دیارییەکه‌ی تره‌مپ بۆ رووسیا و ئێران و داعش

0

نوچه‌

ئەمریکا ڕێگەی بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا لە ڕۆژئاوای کوردستان کردەوە. کۆشکی سپی رایگەیاند، بەمزووانە تورکیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە سوریا دەستپێدەکات، بەڵام ئەمریکا نە هاوکاری دەبێت، نە رێگریشی لێدەکات. هه‌سه‌ده‌ش ده‌ڵێت ”هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە، کە شەڕ لەنێوان ئەوان و تورکیا روونەدات و نەرمی دەنوێنن بۆ دۆزینەوەی رێکارێکی هاوبەش”.

هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) كە لە 2015 بە دەستپێشخەری پەیەدە و بە پاڵپشتیی ئەمریكا دامەزراوە، بە هێزترین لایەنی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعشە لە سوریا. توركیا یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و هەسەدە بە باڵی سووریای پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) دەزانێ.

ئەمریكا چەند مانگێكە دەیەوێ توركیا لە هێرش بۆ باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا سارد بكاتەوە. لە چوارچێوەی ئەو هەوڵەشدا مانگی رابردوو، گەڕانی هاوبەشی هێزەكانی ئەمریكا و توركیا لە ناوچەی ئارام دەستیپێكرد كە قووڵاییەكەی لە هەندێك ناوچە 15 كیلۆمەترە. توركیا داوا دەكات قووڵایی ناوچەكە 30 كیلۆمەتر و درێژییەكەی 480 كیلۆمەتر بێ.

راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی كۆشكی سپی

کۆشکی سپی ئەمڕۆ (7-10-2019) راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بەمزووانە تورکیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستپێدەکات. هێزەکانی ئەمریکا بەشداریی لە ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا ناکەن و هاوکاری نابن، هاوکات بەربەستیش بۆ ئۆپەراسیۆنەکە دروستناکەن.

كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بە كردەوە كۆتایی بە هەڵمەتی هاوپەیمانان لەدژی پاشماوەكانی داعش دەهێنێ. لە كاتێكدا بە گوتەی بەرپرسانی ئەمریكی داعش هێشتا خاوەن تۆڕێكی تیرۆریستیی بەهێزە كە دەتوانێ لەدژی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی هێرش بكات.

کۆشکی سپی لە راگەیێندراوەکەی ئەمڕۆیدا دەڵێت: “ئەمریکا خەلافەتی داعشی لە ناوچەکەدا تێکشکاند. بەڵام چیدیکە ئامادەیی لەو ناوچانە نابێت کە ئۆپەراسیۆنەکەی تێدا ئەنجامدەدرێت و هەروەها تورکیاش بەرپرس دەبێت لەو چەکدارە داعشانەی لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو لە ناوچەکە دەستگیرکراون”.

ناوچەی ئارام
وەك شوێنێك بۆ دوو ملیۆن پەنابەرانی سووری
گۆڕانی دیموگرافی ناوچەكەی لێدەكەوێتەوە

ئەم راگەیێندراوەی کۆشکی سپی دوای ئەوەهات کە شەوی یەکشەممە 6-10-2019 ترەمپ و ئەردۆغان گفتوگۆیەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و چەند پرسێکیان تاوتوێکردووە، لەوانەش پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات، بابەتی سوریا بە گشتیی و ڕۆژهەڵاتی فورات بەتایبەتی.

یەكێك لە ئامانجەكانی توركیا ئەوەیە ناوچەی ئارام وەك شوێنێك بۆ دوو ملیۆن پەنابەرانی سوری بەكاربهێنێ كە ئێستا لە توركیان. حكوومەتی ئەنقەرە پێیوایە پڕۆسەی دروستكردنی ناوچەی ئارام یەكجار خاو بەڕێوەدەچێ، بەرپرسانی هەسەدەش دەڵێن، رێگە نادەن ناوچەی ئارام بۆ پەنابەرە سورییەكان بەكاربهێنرێ، لەبەر ئەوەی گۆڕانی دیموگرافیی ناوچەكەی لێدەكەوێتەوە. سەرچاوەیەكی ئاگادار بە رۆژنامە ئەمریكییەكەی راگەیاندووە “ئەمریكا بەشێوەیەكی فەرمی هۆشداری نەداوە بە توركیا كە دەشێ هێزەكانیان لە سوریا بكشێننەوە.”

