هۆکارەکانی کردنە ئامانجی فوئاد حوسێن چییە؟

0

نوچە

پرسی لادنی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق، تادێت زیاتر گەنگەشە دەكرێت و بەرپرسانی باڵای عێراقی ئاماژە بەوە دەدەن قەدەغەكردنی هاوردەكردنی گاز لە ئێران دەبێتە هۆی دوورخستنەوەی سەرۆكوەزیران لە پۆستەكەی.

هەرچەندە تاوەكو ئێستا وادەی بانگهێشتكردنی فوئاد حوسێن دیار نییە، بەڵام بۆ ئەو مەبەستە بەشێك لە پەرلەمانتارە عەرەبەكان واژۆی پێویستیان كۆكردووەتەوە، ژمارەیەك پەرلەمانتاری شیعە هەر لە ئێستاشەوە ژمارەیەك دۆسیەیان ئامادەكردووە كە دژی بیجووڵێنن. ئەم پەرلەمانتارانە لە فراكسیۆنەكانی نەسر، سائیرون، حیكمە و دەوڵەتی یاسان.

هۆکارەکانی فشار دروستکردن لەسەر سەرۆکوەزیران چین (١)

فوئاد حوسێن جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری ئابووری و وەزیری دارایی دەڵێ، لاوازكردنی پێوەندییەكانی بەغدا و تاران دەبێتە هۆی دوورخستنەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران لە پۆستەكەی لە رێگەی پەرلەمانەوە.

حوسێن كە قسەی بۆ گرووپی تەنگژەكانی نێودەوڵەتی (ICG) كردووە و لە تازەترین راپۆرتی گرووپەكە، یەكی ئەیلوول بڵاو كراوەتەوە، هێما بۆ ئەوە دەكات ئەگەر عێراق گاز لە ئێران نەكڕێت ئەوا زیان بە حكوومەت دەگات و دووچاری ئاستەنگی سیاسیی دەبێتەوە، ئەمەش وای كردووە بەغدا نەتوانێت مامەڵە بازرگانییەكانی لەگەڵ تاران ڕابگرێت ئەگەرچی واشنتۆن گوشاری زۆر دەكات.

بەغدا كاریگەرە بە هەژموونی ئێران
زیاتر لە هەژموونی ئەمریكا

زیاتر روونی كردەوە، عێراق دەتوانێت گاز و كارەبا لە وڵاتانی تر هاوردە بكات، بەڵام ئەگەر ئەو هەنگاوە ببێتە هۆی لاوازكردنی پێوەندییەكانی عێراق و ئێران ئەوا ئەگەری زۆرە لە رێگەی پەرلەمانەوە، متمانە لە سەرۆكوەزیران و حكوومەت وەربگیردرێتەوە.

راپۆرتەكەی (ICG) بە ناونیشانی (خۆلادان لە گەردەلوولە كەڵەكەبووەكان)، كە دیمانەیەكی درێژییان لەگەڵ فوئاد حوسێن وەزیری دارایی، ئەنجام داوە، ئاماژە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ كراوە و وەزیری دارایی پێیوایە حكوومەت كاریگەرە بە هەژموونی ئێران زیاتر لە هەژموونی ئەمەریكا، گوتی، “كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی كە زۆرینە سەركردە سیاسییە گەورەكانی لە دەرەوەی لیستەكانی پەرلەمانن، وایكردووە زیاتر رووبەڕووی سەندنەوەی متمانە ببێتەوە، كەوتنە خوارەوەی مووشەك لە نزیك باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە ناوەڕاستی حوزەیرانی ڕابردوو دۆخەكەی زیاتر گرژ كردووە، هاوكات ئەو هێرشانەی كە دەكرێنە سەر گرووپە چەكدارەكان كە پشتگیری دەكرێن و دەگوترێت ئیسرائیل ئەنجامی داوە”.

جێگری سەرۆكوەزیران بۆ كاروباری ئابووریی هێما بۆ ئەوە دەكات كە دامەزراوە نێودەوڵەتییەكانی پێیانوایە دامەزراوە عێراقییەكان و دامەزراوەی سەربازی و تەناهی هێشتا لاوازە و حكوومەتیش پشتگیرییەكی لاوازی لەلایەن پەرلەمانەوە لێ دەكرێت.

“ئیدارەی عەبدولمەهدی توانای رێگرتنی نییە لە گرووپە چەكدارەكان ئەگەر بیانەوێت وەڵامی هێرشەكان بدەنەوە، هێشتا كۆنتڕۆڵی سەرۆك وەزیران بۆ گرووپە چەكدارەكانی حەشد لاوازە، ئەگەرچی هەوڵدەدات كۆنتڕۆڵیان بكات و تێكەڵ بە هێزە تەناهییەكانی تریان بكات”. فواد حوسێن وای گوت.

