كورد ده‌توانێ له‌ به‌غدا زیاتر سوود له‌ سه‌رژمێری وه‌ربگرێ

0

نوچه‌

ئه‌وله‌ویه‌تی كابینه‌وه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌غدا، له‌ چاره‌سه‌ركردنی چوار پرسی سەرەکی هەڵپەسێردراو ”خاک، پێشمەرگە، بودجە و نەوت” ده‌بینێته‌وه‌.

له‌سه‌ر پرسی هه‌ره‌ گرنگ، كه‌ ئه‌ویش خاكه‌ (ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم)، به‌ربه‌ستی زۆر له‌به‌رده‌میدا دروست كراوه‌ و كورد هه‌وڵی ده‌دات به‌گوێره‌ی ده‌ستوور مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت به‌ڵام به‌غدا ناڕاسته‌وخۆ مل نادات، و ته‌نانه‌ت رێگه‌ نادات كورد به‌هاوبه‌ش بن له‌ ئیداره‌دانی ئه‌و ناوچانه‌ و جیا له‌وانه‌ش پرسی سه‌رژمێریشی هاتووه‌ته‌سه‌ر، كه‌ ئه‌مه‌ كاریگه‌ریه‌كه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان زیاتره‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی ده ساڵ و بگره‌ زیاتریش شوێندانه‌ر بێت له‌رووی ئیداره‌دان و جۆغرافیاوه‌.
بەڕای شاره‌زایانی سیاسیی کورد، دەبێت بە هەموو شێوەیەک هەوڵی سەرژمێری ڕەتبکرێتەوە، تا ئەو کاتەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکان ئاسایی دەکرێنەوە.

مەرج و بنەماكانی سه‌رژمێری

لە ڕووی یاسایی و ئەكادیمی و زانستیەوە، بۆ هەر سەرژمێرییەكی گشتیی، كۆمەڵێك مەرج و بنەما هەیە هەتا جێی باوەڕو دانپیانانی ناوخۆو دەرەوەبێ. ئەگەر ئەو مەرجانەی تێدا نەبێ دانی پێدا نانرێت و بە هەوڵ و تەقەلای لایەنێكی سیاسیی دەدرێتە قەڵەم بۆ ئامانجێكی دیاریكراو. بۆیە پرسی سەرژمێری لە عێراقدا یەكێكە لە پرسە هەستیارەكان‌ و سەرەتا كۆدەنگی و ڕێكکەوتنی سیاسیی پێكهاتە جیاوازەكانی عێراق و پاڵپشتی‌ و هاوكاری هەرێمی و نێودەوڵەتیشی دەوێت.

نەوت و بودجە؛ کێشە بەردەوامەکەی هەرێم و بەغدا(١)

بەپێی رێککەوتنێکی سیاسیی لە دوای پڕۆسەی رزگاریی عێراقەوە، بەغدا پشکی (17%)ی بودجەی گشتی بۆ هەرێمی کوردستان دابین دەکات بەڵام لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، بودجەی هەرێمی گرفتی تێکەوتووە، ئەوەش بەهۆی سیاسەتی فرۆشتنی نەوت و دواتر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و ئاڵۆزبوونەوەی پەیوەندییەکانی هەردوولاوە.

نەیارەکانی کورد دەڵێن:
چۆن هەرێم پابەندی یاسا نییە، دەبێت بەغداش پابەند نەبێت

د. بەهار مەحمود، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەڵێت: زۆر گرنگە هەرێمى کوردستان لەگەل بەغدا بگاتە رێککەوتن پێش ئەوەى پڕۆژە یاساى بودجەی ساڵى (2020) ئامادەبکرێت، چونکە لە ئێستادا فراکسیۆنە عەرەبییەکان توڕەن لەوەى، کە هەرێمى کوردستان داهاتی ئەو بڕە نەوتەى، کە لە یاساى بودجەى ساڵى (2019)دا دانراوە، ڕادەستی کۆمپانیانی سۆمۆى ناکەن و پابەند نییە بە یاساکەوە.

ئاشکرای کرد نەیارەکانی کورد دەڵێن: چۆن هەرێم پابەندی یاساکە نییە، دەبێت بەغداش پابەند نەبێت و هۆشداریشیان داوە لەوەی کە لە وەرزى داهاتووى ياساداناندا بانگهێشتی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیران و د.فوئاد حسێن، وەزیری دارایی بکەن لەوبارەیەوە.

ئەو پەرلەمانتارە کوردە هۆشداریی دەدات لەوەی ئەگەر بێتو هەرێمی کوردستان نیازپاکی خۆی پیشان نەدات بۆ پابەندبون بەو بڕە نەوتەی بۆی دیاریکراوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە لە یاسای بودجەی ساڵی (2020) ئاستەنگی زۆری بۆ دروست دەبێت و ناتوانن ئەوەی لە بودجەی ساڵی (2019)دا جێگەیان کردوەتەوە، لەو پڕۆژە یاسایەی ساڵی (2020) جێگەی بکەنەوە.

