ئایا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو جەنگ دەڕوات؟

0

نوچەنێت

کاتێک دۆناڵد ترەمپ، لە میانی کەمپەینی هەڵبژاردنەکانی بەڵینی دا، کە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران هەڵبوەشێنیتەوە،هەر ئەو کاتە بوو کە زەمینەی بۆ هەڵگیرسانی قەیرانێکی سیاسیی و سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست فەراهەم کرد. ناوچەیەک کە تەنراوە بە شەڕ و قەیرانی ناوخۆیی، دەکرێ ئاماژە بە وڵاتانی عێراق، سوریا، یەمەن و ئەفغانستان بدرێت. ئەم قەیرانانە لە ئێستادا ناوچەکەشی تێپەڕ کردووە و وەک ئەم ڕۆژانە دەیبینین، خەریکە دەبێتە گرێیەکی نێودەوڵەتی.

ئێستا سێ ساڵ بە سەر بە سەرۆک بوونی ترەمپ تێپەڕ دەبێت. بە  گوێرەی بەراوردەکان، هەر چۆنێک بێت ترەمپ تەنیا کەسێکە کە  شانی داوەتە ژێر بەڵێنەکانی و بەم رێگەوە پێگەیەکی سیاسیی قایمی بۆ خۆی دروست کردووە.

ئەگەری بەردەوام بوونی ئەم ڕەوتە، مانای وایە کە ترەمپ  بۆ چوار ساڵی دیکە میوان و باشتر بڵێین، خاوەنداری کۆشکی سپی دەبێت و تا ئەم ساتانە دەنگدەرانی لێی ڕازین.

هەر چۆنێک بێت لە ئێستادا ترەمپ، هەر بڕیارێک بدات کاریگەری ڕاستەوخۆی لە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی دەبێت و چارەنووسی خودی سەرۆکیش بەندە بەم بڕیارانەوە.

سیاسەتی ترەمپ تاکو ئێستا بەرامبەر بە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست پارێزکارانەوە بووە. بۆ وێنە بەرامبەر بە تێکشکانی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکا لە لایەن  ئێرانەوە بێ هەڵوێست بوو. بەرامبەر بە هێرشی ئێران بۆ سەر نەوتکێشەکانی سعودیە بێ دەنگ بوو. کۆی ئەم هەڵوێست نەنواندنانە پێمان دەڵێن، سەرۆک ترەمپ بەرامبەر بە رەفتاری بێ باکای ئێران بە پارێزەوە هەڵسوکەوت دەکات.

هۆکاری ئەم پارێزکارییە ڕوونە. تەنانەت هێرشێکی تاکتیکی و سنورداوی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، دەتوانێ هەموو ناوچەکە بەرەو جەنگێکی تەمام عەیار پاڵ پێوەنێت. ئەمەش تەنها هۆکار نییە. خودی کاریگەری هێرشەکان و هەڵگیرسانی شەڕێکی ماڵوێرانکەر و بەربڵاو دەتوانێ چارەنووسی ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی بخاتە مەترسییەوە، کە دەکرێ وەک فاکتەرێک لە جۆری بیرکردنەوە و بڕیاردانی ترەمپ لێی وردبینەوە.

ڕۆژانی ڕابردوو بوو، سەرباری ئەوەی کە ترەمپ باوەڕی بە کشانەوەی هێزەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە و ئەمەش گرێدراوە بە دروشمی ئەولەوییەت بە ئەمریکایە، ئاژانسەکانی هەواڵ ڕایانگەیاند، کە ئەمریکا چەک و کەل و پەلی سەربازی بە چڕی ڕادەستی سعودیە کردووە. سعودیەیەک کە وەک خۆی رایگەیاندووە ئامادەکاری بۆ کاردانەوەیەک بەرامبەر بە ئێران دەکات کە جاری وردەکاریەکانی ناڕوونە.

ئەم بڕیارەی ترەمپ بۆ ڕەوانەکردنی یارمەتی سەربازی بۆ سعودیە بە مانای دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە قەیرانی سەربازی و سیاسییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هاوکات هەڕەشەکانی سوپای پاسداران نابی نادیدە بگیردرێ کە رایگەیاندووە، ئەگەر هێرشیان بکرێتە سەر، هیچ شوێنێکی ناوچەکە ئارام نابێت و دەیکەنە ئامانج.

سەرباری ئەم دوو ئاماژەیە، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی و بەرژەوەندییەکانی ئێران لە عێراق، فاکتەرێکی دیکەیە کە نابێ لێی غافڵ بین. ئیسرائیل لە ماوەی ڕابردوودا لە هەر کات و لە هەر شوێنێک بۆی رەخسابێ ئێران و هاوپەیمانانی لە دەرەوەی سنورەکان کردۆتە ئامانج.

ئاماژەیەکی دیکە هەواڵێک بوو کە بە گوێرەی ئاژانسەکانی هەواڵ. پنتاگۆن پلانێکی سەربازی بۆ لێدانی ئێران ڕادەستی ترەمپ کردووە. بە گوێرەی ئاژانسەکان، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا وردەکارییەکانی چۆنێتی مامەڵەی سەربازی لەگەڵ ئێران ڕادەستی سەرۆک ترەمپ کردووە.

لە لایەکی دیکەوە، سوپای پاسداران، وەک سیاسەتی هەمیشەیی خۆی، دەستوەردانی بۆ سەر وڵاتانی ناوچە رێڕەو کردووە. تەنانەت هەواڵبەندی و یارمەتیدانی رێکخراوی تاڵیبان، تا دێ ئەم هاوکێشانە ئاڵۆزتر دەکات.

هێرشی ئەم دواییانەی بۆ سەر سعودیە، نیشانی دا کە ئێران ئامادە نییە بۆ یەک ڕۆژیش بوبێت، لەم سیاسەتەی خۆی پاشەکشە بکات.

لە سەرێک دۆخەکە تادێ ئاڵۆزتر دەبێت و ڕوون نییە کە بڕیار، هەنگاو یان کرداری دوایی چییە، کە  دەبێتە سووتەمەنی زیاتر بۆ هەڵگیرانی ئەو قەیرانە سەربازیی و سیاسییەی کە لە سەرەتاوە ئاماژەمان پێکرد.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com