شێخ جەعفەر: پاشەکشە ناکەم

0

نوچە

شێخ جەعفەر بڵاوبوونەوەی چەند وێنەیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە درۆ و دەلەسەی ناو دەبات و دەڵێت، لە بەرامبەر هەڵوێستەکانم ناحەزان پەنایان بۆ “چەپەڵترین رێگە” بردووە.

لێدوانێکی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، بۆ دەنگی ئەمریکا، لە رۆژی 13-2-2020، کاردانەوەی نێوخۆیی لەنێو بەشێکی کادیرانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لێکەوتەوە کە گوتبووی “ئێران بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ یەکێتی و کاک کۆسرەت دانەنیشتووە، نەک دانەنیشتووە، بەڵکو وەکو قەتعی عیلاقەش کراوە، بەڵام لەگەڵ خەڵکانێک لەناو یەکێتی دانیشتوون، کە لە 16-ی ئۆکتۆبەردا هەماهەنگیان بوون و لای یەکێتی خائینن”.

دوو رۆژ دوای بڵاوبوونەوەی ئەو لێدوانە چەند وێنەیەکی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرانەوە کە شێخ جەعفەر پێیوایە هەڵمەتێکە بۆ راگرتنی لە هەڵوێستەکانی.

لە روونکردنەوەیەکدا شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی دەڵێت: “‎هه‌موو ئه‌وه‌ی بڵاوده‌کرێته‌وه‌، هه‌ڵمه‌تێکی داشۆراوه‌ له‌ ئه‌خلاق و ره‌وشتی سیاسی، هه‌موو لایه‌ک دڵنیاده‌که‌مه‌وه‌ نه‌ پاشه‌کشه‌ ده‌که‌م، نه‌ سه‌ر داده‌نەوێنم، ئەوانه‌ی ده‌ستیان له‌پشته‌وه‌ بووه‌، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یە”.

شێخ جەعفەر وێنەکان بە دروستکراو ناودەبات و دەڵێت: “هەمووان دەزانن کە شتی دروستکراو و شێوێندراو لە راست و دروست جیابکەنەوە بۆیە من دڵنیام خه‌بات و ماندووبوونی 40 ساڵەی پێشمه‌رگایه‌تیی به‌ درۆکردن و هێرش و پینه‌ و پەڕۆ ناشۆرێته‌وه”.

لەکۆتایی روونکردنەوەکەیدا شێخ جەعفەر دڵنیایی دەدات کە هەڵوێستەکانی”بەرامبەر ناحەزانی، هێندە هەراسانی کردوون و تینی بۆ هێناون پەنا بۆ چەپەڵترین رێگە دەبەن و ناوەستن لە بوختانکردن، بەڵام سەرجەم دڵسۆزانی یەکێتی و کوردستان ئاگادار دەکەمەوە وەک چۆن لە رابردودا لولەی تفەنگی دووژمن راینەگرتووم ئێستاش هاش و هوشی راگەیاندنی بێ بنەما رام ناگرێت. چاوەڕێ بن هەلوێستەکانمان دەگەنە ئامانج و بە سەرکەوتنی یەكێتییەکەمان کۆتای دێت”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com