ئەمڕۆ 74 ساڵ بەسەر دامەزراندنی کۆماری کوردستان تێدەپەڕێ

0

ئەسعەد مورادی

 ئەمڕۆ چوارشەممە 22-1-2020, دەکاتە 74یەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستانە لە شاری مەهاباد، کە ڕێکەوتی 1946/1/22، لەسەر بنەمای کۆمەڵەی ژێکاف و لەلایەن حیزبی دیموکراتی کوردستان و بە ڕێبەریی پێشەوا قازی محەمەد پێکهات.

کۆماری کوردستان بە یەکەم کۆماری کوردی دەناسرێ و حەوت دەیە پێش ئێستا لە شاری مەھاباد لە کوردستانی رۆژھەڵات دامەزراوە، کۆمار و کیانێکی کوردیی کەمتەمەن بوو کە لە سەدەی بیستدا و لە دوای کۆماری ئارارات- لە تورکیا، دامەزرا. رێکەوتی ٢٢ی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤٥ لەسەر بنەمای کۆمەڵەی «ژێکاف» و بە رێبەریی پێشەوا قازی محەمەد لەلایەن «حزبی دیموکراتی کوردستان»ەوە کۆماری کوردستان بە فەرمی راگەیەنرا و نوێنەرانی پارچەکانی کورستانیش تێیدا بەشدار بوون، رۆڵی کارای بارزانییەکانیش بە رێبەریی مەلا مستەفای بارزانی لەبیر ناکرێت. ھەرچەند کۆماری کوردستان تەمەنی ١١ مانگ بوو، بەڵام لەو ماوە کورتەدا لە بواری جیاجیادا گەلێک دەسکەوتی بەنرخی ھەبووە و کاریگەریی لەسەر فۆرمگرتنی شۆڕش و ناسنامەی کورد بەگشتی داناوە و وەک یەکەم کۆماری فەرمی و دیموکراتیکی کورد لە مێژوودا تۆمار کراوە.

دامەزران و لەناوچوونی کۆمار، بەشێک بوو لە قەیرانی ئێران، ئەو ململانێیەی لەنێوان ئەمریکا و سۆڤیەتدا ھەبوو کە جەنگی ساردی لێ کەوتەوە.

پێشینەی سەرھەڵدانی کۆمار:

لە مانگی ئابی ١٩٤١، راپەڕینێکی جەماوەری کۆنترۆڵی ناوچە کوردییەکانی لەدەستی حکوومەتی ناوەندیی ئێران دەرھێنا. لە شاری مەھاباد، کۆمیتەیەک لە کەسانی چینی مامناوەند بە پشتگیریی سەرۆک خێڵەکان دەسەڵاتی ناوچەکەیان گرتە دەست. پارتێکی سیاسی بەناوی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان (ژێ کاف) دامەزرێنرا. قازی محەمەد، سەرۆکی بنەماڵەی قازی، بە سکرتێریی پارتەکە ھەڵبژێردرا. کۆمیتەکە بە سەرکردایەتیی قازی محەمەد ناوچەکەیان بە لێھاتوویی و سەرکەوتنێکی بەرچاوەوە بۆ ماوەی ٥ ساڵ تا رووخانی کۆمار بەڕێوە برد.

دامەزرانی کۆمار:

لە ئەیلوولی ١٩٤٥، قازی محەمەد ‌و سەرکردە کوردەکانی تر، سەردانی تەورێزیان کرد و چاویان بە کونسوڵی سۆڤیەت کەوت و لەبارەی پشتگیریکردنی کۆمارێکی نوێ گفتوگۆیان کرد، لەوێشەوە رەوانەی باکۆ ئازەربایجانی سۆڤیەت کران. لەوێ ئاگادار بوونەوە لەوەی پارتی دیموکراتی ئازەربایجان لە ھەوڵی ئەوەدایە دەست بەسەر ئازەربایجانی ئێراندا بگرێت. لە ١٠ی کانوونی یەکەمدا، پارتی دیموکراتی ئازەربایجان دەستی بەسەر پارێزگای ئازەربایجانی رۆژھەڵات (تەورێز)دا گرت کە پێشتر بەدەست سوپای ئێرانەوە بوو. قازی محەمەد بڕیاری دا ھاوچەشنی ئەو کارە دووبارە بکاتەوە، بۆیە دوای چەند مانگ لە دامەزرانی «حزبی دیموکراتی کوردستان» کە لەسەر بنەمای «کۆمەڵەی ژێکاف» لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ١٩٤٦، قازی محەمەد بە ئامادەبوونی جەماوەرێکی بەرین لە خەڵکی ناوچەکە و نوێنەرانی کوردی پارچەکانی دیکە دامەزراندنی کۆماری کوردستانی راگەیاند.