سەرژمێری زۆر لە هەڵبژاردن گرنگترە

خاک و سەرژمێری؛ مەترسییە جددیەکەی بەردەم کورد

عارف قوربانی، رۆژنامەنوس و چاودێری سیاسیی، جەخت دەکاتەوە لەوەی “پڕۆسەی سەرژمێری زۆر لە هەڵبژاردن گرنگترە، چونکە ئەگەر هەڵبژاردن تەنها بۆ ماوەی چوار ساڵ بێت، ئەوا سەرژمێری لەوانەیە ببێتە بەڵگەنامە بۆ داهاتووی ئەو شارە و یەکلاییکردنەوەی چەندین پرس و کێشە، لە نێویشیاندا ماددەی (140).

عارف قوربانی ده‌شڵێت “لە رابردودا بە بیانوی جۆراوجۆر رێگری لە ئەنجامدانی سەرژمێری کراوە، چونکە دەزانرا لەوانەیە واقعی ئەو ناوچانە بە قازانجی کورد یەکلا بێتەوە، بەڵام لەدوای (16)ی ئۆکتۆبەرەوە بڕیاریاندا لە ساڵی (2020) سەرژمێری ئەنجام بدەن، چونکە دەزانن واقعی کەرکوک چی لێهاتووە و بەشێکی زۆری ئاوارەکانی ئەو شارە، کە لە ناوچەکانی دیکەن بێبەش دەبن لە سەرژمێری و ناتوانن بەشداری بکەن، لەبەرامبەریشدا دوای شەڕی داعش عەرەبێکی زۆر هاوردەی ئەو شارە کراون و نیشتەجێبون، بۆیە ئەوەی گرنگە ئێستا سەرکردایەتی سیاسیی کورد رێگری لە ئەنجامدانی سەرژمێری بکات لەوشارە، تا ئەوکاتەی دۆخی کەرکوک ئاسایی دەکرێتەوە”.

عارف قوربانی بۆچوونی وایە؛ ئەگەر بەغدا بەرچاوی روون بوو لەوەی، کە لە ڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە عەرەب دەبێتە زۆرینە، ئەوا بە دڵنیاییەوە رەنگە دەرفەتى ئەوە بقۆزنەوە، کە ماددەى (140)یش بەسەر هەرێمدا فەرز بکەن و کە دەنگدانیش کرا ئیتر کورد مافى داواکردنى ئەو خاکەی نامێنێت، لە کاتێکدا لە سەرەتاى دروستبوونى دەوڵەتى عێراقەوە کێشەمان هەیە لەسەر خاک و سنوور و ناسنامەى ئەو جوگرافیایە.

دەبێت بە هەموو شێوەیەک هەوڵی سەرژمێری ڕەتبکرێتەوە

جوان یونس، سه‌رۆكی لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، له‌باره‌ی پرسی سه‌رژمێری ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر باسی سه‌رژمێری بێت له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م سه‌رژمێریه‌ی نین، چونكه‌ به‌گوێره‌ی ده‌ستووریش ده‌بێت یه‌كه‌م ئه‌و ناوچانه‌ دۆخه‌كه‌ی ئاسایی بكرێته‌وه‌ و دواتر سه‌رژمێری و گشتپرسی ده‌كرێت. بۆیه‌ ئه‌م هه‌وڵه‌ی به‌غدا ناده‌ستوورییه‌. هه‌روه‌ها به‌هۆی ئه‌و دۆخه‌ نه‌خوازراوه‌وه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر كورد ئاواره‌ن و ناتوانین له‌ سه‌رسه‌رژمێریه‌كه‌ش به‌شدار بن و ژماره‌یه‌كی زۆریش عه‌ره‌ب هاورده‌ و جێگیركراوه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش له‌به‌رژه‌وه‌ندی كوردیش نابێت.

جوان یونس پێوایه‌، حكوومه‌تی هه‌رێم له‌مباره‌یه‌وه‌ كه‌مته‌رخه‌م نییه‌ و چونكه‌ له‌و ناوچانه‌ هه‌ندێك دامه‌زراوه‌ سه‌ر به‌هه‌رێمن، كه‌مته‌رخه‌مییه‌كه‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه‌یه‌، ئه‌ویش له‌ جێبه‌جێكردنی مادده‌ و بڕگه‌كانی تایبه‌ت به‌و ناوچانه‌. هه‌روه‌ها له‌وكاته‌وه‌ به‌غدا كار بۆسه‌رژمێری ده‌كات كه‌ ئه‌و ناوچانه‌ تێكچووه‌ و دۆخی كورد باش نییه‌ و به‌شێكی زۆری ئاواره‌ن.

سه‌رۆكی لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم گوتیشی ”ئه‌و كاته‌ی دڵنیابووینه‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ عێراق ده‌یهه‌وه‌ی سه‌رژمێری بكات وه‌ك پشتگیری له‌ حكوومه‌تی هه‌رێم رێگری ده‌كه‌ین، وه‌ك چۆن تانه‌مان له‌ یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان داوه‌ و چاوه‌ڕێی كاتی دانیشتنی دادگاین به‌وشێوه‌ش سكاڵا له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ تۆمار ده‌كه‌ین و به‌ یاسا رێگری ده‌كه‌ین.

