بڕیارەکەی ترەمپ چی لە ڕۆژئاوا دەخوڵقێنێت؟

0

نوچەنێت

بڕیاری سەرۆک ترەمپ، بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان، کاردانەوە، پرسیار، گریمانە و تێڕوانینی جیاوازی لێکەوتەوە.

بە دەر لەمەش، هەڵوێست و نیگەرانی زۆرێک لە وڵاتان و ناوەندەکانی بڕیاری جیهانی بەدواوە بووە. تەنانەت لە گۆڕەپانی سیاسیی ئەمریکا، مشتومڕ و لێکدانەوەی جیاوازی لە سەرەتا ئەو جێگایەی کە تەنانەت سەرۆکی ئەمریکا بە خیانەت بەرامبەر بە کورد، تۆمەتبار دەکرێت.

کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژئاوای کوردستان، هاوکاتە لەگەڵ جموجوڵ و هەڕەشەی جددی سوپای تورک. ئێستا کورد لە ڕۆژئاوا بێ پشتیوان ماوەتەوە.

سەرۆکی ئەمریکا لە شیکردنەوەیەکدا لە بارەی ئەم بڕیارەی خۆی، نووسیویەتی، چەندین دەیەیە کورد لەگەڵ تورکیا لە شەڕدایە، من سێ ساڵ رێگەم لەم شەڕە گرت، بەڵام کاتی ئەوە هاتووە خۆمان لە مەیدانی ئەم شەڕە بێ سودانە بە دوور بگرین کە زۆربەیان تایفین، بەم پێیە پێویستە سەربازەکانمان بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

لیندسی گراهام، سیناتۆری ناسراوی کۆمارییەکان ئەم بڕیارەی بە کارەسات وەسف کردووە و لە تویتێکدا نوسی، بڕیارەکەی ترەمپ، وەکو ئەوە وایە کە سوریا وەک دیارییەک ڕادەستی رووسیا و ئێران و داعش بکرێت.

ئەمە هەمان ئەو بۆچوونەیە، کە ئاژانسەکانی هەواڵی ئەمریکا بە چڕی پەرەی پێدەدەن و سەبارەت بە ئیمتیازدانی سەرۆک ترەمپ، بە ئێران و رووسیا هۆشداری دەدەن.

هەر لەم ڕۆژانەدا بوو کە بەدران ژیا کورد، یەکێک لە بەرپرسانی باڵای هەسەدە بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی گوت، لە ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، ڕەنگە لەگەڵ دیمەشق و تەنانەت لایەنی رووسی بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە یان بەربەستکردنی رێگەی هێرشی سوپای تورک بکەونە دانوستانەوە. دەستبەجێ دیمەشق پێشوازی لەم لێدوانەی بەدران ژیاکورد، کرد.

بەرپرسانی ئەمنی  کوردی ڕۆژئاوا دەڵێن، بە گوێرەی ڕێککەوتنی باو کە پێی دەگوترێ میکانیزمی ئەمنی، بڕیار بوو کوردەکان بنکە و بارەگا سەربازیەکانیان لە سنووری تورکیا هەڵبگرن و هێزەکانی ئەمریکا جێگەیان بگرێتەوە، بەڵام سەرباری هەڵگرتنی بنکە سەربازییەکانیان، ئەمریکا بەڵێنەکەی نەبردە سەر و ئەمەش دژ بە میکانیزمی ئەمنییە کە جەختی دەکەنە سەر.

مستەفا بالی، بەرپرسێکی دیکەی حکوومەتی خۆبەرێوەبەری ڕۆژئاوا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی گوتووە، ئەوان بەرگری تەواو دەکەن، بەڵام پێویستە ئەمریکا لە بارەی کشانەوەی هێزەکانی روونکردنەوەیەک بدات بە  ڕای گشتی.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ترەمپ گووتویەتی، ئەگەر سوپای تورکیا لە دەرەوەی رێوشوێنە مرۆییەکان، هەڵسوکەت لەگەڵ خەڵکی مەدەنی ناوچەکە بکات، ئابوورییەکەی بە تەواوی وێران دەکات.

لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سووریا ،هێزەکانی سووریای دیموکرات کە لە عەرەب و زۆرینەی کورد پێکهاتوون و لە لایەن کوردەوە سەرکردایەتی دەکرێت و خاوەنی ٦٠ هەزار شەڕڤانن، رایانگەیاندووە، کە ئامادەی بەرگرین.

لە ئێستا کوردەکان لە سێ لاوە لە ژێر گوشاردان، یەکەم لە لایەن پاشماوەکانی داعش. رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز لە راپۆرتێکدا دەڵێت، داعش ئێستاش لە سووریا و عێراق خاوەنی ١٨ هەزار چەکدارە کە زۆربەیان وەک شانەی نوستوو خەریکی کاروچالاکین.

شەڕ لەگەڵ پاشماوەکانی داعش و راگرتنی هەزاران دیلی ئەم رێکخراوە، کێشەیەکی جددیە لە بەردەم هەسەکە.

کێشەی دووەم، مامەڵە کردنە لەگەڵ دیمەشق و حکوومەتی ناوەندی کە سوێندی خواردووە بست بە بستی خاکی سوریا بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە و داوا دەکات، کورد ملکەچی رژێمی بەشار ئەسەد بێت.

کێشەی سێیەم و گەورەتر،هەمان مەترسی هێرشی سەربازی سوپای تورکیا بۆ سەر هەرێمەکە.هەرچەند وەک خودی بەرپرسانی ڕۆژئاوا دەڵێن، ئەوان پێشبینییان کردووە کە ئەمریکا پشتیان تێبکات، هەر بۆیەش خۆیان بۆ هەموو سیناریۆیەک ئامادە کردووە.

ئارگیۆمێنتی تورکیا

تورکیا رایگەیاند، درێژەکیشان و بەردەوام بوونی ئەزمونی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان، دەتوانێ لە داهاتوودا ببێتە مەترسی  وشوێنی داڵدەدانی جوداییخوازانی کوردی دژبەری تورکیا.

تورکیا لەگەڵ سووریا ٨٢٢ کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی هەیە. لە  ماوەی ڕابردوودا بە ڕێککەوتنی ئەنقەرە و واشنتۆن ناوچەی ئارام لەم سنوورانە پێکهات. یەکێک لە ئامانجەکانی تورکیا ئەوە بوو کە ژمارەیەک لە پەنابەرانی سووریا لەم ناوچەیە جێگیر بکات.

لە ئێستادا ٣ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار پەنابەری سووری نیشتەجێی تورکیان، ئەنقەرە بە هیوایە دوو ملیۆن کەسیان لەم ناوچەیە جێگیر بکات.

سەرباری هەموو ئەمانەش، مەترسی گەڕانەوەی داعش  هەڕەشەیەکی جددی هاوبەشە بۆ سەر ناوچەکە کە هەموان لێی نیگەرانن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com