ناکۆکییە سیاسییەکان رێگری دەبن؟

0

شلێر سەعید – هەولێر

ئەندامیكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت :  حكومەتی داهاتوو حكومەتێكی ئینتقالی دەبێت تا هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەوەش نزیكەی ساڵێكی دەوێت.

دە ڕۆژ بەسەر راسپاردنی محەمەد تۆفیق عەلاوی بۆ دروستكردنی حكومەتی عێراق  تێدەپەڕێت، بەڵام تا ئێستا پێکنەهێنراوە. بەپێی دەستوری عێراقی ، سەرۆکی راسپێردراو دەبێت لە ماوەی ٣٠رۆژدا حکومەت پێکبهێنێت و کارنامەکەی رادەستی پەرلەمان بکات.

لەكاتی شكست هێنان يان ڕەتكردنەوەی كارنامەكەی لەلایەن پەرلەمانەوە ، پێویستە بەپێی دەستور سەرۆككۆمار كەسێكی دیكە بۆ پێكهێنانی حكومەت لەماوەی ١٥ رۆژدا بەربژێربکات. تا ئەمڕۆ ئاراستەكان ئاماژە بەوەدەكەن، کە عەلاوی نەیتوانیوە ئەرکە یاساییەکەی جێبەجێ بکات.

خەڵکی خۆپیشاندەری عیراق داوای پێکهێنانی حکومەتێکی ناحزبی دەکەن، بەڵام بەرای کەسانی سیاسی ئەمە نابێت و دوورە لە واقیع.

لە لێدوانیكی تایبەت هەرێم كەمال ئاغا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق  لەبارەی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق ڕایگەیاند: پێكهێنانی كابینەی حكومەتی عێراق پێناچێت ئاسان بێت. كارێكی قورسە بەهۆی چەند هۆكارێك ، هەندێك بنەما بۆ سەرۆكی تەكلیف كراو محەمەد تۆفیق عەلاوی دیاریکراوە .

ئەو ئەندام پەرلەمانە دەڵێت: ئەم كابینەیە  دەبێت لەلایەن خەڵكی تەكنۆكرات و خەڵكی بێ لایەن و پڕۆفیشناڵ پێكبهێنرێت، لەوانەیە شیعەكان لەسەر ئەوە ڕێکكەوتبن كە پابەندی ئەم خاڵەبن، بەڵام  بۆ ئێمە وەك كورد ئیستحقاقاتی دەستوری و پەرلەمانیمان  هەیە.

 بەرای هەرێم کەمال ئاغا، محمد عەلاوی ئێستا  وەك كەسێكی بێلایەنە و دەبێ كابینەیەکی نوێی دوور لە محاسسەی حزبی و بەش بەشێنێ پێکبهێنێت، ئەوەش هەم داواكاری شەقامە و هەم داواكاری شیعەكانیشە، بەڵام ئەوان دەڵێن: نابێت بۆ ئێمە وابێت و بۆ كورد و سوننە وانەبێت، بۆیە پێدەچێت ئەو بابەتە دوو ڕوی هەبێت و لەسەر ئەوشتانە گفتوگۆ بکەین.

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لیژنەی یاسایی  لە لێدوانێكی بۆ  معلومە دەڵێت: حكومەتی داهاتو دەبێت كارنامەیەكی وای هەبێت یەكەم كاری هێوركردنەوەی بارو دۆخەكە بێت، وەک بە جددی وەرگرتنی داواكاری  خۆپیشاندەران، بۆ ئەمەش پێویستی بە  بەكەسایەتییەكە دوور بێت لە فشاری كوتلەكان.

حسێن عەقابی ئاماژە بەوە دەكات، كە حكومەتی داهاتو حكومەتێكی ئینتقالی دەبێت بۆماوەیەكی دیاری كراو ، تا هەڵبژاردنی پێشوەختە ، ئەوەش نزیكی ساڵێكی دەوێت بە پێی فشاری مەرجەعیەت، بەمەش حكومەتی داهاتو بە یاسای  ئێستا کاردەکات کە نابێ پڕۆژەی نوێ  بۆ پەرلەمان بنێرێت، تەنها لەكاتی زۆر پێویست نەبێت.

ناكۆكییە سیاسییەكان

باسل كازمی، چاودێری سیاسی، دەڵێت: لەو باوەڕەدانیم کە عەلاوی لەم کاتەدا بتوانێت حکومەت پێکبهێنێت. ئەمەش بەهۆی ناكۆكی نێوان چوار پێكهاتەی سیاسی سەرەكی، هەریەك لەوانە هەوڵی بەدەست هێنانی وەزارەتەكان  دەدات بەپێی محاسەسەی سیاسی.

كازمی هەروەها دەڵێت: کوردەکان سورن لەسەر ئەوەی کە چاوپۆشی لە ژمارەی كورسیەكانیان لە وەزارەتەكان ناکەن کە پێشتر هەیانبووە. بەهەمان شێوە سوننەش داوای بەشی خۆیان بە پێوانەی پێشتر دەکەن.

بەپێی شیکردنەوەی ئەم چاودێرە سیاسییە، پێكهاتەی  فەتح (بەسەرۆكایەتی هادی عامری) سورە لەسەر ئەوەی وەزارەتەكانی وەك خۆی بمێنێت وەك لەسەر دەمی عادل عەبدولمەهدی، بێ هیچ گۆڕانكارییەك ، پێكهاتەی سائیرون (بەسەرۆكایەتی موقتەدا سەدر ) هەمان داواكاری هەیە سەبارەت بەوەزارەتەكان، هەرچەندە پێكهاتەی سەدریەكان ئاشكرایانكردووە كە بەنیازنین بەشداری حکومەتی داهاتوو بکەن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com