سكاڵا لەسەر ١٢ ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک تۆماردەکرێت

0

نوچە: مورادی

بە تۆمەتی “زیانگەیاندن بە دارایی گشتیی” سكاڵای لەسەر ١٢ ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك تۆمار كردووە كە سەرجەمیان ئەندامی فراكسیۆنی برایەتیی ئەنجوومەنەكەن. ئەندامێکی ئەنجوومەنیش دەڵێت، پێویستە لە ڕێگەی یاساوە یەکلایی بکرێتەوە.

نووسراوێكی كۆمیسیۆنی دەستپاكی عێراق- نووسینگەی لێكۆڵینەوەی كەركووك كە لە ڕۆژی ١٨-١١-٢٠١٩ دەرچووە، داوا دەكات بەپێی مادەی ٣٤٠ لە یاسای سزادانی عێراقی، لێكۆڵینەوە لەگەڵ ١٢ ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بكرێ‌.

لەلێدوانێکی تایبەت بە نوچە، ئازاد جەبارەی ئەندامی فراكسیۆنی برایەتیی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك، لەبارەی سکاڵای سەر ئەو ١٢ ئەندامەی ئەنجوومەن ڕاگەیاند: راستە سکاڵایان لەسەر تۆمار کراوە پێویست ناکات لە ڕاگەیاندنەکانەوە قسەی لەسەر بکەن بەڵکو پێویستە لە ڕێگەی یاساوە کێشەکە یەکلا بکەنەوە، دەشڵێت، پێشتریش نزیکەی دوو ساڵ لە ئەنجوموەن ئەندامانی تورکمان و عەرەب دەوامیان نەدەکرد و هەموو ماف و ئمتیازێکیان هەبوو.

ئازاد جەباری دەلێت، ئەوانەی نەیانتوانیووە بگەڕێنەوە کەرکوک ڕێگریان لێکراوە و بۆیە باشترە لەڕێگەی دادگاوە یەکلایی بکرێتەوە.

لەدوای رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە، ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك هیچ جارێك بە بەشداریی سەرجەم یان زۆرینەی ئەندامانی كۆنەبووەتەوە، ئەویش بەهۆی ئەوەی ئەندامە پارتییەكانی ئەنجوومەن و ئەندامێكی یەكگرتوو و یەكێتی و مەسحییەكان شارەكەیان جێهێشتووە و دەڵێن بەهۆی ئەوەی هێزی حەشدی شەعبی لە شارەكەدان، نایانەوێ بگەڕێنەوە سەر كارەكانیان.

بەگوێرەی ماددە ٣٤٠ی یاسای سزاكانی عێراق “سزا دەدرێ بە بەندكردن بۆ ماوەیەك كە نابێ‌ لە حەوت ساڵ زیاتر بێ‌، هەر فەرمانبەرێك یان راسپێردراوێك بۆ خزمەتی گشتیی بە ئەنقەست زیانی گەیاند بە دارایی دەوڵەت یان بەرژەوەندی ئەو لایەنەی كاری تێدا دەكات، یان بە حوكمی كارەكەی پەیوەندی پێوە هەیە، یان بەو داراییەی ئەو كەسانەی لەبەردەستیان داناوە”.

ئەو ئەندامانە پێكدێن لە رێبوار فایەق عەبدولمەجید (رێبوار تاڵەبانی)، مەحموود محەممەد مەجید، دڵشاد پیرۆت عەزیز، نەسرین خالید وەهاب، پەروین محەممەد ئەمین، شێرزاد عادل خورشید، فوئاد حوسێن كوێخا، عیرفان جەمال تۆفیق، ریاز محەممەد دانووك، محەممەد كەمال ساڵح، ئەدوار ئوراهام ئۆدیشۆ و عەلی نامیق رەشید.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com