پرسی پێشمەرگە

هاوشانی کێشەی بودجە و نەوت و خاک، یەکێکی دیکە لە کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، پرسی پێشمەرگەیە، کە بەپێی دەستووری عێراق، هێزی پێشمەرگە بەشێکە لە سیستمی بەرگری عێراق، بەڵام تائێستا بەغدا ئامادە نییە بودجەی پێشمەرگە بدات و پڕچەکی بکات و مەشق و ڕاهێنانی بۆ دەستەبەر بکات.

ئازاد چالاک، پەرلەمانتاری خولی پێشوتری ئەنجوومەنی نوێنەران جەخت دەکاتەوە لەوەی پرسی پێشمەرگە سەرەتا دەبێت لە هەرێم چارەسەر بکرێت بەوەی لیستى پێشمەرگە پاکبکرێتەوە لە خەڵکى نا شایستە و هەروەها خەڵکى بندیوار، هاوشانی هێزێکى نیشتیمانى دروست بکرێت لەسەر بنەمای نا حیزبى، چونکە بەغدا بیانووى ئەوە دەهێنێتەوە کە لیستى پێشمەرگە خاوێن نییە و کەموکورتی زۆری تێدایە.

جگە لەوەش خاڵێکی دیکەی کێشەکان چۆنیەتی مامەڵەکردنە لەگەڵ هێزی پێشمەرگە، ئازاد چالاک دەڵێت: لەسەر ئەو بابەتە ناکۆکی زۆر هەیە، هەرێم پێیوایە کە دەبێت پارە و پڕچەککردن و مەشق و ڕاهێنان و دابینکردنی پێداویستی سەربازیی لە بەغداوە بێت، بەڵام فەرمانی گواستنەوە و جوڵەپێکردنى ئەو هێزە سەر بە هەرێم بێت، چونکە بەغدا پێیوایە ئەگەر ئەوان هەمو ئەو شتانە دابین بکەن، ئەی بۆچی فەرمانی جوڵەی ئەو هێزە لە دەستی بەغدا نەبێت.

ئەو پەرلەمانتارەی خولی پێشوو، پێیوایە هەرێم بە درێژایی ئەو ساڵانەی حوکمڕانی کردووە لە دوای نووسینەوەی دەستووریش هێزی پێشمەرگە نەکراوە بە هێزێکى نیشتیمانى و ئەو کەموکورتییانە چارەسەر بکەن بۆ ئەوەى هیچ بیانوویەک بۆ بەغدا نەهێڵنەوە.

بەوتەی ئازاد چالاک؛ ئێستا دەروازەیەک کراوەتەوە بەڕووی چارەسەرکردنی کێشەکان، بەتایبەت کە عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیران وەک دۆستێکی کورد وایە، بۆیە پێویستە هەرێم کێشەکانی ناوخۆ چارەسەر بکات و ناوماڵی کورد یەکبخاتەوە، دواتر بچێتە بەغدا و گفتوگۆ لەسەر دەستکەوتەکانی خۆی بکات، بە پێچەوانەوە ئەگەر کەموکورتی و ناشەفافی و ئەو بەهەدەردانانە بەردەوام بێت، کە بەغدا ئاگاداری بەشێکی زۆریەتی، ئەوا ئاسۆی کێشەکان ڕوون نییە و تەنانەت ئەو وەفدانەشی کە دەچنە بەغدا ناتوانن لە مەنتقی هێزەوە قسە بکەن، بەڵکو بە شێوەیەکى لاواز دەچنە بەردەم وەفدەکانى بەغدا، بۆیە یەکەم چارەسەر لە ناوخۆی هەرێمەوەیە و دواتر بەغدا.

ئاماده‌كارییه‌كانی عێراق (٢)

حكوومەتی عێراق بە بەرنامە و بە جدی كار بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتیی دەكات لە پایزی (2020)دا، ئەگەر چاوێك بە گرنگی ئەم پرسەدا بخشێنین لە دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی عێراقدا دەبینین، لە دوای رووداوەكانی ئۆكتۆبەری (2017)ەوە پلانی بۆ دادەڕێژن و بە دامەزراوەیی كاری بۆ دەكەن.

لە ناوەڕاستی ساڵی (2018)دا وەزارەتی پلاندانانی عێراقی رایگەیاند كە لە بەرنامەیاندایە بۆ ساڵی (2020) سەرژمێری گشتیی لە عێراق ئەنجام بدەن، بۆ ئەم مەبەستەش لەسەر ئاستی ناوخۆ لیژنەو دەزگای تایبەتی بۆ دروست دەكەن و بۆ هاوكاری و سەرپەرشتیش، پەیوەندی بە وڵاتانی هەرێمی و رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكانەوە دەكەن.

لە پێنجی نۆڤەمبەری (2018) دكتۆر فوئاد حسێن لەگەڵ جەختكردنەوەی لەسەر گرنگی و بایەخی سەرژمێری رایگەیاند: لە بودجەی (2019)دا پشكی تایبەت بۆ سەرژمێری (2020) و ئامادەكارییەكانی تەرخان دەكرێ.