گرووپی تەنگژەكانی نێودەوڵەتی لە راپۆرتەكەیدا ئاماژەی بەوە داوە كە پێویستە واشنتۆن و تاران، بەغدا لە ململانێیەكانی نێوانیان بە دوور بگرن، ئەگەریش گرژییەكان لەوە زیاتر ئاڵۆز بن ئەوا سەربازانی ئەمەریكا لە عێراق لە هەمووان زیاتر مەترسییان لەسەر دەبێت بۆ هێرشكردنە سەریان لەلایەن گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران، لە دەرئەنجامی ئەمەشدا بۆشایی تەناهی دروست دەبێت و ڕەنگە رێخۆشكەر بێت بۆ دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش.

لە دەرەوەی پلانەکان پارەی بۆ هەرێمی کوردستان خەرج کرووە (٢)

عەبدول هادی موحان ئەندامی لیژنەکە دەڵێت ” لیژنەی دارایی بەڵگە و بەڵگەنامەی زۆری لەبەردەستدایە کە دەیسەلمێنێت فوئاد حوسێن وەزیری دارایی هەندێ جار لە دەرەوەی یاسا و ڕێساکان هەندێ جاریش لە دەرەوەی پلانەکان پارەی بۆ هەرێمی کوردستان خەرج کرووە.

موحان دەڵێت “خەرجکردنی ئەو هەموو پارەیە بۆ هەرێمی کوردستان کارەساتی بۆ بودجەی ساڵی داهاتوو دروست کردووە، بەشێوەیەک کورتهێنان تێیدا بۆ ٧٢ تریلیۆن دینار بەرزبووتەوە “، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە لیژنەکەیان سەرقاڵی کۆکردنەوەی واژۆ و بەڵگەی پێویستە بۆ سەندنەوەی متمانە لە وەزیری دارایی لەجیاتی بانگهێشتکردنی. 

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت بەهۆی بەرزی ڕێژەی کورتهێنان، لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ هیچ پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری نوێی تێدا جێنەکراوەتەوە .

هاوپەیمانان لەگەڵ مانەوەی عادل عەبدولمەهدین

لەو بارەیەوە عەلی فەیلی، چاودێری سیاسیی و شارەزا لە کاروباری سیاسیی عێراق تایبەت بە نوچە-ی راگەیاند: بابەتی متمانە سەندنەوە لە فوئاد حوسێن نوێ نییە و دەیانەوەی لە کوردەوە لە عادل عەبدولمەهدی بدەن و ئەو پڕوپاگەندایەش بۆ ئەوە چیتر لە کورد نزیک نەبیتەوە. ئامانجیان لاوازکردنی حکومەتە و بە بانگهێشتکردنی فوئاد حوسێن، کە جێگری سەرۆکوەزیرانە ئەگەر متمانەی لێ بسێننەوە بەرەبەرە حکومەت لاواز دەکەن.

عەلی فەیلی گوتیشی، ئەوانە پێشتر بۆخۆیان باسیان لەوە کردووە، کە دوای ئەوەی پلە تایبەتەکانیان وەرگرت، هەوڵدەدەن بە هەموویانەوە متمانە لە عادل عەبدولمەهدی وەربگرنەوە و ئەم حکومەتە بڕووخێنن.

ئەو چاودێرە سیاسییە ئاماژە بەوە دەکات، کە کورد بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەوانەی لە گەڵ مانەوەی عەبدولمەهدین، بتوانن پشتگیری لێبکەن، هەروەها ئیرادەی نێودەوڵەتیش لەگەڵ مانەوەی عەبدولمەهدییە، وەک هاوپەیمانان و وڵاتانی دەورووبەر، کە رێککەوتوون لەسەر ئەوەی ئەو قۆناغە پێویستی بەوەیە کە کەسایەتییەکی وەک عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیران بێت.

فەیلی ئەوەشی خستەڕوو، لە ئەگەری دوورخستنەوەی عەبدولمەهدی، هەر حکومەتێکی دیکە بێتە سەر حوکم لەو باشتر نابێت بۆ کورد.

ئامانجێكی سیاسیی لە پشت بانگهێشتكردنەكەیە(٣)

سامر زیبان حەمدانی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی فەتح كە یەكێكە لەوانەی واژۆی لەسەر یاداشتی لێپرسینەوەكە كردووە، بە (رووداو)ی راگەیاند: “هەندێك لە پەرلەمانتاران گلەیی ئەوە دەكەن، كە ناتوانن وەزیری دارایی ببینن و وەڵامی پرسیار و بەدواداچوونەكانیان ناداتەوە. هەندێكی دیكەش بابەتەكە پەیوەست دەكەن بە جێبەجێكردنی یاسای بودجە و ڕادەستكردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە”.