هه‌سه‌ده‌: ئەمریکا پابەندی ئەو بەڵێنە نەبووە
کە پێیداوین

نەرمی دەنوێنن بۆ دۆزینەوەی رێکارێکی هاوبەش(١)

هاوکات هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کە بە درێژایی شەڕی داعش هاوپەیمانی ئەمریکابوون و رۆڵێکی گرنگیان هەبوو لە کۆتاییهێنان بە داعش لە سوریا رایدەگەیێنن، هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە کە شەڕ لەنێوان ئەوان و تورکیا روونەدات و نەرمی دەنوێنن بۆ دۆزینەوەی رێکارێکی هاوبەش.

هەسەدە دەڵێت: ئەمریکا پابەندی ئەو بەڵێنە نەبووە کە پێیداوین و هێزەکانی خۆی لە سەر سنوور کشاندووەتەوە. ئێستا تورکیا ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر ڕۆژهەڵاتی فورات دەکات و بە نیازە داگیری بکات.

هەسەدە هۆشداری ئەوەش دەدات کە ئەگەر تورکیا ئەو هێرشە بکات، کاریگەری نەرێنی لەسەر شەڕی دژ بە داعش دەبێت و ئارامی ناوچەکە تێکدەدات.

وەزیری دەرەوەی ئێران: ئەمریکا کوردی سوریا بەکاردەهێنێت(٢)

محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ چووە پەرلەمانی وڵاتەکەی و لەبارەی هەڵوێستی تاران لە بەرامبەر کوردی ڕۆژئاوای کوردستان رایگەیاند “هەڵوێستمان زۆر روونە و رامانگەیاندووە کە تەنیا رێگەی سەقامگیری و پاراستنی ئاسایشی تورکیا، بوونی سەربازییانەی حکومەتی ناوەندیی سوریایە لە ناوچە سنوورییەکان و بەپێی رێککەوتنی ئادانا ئەو کارە دەکرێت، بەڵام بە هەنگاونان دژی یەکپارچەیی و سەروەری سوریا ناکرێت ئاسایش دابین بکرێت”.

وەزیری دەرەوەی ئێران تیشکی خستەسەر نیگەرانییەکانی تورکیا لەبارەی هەسەدە و هەڕەشەکانی بۆ ئەنجامدانی کردەی سەربازیی و گوتی، “ئامادەیی خۆمان دەربڕیووە هاوکاربین بۆ ئەوەی حکومەتەکانی سوریا و تورکیا بتوانن ئەو کێشەیە بەپێی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان و بە ئامادەبوونی هێزە سورییەکان و بە پاراستنی شکۆی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە چارەسەربکەن”.

بە گوتەی زەریف، هەوڵدەدەن بە هاوکاری لەگەڵ هەرێمی کوردستان، حکومەتی سوریا و هەموو گرووپەکانی کورد لە سوریا ئەو کێشەیە بە هاوئاهەنگی نێوان هێزە سەربازییەکانی سوریا و تورکیا و بێ دەردەسەری بۆ کورد و عەرەبی ناوچەکە چارەسەر بکەن.

سه‌فین دزه‌یی: پەیەدە و یەپەگە بۆ کارێکی کاتی بەکار هێنراون(٣)

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: پەیەدە دەسەڵاتی خۆی سەپاند و قوربانییەکی زۆریشی دا، بەڵام بەداخەوە کشانەوەی ئەمریکا لەو ناوچانە بەمانای ئەوە دێ تەنها و تەنها پەیەدە و یەپەگە بۆ کارێکی کاتی بەکار هێنراون.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان هەروەها گوتی: “ئەو بڕیارە دەیسەلمێنێ لەنێو هیچ رێککەوتنێکی سیاسیی پڕۆژە و پاڵپشتی بۆ داواکارییەکانی خەڵکی ڕۆژئاوا نەبووە و ئەم ناوچەیە دووبارە بۆ مەرامێکی تایبەت و کاتی بەکارهێندرا”.