پێناسە:

دەوڵەتێکی دانپیانەنراو: کۆماری کوردستان
سروود: ئەی رەقیب
پایتەخت: مەھاباد
زمان: کوردی
ئایین: ئیسلام
حوکمڕانی: کۆماری
سەرکۆمار: قازی محەمەد
سەرۆک وەزیر: حاجی بابە شێخ
سەردەمی مێژوویی: جەنگی سارد
راگەیاندنی سەربەخۆیی: ٢٢ ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٦
پاشەکشێی سۆڤێت: حوزەیرانی ١٩٤٦
دەستبەسەراگرتنی لەلایەن ئێرانەوە: ١٥ی کانوونی دووەمی١٩٤٦
لەسێدارەدانی ڕێبەرانی کۆمار: ٣٠ی ئازاری ١٩٤٧
رووبەر: لە ساڵی ١٩٤٦دا ٣٧٤٣٧ کیلۆمەتر بووە
دراو: ریاڵی ئێرانی

ئامانجەکانی کۆماری کوردستان:

١ – ئۆتۆنۆمی بۆ کوردەکانی ئێران لە چوارچێوەی دەوڵەتی ئێراندا.
٢ – زمانی کوردی بکرێتە زمانی راگەیاندن و خوێندن ‌و ئیدارە.
٣ – ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزەری بۆ کوردستان بەمەبەستی چاودێریی دەوڵەت و بابەتە کۆمەڵایەتییەکان.
٤ – ھەموو بەرپرسەکان لە خەڵکی ناوچەکە ھەڵبژێردرێن.
٥ – یەکێتی و برایەتی لەگەڵ خەڵکی ئازەربایجان.
٦ – یاسایەک ھەبێت بە یەک چەشن مامەڵەی کرێکار ‌و کەسایەتییە باڵاکا بکات.

کابینەی وەزیرانی کۆماری کوردستان:

سەرۆکوەزیران: حاجی بابە شێخ

وەزیری جەنگ: سەیفی قازی
وەزیری کیشوەر: محەمەد ئەمین موعینی
وەزیری ئابووری: ئەحمەد ئیلاھی وەزیری
پۆست و تەلەگراف: کەریم ئەحمەدیان
وەزیری فەرھەنگ: مەناف کەریمی
وەزیری (تەبلیغات): سەدیق حەیدەری
وەزیری کار: خەلیل خوسرەوی
وەزیری بازرگانی (تیجارەت): حاجی مەستەفا داوودی
وەزیری وەرزێڕی (کشتوکاڵ): مەحموود وەلی زادە
وەزیری ڕێگەوبان: ئیسماعیل ئیلخانی زادە
وەزیری تەندروستی (بیھداری): سەیید محەمەد ئەیووبیان
وەزیری (موشاویر): عەبدولڕەحمان ئیلخانی زادە
وەزیری داد: مەلا حوسێن مەجدی

دەسکەوتەکان:

– کۆماری کوردستان وەک بزاوت و راسانێکی نەتەوەیی، لەلایەن لێکۆڵەر و مێژوونووسانی کوردەوە وەک دەسپێکی شۆڕشی نوێی کورد دێتە ئەژمار کەسێتییەکی نوێ و سەردەمیانە بە تاکی کورد لەباری شوناسخوازی و زەینییەتی رابوونی نەتەوەیی (وشیاریی نەتەوەیی) دەبەخشێ ‌و لە ئەنجامدا باوەڕ بەخۆبوون ‌و خودئاگایی لەناو کۆمەڵگەی کوردستان ‌و تاکی ھوشیاری کورددا دەگاتە چڵەپۆپەی خۆی.

– ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا، شانازییەکە بۆ کۆمەڵگای کوردستان ‌و نیشانەیەکی روونیشە بۆ شوناسخوازی ‌و رەسەنایەتیی رۆڵە بەئەمەکەکانی ئەو گەلە و ھەر بەم پێیە ئەوان دەتوانن لەژێر ئەو ھێما‌و سیمبۆلە نەتەوەییەدا داکۆکی لە شوناس و چییەتیی خۆیان بکەن.

– پێکھێنانی سوپای میللی ‌و ناوی پێشمەرگە بۆ یەکەم جار لە مێژووی کورددا، باوەڕ بە «خۆپاراستن»ی لە تاکی کورددا چێ کرد، کە تا ئێستاش لەوپەڕی بێ‌ئیمکاناتیدا ھێزی پێشمەرگەی کوردستان کە بە شێوەی خۆڕسک لەلایەن کۆمەڵگای کوردستانەوە وزە و ھێزی پێدەبەخشرێ.

