ئایا كێشەی سەرەكی وەزارەتی تەندروستی نەبوونی پزیشكی پسپۆڕە؟

0

شلێر سەعید: هەولێر 

هاوڵاتیان گلەییان هەیە، كە نەخۆشخانەكان وەك پێویست خزمەتگوزاریەكانیان نییە یاخود پسپۆری تایبەت نییە، ئەوەش وادەكات پەنا ببەنەبەر نەخۆشخانە ئەهلییەكان، بەمەش خەرجیەكی زۆریان دەڕوات ، و هەمو كەس ئەو توانایەی نیە كە بچێت بۆنەخۆشخانەی ئەهلی.

 وەزارەتی تەندروستیش دەڵێت ، هەوڵی جدی دەدەین تا كێشە تەندروستیەكان چارەسەر بكرێن بەڵام دابین كردنی گشت پێداویستیەكان خەرجی زۆر دەوێت بۆیە ناتوانین 100% ئەو بۆیاشایانە پڕیكرێنەوە، دەشڵێت گەورەترین كێشەمان نەبونی پسپۆرە.

لە لێدوانێكی تایبەت بە نوچە، محمد قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، سەبارەت بە پلان و چاكسازییەكانی وەزارەتی تەندروستی لە کابینەی نوێی حکومەت ڕایگەیاند: لە چەند بوارێك و پلانی درێژ خایەن و كورت خایەنمان هەیە، لە ئێستا زۆر هەوڵدەدرێت بە پلەی یەك كێشەی دەرمان چارەسەربكرێت، ڕێگری لە دەرمانی قاچاغ، چۆنیەتی مامەڵە لەگەڵ كۆمپانیاكانی دەرمان، داخستنی ئەو شوێنانەی نایاساین و خاڵێكی دیكە ڕێكخستنەوەی نرخی كلینكەكان و نەخۆشخانە ئەهلییەكان.

یەكێک لەو نەخۆشخانانەیی نوچە وەک نمونە وەرگرتووە، نەخۆشخانەی گشتی تەقتەقە، کە یەکێک لە گرفتە سەرەکیەکانیان نەبوونی پزیشکی پسپۆڕە، ئەوان دەڵێن ”ڕۆژانە زیاتر لە ۱۵۰ نەخۆش سەردانی دەکات”.

 هێمن كاكە میرزا،  بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی تەقتەقی سەربە قەزای كۆیە دەڵێت، ماوەی چوارساڵە هیچ دکتۆرێک بۆ نەخۆشخانەکە نەنێردراوە. گوتیشی ”تەنها چوار دکتۆری پلەبەندمان هەیە، ئەوەش ناكرێت بە چوار پزیشك بۆ ئەم  سنورە فراوانە”.

   دەربارەی کەمی پزیشكی پسپۆر لە نەخوشخانەکان و بنکە تەندروستییەکان لە شار و شاروچکەکان، گوتەبێژی تەندروستی گوتی، ڕاستە لە بنكە تەندروستی و نەخۆشخانە دوورەدەستەكان كێشەی دكتۆری پسپۆڕهەیە، چونكە پزیشكە پسپۆڕەكان زیاتر لە شارە گەورەكانن و ژمارەشیان كەمە، ناتوانرێ وەك پێویست لە هەموو شیوێنەك دابنرێن؛ بۆیە لە زۆربەی شوێنەكان تەنها پزیشكی گشتی هەیە و هەمیشە وەك وەزارەت هانی دكتۆرەکان دەدەین، كە پسپۆڕییەكانیان زیاد بكەن.

  زۆر کات هاوڵاتیان دەڵێن، نەخوشخانە هەیە و دکتوریش هەیە، بەڵام به هوی کەمی دەرمان و نەبوونی پشکنینەکان، کە دکتور بۆ نەخوشی دەنوسێت، ڕوو دەکەنە نەخوشخانە ئەهلییەکان، بەمشێوەیەش خەرجییەکی زۆر لەسەریان دەکەوێت.

محمد قادر دەڵێت، تا ڕادەیەك ئەو دەرمانانەی پێویستن دابین كراوە و ڕاستە كێشەی كەمی دەرمانمان هەیە، چونكە ناتوانین 100% دەرمانی هەموو نەخۆشیەك دابین بكەین، چونكە تێچوویەكی یەكجار زۆری دەوێ. سەبارەت بە پشكنینەكان بەهەمان شێوە هەوڵدراوە تا بكرێت پێداویستی پشكنینەكان هەبێت تاکو خەڵك ناچاری دەرەوەی نەخۆشخانە نەبێت.

ژنێك، كە نەیویست ناوی خۆی ئاشكرا بكات بە نوچەی گوت، شەو باری تەندروستیم تێكچوو كاتژمێر 4-ی بەیانی  چوومە فریاكەوتنی ڕۆژئاوا، گوتیان بچۆ فریاكەوتنی ڕۆژهەڵات، ئێرە تەنها بۆ ڕووداوەكانە، لەویش پێیان گوتم پزیشكی ژن دانەنیشتووە، بی ئەوەی تەنها فشاری خوێنم بۆ بگرن و هەر لێیان نەپرسیم چیتە، ڕاست گوتویانە بڕۆ نەخۆشخانەی لەدایک بوون، لەکاتێک کێشەکەی پەیوەندی بەو نەخۆشخانەیەوە نەبووە.

لە وەڵامی ئەو ژنە محمد قادر، هۆكارەكەی گەڕاندەوە بۆ نەبوونی پسپۆڕ و لەهەمان كات گوتیشی، جاری وایە حالەتەكە پێویستی بە بەشی فریاكەوتن نییە بۆیە. گوتیشی ”یەك لەو پسپۆڕیانەی زۆر پێویستمانە پسپۆڕی سڕكردن، و پسپۆڕی مێشك و دەرمان، بۆیە نەبوونی یان كەمی پسپۆڕ ئەو كێشانەمان بۆ دروست دەكات.

  دەربارەی زیادكردنی نرخی پسولە لە نەخۆشخانەی لەدایكبوون، كە جاران تەنها پارەی پسولەیەکی نەخوشخانەبوو ئێستا بوتە پارەی  پسولە 3000 هەزار، سونەر 5000 هەزار، لەکاتێک تەنها خەڵکی هەزار سەردانی ئەو شوێنە دەکەن و خزمەتگوزاری كەمە، گوتەبێژی تەندروستی گوتی، بۆیە نرخەكان زیاد كراون تا پێداویستی نەخۆشخانەی پێ پڕبكرێتەوە، لە ڕوی دەرمان و خزمەتگوزاریەوە.   

  لەلایەكی دیكە هاوڵاتیان گلەییان هەیە، كە زۆربەی جار نەخوش، کە پشکنینی بۆ بکرێت ناتوانێت سەردانی تەوالێتەکان بکات لەبەر پیسی ئایا کەم تەرخەمی لە کێیە ؟ئا یا چاودێری ئە شوێننانە لەدەست کێدایە ؟ محمد گوتی ”ئەوە پەیوەندی ڕاستەو خۆی بە بەڕێوبەری نەخۆشخانەكانن و پێویستە چاودێری بكات. گوتیشی هەرچەندە ئێمە لیژنەمان هەیە سەردانی ئەو نەخۆشخانانە دەكەن بەڵام مەرج نیە فریای هەموی بكەون بۆیە ، دەبێت بەڕێوبەرەكانی بنكەو نەخۆشخانەكان چاودێری  لە ئەستۆ بگرن”.    

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com