سەفین دزەیی پێیوایە، خەڵکی سڤیلی ڕۆژئاوای کوردستان زەرەرمەندی یەکەم بوون و زەرەرمەندی یەکەم دەبن و دەڵێت: “ئەمریکا دەبوایە زیاتر بەرپرسانە بەرامبەر ئەو مەلەفە رەفتار بکات و پێش کشانەوەیان بەدیلێک هەبا”.

سەفین دزەیی هەروەها هۆشداریی دەدات لە چارەنووسی کەمپەکانی داعش و رایدەگەیێنێت “چەندین کەمپی خەڵکانی داعش وەک ئەلهول هەنە و مەترسی لەسەر چارەنووسی 70 هەزار نیشتەجێی ئەو کەمپانە هەنە و مەترسی لەسەر هەموو ناوچەکە هەیە”.

باشتر وایه‌ شه‌ڕی تاكتیكی بكرێ
و كۆڕه‌وێكی گه‌وره‌ دروست ببێ

حه‌سه‌ن بارام، چاودێری سیاسیی كورد، تایبه‌ت به‌ نوچه، له‌باره‌ی دۆخی نوێی رۆژئاوای كوردستان رایگه‌یاند: له‌ راستیدا كۆی ناوچه‌كه‌ له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵێك مه‌ترسی و گۆڕانكاری و پێشهاتی گه‌وره‌دایه‌، ئه‌و سیاسه‌ته‌ی تره‌مپ پێڕه‌وه‌ی لێده‌كات سیاسه‌تێكی ناجێگیره‌ و جۆرێك له‌ هه‌ڵێشه‌یی و په‌له‌په‌لی پێوه‌دیاره‌، له‌سه‌ر هه‌ڵوێستیشی له‌باره‌ی ڕۆژئاواشه‌وه‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا و ته‌نانه‌ت له‌ناو كۆنگرێسیش كه‌سانێك هاتۆنه‌ته‌ ده‌نگ و پێده‌چێت له‌ ناو ئیداره‌ی تره‌مپیش ناڕه‌زایی لێبكه‌وێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌م بڕیاره‌ زیان به‌ به‌رژه‌وه‌ندی و سومعه‌ی ئه‌مریكا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌گه‌یێنێت.

حه‌سن بارام ده‌شڵێت، نابێ كورد چاوه‌ڕێ بێت و پێویسته‌ كۆمه‌ڵێك رێكاری نوێ بگیریێته‌ به‌ر، چونكه‌ ئه‌مه‌ دووه‌م جاره‌ ئه‌مریكا له‌ كوردانی ڕۆژئاوا پاشگه‌ز ده‌بێته‌وه‌. ده‌توانن له‌ دوو ئاستدا سیاسه‌ت بكه‌ن، یه‌كه‌م په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی سوریا له‌ سه‌ر كۆمه‌ڵێك بنه‌ما رێكبخه‌نه‌وه‌ و هه‌وڵی دیبلۆماسی له‌ ئاستی ئه‌وروپا و جیهانی بگرنه‌به‌ر.

ئه‌و چاودێره‌ سیاسییه‌ پێوایه‌، به‌گوێره‌ی هه‌موو پێوه‌ره‌ سه‌ربازییه‌كان، ئه‌م شه‌ڕه‌، كه‌ توركیا پێنجه‌م هێزه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، پێناچێت به‌ كورد ئه‌م شه‌ڕه‌ بكرێت و وام پێباشه‌ شه‌ڕی تاكتیكی بكه‌ن و پێویسته‌ كۆڕه‌وێكی گه‌وره‌ دروست ببێ؛ ئه‌و كاته‌ ئه‌مریكاش تووشی فه‌زاحه‌تێكی گه‌وره‌ ده‌بێ و كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تیش ناچار به‌وه‌ ده‌بێ له‌ دژی توركیا بێته‌ ده‌نگ و بیخه‌نه‌ قه‌یرانێكی سیاسیی گه‌وره‌وه‌.