هەر لە ساڵی (2018)و لە ڕۆژی سێشەمە (11)ی مانگی (12)دا كۆنفرانسێكی فراوان لە بەغدا بەڕێوەچوو بۆ تاوتوێكردنی پرسی سەرژمێری و ئامادەكارییەكانی، لەو كۆنفرانسەدا وەزیری پلاندانانی هەرێمی كوردستان عەلی سندی، بەشداری كرد و جەختی لەسەر گرنگی و بایەخی سەرژمێری گشتیی كردەوە بۆ پەرەپێدان و گەشەپێدانی كۆمەڵگەی عێراقی.

سەرژمێری (2020)
زۆر بە گورجوگۆڵی كەوتووەتە سەر راستەڕێ

دواتر لە (2)ی كانوونی دووەمی (2019)دا وەزیری پلاندانانی عێراقی نوری سەباح دلێمی، كاتی سەرژمێری گشتیی دیاریكرد و رایگەیاند: لە چارەکی كۆتایی (2020)دا ئەنجام دەدرێ. لە ڕۆژی (23)ی ئاداری (2019)ەوە بە هەنگاوی كردەیی دەزگای باڵای سەرژمێری گشتییان بە سەرۆكایەتی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران عادل عەبدولمەهدی دامەزراند.

ئەم دەزگایە لە نوێنەری چەندین دامەزراوەی نیشتمانیی و دانیشتوان و ئاماری و پەرلەمان و بریكاری وەزارەتە پەیوەندیدارەكان و دوو نوێنەری هەرێمی كوردستان و دیوانی وەقفی سوننی و شیعی و ئاینەكانی تر پێكهاتبوون، ڕۆژی (31)ی ئاداری (2019) ژووری عەمەلیاتی تایبەت بە سەرژمێری گشتییان دامەزراند،

عەلبدولزەهرە هنداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراقی لە لێدوانێكدا گوتی: خۆ ئامادەكردن بۆ سەرژمێری (2020) زۆر بە گورجوگۆڵی كەوتوەتە سەر راستەرێ و كارەكانی دەكات.

هەروەها ڕۆژی (7)ی نیسانی (2019) سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی داوای لە دەزگای باڵا كرد پوختەی كارەكانی و نەخشەو پلان و ئەوەی كردویانە پێشكەشی ئەنجوومەن بكەن تا سەرنج و تێبینی خۆیان لەسەر بدەن، دوای تەواوبونی هەمو ئامادەكارییەكان لە (19)ی ئەم مانگەدا شاندێكی حكومەتی عێراقی بە سەرۆكایەتی مەهدی عەلاق راوێژكاری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردو لەگەڵ دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان و خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم كۆبوونەوەو باسی چۆنیەتی ئەنجامدانیان كرد.

ئه‌گه‌ر كورد سه‌رژمێریه‌كه‌ رەتبكاتەوە،
سەرژمێریەكە یەكێك لە مەرجە سەرەكیەكانی لە دەستدەدات
و هیچی لێ شین نابێت، وه‌ك ساڵی (1997)

كورد بۆ پرسی سەرژمێری گشتیی لە عێراقدا هەڵوێستی بەهێزەو دەتوانێ بەشێكی زۆری مەرجەكانی خۆی بسەپێنێ

