200 هەزار هەلی کار دەڕەخسێدنرێت

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

سەرۆکی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەمساڵ گەشەی ئابووری هەرێمی کوردستان زۆر بە جوانی دەستپێدەکاتەوە و دەشڵێت ”پێشبینی دەکەم نزیکەی ٢٠٠ هەزار هەلی کار بڕخسێندرێت”.

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ٢٨-١-٢٠٢٠ له‌گه‌ڵ وه‌به‌رهێنه‌ر و سه‌رمایه‌دار و به‌ڵێنده‌رانی هەرێمی کوردستان كۆبووه‌وه.  

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، مەلا یاسین، گوتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان، لەبارەی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، ڕایگەیاند: ئەمڕۆ دوای ئەو کۆبوونەوە گرنگ و پڕ بایەخەی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی، کە لەگەڵ وەبەرهێنەرانی کوردستان ئەنجامیاندا، لە پەیامەکەی سەرۆکی حکومەت، کە خوێندییەوە دەرکەوت ئەمساڵ گەشەی ئابووری هەرێمی کوردستان زۆر بە جوانی دەستپێدەکاتەوە. هەروەها ئەو پرۆژانەی، کە تائێستا حکومەت ڕێگەی نەداوە بە بەشداری کردنی کەرتی تایبەت، بەتایبەتی پڕۆژە ژێرخانییەکان و هەموو ئەو پڕۆژانەشی، کە بوودجەی وەبەرهێنان لەسەر هەرێمی کوردستان کەم دەکاتەوە، بۆ لەمەودوا کەرتی تایبەت تیایدا بەشدار دەبێت”.       

گوتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان، دەشڵێت “ئەمڕۆ کەرتی تایبەت زۆر بەهێز خۆی پیشانی حکومەتدا و بۆ حکومەتی هەرێمیان دەرخست، ئەتوانن زۆر بەئاسانی روبەڕووی هەموو ئەو کێشە و تەنگەژە و گیروگرفتانەی، کە بەرۆکی ئابووری هەرێمی کوردستانیان گرتووە بوەستن. کەرتی تایبەتی کوردستان کەرتێکی کارا و ئازا و لێهاتووە، بۆئەوەی ئەو پڕۆژانەی، کە حکومەت ئەیەوێت بییانکات بە پڕۆژەی ژێرخان و هەزاران هەلی کار بەدوای خۆیدا دەهێنێت، لە مساڵدا ئەو پڕۆژانە دەستپێدەکەنەوە”.   

مەلا یاسین ئاماژە بەوەشدەکات “جێگای دەستخۆشییە، کە لە پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتدا ئەوە ڕاگەیەندرا، بۆ لەمەودوا هیچ کەسێک ناتوانێت ڕۆتین درووستبکات بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان، هەر کەسێکیش ڕۆتین و مامەڵەی وەبەرهێنەران دوابخات، بەدڵنیاییەوە روبەڕووی لێ پێچینەوەی توند دەبێتەوە لەلایەن حکومەتەوە”. گوتیشی “گفتوگۆیەکەمان گفتوگۆیەکی کراوەبوو، ئێمەش وەک یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان، ١٨ خاڵی زۆر گرنگمان پێشکەشی سەرۆکی حکومەت کرد، بۆئەوەی لە ڕێگای خۆیان و ستافەکانی حکومەتی هەرێم و بەهەماهەنگی لەگەڵ یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان بتوانین بە هەموو لایەکمانەوە ئەو بەربەست و کێشەو گرفتانەی لەبەردەم وەبەرهێنان و کەرتی تایبەتدا هەیە تێیپەڕێنین”.                                                                        

سەبارەت بە قەبارەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستاندا، مەلایاسین ڕایگەیاند “پێشبینی دەکەم لە چوار ساڵی داهاتوودا قەبارەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، بگاتە ٨٠ ملیار دۆلار و نزیکەی ٢٠٠ هەزار هەلی کاری دیکە بڕخسێندرێت، بەمەش ئێمە دەتوانین، کە حکومەت ئینقاز بکەین لەوەی کە پێویستی بەوە نەبێت دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان تەنها لە حکومەت دابمەزرێنێت”.                                                                                                          

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com