گۆڕان ٢هەفتە بۆ پارتی دیاری دەکات

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

ئەندامێکی جڤاتی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، کاندیدەکانی گۆڕان بۆ پۆستە بەتاڵەکان لە حکوومەتی هەرێم لای ئێمە یەکلایی کراوەتەوە، بەڵام هەندێک خەمساردنی لای پارتی هەیە.                                                  

بزووتنەوەی گۆڕان بە ٤ وەزیر لە حکوومەتی هەرێم و جێگرێکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و زیاتر لە ٥٠ پۆستی ڕاوێژکار، بریکاری وەزیر، بەرێوەبەری گشتیی و چەندین پۆستی دیکەی حکومی بەشداری لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا کردووە.                                                                                                               

لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، جەعفەر خەیات، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، لەبارەی هەڵسەنگاندنی کارەکانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم، رایگەیاند”تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەی ڕابردووی  جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەسەر هەڵسەنگاندی کارەکانی کابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشتریش گۆڕان بەوشێوەیە بەشداری لە حکوومەتدا کردووە کە لە ٦ مانگی یەکەمدا وەک هەنگاوی یەکەم، ئەگەر لەو ماوەیەدا حکوومەتی هەرێم هیچ پێشکەوتنێکی لە بواری چاکسازیدا نەکرد، بە دڵنیاییەوە گۆڕان هەڵوێستی دیکەی دەبێت”.                                                                                                                                  

سەبارەت بە بۆچوونی حزبەکەی لەسەر ئەدای کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم، جەعفەر خەیات، گوتی”هێشتا ستافی حکوومەتەکە تەواو نەکراوە، زیاتر لە ٤٥ پۆستی گۆڕان لە حکوومەت پڕنەکراوەتەوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە کاندیدەکانی گۆڕان بۆ ئەو پۆستان لە لایەن بزووتنەوەی گۆڕانەوە یەکلایی کراوەتەوە، بەڵام لە لای برادەرانی پارتی هەندێک خەمساردی هەیە”.                                                                                                                      

لە بارەی هۆکاری یەکلایی نەکردنەوەی پۆستەکانی گۆڕان ئەندامەکەی جڤاتی گشتی گۆڕان، دەڵێت”برادەرانی پارتی گوتویانە، پەیوەندی بە کێشە ناوخۆیییەکانی یەکێتییەوە هەیە و دەیانەوێت هەموو پۆستەکانی حکومەت، بەیەکجار یەکلایی بکەنەوە، بەڵام ئێمە پێمانوانییە کە پەیوەندی بەوەوە هەبێت، چونکە ئێمە حزبكی سەربەخۆین و بەجیا ڕێکەوتنمان لەگەڵ پارتی کردووە، یەکێتی دوای ئێمە ڕێککەوتنی لەگەڵ پارتی کردووە، بۆیە ڕێککەوتنی ئێمە هیچ پەیوەندییەکی بە ڕێککەوتنی یەکێتی لەگەڵ پارتی نیە”.                                                                                 

ناوبراو ئەوەشی راگەیاند”دەبێت لە دوو هەفتەی داهاتوو، پۆستەکان یەکلایی بکرێنەوە، بەڕاشکاوی بە برادەرانی پارتیمان گوتووە، کە دواخستنی لە بەرژەوەندی ڕێککەوتنەکەمان و هیچ لایەکمان نییە و پێویستە ڕێککەوتنەکەمان جێبەجێ بکرێت، ئەگەر جێبەجێنەکرێت قسەی خۆمان دەبێت”.                                                                               

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com