  • كورد لەسەر ئاساییكردنەوەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێم بە هیچ شێوەیەك سازش نەكات، ئەگەر سەرژمێرییەكەش لەلایەن بەغداو دەسەڵاتی ناوەندەوە بەڕێوەچو.
  • بەرپرسە كوردەكانی ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە سەر ئەركەكانی خۆیان و هەمو ئەوانەی داواكراون لە دادگا هەتا زووە ئەستۆپاكی خۆیان بسەلمێنن، ئەگەر هێزی پێشمەرگەش نەگەڕایەوە ئەوان ئامادەییان هەبێ لە تەواوی شارو شارۆچكەو گوندەكانی ئەو ناوچانەدا.
  • كورد داوا لە نەتەوە یەكگرتوەكان یان ئەمەریكاو ئەوروپا یان وڵاتانی هەرێمیی بكات، هاوكاری بكەن بۆ پرۆسەی ئاساییكردنەوەكە، واتە گەڕاندنەوەی خێزانە كوردەكان و ناردنەوەی خێزانە عەرەبەكان وەكو ئەركێكی مرۆیی و بەشێك لە مافەكانی مرۆڤ نەك جیاوازی نەتەوەیی و رەگەزپەرستی لە عێراقدا.
  • تەواوی دەسەڵاتی سیاسیی و ئیداریی و كەسایەتییە خاوەن هەژموون و كۆمەڵایەتییەكان لە هەرێمی كوردستان، بە جدی كار بۆ ناردنەوەی ئاوارەكانی ئەو ناوچانە بكەن لەرێی هاندان و پاداشت و ئاسانكاری و دابینكردنی پێداویستیەكانەوە بۆ ئاوەدانكردنەوەو گێڕانەوەی سیما كوردییەكانی ئەو ناوچانە.
  • لیژنەیەكی پسپۆڕو شارەزا لە كەسانی خاوەن ئەزموون لە بواری ئامارو فۆرمی راپرسی و سەرژمێری پێكبهێنرێ و بە وردی بە بڕگەكانی ئەو فۆرمەدا بچنەوە كە بۆ سەرژمێرییەكە ئامادە كراوە. بزانن ئەو پرسیارانە بۆ چ مەبەستێك دانراون و دواتر چۆن سوودیان لی وەردەگیرێ؟
  • ئەگەر وەكو چاودێریش بێ كورد لە تەواوی وردەكارییەكانی سەرژمێری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێم ئاگاداربێ، بۆ ئەوەی بەراوردی ڕێژەی زۆربوون و كەمبوونەوەی دانیشتوان بكەین و دواتر توێژینەوەی زانستیان لەسەر ئەنجام بدەین.
  • لەم پرۆسەیەدا، ئەگەرچی بۆ یەكلاییكردنەوەی گرفتە سیاسیەكان نییە وەكو راگەیانراوە بۆ گەشەپێدانی مرۆییە لە عێراقدا، بەڵام دەسەڵاتی سیاسیی كورد دەبێ ماددەی (140) و هەنگاوەكانی لەبەرچاو بێ. ئەگەری هەیە لە ئایندەدا هۆكاری خێر بێ بۆ ئەو ماددەیەو ئاسانكاریمان بۆ بكات ئەگەر لە ئێستاوە كاری بۆ بكەین.
  • سەركردایەتی سیاسیی كورد دەبێ زۆر ئاگادار بێ لە ئێستاوە تا ساڵێكی تر دەیان گرفتی مووچەو بودجەو مەلەفی نەوت و گومرگ و هێزی پێشمەرگەو ئەوانەمان بۆ دروست دەبێ و رەنگە ناوەند لە بەرامبەر زۆربەیاندا نەرمی بنوێنێت و بۆ ماوەیەكی دیاریكراو رازی بێ، نابێ بەرامبەر هیچ داواكارییەكی تر دەست لە سەرژمێری شل بكەن .
  • فۆرمێكی تایبەت بۆ هەموو ئەو عێراقیانە دروست بكرێت، كە لەكاتی سەرژمێرییەكەدا لە شوێنی نیشتەجێبونی ئاسایی خۆیان نین، هەندێك لە پرسیارەكانی ئەو فۆرمە جیاوازبێ و وەكو فۆرمە گشتییەكە نەبێ. بۆ نموونە هۆكاری جێهێشتنی شوێنی نیشتەجێبوون؟ یان مەیلی گەڕانەوە و….هتد.
  • ئەگەر هەر لەسەرەتاوە سەركردایەتی سیاسیی كورد بۆی روون بووەوە پرۆسەكە بەپێی یاساو ڕێساو لەسەر بنەمای زانستی و نیەتی نیشتمانی دەڕوات بەڕێوە، پشتیوانی بكات و هاوكار بێت، بەپێچەوانەوە ئەگەر دەركەوت بۆ مەرامی سیاسییە پێویستە سەركردایەتی سیاسیی كورد رەتی بكاتەوەو بەشداری نەكات بەم هەنگاوەش سەرژمێریەكە یەكێك لە مەرجە سەرەكیەكانی لە دەست دەدات كە (گشتگیرییە) ئیتر وەكو سەرژمێرییەكەی ساڵی (1997)ی لێدێت، بێجگە لە بەفیڕۆدانی سامان و هێزی مرۆیی عێراق هیچی تری لێ شین نابێت.

ره‌هه‌نده‌كانی سه‌رژمێری(٣)

ئه‌م پرۆسه‌یه‌ له‌ وڵاتێكی وه‌ك عێراق پراكتیزه‌ بكه‌ین ده‌بینین رووێیكی ترمان و مانایه‌كی ترمان پێ ده‌ڵێت، كه‌ هه‌موو رژێمه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق هه‌ر له‌پاش دروستبوونی ده‌وڵه‌تی عێراقیه‌وه‌ له‌ ساڵی 1921 كه‌ بڕیار درابوو هه‌ر (10) ساڵ جارێك ده‌بێت ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ئه‌نجام بدرێت، بۆیه‌ ده‌بینین پرۆسه‌كه‌ جگه‌ له‌و ئامانج و مه‌به‌سته‌ زانستیانه‌ی هه‌یه‌تی، ده‌رچوونه‌ به‌ڵكو ره‌هه‌ندی تری وه‌رگرتووه‌ له‌ گرنگترین ره‌هه‌نده‌كانیش (سیاسیی و سه‌ربازی)یه‌ ، ئه‌م دوو مه‌به‌سته‌ رۆڵی به‌رچاوی هه‌بووه‌ له‌ سه‌رژمێرییه‌كان به‌ڵگه‌ی باسه‌كانیشمان له‌م خاڵانه‌ ده‌خه‌ینه‌ڕوو:

