گرنگی بەشداری هەرێم لە کۆنفراسی ئاسایشی میونشن دەخرێتەڕوو

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بانگهێشتکردنی هەرێم بۆ بەشداری کردن لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە.  

بڕیارە ١٤-٢-٢٠٢٠، کۆنفرانسی ئاسیشی میونشن لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەبچێت، هەریەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی هەرێم، بە فەرمی بانگهێشتی کۆنفرانسەکە کراون، کە ئەمساڵ ٥٦-ەمین کۆنفرانسە ئەنجام بدرێت، بڕیارە بەدەر لە کێشە بەردەوامەکانی ئاسایش، هاوکات باس لە نیگەرانییەکانی داهاتووش بکرێت، بەتایبەتیش، کە تەکنەلۆژیا لە گەشەکردن بەردەوامە. 

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، شوان کەریم زراری، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە گرنگی بەشداریکردنی هەرێم لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، ڕایگەیاند: لەم جۆرە کۆنگرە و کۆنفرانسانەدا هەرێمەکان زۆر بەکەمی بانگهێشت دەکرێن، بەڵام هەرێمی کوردستان وەک نیمچە دەوڵەتێک، لە زۆربەی کۆنگرە و کۆنفراسە جیهانییەکان بانگێش دەکرێت، بێگومان ئەمەش گرنگییەکی زۆری بۆ ئێمە و هاوپەیمانەکانیشمان دەبێت، بۆیە پێویستە ئێمە وەبەرهێنان بکەین لەسەر ئەو گەشەسەندن و گرنگی پێدانەی وڵاتانی نێو دەوڵەتی بەهەرێمی کوردستان، کە هەیە و بتوانین لە بەرژەوەندی خۆمان بەکاری بهێنین”.

شوان زراری، دەڵێت “ڕاستە هەرێمی کوردستان لە چوار چێوەی دەوڵەتی عێراق بەشدارە لە شەڕی هاوپەیمانی دژی داعش، بەڵام ئەو گرنگییەی لەڕووی ئاسایشەوە بە هەرێم دەدرێت، کەمتر نییە لەو گرنگییەی، کە بە عێراق و دەوڵەتەکانی دەورووبەر دەدرێت، چونکە شوێنەکەمان هەستیارە و لە هێڵی تەماسداین بۆ شەڕی داعش، هەرێمی کوردستانیش توانی بەشارەزایانە مامەڵە لەگەل پرسەکاندا بکات”.  

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئاماژە بەوەشدەکات، جگە لە هەرێمی کوردستان، ئەگەر سەیر بکەین ئەو بەشەی، کە لە دەستی کوردانی ڕۆژئاوادایە توانیویانە جێگەی خۆیان لە ناو هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بکەنەوە و مامەڵەیەکی جیاوازتر لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکەی سوریا یان لەگەڵدا بکرێت.   

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com