ئەو یەکە سەربازیيانەی پێویستە یەکبخرێنەوە کامانەن؟

0

نوچە

لە کارنامەی کابینەی نوێ پرسی یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بووەتە خواست و داواکاریى گشتى و حکومەت جەخت لەسەر رێکخستن و یەکخستنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکاتەوە. بۆ ئەو مەبەستە هەوڵەکان لەسەر یەکخستنەوەى یەکەى ژمێریاى هێزەکانی (٧٠) و (٨٠) و وەزارەتەوە دەست پێبکات.

جیاوازى هێزەکان و یەکەى ژمێریارییان(١)
زانیارییە فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن تائێستا (١٦٠ بۆ ١٧٠) هەزار ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە لە وەزارەتى پێشمەرگە و هێزەکانى (٧٠ و ٨٠) موچەخۆرن و لە ئەرکدان بێجگه‌ له‌وانه‌ى خانەنشینن. هەروەها لەو ژمارەیە نزیکەى (٤٠) هەزاریان یەکخراونەتەوە، بەڵام هێشتا (١٢٠) هەزار پێشمەرگە ماون، کە لە چوارچێوەى میلاکى کارگێڕى و ژمێریارى هێزەکانى (٧٠ و ٨٠) دان و پێویستە یەکبخرێنەوە.

ئەمەریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و هۆڵەندا
لە پرسی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە پاڵپشتیى دەکەن

شارەزایانی سیاسی و سەربازی بوونى چەند یەکەیەکى ژمێریاریى تایبەت بەو هێزانە، بە بەربەستێکى گەورە لەبەردەم یەکخستنەوەى هێزەکان لەقەڵەم دەدەن، و پێیانوایە جیاوازى ئەو یەکانە بووەتە هۆى ئەوەى گومان و ناڕوونیش هەبێت لە ژمارەى ڕاستەقینەى هێزەکان، بۆیە بە پێویستى دەزانن لە بنەڕەتەوە ئەو یەکە ژمێریارییانە هەڵبوەشێنرێنەوە و سەرجەمیان لەژێر چەتریى یەکەیەکى ژمێریارى سەر بە وەزارەتدا رێکبخرێنەوە.

ویستى یەکخستنەوەى هێزەکان

لە کارنامەی کابینەی نوێی حکومەتدا جەخت کراوەتەوە لەسەر ئەوەی بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێم، لە پێناو بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری و رووبەڕووبونەوەی مەترسییەکان و پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی هەرێم، پێداچوونەوە بە میکانیزمی یەکخستنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەکرێت و هەوڵ دەدەین بە هاوکاری پسپۆڕانی ناوخۆ و دەرەکی ئەم هێزانە لە ستانداردە سەربازییەکان نزیک بێتەوە.

شاخەوان رەئوف بەگ، ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە و ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێیەکان لە پەرلەمانی كوردستان بە (سبەى) راگەیاند؛ هەوڵەکان بۆ یەکخستنەوەى هێزى پێشمەرگە چڕ کراوەتەوە و بڕیارە لەم هەفتەیەدا لیژنەکەشمان سەردانى وەزیرى پێشمەرگە بکەن بە مەبەستی تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی یەکخستنەوەى هێزى پێشمەرگە بە تایبەتى هێزەکانى (٧٠ و ٨٠).

یەكنەخستنەوەی هێزی پێشمەرگە
زیانی بە خودی پێشمەرگە گەیاندووە

شاڵاو مەحمود، ئەفسەر لە وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەى پێویستى چۆنیەتى یەکخستنەوەى هێزەکانەوە دەڵێت: “ئەگەر بمانەویت هێزی پێشمەرگەی کوردستان یەک بخەینەوە ئەوا دەبێت یەکەی (٧٠ و ٨٠) نەمێنێت و سەرجەمیان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا رێکبخرێنەوە، هەروەها سەرجەم یەکە ئیداری و ژمێریاری و سەربازەکانیان و ئەوەی پەیوەندی بە هێزەکانی پێشمەرگەوە هەیە یەکبخرێتەوە و پەیوەندییان بە هیچ ‌‌‌‌حیزبێکەوە نەمێنێت”.

ئەو ئەفسەرە پێیوایە؛ یەكنەخستنەوەی هێزی پێشمەرگە سەرەتا زیانی لە خودی پێشمەرگە خۆی داوە لەبەر ئەوەی لە ئەرک و رۆڵى پێشمەرگەی كەم كردۆتەوە، لە ڕابردوودا ئەو هەوڵانەی هەبوون زیاتر لە چوارچێوەی قسەدا بون و لەرووی كردارییەوە پێموايه‌ هەنگاوێكی ئەوتۆ نەنرا، ئەگەر ئێمە بمانەوێت ئەم هێزانە یەك بخەین، دەبێت بە لە هەمو شتێك ئیرادەی یەكخستنەوەیان هەبێت و بڕوای ڕاستەقینەیان بە یەكخستنی ئەم هێزانە هەبێت و بكرێنە هێزێكی نیشتیمانی.

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم، (جەبار یاوەر) لەبارەى دوایین هەوڵ و هەنگاوەکان بۆ یەکخستنەوەى هێزى پێشمەرگە، کە یەکێکە لە خاڵەکانى کارنامەى کابینەى نۆى حکومەتى هەرێم بە (سبەی) گوت “پڕۆژەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە ئامادەکراوە و ئێستاش لە دیراسەکردندان بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی.