یه‌كه‌م: سه‌رژمێری ساڵی (1927) له‌ سه‌رده‌می مه‌له‌كی بوو ماوه‌ی پرۆسه‌ی تۆماركردنه‌ كه‌ (11) مانگی خایاند كه‌ فه‌رمانگه‌ی باری کەسیێتی گشتی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق له‌ رێگه‌ی چه‌ند لێژنه‌یه‌كه‌وه‌ ده‌یناردن بۆ (قوتابخانه‌كان و مزگه‌وته‌كان و شوینی تری حكومی) له‌ شار و شارۆچكه‌ و دێهاته‌كان) هه‌ر چه‌نده‌ ئه‌م سه‌رژمێرییه‌ دانیشتوانی عێراقی خه‌ملاند به‌ (054 964 2) كه‌س كه‌ نزیك بوو له‌ سێ ملیۆن كه‌س به‌ڵام سه‌رژمێرییه‌كه‌ ره‌تكرایه‌وه‌ و به‌سه‌رنه‌كه‌وتوو هه‌ژمار كرا.

دووه‌م: له‌ دووه‌مین سه‌رژمێری دا كه‌ ده‌بوایه‌ له‌ساڵی (1937) بكرایه‌ كه‌ ده‌بووه‌ (10) ساڵ به‌ڵام ده‌وڵه‌ت هێنایه‌ پێش و له‌ساڵی (1934 تا 1935) پرۆسه‌كه‌ ئه‌نجامدرا و ته‌واو بوو ئه‌مه‌ش به‌ مه‌به‌ستی دوو ئامانج كردی یه‌كه‌میان(ناونووسین بۆ سه‌ربازی) دووه‌میان بۆ (باج كۆكردنه‌وه‌) ئه‌مه‌ش ئامانجی زانستی خۆی نه‌پێكا ته‌نها لایه‌نی سه‌ربازی گرنگ بوو، ئه‌وکات ژماره‌ی دانیشتوانی عێراق بووه‌ (174 213 3) كه‌س.

سێیه‌م: له‌ سێیه‌مین سه‌رژمێریدا كه‌ له‌ كات و ساتی خۆی به‌رێوه‌چوو كه‌ پیشتر بڕیار و پلانی بۆ دانرابوو له‌ ساڵی (1947) ماوه‌ی (یه‌ك رۆژ) ی خایاند ئه‌م سه‌رژمێرییه‌ فه‌رمانبه‌ری بۆ دابین كرا كه‌ سه‌ردانی هه‌موو شار و دێهاتیان كرد له‌هه‌موو عێراق، ئه‌وه‌ش زیاتر به‌مه‌به‌ستی (باج كۆكردنه‌وه‌ و هه‌ڵبژاردن و خۆ ناونووسین له‌ سه‌ربازی) كه‌واته‌ له‌و پرۆسه‌یه‌ش مه‌به‌ستی (سیاسیی و سه‌ربازی) له‌ پشته‌وه‌ بوو، ژماره‌ی دانیشتوانی عێراقیش له‌وكات بریتیبوو له‌ (185 416 4)كه‌س بوو.

 چواره‌م: سه‌رژمێری چواره‌مین له‌سه‌ر ئاستی عێراق له‌ساڵی (1957) بوو، ئه‌م سه‌رژمێریه‌ له‌مێژووی عێراق به‌ پاك و بێگه‌ردی و راست و دروستی داتا و زانیارییه‌كانی داده‌نرێت گه‌رچی هه‌ندێ كه‌م كوڕی هه‌بوو به‌ڵام له‌چاو ئه‌وانی پێش خۆی كه‌متر بوو و كه‌متر ڕۆڵی (سیاسیی و سه‌ربازی) ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بوو به‌سه‌رییه‌وه‌ و به‌شێوه‌كی گشتی و وورد داتا و زانیارییه‌كان له‌ هه‌موو عێراق تۆمار كرا، ژماره‌ی دانیشتوانیش له‌و ساڵه‌ بریتی بوو له‌ ( 109 536 6) كه‌س. 

پێنجه‌م: له‌سه‌رژمێری پێنجه‌مدا فاكته‌ری (سیاسیی و سه‌ربازی) زۆر به‌ روونی دیاره‌، چونكه‌ كات و ساتی ئه‌و سه‌رژمێرییه‌ ساڵی (1967) بوو، به‌ڵام دووساڵ پێشخرا كرا ساڵی (1965) ئه‌و كاتیش شۆڕشی (ئه‌یلولی مه‌زن) به‌ رێبه‌رایه‌تی (بارزانی نه‌مر) هه‌ڵگیراسبوو له‌ زۆربه‌ی ناوچه‌ كوردنشینه‌كان ئه‌وه‌ش بۆ رژێمی ئه‌وكات به‌ هه‌ل زانرا ئه‌م پرۆسه‌یه‌ له‌م ناوچانه‌ ئه‌نجام نه‌درێ و هه‌روه‌ها یه‌كه‌مین سه‌رژمێری بوو له‌ فۆرمه‌كه‌ چوارگۆشه‌یه‌كی ده‌رباره‌ی (نه‌ته‌وه‌)ی تێدابوو، ئه‌نجامدانیشی له‌و كاته‌دا هه‌وڵی كه‌م كردنه‌وه‌ی رێژه‌ی (كورد) بوو له‌م سه‌رژمێرییه‌ و هه‌روه‌ها داتا و زانیاری ده‌رباره‌ی خزمه‌تی سه‌ربازی و پیشه‌ی تێدا بوو ، هه‌رچه‌نده‌ له‌م سه‌رژمێرییه‌ ژماره‌ی دانیشتوانی عێراق گه‌یشته‌ ( 527 261 8) كه‌س و ئه‌وه‌شیان به‌ سه‌رنه‌كه‌وتووترین سه‌رژمێری داده‌نرێت و زۆربه‌ی ئه‌كادیمیست و توێژه‌ران خۆیان له‌ داتاكانی ئه‌و سه‌رژمێرییه‌ لا ده‌ده‌ن. 

