ئەو ئامارەی ئێران لەبارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاویدەکاتەوە تاچەند راستن؟!

0

ئەسعەد مورادی

رێژەی مردن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران 16%ـەیە، بەمەش ئەو وڵاتە زۆرترین رێژەی مردنی بەرامبەر بە ژمارەی ئەو کەسانەی تووشی ڤایرۆسەکە بوون تۆمار کردووە. ڕۆژنامەیەکی کەنەدی لەمبارەوە دەڵێت توێژەرانی ئەو وڵاتە لەو باوەڕە دان، ئەو ژمارەیە ٢٠٠ هێندەی ئەو ڕێژەیەیە کە دامەزراوە دەوڵەتییەکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە.

لە چین کە سەنتەری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەیە، رێژەی مردن 2%ـە. هەروەها لە کۆریای باشوور رێژەی مردن بە نزیکەیی 1%ـە.

حەشارگەی ڤایرۆسی كۆڕۆن
شاری قومە

رۆژی سێشەممە 25-2-2020، ڕۆژنامەی گاردیان-ی بەڕیتانی لە ڕاپۆرتێكدا بڵاوی كردەوە، کە لە ڕ‌ۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ژمارەیەك لە مەزارگە هەن كە لەلایەن ئایندارەكانەوە پیرۆزن و خەڵكێكی زۆر سەردانیان دەكەن، ڕەنگە ئەم شوێنانە هۆكارێك بن بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا.

هەروەها لە بەشێكی راپۆرتەكەی گاردیاندا هاتووە كە حەشارگەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا لە ئێستادا شاری قومی ئێرانە، ڕەنگە لەوێوە دزە بكاتە چەند وڵاتێكی ناوچەكە.

Image result for کرونا در ایران

هەروەها بەگوێرەی راپۆرتێکی سایتی ABC-یش، ئێران رەنگە ببێتە سەرچاوەی بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. هەموو ئەو تووشبوانەی لە عێراق، کوەیت، عومان، ئەفغانستان و چەند وڵاتێکی دیکە تۆمارکراون، لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە.

سەرۆکی زانکۆی پزیشکی قوم، محەمەد رەزا دەڵێت، حکومەت قەدەغەی کردووە، داتا و زانیاری لەبارەی تووشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوبکەنەوە و رەتیشیکردووەتەوە هیچ داتایەک ئاشکرا بکات.

یانژۆنگ هوانگ، بەڕێوەبەری سەنتەری لێکۆڵینەوەی پزیشکی جیهانی رایگەیاندووە، کێشە لە ژمارە و داتاکانی ئێران هەیە، بەتایبەت لە راگەیاندنی ژمارەی ئەو کەسانەی مردوون.

زیاتر لە 18 هەزار کەس
تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون

ویلیام سکافینەر، پرۆفیسۆر لە سەنتەری پزیشکی زانکۆی ڤاندێربیلت دەڵێت، ئەوە روون نییە، کە ئێران ئەو توانایەی هەبێت ئەو کەسانە دەستنیشان بکات، کە تووشبووی ڤایرۆسەکەن. ئێران پشت بەوە دەبەستێت، کاتێک کەسێک دەچێتە نەخۆشخانە و نیشانەکانی هەیە، نەوەکو ئەوەی تیمە تەندروستییەکان بچنە شوێنە گومان لێکراوەکان.

Image result for کرونا در ایران

سکافینەر دەشڵێت “دەبێت بە تووڕەیەوە بچیتە هەندێک گەڕەک و شوێن لە دەرگا بدەیت و حاڵەتەکان بدۆزیتەوە، من بڕوام ناکەم ئەوان ئەو توانایەیان هەبێت”.

کەناڵی NBC لە راپۆرتەکەی نووسیویەتی، هیچ بەڵگەیەک نییە ئەوە بەسەلمێنێت، کە جینی ڤایرۆسەکە گۆڕابێت، بۆیە زۆری رێژەی مردن لە ئێران بە مانای ئەوە نایەت ڤایرۆسەکە لەوێ مەترسیدارتر بێت، بەڵکو بە مانای ئەوە دێت رێکاری پێویست نەگیراوەتەبەر.

