ئەو کێشانەی پڕۆژەیاسای نوێی هەڵبژاردن بۆ کوردی دروستدەکات!؟

0

ئەسعەد مورادی

لە دوا دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ٢٤ی مانگ دەنگدان بە پڕۆژە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرەڕای نیگەرانی کورد و چەند لایەنێک درا و پڕۆژەیاساکە پەسەند کرا. بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی-یش دەڵێت ”وەك یاسا كورد لە دەستی چوو و تێپەڕی و ھەندێ كێشە پەیدا دەكات، بەڵام كەمترین زیان بەر پارتی دەكەوێت بەراورد بە لایەنە كوردستانییەكان”.

پەرلەمانی عێراق سێشەممەی ڕابردوو(٢٤-١٢-٢٠١٩) بەبێ ڕەزامەندیی کورد و چەند لایەنێکی دیکە ماددەکانی ١٥ و ١٦ی یاسای هەڵبژاردنی پەسەندکرد. زۆرینەی نوێنەرانی کوردیش دانیشتنەکەیان جێهێشت وەک کاردانەوەیەک دژ بە دەنگ دان بە ماددەی ١٥ی پڕۆژە یاساکە. نوێنەرانی کورد پێیان وایە ئەو مادەیە دژ بە بەرژەوەندیەکانی کوردە بەتایبەت لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.

بەپێی مادەی ١٥ی پڕۆژە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە کاتی ئەنجام دانی هەڵبژاردن پشت بە کاندیدی تاک و فرە بازنەیی بچووک  دەبەسترێت، بازنەکان لە پارێزگاکانەوە بچووک کراونەتەوە بۆ قەزاکان و کاندیدەکانیش بە فەردی دەچنە کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە، واتا لە هەر قەزایەک ئەگەر ڕێژەی دەنگدەر ١٠٠ هەزار کەس بوو، کاندیدەکان بە شێوەی تاک دەچنە کێبەرکێی هەڵبژاردن لە دەرەوەی لیست، ئەم شێوازەش ڕێخۆشکەرە تا خەڵکی ناوچەکان کاندیدی دڵخوازی خۆیان هەڵبژێرن و حزبەکانیش لە بەر چڕ بوونەوەی ململانێی کاندیدەکان ناچار دەبن کەسانی شایستە و شیاو بخەنە ناو کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە.

”هەڵەبجە” لە پرۆژە یاساكەدا
وەك پارێزگا هەژمار نەكراوە 

یاسای نوێی هەڵبژاردن: كورسییەكانی سلێمانی لە هەولێر زیاترە و هەڵەبجەش بە پارێزگا هەژمار نەکراوە (١)

 بە پێی پڕۆژەیاساكە، ئەنجوومەنی نوێنەران لە ٢٤٢ ئەندام پێكدێت و نوێنەرەكان بەسەر پارێزگاكاندا دابەشكراون، بەغدا بە ٥٧ ئەندام خاوەنی زۆرترین نوێنەر دەبێت و پارێزگای موسەنناش كەمترین نوێنەری دەبێت، كە ژمارەیان پێنج نوێنەرە. سەبارەت بە كوردستانیش، سلێمانی ١٤، هەولێر ١١، كەركوك ١٠ و دهۆكیش ٨ نوێنەر. هەروەها لە پرۆژە یاساكەدا هەڵەبجە وەك پارێزگا هەژمار نەكراوە.  

لیستی دابەشکردنی نوێنەرەكان بەسەر پارێزگاكاندا

پارتی بە بەراورد بە لایەنە كوردستانییەكان
كەمترین زیانی بەر دەكەوێت

خەسرۆ گۆران “ئێمە لەگەڵ یەک بازنەیی بووین” (٢)

خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: “ئێمە لەگەڵ ئەوەدا بووین عێراق ھەموو بكرێتە یەك بازنە وەك ھەرێمی كوردستان، ئەمە پلانی “ئەی”ـە بۆ ئێمە، پلانی “بی” ئەوەیە شێوازی ھەڵبژاردن لە عێراق وەك خۆی بمێنێتەوە و ھەر ھەژدە پارێزگا ببنە ھەژدە بازنەی ھەڵبژاردن، بەڵام پێشنیازی ئەوان ئەوەیە ھەر قەزایەك لە عێراق بكرێتە بازنەیەك، ئەوەی قەزاكان كەمترین زیان بەر پارتی دەكەوێت بەراورد بە لایەنە كوردستانییەكان، بەڵام دوێنێ فڕاكسیۆنی پارتی لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی و یەكڕیزیی لایەنەكان، بایكۆتی كۆبوونەوەی پەرلەمانی كرد.

یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان،
كە مەرجەعیەتی ئایینی و گەل داوای دەكەن،
دادپەروەریی دابین ناكات

بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردن گوتیشی “دەنگ لەسەر ھەردوو ماددەی ١٥ و ١٦ دراوە و تازە بووەتە یاسا، ئەویش بەو شێوەیە، بۆ نموونە قەزایەكی وەك شەقڵاوە یەك نوێنەری دەبێت بۆ پەرلەمان و كام كاندید زۆرترین دەنگی بەدەست ھێنا، ئەوە دەبێتە نوێنەری قەزاكەی لە پەرلەمان”.

خەسرەو گۆران ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد “وەك یاسا كورد لە دەستی چوو تێپەڕی و ھەندێ كێشە پەیدا دەكات، لەبەر ئەوەی ئەو قەزایانەی رێژەی دانیشتووانیان ناگاتە سەد ھەزار كەس، لەگەڵ قەزایەكی دیكە تێكەڵ دەكرێن، ئەوەش بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان دەكرێت و پێویستە ئێمە كار لەگەڵ وەزارەتی پلاندان بكەین، بۆ ئەوەی شتێك نەكەن بە زیانی كورد بشكێتەوە، بۆ نموونە قەزای دوبز لەگەڵ كام قەزا تێكەڵ دەكرێت”.

یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان لە بەرژەوەندیی پارتە دەستڕۆییشتووەكانە (٣)

سەنا موسەوی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی فەتح بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند “یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان، كە مەرجەعیەتی ئایینی و گەل داوای دەكەن، دادپەروەریی تەواو دابینناكات و گۆڕانكاریی ١٠٠%یش روونادات، چونكە هەڵبژاردنەكە فرە بازنەیە”.

یاسای نوێی هەڵبژاردن پشت بە فرەبازنەیی لە یەک پارێزگادا دەبەستێت و بەشێک لە لایەنەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەو یاسایە لەکاتێکدا دەرکراوە ، کە کێشە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە ژمارەی دانیشتووان و سنووری کارگێڕیی هەر شارۆچکەیەک چارەسەر نەکراون.

سەنا مووسەوی ئاماژەی بەوە کرد “بۆ هاوكاریكردنی بەربژێرە بێلایەنەكان، دەبێت هەڵبژاردن لە پارێزگاكان یەك بازنەیی بێت، بۆ ئەوەی بتوانن لە سەرتاسەری پارێزگاكە دەنگ كۆبكەنەوە”.

پەرلەمانتارەکەی هاوپەیمانیی فەتح ئەوەی خستەڕوو “یاسای نوێی هەڵبژاردن كە پارێزگاكانی دابەشكراوە، لە بەرژەوەندیی حیزبە دەستڕۆییشتووەكانە، بەتایبەتی ئەو حیزبانەی بنكەیەكی جەماوەریی ڕێكخراویان هەیە. ئەوان دەتوانن زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنن، بۆیە گۆڕانكاری بەرەو چاكسازیی ڕاستەقینە روونادات. پێموایە لە حكوومەتی داهاتووشدا حیزبە دەسەڵاتدارەكان سەردەكەون”.