شه‌شه‌م: له‌ساڵی (1977) سه‌رژمێری حه‌وته‌مین ئه‌نجامدرا و یه‌كه‌مین سه‌رژمێری بوو (وه‌زاره‌تی پلان دانان) ئه‌نجامی دا ، كه‌ بنكه‌یه‌كی داتا و زانیارییان دروست كرد ده‌رباره‌ی زانیارییه‌كانی (نیشته‌جێ بوون و بژێوی ژیان و داهات و خزمه‌تی سه‌ربازی) ئه‌مانه‌ش ئامانج و مه‌به‌ستی (سیاسی و سه‌ربازی) له‌ پشته‌وه‌ بوو ، له‌و سه‌رده‌میشدا زۆربه‌ی گونده‌كانی كوردستان رووبه‌ڕووی شاڵاوی به‌عه‌ره‌بكردن و سووتاندن و له‌ناوبردن ببنه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌م رژێمه‌ ئه‌وه‌ی به‌ ده‌رفه‌ت زانی داتایه‌كی ناڕاست له‌سه‌ر ناوچه‌ كوردنشینه‌كان بلاو بكاته‌وه‌ ، ئه‌و كاتیش له‌م سه‌رژمێرییه‌دا دانیشتوانی عێراق گه‌یشته‌ (145 497 12) كه‌س.

حه‌وته‌م: كات و ساتی سه‌رژمێری (1987) نا له‌بار بوو به‌جۆرێك جه‌نگی هه‌شت ساڵه‌ی (عێراق – ئیران) هه‌لگیرسابوو، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ حكوومه‌تی عێراقی به‌ دڕه‌نده‌ترین شێوه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ل دێهات و شار و شارۆچكه‌ كوردییه‌كان و هاولاتیه‌كانی ده‌كرد هه‌ر بگره‌ به‌ (پرۆسه‌ی ئه‌نفال كردن و جینۆسایدكردنی كوردان و پرۆسه‌ی به‌عه‌ره‌بكردن و سیاسه‌تی ته‌رحیل كردنی گوندشینان و له‌ناو بردنی زه‌وی كشتوكاڵییه‌كان و گواستنه‌وه‌ی دانیشتوانه‌كانیش بۆ كۆمه‌ڵگە زۆره‌ملێیه‌كان) ئه‌م بارودۆخه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌بار نه‌بوو بۆ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی سه‌رژمێری به‌ڵام رژێم پرۆسه‌كه‌ی ئه‌نجامدا له‌هه‌موو عێراق جگه‌ له‌ (ناوچه‌ سنووورییه‌كان و كوردییه‌كان) نه‌بێ به‌ بیانووی شه‌ر كه‌واته‌ جارێكی كارتی (سیاسی و سه‌ربازی) له‌ پشتی ئه‌نجامدانی بوو ، له‌و سه‌رژمێریه‌شدا دانیشتوانی عێراق گه‌یشته‌ (199 335 16)كه‌س.

هه‌شته‌م: ئه‌وه‌یان له‌ساڵێ (1997) ئه‌نجامدرا و هه‌موو عێراقی گرته‌وه‌ جگه‌ شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان نه‌بێ و ناوچه‌ كوردیه‌كانی ژێر ده‌سه‌لاتی حكومه‌تی عێراقی هه‌مووی (ته‌عریب) كرابوو و كه‌واته‌ رێژه‌ی كورد له‌ناوچه‌ (دابرێندراوه‌كان ) كه‌مترین ریژه‌ بوو له‌م سه‌رژمێرییه‌ ده‌بینین (ره‌هه‌ندی سیاسی) رۆڵی تیدا بینیووه‌ له‌سه‌ربازی ، ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراقی ئه‌نجامی دا ژماره‌ی دانیشتوانیش گه‌یشته‌ (334 443 19)كه‌س…

