خۆری کورد لە ڕۆژئاوا، ئاوا دەبێت؟

0

نوچەنێت

ماوەی نۆ ڕۆژە ڕۆژئاوای کوردستان، لە لایەن چەکدارانی توندڕەوی سووریا و سوپای تورکیاوە بۆردومان و بۆمباران دەکرێت.  شەڕڤانان بەهەموو شێوازێک بەرگریی لە خاک دەکەن، بەڵام رێککەوتنەکەی نێوان تورکیا و ئەمەریکا، بۆ ئاگربەست لەو ناوچەیە تەنها چەند ساتێک خۆشی ئارامی بەخۆیەوە بینی و ئاسۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە ژێر سایەی ئەو ڕێککەوتنە و بۆردومان و تۆپبارانەکاندا ئەوەندەی دیکە ناڕوونە.

ڕۆژی (٩)ی ئەم مانگە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە وتارێکیدا رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی ئۆپەراسیۆنێک لەژێر ناوی (کانی ئاشتی) بۆ دروستکردنی ناوچەی ئارام لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دژی شەڕڤانانی هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە) دەست پێدەکات، چونکە ئەمەریکا و هەسەدە نەیانتوانیوە، لە ڕێککەوتنی وڵاتەکەی لەسەر ناوچەی ئارام تێبگەن و دەبێت شەڕڤانان زیاتر لە (٣٠) کیلۆمەتر لە سنوورەکانی نێوان تورکیا و سووریا بکشێنەوە.

وتەکانی ئەردۆغان دوای پەیامێکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بوو، کە لە تویتەر رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکشێتەوە و چیتر چاوەڕێی جەنگە بێ کۆتاییەکان ناکەن و دواتریش لە پەیامێکی دیکەدا نووسی: هیوادارم تورکیا پابەندی پاراستنی کەسانی مەدەنی بێت و هەوڵی داگیرکردنی ئەو ناوچەیە نەدات، بەڵام پەیامە یەک لەدوای یەکەکانی ترەمپ نەبووە هۆی پاشەکشێی ئەردۆغان و سوپای وڵاتەکەی بۆ هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان و چاودێرانیش پێیان وابوو، پەیامەکانی ترەمپ بۆ کشانەوەی سەربازانی وڵاتەکەی جۆرێک لە گڵۆپی سەوز بوو بۆ ئەنجامدانی هێرشەکەی تورکیا.

لە ڕێککەوتی (٧-٩-٢٠١٩) کینۆ گابریل وتەبێژی هەسەدە بە ئاژانسی هەواڵی (ڕۆیتەرز)ی راگەیاندبوو، ڕێککەوتن لە نێوان تورکیا و ئەمەریکا و شەڕڤانان کراوە، بۆ دیاریکردنی ناوچەی ئارام و جووڵەی هاوبەشی سوپای تورکیا و ئەمریکاش بە ئاگاداریی ئەوان دەکرێت و هاوکات ئاشکرای کردبوو، کە ئەوان ئەوپەڕی نەرمیان بەرامبەر تورکیا نواندووە و تەنانەت شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بۆ پیشاندانی ئەو نەرمی نواندنە چەکە قورسەکانیان بە دووری (٢٠) کیلۆمەتر لە سنووری تورکیا کشاندووەتەوە.

رۆژئاوای کوردستان نزیکەی (٩١١) کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ تورکیا هەیە. ئەردۆغان بە بەردەوامی رایگەیاندووە، کە شەڕڤانان و دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوای کوردستان هەڕەشەن لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەی، بۆیە دەبێت ناوچەیەکی ئارام لەو سنوورانە بە قوڵایی زیاتر لە (٣٠) کیلۆمەتر دروست بکرێت و هێزەکانی وڵاتەکەی و چەکدارانی سەر بە ئۆپۆزسیۆنی سووریا، کە نزیکن لە دەسەڵاتی تورکیا ئەو ناوچەیە کۆنتڕۆڵ بکەن و لە بەرامبەردا شەڕڤانان و سیستمی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان، ئەو داوایەی تورکیایان رەتکردووەتەوە و ئەوەیان بە هەوڵێک بۆ داگیرکردنی وڵاتەکەیان و دیموگرافیای ناوچەکەیان لەقەڵەم داوە.

دروستکردنی ناوچەی ئارام بە قوڵایی (٣٠) کیلۆمەتر زۆربەی شار و ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستانە. بە پێی زانییارییەکان زیاتر لە (٪٦٠)ی خاکی ناوچە کوردییەکان دەگرێتەوە، بۆیە بەرپرسانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەو ناوچەیە بەو شێوازەی تورکیا دەیەوێت، بەهەموو شێوەیەک رەتدەکەنەوە.

شەوی ١٧-١٠-٢٠١٩، پەیامی سەرۆکی ئەمەریکا و ڕێککەوتنی نێوان ئەنقەرە و واشنتۆن، بۆ ئاگربەست لە نێوان چەکداران و سوپای تورکیا لەگەڵ شەڕڤانان، بڵاوکرایەوە. بەڵام هیچ بەرپرسێکی ڕۆژئاوای کوردستان لێدوانێکی روون و ئاشکرایان بۆ ڕێککەوتنەکە دەرنەبڕی. بەرای چاودێرانیش ڕێککەتنێکی روون و ئاشکرا نییەو پێناچێت هیچی لێ شین بێتەوە.