تره‌مپ: تەنها بۆ سەرکەوتن دەجەنگین

ماوەی سێ ساڵە هێرشی تورکیایان بۆ سەر کوردەکان راگرتووە(٤)

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، رایگەیاند، ماوەی سێ ساڵە هێرشی تورکیایان بۆ سەر کوردەکان ڕاگرتووە، بەڵام ئیدی ئەوان لەو جەنگە دێنە دەرەوە.

لە زنجیرە تویتێکدا، ترەمپ لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا نووسیویەتی، کوردەکان لەگەڵ ئێمە جەنگان، بەڵام ئێمەش پارە و چەکی زۆرمان پێدان. من ماوەی سێ ساڵە جەنگی نێوان تورک و کوردم وەستاندووە، بەڵام لەو کارە ئیتر ئێمە دەێینە دەرەوە.

ئاشکراشیکردووە، ئەمەریکا نیازی هەبوو تەنها 30 رۆژ لە سووریا بمێنێتەوە، بەڵام ماوەکە درێژەی کێشا. ئێمە سەربازەکانمان دگەڕێنینەوە نشتیمان.

ترەمپ لە بارەی جەنگی سوریا نووسیویەتی، ئێمە لەو جێیە دەجەنگین کە سوودی بۆمان هەبێت و تەنها بۆ سەرکەوتن جەنگ دەکەین.

شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی فورات هەڵبگیرسێت
ماوەکەی درێژ دەبێت و بە ساڵ دەخایێنێت

لوقمان ئەحمێ، گوتەبێژی رێڤەبەری خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەگەر شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی فورات هەڵبگیرسێت ماوەکەی درێژ دەبێت و بە ساڵ دەخایەنێت، هەرگیز وەکو شەڕی عەفرین نابێ کە دوای نزیکەی 2 مانگ دابمرکێتەوە.

لەبارەی هەڵوێستی حیزبە کوردستانییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لەسەر هێرشی تورکیا بۆ ڕۆژهەڵاتی فورات، لوقمان ئەحمێ گوتی: “تاوەکو ئێستا هەڵوێستێکی گشتگیر و هاودەنگ لەلایەن حیزبە کوردستانییەکانەوە لەبارەی کشانەوەی ئەمریکا و ئەگەری هێرشی تورکیاوە نییە، بەڵام هەوڵێک بۆ یەکدەنگی هەیە بۆ ئەوەی رێگری لە هەر ئەگەرێک بکرێ کە زیان بە رۆژئاوای کوردستان بگەیەنێت”.

گوتەبێژی رێڤەبەری خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لە بەرگریکردن هیچ بژاردەیەکی دیکە لەبەردەم هێزەکانی رێڤەبەری خۆسەر نییە، ئێمەش هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین بۆ ئەوەی زیان بە ناوچەکانی سنووری دەسەڵاتمان نەگات.

مه‌كگۆرك: تره‌مپ دیارییەکی
بۆ رووسیا و ئێران و داعش ئامادەکردووە

مه‌كگۆرك: بۆیە دەستم لەکارکێشایەوە(٥)

برێت مەکگۆرک، نوێنەری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە هەژماری تایبەتی خۆیدا لە توویتەر لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکی تورکیا، نووسیوویەتی ”پوختەی قسەکە ئەوەیە: ترەمپ ئەمشەو لەدوای یەک پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرکردەیەکی بیانی، دیارییەکی بۆ رووسیا و ئێران و داعش ئامادەکردووە.”

مەکگۆرک هەروەها دەڵێت: “پێشتر کە ئەوکاتەی من ئیدارەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکام لە ناوچەکە دەکرد، ترەمپ بڕیارێکی بێبیرکردنەوەی هاوشێوەی دا، بۆیەش دەستم لەکارکێشایەوە”.

سه‌رچاوه‌كان

١_ https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/071020191

٢_ https://www.rudaw.net/sorani/middleeast/syria/061020193

٣_ https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/071020192

٤_ https://www.kurdistan24.net/so/news/4709e5a7-73f4-4832-8156-54eeb7cc6450?fbclid=IwAR3o4p8yYlJYf7-S3i8wbrqh9HAb0jz_3SEx4D9CW0jzNKWOuFc5z-gi9PA

٥_ https://www.rudaw.net/sorani/world/071020191

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com