نۆیه‌م: پاش پرۆسه‌ی ئازادی ساڵی (2003) و دروستبوونی عێراقی تازه‌ واقع و حكومێكی تر هاته‌ كایه‌وه‌ ، گه‌لانی عێراق هه‌وای ئازادییان هه‌ڵمژی و میلله‌تی كوردیش گه‌رایه‌وه‌ ئه‌و شوینانه‌ی كه‌ لێی دركرابوو و ئاواره‌ ببوو و ده‌ستوور نووسرایه‌وه‌ و كیشه‌كانی كورد له‌م ده‌ستووره‌ نه‌خشه‌ ریگای چاره‌ی بۆ دانرابوو، به‌پێى ماوه‌ی ئه‌نجامدانی سه‌رژمێرییه‌كان بوایه‌ ده‌بوایه‌ ساڵی (2007) سه‌رژمێری گشتی له‌ عێراق بكرایه‌ به‌ڵام نه‌كرا و به‌ ئه‌نقه‌ستیش نه‌كرا كه‌ (ره‌هه‌ندی سیاسی) پێوه‌ دیاربوو چونكه‌ :

1- مادده‌ی 140ی ده‌ستووری عێراقی تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تر له‌ قۆناغی ئاسایكردنه‌وه‌ گه‌یشتبووه‌ (سه‌رژمێری دانیشتوان) و بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م مادده‌یه‌ جێ به‌جێ نه‌كه‌ن و ئاسته‌نگیان بۆ دۆزییه‌وه‌.

2- به‌ بیانووی ناسه‌قامگیری بارودۆخی ئه‌منی له‌ عێراق سه‌رژمێری ناكرێت چونكه‌ ناوچه‌ سووننه‌ نشینه‌كان شه‌ڕ و ئاژاوه‌ و ته‌قینه‌وه‌ هه‌یه‌ ده‌بێت دوابخرێ به‌ڵام ئه‌وه‌یان له‌بیركرد له‌ نێوان ساڵانی (1961 تا 2003) میلله‌تی كورد شار و گوندی لێ وێران كرا و ته‌عریب كرا و خه‌لكه‌كه‌ی ده‌ربه‌ده‌ركرا، ئینجا سه‌رژمێری گشتی له‌ساڵانی (1965 و 1977 و 1987 و 1977) كرا…

كه‌ ئه‌م بارودۆخه‌ی ئێستای ئه‌و ناوچانه‌ی هه‌روه‌ك سه‌رده‌می رژێمی پێشوو به‌ هه‌ل ده‌زانی و داتا و زانیاری ناڕاست تۆماربكرێت و درێژه‌ پیده‌ری سیاسه‌ته‌كانی (رژێمی به‌عسن) پێویسته‌ ئه‌و پرۆسه‌ سیاسیه‌ دوابخری هه‌روه‌ك حكومه‌تی عێراقی ماوه‌ی (22) ساڵه‌ پرۆسه‌ی سه‌رژمێری نه‌كردووه‌ و با ئێستاش ده‌رفه‌تێك بداته‌ لایه‌نی كوردی تا بارودۆخه‌كه‌ ئاسایی ده‌كرێته‌وه‌ ، ئه‌گه‌ر نا ڕابردوو پێمان ده‌ڵێ (هه‌موو سه‌رژمێرییه‌كانی دانیشتوان له‌ عێراق ره‌هه‌ندی سیاسیی) وه‌رگرتووه‌ و ئه‌وه‌شیان هه‌روا ده‌بێت. 

ئه‌نجام

لە ڕووی یاسایی و ئەكادیمی و زانستییەوە، بۆ هەر سەرژمێرییەكی گشتیی، كۆمەڵێك مەرج و بنەما هەیە هەتا جێی باوەڕو دانپیانانی ناوخۆو دەرەوە بێ. ئەگەر ئەو مەرجانەی تێدا نەبێ دانی پێدا نانرێت و بە هەوڵ و تەقەلای لایەنێكی سیاسیی دەدرێتە قەڵەم بۆ ئامانجێكی دیاریكراو. بۆیە پرسی سەرژمێری لە عێراقدا یەكێكە لە پرسە هەستیارەكان‌و سەرەتا كۆدەنگی و رێكکەوتنی سیاسی پێكهاتە جیاوازەكانی عێراق و پاڵپشتی‌ و هاوكاری هەرێمی و نێودەوڵەتیشی دەوێت.

هه‌روه‌ها وەفدى هه‌رێم کە دەچنەوە بەغدا بۆ دانوستان، پێویستە لەسەر بنەڕەتی کێشەکانى کورد لە عێراقدا دانوستان بکەن، نەک لەسەر کێشەیەکى بچووک، کە پەیوەندى بە بەشە بودجەى هەرێمی کوردستان و پارەى گەنم و رێکارى یاسایی فرۆشتن و نەفرۆشتنى نەوتەوە هەیە، لە کاتێکدا ئەمانە کێشەى هەنوکەیین، چونكه‌ ئەوەى بەبێ چارەسەر ماوەتەوە، کێشەى ناسنامەى خاکە لەم جوگرافیایەدا.

سه‌رچاوه‌كان

١_ https://www.sbeiy.com/Details.aspx?jimare=16968

٢_ https://www.sbeiy.com/Details.aspx?jimare=17486

٣_ https://www.kurdistan24.net/so/opinion/394afcce-6cef-4143-9945-30127e18767c

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com