میدیاکانی کەنەدا دەڵێن، ئەنجامی توێژینەوەی توێژەرانی کەنەدی دەری خستووە، کە ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئێران تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، زۆر زیاترە لەو ژمارەیەی، کە ئەو وڵاتە بە فەرمی ڕایدەگەیەنێت.

ڕۆژنامەی “ئێستار”ی کەنەدی لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە، توێژەرانی ئەو وڵاتە لەو باوەڕە دان، کە زیاتر لە 18 هەزار کەس لە ئێران تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ئەو ژمارەیە ٢٠٠ هێندەی ئەو ڕێژەیەیە کە دامەزراوە دەوڵەتییەکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە.

لەمبارەوە ئیزاگ بوگوچ، پسپۆڕی نەخۆشییە درمییەکان، لە زانکۆی تۆنتۆی کەنەدا، کە یەکێکە لە ئامادەکارانی ئەو توێژینەوەیە، نووسیویە: “ڕادەی بەربڵاویی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران نەتەنیا جێگەی نیگەرانییە، بەڵکوو بۆ هەموو کەنەدا و دنیاش جێگەی مەترسی و هەڕەشەیە”.

چەند بەرپرسێکی باڵا توشی ڤایرۆسەکە بوون

بڵاوبوونەوەی بەشێکە لە زانیارییەکانی ئەو توێژینەوە کەنەدییە لە کاتێکدایە کە د. کیانووش جەهانپوور، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، دوێنێ سێشەممە دوایین ئاماری مردوان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا 16 کەس مردوو و 96 تووشبوو ڕاگەیاندووە.

بەپێی زانیاریی فەرمی میدیاکانی ئێران چەند بەرپرسێکی فەرمیی ئێرانی تووشی ڤایرۆسی کۆرنا بوون، کە هەتا ئێستا ناوی ئەم کەسانە بڵاو کراوەتەوە “مەحموود سادقی، نوێنەری پەرلەمان، ئیرەج حەریرچی، جێگری گشتی وەزارەتی تەندروستی” هاوکات موجتەبا فازڵی، بەرپرسی دارایی نووسینگەی مووسا شەبیری یەکێک لە مەرجەعەکانی تەقلیدی شیعە بەهۆی کرۆناوە مردووە.

باس لەوە دەکرێت کە عەلی ڕەبیعی، گوتەبێژی دەوڵەتی حەسەن ڕۆحانیش تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووبێت، بەڵام هێشتا ئەنجامی پشکنینەکەی یەکلایی نەبووەتەوە.

پێشتریش مایک پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاندبوو، ئێران ئامارەکان لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەشارێتەوە.

تاوەکو ئێستا، بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی ئێران، نزیکەی 100 کەس تووشبووی نەخۆشییەکەن و 16 کەسیش بە نەخۆشییەکە مردوون، ئەمەش رێژەیەکی زۆر بەرزە و مەترسی بۆ تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست کردووە.

هەر ئەمڕۆ (چوارشەممە 26-2-2020) سەعید نمەکی، وەزیری تەندروستی ئێران، لە پرێس کۆنفرانسێکدا تووشبوونی 44 کەسی دیکەی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند و ئاشکراشی کرد، کە تائێستا 19 کەس گیانیان لەدەستداوە.

وەزیری تەندروستی ئێران دەشڵێت، بەشێک لە تووشبوان چاک بوونەتەوە و هەر ئەمڕۆ 30 تووشبوی دیکە لە نەخۆشخانەی قوم دەرچوون. ئەوەشی ئاشکرا کردووە، کە سەرجەمی تووشبوانی کۆرۆنا لە ئێران بۆ 139 کەس بەرز بووەتەوە کە پێشتر 95 تووشبوو راگەیاندرابوو، لەم ژمارەیەش تائێستا 19 کەس کۆچی دواییان کردووە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com