ئەمڕۆ هەینی ١٨-١٠-٢٠١٩، ئەنجوومەنی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە راگەێندراوێکدا ئاشکرای کردووە”پشتگیریی ئاگربەستەکە دەکەن، بەڵام تورکیا پابەندی رێککەوتنەکە نەبووە و دەبێت ئەوانیش گفتوگۆ لەسەر چەند خاڵێکی رێککەوتنەکە بکەن، چونکە شەڕڤانان بەرگریی لە خاکی خۆیان دەکەن و دەبێت تورکیا و چەکدارانی توندڕەوی سەر بەو وڵاتە هێرش و پەلامارەکانیان راگرن و پاشەکشێ بکەن”.

خۆبەڕێوەبەری ڕۆژهەڵات و باکووری سووریا لە راگەێندراوەکەدا، ئاماژەی بەوە کردووە کە رێککەوتنەکەی تورکیا و ئەمریکا دەرئەنجامی خۆڕاگریی شەڕڤانان و ئەو (١١) هەزار شەهیدەیە کە ڕۆژئاوا لە پێناو ئازادی و شکستی داعش بەخشیویەتی، بەڵام دەبێت لەگەڵ ئەمریکا گفتوگۆ بکەن بۆ یەکلاکردنەوەی چەند خاڵ و بڕگەیەکی چارەنوسسازی رێککەوتنەکە.

لە لایەکی دیکەوە ساڵح موسلیم، وتەبێژی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) بە تەلەفزیۆنی (ئەلعەرەبیە)ی سعودیەی راگەیاندووە، ئەوان پابەندی ئاگربەست دەبن بەڵام بەرپرسانی ڕۆژهەڵات و باکووری سووریا لە وردەکاریی ڕێککەوتنی نێوان ئەمەریکا و تورکیا ئاگادار نەکراونەتەوە و گفتوگۆیان لەسەر نەکردووە. بۆیە تا ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمییان سەبارەت بە سەرجەم بڕگە و خاڵەکانی نێو ڕێککەوتننامەکە دەرنەبڕیوە.

هاوکات مستەفا بالی، بەرپرسی راگەیاندنی هەسەدە لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا رایگەیاند، ئەوان لەگەڵ ئاگربەستن بەڵام تورکیا بە پێچەوانەوە لە کاتی راگەیاندنی ڕێککەوتنەکەوە هێرشەکانی بۆ شاری سەرێکانی چڕتر کردووەتەوە. نەخۆشخانەی ئەو شارە و هاووڵاتیانی مەدەنی کراونەتە ئامانج و تەنانەت بەهەموو شێوەیەک شارەکە لە لایەن تورکیا و چەکدارانییەوە گەمارۆ دراوە و ڕێگە نادرێت هاووڵاتیانی مەدەنیش دەربازیان ببێت.

دوای تێپەڕبوونی (١٢) سەعات بەسەر ڕێککەوتنەکەی واشنتۆن و ئەنقەرەدا، پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا لە راگەێندراوێکدا داوای لە تورکیا کرد، کە هێرشەکانی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا رابگرێت و خەڵکی مەدەنی ئەو ناوچانە بپارێزێت.

ئەگەرچی هەموو بەشەکانی کوردستان و بە تایبەت هەرێمی کوردستان، هاوسۆزیی خۆیان بۆ خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان پیشان داوە و بە هەزاران کەس لە رەوەندی کوردی و دۆستەکانیان لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا خۆپیشاندانیان دژی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەربڕیوە، بەڵام ئەوروپا و ئەمەریکا هیچ جۆرە سزایەکی کاریگەریان بەسەر تورکیادا نەسەپاند بۆ راگرتنی ئەو پەلامار و هێرشانە و، تا ئێستاش بە پێی ئامارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان نزیکەی (٣٠٠) کەسی مەدەنی لە ڕۆژئاوا گیانیان لەدەستداوە و پێدەچێت زیاتر لە (٧٠٠) هەزار کەسیش ئاوارە ببن کە ژمارەیەکیان روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.

ساتەکانی ڕێککەوتنەکەی تورکیا و ئەمەریکا، بووە مایەی خۆشحاڵی کورد بەوەی کە شەڕڤانان توانیویانە بە بەرگرییەکانیان دژی تورکیا و چەکدارانی  ببنە هۆی بەدیهێنانی ئاگربەست، بەڵام دواتر کە ژمارەیەک بڕگە و خاڵی دیکە ڕێککەوتنەکە ئاشکرابوو بەوەی، کە دەبێت شەڕڤانان بە قوڵایی (٣٢) کیلۆمەتر بکشێنەوە و ئەمەریکا و تورکیا بە هەماهەنگی زیندانەکانی داعش، لەو سنوورە بەڕێوەببەن و تورکیاش ئاوارەکانی ناوچەکانی دیکەی سووریا لە ناوچەی ئارام جێگیر بکات. کورد لە پاراستنی ئەزموونێکی نوێی خۆبەڕێوەبردنی بەشێکی وڵاتەکەی لە ڕۆژئاوای کوردستان، بێ هیوا کردووە و لە چاوەڕوانی چارەنووسی ئەو بەشە لە خاکی وڵاتەکەیان هەوڵەکانیان خستوەتەگەڕ بۆ بە ئامانج گەیاندنی ئاسۆی ئەو ئەزمونە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com