بۆشایی دەسەڵات لە عێراق

0

نوچە

پەرلەمانی عێراق، ڕۆژی ١ی دیسەمبەری ئەمساڵ، دەنگی لە سەر نامەی دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی دا. دواتر پەرلەمان داوای لە سەرۆککۆماری عێراق کرد، کە کەسێک بۆ جێگرەوەی عادل عەبدولمەهدی بناسێنێت.

لەو ڕووەوە، کە بەرهەم ساڵح، لە بابەتی ناساندنی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، ناچارە لەگەڵ دوو وڵاتی ڕکابەر و دژبەیەک (ئێران و ئەمریکا) پرس و ڕاوێژ بکات. هەر چۆنێک بێت ئێران، هێزێکی باڵادەستە لە عێراق و بە رێگەی ئایدیۆلۆژی و ئایبن و گروپە توندڕەوەکانی بەستراوە بە خۆی، بەشێک لە پانتای سیاسی و ئابوری و ئەمنی عێراقی لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە. هاوکات ڕا و دەنگی ئەمریکا لەو ڕووەوە گرینگە، کە لە ململانێ و کایەی سیاسی و سەربازی و ئەمنی ناوچەکە و عێراق، یەکلاکەرەوەیە.

لەم گۆشەنیگاوە، پێناچێ بەرهەم سالح بەم زووانە بتوانێ کاندیدی سەرۆکوەزیران بە پەرلەمان بناسێنێ و ماوەیەکی زۆر دەبات، کە کۆدەنگی و یان باڵانسێک لە بۆچوونەکانی لایەنە ناوخۆیی و دەرەکیەکان پێکبێنێ.

مەترسییەک، کە ئێستا هەڕەشە لە تەواوەتی عێراق دەکات، هاتنە ئارای بۆشاییەکی درێژخایەنە لە عێراق، هەر ئەمەش زەنگی مەترسییە بۆ ئەم وڵاتە و گریمانە دەکرێ، کە گروپە توندڕەوەکانی وەک داعش دیسانەوە سەرهەڵبدەنەوە و تەواوەتی ئاسایشی عێراق بخەنە مەترسییەوە.

خۆپیشاندانەکانی عێراق، کە تاکوو ئێستاش بەرەدوامە، کاردانەوەیەک بووە بەرامبەر بە گەندەڵی دەسەڵات و نەبوونی خزمەتگوزاری سەرەتایی و نەبوونی ئاو، کارەبا و… هتد،  لەم وڵاتە. بەڵام دواتر ئاراستەی داواکاریەکان گۆڕدرا بۆ بابەتگەلێکی وەک گۆڕینی حکومەت، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان؛ لەمانە گرینگتر، کەم کردنەوەی دەستوەردانی ئێرانە لە کاروباری ئەم وڵاتە.

بە گوێرەی ئامارە فەرمیەکان لە ئەنجامی تێکهڵچوون و توندوتیژی هێزە ئەمنیەکانی عێراق، تاکوو ئێستا زیاتر لە ٤٠٠ هاوڵاتی کوژراون و بە سەدان کەسیش برینداربوونە و بە هەزاران کەسیش دەستگیر کراون. تاکوو ئیستا بەڵێنەکانی دەسەڵاتداران بۆ ئەنجامدانی چاکسازی نەیتوانیوە رێگە لە بەردەوام بوونی ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکان بگرێت. ئێستاش ئاراستە و ئەنجامەکانی ئەم خرۆشانە جەماوەرەی عێراقییەکان نادیارە و بە دەیان ئەگەر و پرسیار و گریمانەش، ناتوانێ دۆخەکە بۆ ڕای گشتیی ڕوون بکاتەوە.

عێراقییەکان پێیان وایە، کە ئێران بە رێگەی کەناڵ و سیاسی گەندەڵکار، سامانی گشتیی ئەم وڵاتەی تاڵان کردووە و دەست دەخاتە ناو کاروباری ئیداری، سیاسی، ئەمنی و ناوەندەکانی بڕیارەوە. لە ئەنجامدا ئاسایی دێتە بەرچاو، کە پەلاماری نوێنەرایەتی و کۆنسوڵخانە و دامودەزگاکانی سەر بە ئێران دراوە. ئەم ڕەوتە لە تووڕەیی و خرۆشانی ملیۆنی عێراقییەکان، تەنانەت شار و هێما پیرۆز و ئایینەکانی ئەم وڵاتەشی گرتۆتەوە.

زۆربەی دانیشتوانی عێراقی، پێکهاتەی شیعەن. دوای ڕووخانی رژێمی بەعس لە لایەن ئەمریکاوە، ئێران لە ڕووی ئابوری، سیاسی، ئەمنی و تەنانەت سەربازییەوە، بەشێک لە جومگەکانی دەسەڵاتی کۆنترۆڵ کردووە. میلیشیا شیعە توندڕەوەکان، کە ڕاستەوخۆ لە لایەن سوپای قودس و سوپای پاسدارانی ئێرانەوە ساپۆرت و پشتیوانی دەکرێن، ئێستا هێزێکی ئامادە و پۆشتە و پەرداخی ئەم وڵاتە هەژمار دەکرێن، کە وەک کارتی ئێران لە عێراق هەژمار دەکرێن.

هاوکات ئەمریکا چەندین هەزار سەربازی خۆی لەم وڵاتە جێگیر کردووە و بە چەندین بنکەی ستراتیژی کردۆتەوە. ئەمریکا بەوە تۆمەتبار دەکرێت، کە ئەم هێزانەی بۆ چاودێریکردنی ئێران جێگیر کردووە؛ بابەتێک، کە خودی ئەمریکییەکانیش نایشارنەوە. ئەمریکاش لە بەرامبەردا ئێران بە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق و وڵاتانی دراوسێی تۆمەتبار دەکات و نە تەنها لە رووی سیاسەتی ناوچەیی، بەڵکوو تەنانەت بەرنامەی موشەکی و ئەتۆمی ئێرانیشی لە دەزگای سیاسەتی دەرەوەی خۆی وەک کۆمەڵێک کەیسی کراوە هیشتۆتەوە و بەرەدوام هەڕەشەی لێدەکات.

تەنانەت ئەمریکا هەوڵی داوە پەرە بە رق و هەستی دژ بە ئێرانییەکان بدات، کە بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لای خەڵکی عێراق سەری هەڵداوە. لە دۆخێکی لەم شێوەیە، چاوەڕوان ناکرێ، کە باس و خواستەکان سەبارەت بە هەڵبژێرانی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق، لەلایەن پارتە سیاسییەکانی ئەم وڵاتە، بەم زووانە بگاتە ئەنجام.

هەر بۆیە، ئەگەر بەم زووانە حکومەتی نوێی عێراق دەستبەکار نەبێت و لایەنەکان نەگەنە ڕێککەوتن، ڕەوتی ڕووداوەکان تا دێ ئاڵۆزتر دەبێت و لەم پشێویەدا خۆپیشاندانەکان ئاراستەیەکی نادیاری دەبێت، کە دەتوانێ ژێرخانی ئەمنی، سیاسی، ئابوری و جوگرافیای ئەم وڵاتە، لە بەریەک هەڵوەشێنێتەوە

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com