هێزی پێشمەرگە
دەکەین بەیەک هێزی یەکگرتووی خەڵكی کوردستان

سەبارەت بە پێویستى یەکخستنەوەی یەکەی ژمێریاریی وەزارەتی پێشمەرگە و هەردو یەکەی ژمێریارى هێزەکانی (٧٠ و ٨٠) بۆئەوەى هێزەکان بەتەواوى لەژێر یەک چەتردا بن، جەبار یاوەر دەڵێت “لە پڕۆژەکەماندا جەخت لەسەر یەکستنى یەکەى ژمێریارى هێزەکانیش کراوەتەوە و کاری لەسەر دەکەین”.

ئەمیندارى وەزارەتى پێشمەرگە نایشارێتەوە، کە لە پرسی یەکخستنەوەی هێزەکان، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەدا راوێژکارانی ئەمەریکا و بەریتانیا و ئەڵمانیا، ئێستاش هۆڵەندا کە لەم چەند ڕۆژی ڕابردوو گرێبەستی ئیمزاکردووە بەشدارن لە پرسی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و پاڵپشتیشى دەکەن.

یەکێک لە کارە لە پێشینەکانمان(٢)

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی رایگەیاند “لە ئێستادا فەرمانی دەستبەکاربوونم وەک بەرپرسی هێزەکانی یەکەی ٧٠ـی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە لایەن سەرکردایەتی حزبەکەمەوە بۆ دەرچووە و “یەکێک لە کارە لەپێشینەکانمان ئەوە دەبێت، کە کار بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بکەین و ئینشائەڵڵا سەرکەوتوو دەبین. هێزی پێشمەرگە دەکەین بەیەک هێزی یەکگرتووی خەڵكی کوردستان”.

لە وەزارەتی ناوخۆش
هەمان کێشەی یەکخستنەوەی هێز هەیە

عوسمان کەریم سوارە، جێگری سەرۆکی لیژنه‌ى پێشمه‌رگه‌ و ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێیەکان، لە پەرلەمانی کوردستان، لەو بارەیەوە بە نوچە ـی راگەیاند “وەک لیژنە هەموومان کۆکین لەسەر ئەوەی هەوڵی تەواو بدەین بۆ بە ئەنجام گەیاندنی پرسی یەکخستنی هێزی پێشمەرگە، بۆ ئەو مەبەستەش حەوتووی رابردوو ڕۆژی یەکشەممە، سەردانی وەزارەتی پێشمەرگەمان کرد و لەگەڵ وەزیر لەو بارەوە گفتوگۆمان کرد. لە ئێستادا چاوەڕێی پڕۆژەیاسای چاکسازی دەکەین بگاتە پەرلەمان، دواتر پڕۆژەی خۆمان بخەینەڕوو.

 جێگری سەرۆکی لیژنه‌ى پێشمه‌رگه‌ دەشڵێت “دەبێت هێزی پێشمەرگە ببێتە هێزێکی نیشتیمانی و لە ئاستی هێزی حزبیدا نەمێنێت و لە تەموحی خەڵکی کوردستاندا بێت.

لەبارەی گرفتەکانی بەردەم یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە عوسمان کەریم پێوایە، تەنیا ئیرادە پێویستە لەو بارەوە هەنگاو هەڵبگیردرێ و بۆ ئەو مەبەستەش، هەردوو لایەنی سەرەکی پارتی و یەکێتی پێویست دەکات هاوکار بن، تاکو بتوانرێ ئەو پرسە یەکلابکرێتەوە.

 جێگری سەرۆکی لیژنه‌ى پێشمه‌رگه‌ ئاماژە بەوە دەکات، پێویستە بازگەکانیش یەکبخرێنەوە و هەروەها لە وەزارەتی ناوخۆش هەمان کێشە هەیە، کە ئەویش دوو هێزی پشتیوانی دوو و زێرەڤانین، وەک هەر دوو یەکەی ٧٠ و ٨٠، بەڵام سەر بە وەزارەتی ناوخۆن، کە دەوری پێشمەرگەش دەبینن.

ئەنجام

یەکگرتنەوەى هێزى پێشمەرگە، خەونى هەموو نیشتمانپەروەرێکە، بەڵام چەندین ساڵە ئەو پرسە بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە، کە تاکو ئێستا سەرەڕای ئەوەی کورد پێویستییەکی زۆری بە یەکریزی و رێکخستن و یەکخستنی هێزی پێشمەرگەیە، رێکنەخراوەتەوە؛ بەڵام ئەم پرسە، یەکێک لەو پرسانەیە، کە تەنیا پێویستی بە ئیرادەی سیاسی لایەنەکان هەیە.

ئایا بە یەکخستنەوە و دروستکردنی هێزێکی نیشتمانی دوور لە هێزی حزبی، وەک ئەوەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان باسیان دەکرد، پارتی و یەکێتی لە رووی سیاسی و دەسەڵاتەوە لاواز دەبن؟

سەرچاوەکان

١ـ https://www.sbeiy.com/Details.aspx?jimare=17160

٢ـ http://www.nuche.net/?p=139914

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com