مەترسی هەڵاتنی چەکدارانی داعش له‌ زیندان دەخرێتەڕوو

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

بەرپرسی میحوەری کەرکوک رایدەگەیەنێت، هەڵاتنی چەکدارە داعشەکان لە ناو زیندانەکانی رۆژئاوای کوردستان، کاریگەری زۆری دەبێت، لەسەر ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە.

بە هۆی هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، زیاتر ١٦٠ هەزار کەس ئاوارەبوون و زیاتر لە سەد هاوڵاتی سڤیل بوونەتە قوربانی. هەروەها بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر رایگەیاندبوو، بەهۆی بۆردومانەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە، بە دەیان خێزانی داعش لە کەمپی عەین عیسا هەڵاتوون.  

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، نوری حەمەعەلی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی و بەرپرسی میحوەری کەرکوک، لە بارەی هەڵهاتنی داعشەکانی سوریاوە، رایگەیاند “بێگومان هەڵاتنی چەکدارانی داعش لە زیندانەکانی رۆژئاوای کوردستان، کاریگەری زۆری دەبێت، بۆیە هەر بۆشاییەکی ئەمنی هەبێت ناحەزان و دوژمنانی مرۆڤایەتی، کە تاکو دوێنی لەبەرگی داعشدا بوون، سوودی لێوەردەگرن بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆرستی، رەنگە ئەمجارە بەرگی خۆیان بگۆڕن و بەشێوەی دیکە خۆیان دەربخەنەوە”.  

بەرپرسی میحوەری کەرکوک ئاماژە بەوەشدەکات، رەنگە تیرۆرستانی داعش جارێکی دیکە خۆیان کۆبکەنەوە، ئەو داعشانەی لە زیندانەکانی رۆژئاوای کوردستان هەڵهاتوون، ئەوانەشی، کە خۆیان حەشارداوە و شانەی نووستوون یەکبگرنەوە، ئەگەر ئەمە رووبدات ئەوکاتە تیرۆرستان زیانی گەورە بەخەڵکی ناوچەکە دەگەیەنن. 

سەبارەت بە ئامادەباشی هێزەکانی پێشمەرگە لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش لە عێراق، نوری حەمەعەلی، گوتی “ئێمە سەنگەرەکانمان هەمان سەنگەرەکانی رابردووە و هێزەکانی پێشمەرگەش لە سەنگەرەکانی خۆیاندا جێگیرکراون”.           

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com