داعش لە بۆسەدایە

0

نوچەنێت

رۆژنامەی واشنتۆن تایمز، راپۆرتێکی مەیدانی لەبارەی ناوچە جێناکۆکەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا، ئامادە کردووە کە لیرەدا پوختەیەکی دەخرێتە بەر دیدی خوێنەران.

فەرماندە سەربازییەکانی هەریمی کوردستان، سەبارەت بە جێگیربوونی داعش لە ناوچەکانی نێوان هەریم و عێراق، هۆشداری دەدەن کە لە مێژ ساڵە وەک ناوچەی کێشە لە سەر ناوی لێ دەبردرێت.

بە گوێرەی لێدوانی  بەرپرسانی سەربازیی هەرێمی کوردستان، داعش ئەم ناوچانەی وەک هەل و بۆشاییەک هەڵبژاردووە تاکو ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمەکە بکات.

بە پێچەوانەی بانگەشەکانی سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە تێکشکانی داعش بە یەکجاری، کارناسان و شارەزایانی ئەمنی پێیان وایە، کە داعش خەریکی خۆڕێخستنەوەیە و ئێستاش وەک مەترسییەکی گەورە هەژمار دەکرێت.

واشنتۆن تایمز، بۆردومانی بنکە و بارەگاکانی داعش کە بیابان و سەحراکانی عێراق و هەروەها ناوچە ناکۆکی لە سەرەکان، وەک ئاماژەیەکی جددی وەسف دەکات کە نیشانی دەدات هەڕەشەکانی داعش لە جێی خۆیەتی. تەنانەت بەرپرسانی سەربازیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، نکۆڵی لە بوونی ئەم مەترسیانە ناکەن و دەڵێن، شانە نووستوەکانی داعش چالاکە و بەردەوامن لە کاروچالاک و جەولەکانیان.

رۆژنامەکە ئاماژەی بە ڕاپۆرتی تایبەتی نێردەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق داوە، بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی ئەم بەرپرسەی پێنتاگۆن، یەکێک لە هۆکارەکانی بەردەوامبوونی هەڕەشە و چالاکییەکانی داعش، بەردەوام بوونی کێشە و ناکۆکییەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدایە لە ناوچە کێشە لە سەرەکان، رێک ئەو ناوچانەی کە داعش خۆی حەشار داوە و خەریکی خۆ ڕێکخستنەوەیە.

واشنتۆن تایمز لە سەر زاری بەرپرسان و فەرماندە سەربازییەکانی هەریمی کوردستان نووسیویەتی، شوێنی جێگیربوون و خۆحەشاردانی هێزەکانی داعش تەنها ١٨ مایل لە سەنگەری هێزەکانی پێشمەرگە دوورە. ئەمەش بە مانای ئەوە دێ کە داعش دوو ساڵ دوای تێکشكانی لە ئۆپەراسیۆنی موسڵ، ئیستاش لە سەر پێیە.

بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ڕایان وایە، کە شەڕ دژ بە داعش لەم ناوچانە بۆ پاراستنی باری سەقامگیری و ئارامی ناوچەکە، گرنگی تایبەت بە خۆی هەیە، هەر چۆنێک بێت هەرێمی کوردستان و خەڵکی ئەم ناوچانە لە شەڕی داعش، بە هەزاران کەسیان لێ شەهید و بریندار بووە. وێڕای ئەوەی کە ئێستاش لە شەڕی دژ بە تیرۆر لە سەنگەرەکانی پێشەوە ئامادەی مەیدانەکەن. بەرپرسانی هەرێم هەروەها جەخت دەکەنەوە کە ئەوان بە تەنیا ناتوانن لە ناوچە کێشە لە سەرەکان بەرەنگاری  چالاکی و جووڵەکانی داعش ببنەوە، بەڵکو پێویستییان بە هەماهەنگی و هاوکاری ئەمنی و سەربازی و هەواڵگری هەیە لەگەڵ هێزەکانی عێراق.

دوو وەزیر لە کابینەی حکوومەتی هەرێم، راوێژکارێکی باڵا و هەروەها ژمارەیەک لە بەرپرسانی سەربازی هەرێم بە رۆژنامەکەیان گوتووە، کە کێشەی بەردەوام بوون و مانەوەی داعش لەم ناوچانە، کێشەی جددین، هەر بۆیە پێویستە بەغدا لە رووی داراییەوە پاڵپشتی هێزەکانی پێشمەرگە بکات.

فەلاح مستەفا، ڕاوێژکاری سەرۆکی هەریمی کوردستان بە رۆژنامەکەی گوتووە، ئەگەر چی داعش لە ڕووی فیزیکیەوە ئامادەی مەیدانەکە نییە، بەڵام زەمینە و بەستێنێ فیکری بۆ گەشەی سەر لەنوێی ئەم رێکخراوە فەراهەمە.

بە گوتەی فەلاح مستەفا، ژمارەیەک لە گروپەکان خەریکی ڕێکخستنن، هەر بۆیە دەبێ ئێمە بە هاوکاری بەغدا، ئەمریکا و هاوپەیمانان، ڕێگە لە بە‌هێزبوونەوەی ئەم گروپانە بگرین.

فەلاح مستەفا  پێی وایە، کە ناکرێ تەنها بەرەنگاربوونەوەی داعش کورت بکەیەنەوە لە بەریەککەوتنی سەربازی، بەڵکو کۆمەڵێک کێشە و گرفتی دیکەی سیاسیی و کولتووریش لە ئارادان. بەو مانایە کە پێکهاتەکانی ئەم ناوچانە  لە ئایندەدا پەیوەستی ریزەکانی داعش نەبن.

ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جەختێش دەکاتەوە کە هەرێمەکە دوورگەی ئاسایش و خۆشگوزەرانییە، بەڵام پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکانی داعش پێویستە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com