ئەو، كە پەرلەمانتاری كوتلەی سادیقوونی سەر بە عەسایبی ئەهلی حەقە لە نێو هاوپەیمانیی فەتح دەڵێت، دەخوازن كێشەی نەوت و بودجەی نێوان هەولێر و بەغدا بە تەواوی چارەسەر بكرێت، تاوەكو هەموو ساڵێك ئەو گرفتە سەرهەڵنەداتەوە.
هەرچەندە پەرلەمانتارانی شیعە دەڵێن، لەسەر بەهەدەردانی بودجە، بانگهێشتی د.فوئاد حوسێن دەكەن بۆ پەرلەمان، بەڵام پەرلەمانتارانی كورد دەڵێن ئامانجێكی سیاسیی لە پشت بانگێشتكردنەكەیە.

د. ئەحمەد سەفار، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی، كە هاوكات بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقە، بە (رووداو)ی گوت: “هەتا لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان نزیكتر ببینەوە دەنگی دژ بە كورد زیاتر بەرز دەبێتەوە، بانگێشتكردنی د.فوئاد حوسێنیش لە چوارچێوەی دژایەتی كوردە و مەرامێكی سیاسیی لەپشتە، فراكسیۆنەكانی دەوڵەتی یاسا، فەتح، سائیروون و بەشێكیش لە حیكمە ڕۆڵی سەرەكی لە دژایەتیكردنی كورد دەگێڕن”.

بەڵام شێروان میرزا، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، پێیوایە شیعەكان لەو كارەدا دوو مەرامیان هەیە: “هەوڵی بانگێشتكردنی وەزیرە كوردەكە بۆ دوو مەرامە. رەوتی حیكمە، هاوپەیمانی نەسر، هاوپەیمانیی سائیروون و دەوڵەتی یاسا دەیانەوێ لەم پرسەدا بە تیرێك دوو نیشانە بپێكن، یەكەمیان دروستكردنی لەمپەر لەبەردەم حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی، دووەمیان تێكدانی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا”.

بەپێی دەستوور و پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەگەر بێت و زۆرینەی پەرلەمانتاران بە (٥٠ + ١) دەنگ بۆ سەندنەوەی متمانە لە هەر وەزیرێك بدەن، ئەوا ئەو وەزیرە بە دەستلەكاركێشاوە ئەژمار دەكرێت.

ناسر هەركی، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق، پێیوانییە بانگهێشتكردنی ئەو وەزیرە بۆ پەرلەمان شتێكی یاسایی و ئاسایی بێت و دەڵێت “بانگهێشتكردن چەند رێكارێكی یاسایی خۆی هەیە. ناكرێ گوێ بۆ چەند كەسێك بگیرێت كە نزیكبوونەوەی هەولێر و بەغدا لە بەرژەوەندییاندا نییە. د.فوئاد حوسێن هیچ سەرپێچییەكی یاسایی نەكردووە لە ناردنی بودجە و مووچەدا، ئەگەر بانگهێشتەكەشی سیاسیی بێت، باوەڕ ناكەم هیچ فراكسیۆنێكی كوردستانی قبووڵی بكات”.

بە گوتەی شێروان میرزا، بیانووی ئەو پەرلەمانتارانە بۆ بانگهێشتكردنی وەزیری دارایی بەهەدەردانی سامانی گشتی و پارەی نەوتە، بەڵام دەڵێت تاوەكو ئێستا هیچ بەڵگەیەكیان بۆ ئەمە نییە.

شیعەكان زۆرینەن لە پەرلەمان، ئەوانەشی واژۆیان بۆ بانگهێشتكردنی وەزیری دارایی كۆكردووەتەوە لە زۆربەی فراكسیۆنەكە شیعەكانن، بۆیە ترس هەیە د.فوئاد حوسێنیش بە دەردی هۆشیار زێباری بچێ‌.

موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق بە (رووداو)ی گوت: “هیچ ئامانجێكی چاكسازی لە پشت ئەو هەوڵەوە نابینم، تەنیا بۆ لێدانە لە كورد و بۆ گوشارخستنە سەر عادل عەبدولمەهدی و فوئاد حوسێنە بۆ ئەوەی ئەو كارئاسانیەی بۆ كوردیان كردووە كەمی بكەنەوە”.

موسەننا ئەمین گوتیشی: “دیار نییە چەند واژۆ كۆكراوەتەوە، بەڵام زیاتر لەوەی كە بۆ بانگهێشتكردنی وەزیرێك پێویستە كۆكراوەتەوە، هەرچەندە بڕوا ناكەم بتوانن وەكو كابینەی پێشوو وەزیری دارایی دووربخەنەوە، چونكە ئێستا هەلومەرجەكە جیاوازە و هیچ بەڵگەیەكی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتیشیان لەسەر وەزیری دارایی نییە”.

سەرچاوەکان

١- http://www.wishe.net/details.aspx?=hewal&jmare=82126&Jor=1

٢ـ https://www.sharpress.net/all-detail.aspx?Jimare=150678

٣- https://www.rudaw.net/sorani/middleeast/iraq/23092019

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com