پەرلەمانتارێک: دەنگ بە پڕۆژەیاسای چاکسازی دەدەین

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەرکاتێک حکوومەتی هەرێم پڕۆژەیاسای چاکسازی ڕەوانەی پەرلەمان بکات پابەندین و دەنگی پێدەدەین.  

پڕۆژەیاسای‌ چاكسازیی‌ لە (خانەنشینی‌ مووچە، دەرماڵە، بەخشین و ئیمتیازاتەكانی‌ دیكە) لە حكوومەتی‌ هەرێمەوە پێشتر ئاراستەی‌ پەرلەمانی کوردستان كرابوو دوای‌ گەڕاندنەوەی‌ بۆ چارەسەركردنی‌ هەندێك كە موكوڕی‌ جارێكی‌ دیكە پڕۆژەكە ئاراستەی‌ پەرلەمان دەکرێتەوە. 

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، جەمال حەوێز، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە ڕەوانە کردنی پڕۆژەیاسای چاکسازی بۆ پەرلەمان، ڕایگەیاند “تا ئێستا پڕۆژەیاسای چاکسازی نەهاتووەتە لای ئێمە تاکو بزانین چۆنە، ناشزانین ئەو گفتوگۆیەی، کە لە نێو ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم خۆیان بەچی گەیشتووە، بەڵام هەرکاتێک پڕۆژەیاساکە هاتە پەرلەمانەوە، بەدڵنیاییەوە ئێمە لە بەرژەوەندی گشتیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەنگی پێدەدەین”.                                                   

ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی، گوتیشی “زۆرجار باس لە پرۆژەیاسای چاکسازی دەکرێت، بۆیە هەرکاتێک پڕۆژەیاساکە هاتە پەرلەمان، ئێمە پابەندین و دەنگی پێدەدەین”.   

لە بارەی دەنگۆی بوونی ناکۆکی لە نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر پڕۆژەیاسای چاکسازی، جەمال حەوێز، ئاشکرای کرد و گوتی “پێمانوانییە کێشە لە نێوان یەکێتی و پارتی هەبێت لەسەر پرۆژەیاسای چاکسازی، ڕەنگە پێش ئەوەی بێتە پەرلەمانەوە گفتوگۆی لەسەر بکرێت، ئەوکات بێتە پەرلەمان”.               

هاوکات، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ (چوارشەممە ١١-١٢-٢٠٢٠)، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتێکردنی پرۆژەیاسای چاکسازی دەستیپێکرد. بەپێی زانیارییەکان ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ واژۆ لەسەر پرۆژەیاساکە دەکات و بۆ پەسەندکردنی ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستانی دەکات. 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com