لەبارەی ئەگەری ساختەكارییەوە موسەوی گوتی “تاوەكو ئەم ساتەش ساختەكاری هەیە. لە هەموو هەڵبژاردنەكاندا داهێنان لە ساختەكاری و سووتاندنی سندووقەكانی دەنگدان دەكرێت، بەڵام پێموایە لەو قۆناخەدا كە كۆمیسیاران لەنێوان حیزبەکاندا دابەشنەكراون و دادوەرانن، لەگەڵ مەرجەكانی هەژماركردنی دەستی و ئەلیكترۆنی و دانانی رێژەیەكی دیاریكراو بۆ گومان، رێژەی زۆری ساختەكاری كەمدەكەنەوە”.

ڕۆژی ٢٦-١٢-٢٠١٩، هاوپەیمانیی وەتەنییە لە عێراق بە سەرۆکایەتیی ئەیاد عەللاوی، لەبارەی یاسای هەڵبژاردنەکانەوە ڕایگەیاند، حیزبەکانی پارەی سیاسی و چەک گەورەترین سوودمەندی یاسای هەڵبژاردنن بەبێ ئەوەی گوێبدەنە داواکارییەکانی خۆپیشاندەران.

ناوی شەش دادوەرە لە هەرێمەوە ڕەوانەی بەغدا کراوە

بەپێی بڵاوكراوەیەكی ئەنجوومەنەكە، ناوی ئەو شەش دادوەرە لە شارەكانی سلێمانی، هەولێر ‌و دهۆك وەرگیراوە لە هەر شارە ‌و ناوی دوو كەس رەوانەی بەغدا كراوە “لە بەغداش بە تیر‌وپشك لەو شەش دادوەرە دووانیان هەڵدەبژێدرێن تاوەكو بكرێنە ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق”.

دوای هەڵوەشاندنەوەی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق، عێراق بڕیاریدا حەوت دادوەر سەرپەرشتی كارەكانی كۆمیسیۆن بكەن كە دوان لەوانە لە هەرێمی كوردستانەوە دیاری بكرێن.

دوو دادوەری کورد بوونە ئەندامی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق. 

دوای ئەنجامدانی تیروپشك بۆ ئەو شەش دادوەرەی كە لەلایەن ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمەوە ڕەوانەی بەغدا كرابوون، هەریەك لە دادوەر عومەر ئەحمەد محەمەد و دادوەر دەهام ئەكرەم عومەر، بوونە ئەندامی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق. 

 ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عیراق، لەڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكردوە، ئەمڕۆ (یەكشەممە ٢٩-١٢-٢٠١٩) ئەنجوومەنی دادوەری تیروپشكی بۆ ئەو شەش دادوەرە كردووە، كە لەلایەن ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمەوە ناردراون بۆ ئەوەی لەپشكی هەرێمی كوردستان ببنە ئەندامی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، 

ئەمەش لەكاتێكدایە، كە دوای هەڵوەشاندنەوەی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، بڕیاریدا حەوت دادوەر سەرپەرشتی كارەكانی كۆمسیۆن بكەن كە دووان لەوانە لە لەسەر پشكی هەرێمی كوردستانە دیاری بكرێن.

داوەرە هەڵبژێردراوەکان

ئەنجام

بەپێی ئەوەی یاسای هەڵبژاردنی نوێی عێراق پەسەندکراوە، کورد بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دێتە ئاراوە، پێویستە لایەنە کوردستانییەکان لەو ناوچانە یەک دەنگ بن و لە ڕێگای لیستی هاوبەشەوە بچنە هەڵبژاردن، ئەویش لە ڕێگای ڕێککەوتنێک هاوشێوەی ڕێککەوتنی لایەنەکان کوردستانیەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، کە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم واژۆیان کردووە، کە خۆی لە لیستی کوردستانی بینیەوە کە بەمەش مەترسی لەدەستدانی دەنگی کورد لەم ناوچانە کەمدەکاتەوە.

سەرچاوەکان

١_ https://www.milletpress.com/Detail.aspx?Jiamre=102794

٢_ https://www.kdp.info/a/d.aspx?l=13&a=119186

٣_ https://www.rudaw.net/sorani/middleeast/iraq/291220194

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com