قاسم سولەیمانی لە وەسیەتنامەکەیدا چی گوتووە؟

0

نوچە

دوێنێ (پێنجشەممە ١٣-٢-٢٠٢٠) وەسیەتنامەی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی سوپای قودس، بڵاوکرایەوە و تێیدا هاتووە، کە ئەو سەربازێکی گیانفیدای شۆڕشی ئیسلامییە و هاوکات هۆشداریی دەدات گەر ئێران بڕووخێت، ئەوکات ئیدی مەککە و کەربەلا و نەجەفیش لە دەست دەچن.

سەرەتای ساڵی 2020، قاسم سولەیمانی و مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و چەند کەسێکی دیکە لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمریکادا لە فڕۆکەخانەی بەغدا کوژران.

سولەیمانی لە وەسیەتنامەکەیدا باس لەوە دەکات بە “دەستی خاڵییەوە” دەگەڕێتەوە بارەگای خودا، بەڵام تاکە توێشوویەک کە دەکرێت یارمەتی بدات لە بەر قاپی خودا “بەرگریکردنە لە ستەملێکراوان” و ئەو چەکەی لەو پێناوەدا هەڵیگرتووە.

وەسییەتنامەکە دابەشکراوە بەسەر چەند بەشێکدا و ئامۆژگاری و رێنمایی دەداتە “برا و خوشکانی موجاهید”، خەڵكی ئێران و خەڵکی کرمان کە شوێنی لەدایکبوونیەتی، هەروەها بەرپرسان و فەرماندەکانی هێزە سەربازییەکان لەوانە سوپای پاسداران.

سولەیمانی لە سەرەتادا لەگەڵ ئەوەی سوپاسی خودا دەکات و داوای لێخۆشبوون دەکات، دەڵێت خۆشحاڵە لە دایک و باوکێکی هەژار بەڵام ئاییندار لەدایکبووە، دایک و باوکێك کە لە ڕێگەی ئیسلام و رێبازی حەزرەتی عەلی و حوسەین پەروەردەکراوە.

ئەو فەرماندەیە دەڵێت راستە لە سەردەمێکدا لەداییک نەبووە خزمەتی پێغەمبەری ئیسلام و حەزرەتی عەلی بکات، بەڵام خۆی بە خۆشبەخت دەزانێت لە بەردەست دوو کەسی پیاوچاک و سەرکردەی جیهانی ئیسلامی گەورەبووە، ئەوانیش رێبەری ئەوکاتی شۆڕشی ئیسلامی خومەینی و خامنەیین.

سولەیمانی داوا لە موسوڵمانان دەکات بەرگریی لە ئێران بکەن کە بووەتە “حەرەمی” جیهانی ئیسلامی و شیعە، دەشڵێت گەر ئەو حەرەمە بڕووخێت، ئەوا ئیدی حەرەمەکانی دیکەی وەک مەککە و کەربەلا و نەجەف و شوێنەکانی دیکەش نامێنن.

لە وەسیەتەکادا چەند جارێک باس لە خامنەیی دەکات و دەڵێت کە باشترین کەسێکە کە بتوانێت بەرگری لە جیهانی ئیسلامی و شۆڕشی ئیسلامی بکات، داوا لە سوننە و شیعە دەکات وەک رێبەری ئیسلامی پشتگیری لێبکەن تا بتوانێت شەڕی ئەمریکا بکات، وڵاتێک کە ئەو بە زلهێز ناوی بردووە. دەشڵێت “من وایدەبینم ئایەتوڵڵا خامنەیی زۆر ستەملێکرا و تەنهایە. ئەو پێویستی بە هاوکاری و پاڵپشتی ئێوە هەیە”.

لە بەشێکی وەسیەتەکەدا روو لە سیاسییەکانی وڵات، هەر دوو باڵی ریفۆرمخواز و نەریتگەرا دەکات و دەڵێت، کە دەبێت رەچاوی چەند خاڵێکی هاوبەش بکەن، لەوانە دەبێت هەردوولا باوەڕیان بە ئیسلامی بوونی ئێران و ویلایەتی فەقیە هەبێت.

لە کۆتایی وەسیەتنامەکەدا سولەیمانی دەڵێ، ناتوانم باسی حوسەین پورجەعفەری نەکەم، کە برایانە هەمیشە لەگەڵم بووە. هاوکات سوپاسی ئیسماعیل قائانی دەکات، کە ئەوکات جێگری سولەیمانی بوو، بەڵام پاش کوشتنی سولەیمانی وەک فەرماندەی سوپای قودس لەلایەن خامنەییەوە دەستنیشانکرا.

جێگەی ئاماژەیە، کە حوسەین پورجەعفەری، ئەندامی سوپای قودس و یەکێک بوو لە پاسەوانە تایبەتەکانی سولەیمانی کە 40 ساڵ لەگەڵیدا بووە، و بەشداریی شەڕی ئێران- عێراق بوو کە لە هێرشەکەی ئەمریکا لەگەڵ قاسم سولەیمانی کوژرا.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com