سنوردار وکاتی  ڕیگەیان پێدرا بوو نەوت و گاز لە ئێران بگرن و لەم رێگەیەشەوە، ترڕمپ مەبه‌ستیەتی رێژەی هەناردەکردنی نەوتی ئێران لە خالی سفر نزیک بکاتەوە.

لە ڕاستیدا هەڵوێستی توندی ئیدارەی تڕەمپ هەمبەر ئێران، لە بنەرەتدا، بۆ گۆڕینی ڕەفتارو سیاسەتەکانی ئێرانە لە ناوچەکەدا، نەک گۆڕین یان رووخاندنی  سیسته‌می سیاسی. بەتایبەتیش بەرپرسانی ئەمریکا زۆر بە  ڕاشکاوانە ئاماژە بەوە دەکەن کە هیچ مەبەست و پلانێکی نهێنیان نییە، بۆ ئەوەی لە رێگای هێزی سەربازییەوە ڕژێمی ئێستا ئێران برۆخێنن، بەڵکو ئامانجی سەرەکی ئەمریکا ئەوەیە کە دەسەڵاتدارانی ئێران لەسەر ئاستی ناوخۆیی ودەرەکی سیاسەتێکی نوی پراکتیزە بکات و پێداچونەوە بە سیاسەتی ئێستای خۆیدا بکات.

ئەوروپا: بەرنامەی ئەتۆمی ئێران جێی نيگەرانییە (٤)

مایا کوتسیانچیچ، گوتەبێژی یەکێتی ئەوروپا، بەرامبەر بە بڕیاری ئێران بۆ چالاککردنی ژمارەیەکی زیاتری سانتریفیۆژ، هۆشداری دا و گوتی “پابەندبوونی ئێران بە رێککەوتنی ئەتۆمی بەندە بە پابەندبوونی ئێران”.

گوتەبێژی یەکێتی ئەوروپا گوتیشی، بە وردی چاودێری هەنگاوەکانی ئێران دەکەین و ئەم هەنگاوانە بە مانای کشانەوەیە لە رێککەوتنەکە.

کاریگەری ئاڵۆزیەکانی ئەم دواییەانەی ناوچەکە لەسەر عێراق

حەسەن بارام، چاودێری سیاسی کورد و شارەزا لە کاروباری سیاسی عێراق، بە نوچە-ی راگەیاند: ناوچەکە لە بەردەم ئاڵۆزییەکی بەردەوام دایە و بەروە ئاراستەی قوڵبوونەوەی کێشەکان هەنگاو دەنێت، هێرشکردنە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە، ئاسایی نییە؛ چونکە لە شادەماری ئابووری و قوڵایی خاکی ئەو وڵاتە دراو، بۆیە ئەمە مەترسی لە سەر وزە و ئاسایشی لە کەنداو دروست کردووە.

حەسەن بارام زیاتر روونی دەکاتەوە و دەڵێت، لە ئێستادا مەترسیدارتر ئەوەیە، کە سەرچاوە و ئاراستەی هێرشەکە، بە گوێرەی زانیارییەکان، کە لە خاکی عێراقەوە هێرشەکە ئەنجام درابێت، چونکە پێشتریش گومان لەوە دەکرا هێرشی سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکانیش لە خاکی عێراقەوە بووبێت، ئەگەر لە ٦٠٪ بۆ سەرەوە گۆمانەکان لەسەر ئەوەبن لە خاکی عێراقەوە هێرشەکان ئەنجام درابێتن، دەبێتە سەرەتایەکی خراپ بۆ درستبوونی گرژی و قەبارەی مەترسییەکان زیاتر دەکات بە دیاری کراویش لە عێراق.

ئەو چاودێرە سیاسییە پێوایە، ئەگەر بسەلمێندرێت هێرشەکان لە خاکی عێراقەوە ئەنجام دراون، رەنگە هێرشی قورسی راستەوخۆ بکرێتە سەر جبەخانە و بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی، کە ئەمەش عێراق دەباتە قۆناغێکی نوێی ئاڵۆزی لە ناوچەکە.

دوایین هەڵوێستی تڕەمپ (٥)

دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بەرامبەر بە هێرش بۆ سەر  دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە هەڵوێستی وەرگرت.

سەرۆکی ئەمریکا لە تویتێکدا نوسیویەتی، ئێمە دەزانین ئەنجامدەری ئەم هێرشە کێیە. چاوەڕێین سعودیە راپۆرتی خۆی پێشکەش بکات. دەشڵێت، ئامادەی هێرشی سەربازی بۆ سەر لایەنی هێرشکارین. ئەمەش بەندە بە پشتڕاستکردنەوەی راپۆرتەکان.

ڕۆژی رابردوو، بەرپرسانی سعودیە رایانگەیاند، کە جۆری ئەو موشەکانەی، کە دامەزراوە نەوتيیەکانی ئارامکۆی پێکراوەتە ئامانج، موشەکی کروز بووە و موشەکەکان لە لە لای ئێران و عێراقەوە ئاراستە کراون.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش دەڵێت، کە ئێران لە ژێر ناوی دیبلۆماسی، ئاسایشی وزەی جیهانی خستۆتە مەترسییەوە.

حکومەتی عێراقیش رەتی دەکاتەوە، کە لە خاکی ئەم وڵاتەوە هێرشەکەی سەر سعودیە ئەنجام درابێت.

ئەنجام

تائێستا بەرەی دژە شەڕ لە هەردوو لایەنی ئەمەریكی و ئێرانی سەركەوتوو بوون لە رێگری لە شەڕ، بەڵام روونەدانی شەڕ لە ماوەیەكی درێژدا گرەنتی كراو نییە، چونكە هێشتنەوەی ئاڵۆزی و ململانێكان بەم شێوەیەی ئێستا، رەنگە لە هەر كاتێكدا ببێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگیكی نەخوازراو.

یەکێک لەو وڵاتانەی بەهۆی چەند گروپێکی چەکداری مەزهەبی سەر بە ئێران بووەتە مه‌يدانێکی ئاڵۆز و مەترسیدار، کە حکومەتی عێراق لە ئاستیدا بێ توانایە، چونکە لە توانایدا نییە بەسەر دۆخەکەدا زاڵ بێت و جڵەوی هێزە چەکدارییە لاوکییەکانی بگرێت.

لێرە ئەم پرسیارە دروست دەبێت، کە ئەگەر دۆخەکە بگاتە ئاستی بەریەککەوتن و عێراق ببێتە مەیدانی شەڕ، کە ئەمە ویستی ئێرانە، ئایا هەرێمی کوردستان بێ لایەن و پارێزراو دەبێت؟

سەرچاوەکان

١ـ https://www.rudaw.net/sorani/world/02062015

٢- https://www.sbeiy.com/Details.aspx?jimare=15776

٣- https://www.awene.com/article?no=2474&auther=176

٤ـ http://www.nuche.net/?p=141973

٥ـ http://www.nuche.net/?p=142352

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com