– وەڕێخستنی چاپخانە و بڵاوکردنەوەی کتێب ‌و پەرتووک و رۆژنامە و پەوەردە و قوتابخانە بە زمانی کوردی، دەسکەوتێکی دیکەی کۆماری کوردستانە کە بۆ یەکەم جار ئەو پەیامەی بە تاکی کورد و کۆمەڵگەکەی دا کە زمان یەکێک لە بنچینەکانی پرسی نەتەوەخوازی و لە فاکتەرە گرنگەکانی نەتەوە و ناسیۆنالیزمی کوردییە.

مەلامستەفا بارزانی لە چەند ناوچەیەکی کۆمار
ئەرکی پەروەردە و راهێنانی ھێزی پێشمەرگەی
کۆماری کوردستانی گرتە ئەستۆ

ڕۆڵی سەرکرادایەتی مەلا مستەفای بارزانی

سەرکردەی مێژوویی کورد مەلامستەفای بارزانی، لەگەڵ ھێزەکەید لە کوردستانی باشوورەوە چووبوونە ھانا و یارمەتیی کۆماری کوردستان، رۆڵێکی گرنگ و بەرچاوە و بۆ خۆشی لەلایەن کۆمارەوە وەک ژنەراڵی سوپای میللیی کۆمار دەستنیشان کرا و ئەوانیش بەشێکی سوپای کۆماریان پێکھێنا. پاش شۆڕشەکانی بارزان کە لە ساڵانی ١٩٣٠ بۆ ١٩٤٥ بوون و شێخ ئەحمەدی بارزانی دەوری رێبەریی تێدا بینیوە.

مەلا مستەفا کە وەک کەسایەتییەکی کاریزما و شۆڕشگێڕ پێگەیشتبوو، سەرکردایەتیی گرتە دەست و ھاوکات لەگەڵ دەسپێکی کۆماردا رووی کردە موکریان و لە مەھاباد گیرسانەوە و بەھۆی ئەزموونی شەڕی پارتیزانی، یارمەتیی زۆری کۆمار و سوپای میللیی کوردستانیان دا و لە چەند ناوچەیەکی کۆمار ئەرکی پەروەردە و راهێنان ھێزی پێشمەرگەی کۆماری کوردستانیان گرتە ئەستۆ و بەشدارییان لە کۆماری کوردستان وەک لاپەڕەیەکی پرشنگدار و ھاوپەیوەندیی نەتەوەیی لەناو کورد دێتە ئەژمار.

Image result for ‫کۆماری کوردستان‬‎

ھۆکارەکانی سەرنەکەوتنی کۆمار:

ئارچیبالد بولۆچ رۆزڤڵت، کوڕەزای سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، تیۆدۆر رۆزڤڵت، لە کتێبەکەیدا «کۆماری کوردیی مھاباد» دەڵێت کێشەی سەرەکیی کۆماری کوردستان ئەوە بوو کە کوردەکان پێویستیان بە سۆڤێت بوو، تەنیا شانسیان، ھێزی سوپای سوور بوو، بەڵام ئەم پەیوەندییە نزیکەیان لەگەڵ ستالین و سۆڤیەت وای کرد زۆربەی ھێزە رۆژاواییەکان پشتی ئێران بگرن.

جیاوازییەکی گەورە لە نێوان
خەڵکی شار و خێڵەکییەکاند ھەبوو
و ھاوپەیمانێتییەکەیان لە داڕماندا بوو

قازی محەمەد، ھەرچەندە نکۆڵیی لەو راستییە نەدەکرد کە لەڕووی داراییەوە پشتیان بە سۆڤیەت بەستووە، ئەوەی رەت دەکردەوە کە حزبی دیموکراتی کوردستان پارتێکی کۆمۆنیست بێت، رای گەیاند ئەوە درۆیەکە کە دەسەڵاتدارانی سوپای ئێران دروستیان کردووە، جگە لەوەی ئامانجەکانی خۆی بە زۆر جیاواز لەوانەی سۆڤیەت لەقەڵەم دا، ھەروەھا، کۆمارەکە بەدەست چەند کێشەیەکی ناوخۆییەوە ئەیناڵاند.

جیاوازییەکی گەورە لە نێوان خەڵکی شار و خێڵەکییەکاندا ھەبوو و ھاوپەیمانێتییەکەیان بۆ مەھاباد لە داڕماندا بوو. وەک چۆن پێشتریش رای گەیاندبوو، خێڵەکان و سەرۆکەکانیان تەنیا لەبەر ئەو ھاوکارییە دارایی و سەربازییانە پشتی قازی محەمەدیان ئەگرت کە لە یەکێتیی سۆڤیەتەوە وەری دەگرت. لەڕووی داراییەوە مەھاباد و کۆماری کوردستان نشوستی ھێنا و ئەوە وەک مەحاڵ وابوو کە مەھاباد لەڕووی داراییەوە ھاوتا بێتەوە لەگەڵ ئێران.

