داعش لە عێراق چەندین بارەگا دەکاتەوە

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

جێگری هەیئەی ئەرکان لە وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، چەکدارانی داعش لەعێراق ژمارەیان زیادی کردووە و ئێستا چەندین بارەگایان هەیە و بوونەتە مەترسی بۆ سەرناوچەکە.   

بەراورد بە پێشوو، جموجۆڵەکانی چەکدارانی داعش ئێستا زیادیان کردووە، بەتایبەت لەناوچەکانی دیالە و کەرکوک، لە چەند ڕۆژی ڕابردووش بەرپرسی ئاسایشی کوڵەجۆ و کەوتە بەر پەرلاماری چەکدارانی داعش و لەگەڵ دوو ئەفەسەری دیکەی ئاسایش شەهیدکران. 

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، لیوا قارەمان کەمال، جێگری هەیئەی ئەرکان لە وەزارەتی پێشمەرگە، سەبارەت بە چالاکی چەکدارانی داعش، ڕایگەیاند “هەرچەندە پێشووتر چەکدارانی داعش لە چەند ناوچەیەکی عێراق مابوون، بەڵام ژمارەیان لە ئێستا کەمتربوو، ئێستا ژمارەیان زیادیکردووە و بوونەتە مەترسی بۆ سەر ناوچەکە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لە نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە هەیە”.

لیوا قارەمان کەمال دەڵێت “بەردەوام زانیاری هەواڵگریمان هەیە و بەپێی زانیارییەکانمان، لەم دواییانەدا  ژمارەیەک چەکداری داعش لە سووریاوە دزەیان کردووەتە ناو خاکی عێراق و بەشێکی ئەو چەکدارانەش هاتوونەتە ناوچەکانی دیالە، خانەقین، جەلەولا و شاخەکانی حەمرین”.  

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە گوتیشی “ئێستادا چەکدارانی داعش لە چیای حەمرینەوە تادەگاتەوە مەخمور و چیای قەرەچووغ و شنگال و دەشتی نەینەوا، چەندین بارەگایان هەیە”.                                                     

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com