Image result for ‫کۆماری کوردستان‬‎

ڕووخاندنی کۆمار

دوای ١١ مانگ تەمەنی پڕ دەسکەوتی کۆماری کوردستان لە ٢٦ی ئازاری ١٩٤٧، بەھۆی گوشاری ھێزە رۆژئاواییەکان، بۆ نموونە ئەمریکا، سۆڤیەت پەیمانی بە حکوومەتی ئێرانی دا کە لە باکووری ئێران دەکشێتەوە. لە مانگی حوزەیراندا، ئێران دەستی گرتەوە بەسەر ئازەربایجاندا. ئەمە بووە ھۆی دابڕانی کۆماری کوردستان لە سۆڤیەت و دواجار بووە ھۆی داڕمانی. لەم خاڵەدا، پشتگیرییەکان بۆ قازی محەمەد لە کەمبوونەوەدا بوون، بەتایبەتی لە نێوان خێڵە کوردەکاندا کە لە سەرەتادا پشتگیرییان لێ دەکرد. بەرھەم ‌و سەرچاوەی داراییان نەما و شێوازی ژیانیان بەھۆی دابڕانەکەوە بەرەو سەختی چوو. یارمەتیی دارایی و سەربازی لە سۆڤیەتەوە نەما و خێڵەکان ھیچ ھۆکارێکیان بۆ پشتگیریکردنی قازی محەمەد نەدەبینییەوە. زۆرێک لە خێڵەکان قازییان بەجێ دەھێشت.

 ئەرتەشی ئێران، ڕۆژی ٢٠ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٢٥ی ھەتاوی (١٩٤٦ی زایینی) گەیشتە دەرەوەی شاری تەورێز و ڕۆژی ٢١ بە ھەڵاتنی سەرۆکۆماری ئازەربایجان بۆ سۆڤیەت کۆماری ئازەربایجان ڕووخا و ئەرتەش شاری تەورێزی داگیر کرد. دوای ئەوە ئەرتەش لەوێوە بەرەو مەھاباد وەڕێ کەوت.

قازی محەمەد: من خۆم فیدای خەڵکی دەکەم و ھیچکات
وەک پیشەوەری و سەرانی ئازەربایجان ناکەم، تا وڵاتەکەم
لە خوێندا شەڵاڵ بێت و ھەزاران کەس بە کوشت بچن

سوپای ئێران ھێرشی کردە سەر شار. لە ٥ ی کانوونی یەکەم، ئەنجومەنی شەڕ بە قازی محەمەدیان راگەیاند، کە رێ لە ھەر پەلامارێکی سوپای ئێران دەگرن، کە بکرێتە سەر ناوچەکە. لە ١٥ی کانوونی یەکەم، سوپای ئێران ھاتە ناوچەکە و دەستی بەسەر مەھاباددا گرت. لەگەڵ ھاتنیان، چاپخانەی کورد‌ییان داخست، فێرکردنیان بە زمانی کوردی قەدەغە کرد، ھەر کتێبێکی کوردییان بدۆزیایەتەوە دەیانسووتاند. قازی وەک سەرکۆمار دەستوور دەدات ھەتا دەکرێ لە شەڕ خۆ بپارێزن، چون ماڵوێرانیی پێوەیە. ئەگەرچی لەپێناو وڵات ھەموان تێ دەکۆشن، بەڵام بە ھۆی جووڵانەوەی سەرنجڕاکێشی ھێزەکانی سۆڤیەت، زۆر بە خێرایی، لە ماوەی چەند ڕۆژدا کوردستانی رۆژھەڵات داگیر دەکرێ.

پێشەوا قازی لە کاتی ماڵئاوایی لەگەڵ مەلا مستەفا، قازی ئاڵای کوردستان دەسپێرێ بە مەلا مستەفا و وەک جوابی ئەو پرسیارە دەڵێ: ”من خۆم فیدای خەڵکی دەکەم و ھیچکات وەک پیشەوەری و سەرانی ئازەربایجان ناکەم، تا وڵاتەکەم لە خوێندا شەڵاڵ بێت و ھەزاران کەس بە کوشت بچن.

دواجار پاش دادگایەکی نادادپەروەرانەی سەربازی لەلایەن ئەفسەرانی سوپای ئێرانەوە، لە بەرەبەیانی ٣٠ی ئاداری ١٩٤٧، قازی محەمەد و سەدر و سەیفی قازی بەتۆمەتی خیانەت لە دەوڵەتی ئێران ھەر لە مەیدانی چوارچرای مەھاباد ئەو شوێنەی، کە کۆماری تێدا راگەیەندرا، لە سێدارە دران.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com