ئایا ڤایرۆسی کۆرۆنا شەڕی بایۆلۆژییە؟

0

ئەسعەد مورادی

زیاتر لە سێ مانگە ڤایرۆسی كۆرۆنا، کە بە COVID – 19  ناسراوە لە چین دەركەوتووە و دەیان وڵاتی جیهان توشبوو و گیان لەدەستدان بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە تۆماركراوە، ئەوەش وەك هەموو كەیسەكانی دیكەی جیهان بەتایبەتی بڵاوبونەوەی پەتا بەدوور نەبوو لە تۆمەتباركردنی یەكتری لەلایەن وڵاتە زلهێزەكانی جیهانەوە و گومان لە دەستکردی ئەو ڤایرۆسە وەک چەکی بایۆلۆژی دەکرێت.

ڤایرۆسی کۆرۆنا چییە؟

کۆرۆنا ڤایرۆسێکی گوازراوەیە واتە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە و لەنێوان ئاژەڵەکانەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، تووشی کۆئەندامی هەناسە دەبێت. کۆکەی قورس، تای بەرز و هەناسە تووند لە نیشانە سەرەکییەکانی نەخۆشییەکەن. کۆرۆنا خێزانێکی ڤایرۆسەکانە تاوەکو ئێستا حەوت جۆری ناسراوە و بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٦٠ـەکان بڵاوبووەوە، بەڵام ئەم جۆرەی لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٩ لە چین دەرکەوت جۆرێکی نوێی ڤایرۆسەکەیە.

چوار جۆری ڤایرۆسی کۆرۆنا بەئاسانی چارەسەردەکرێن، بەڵام جۆرەکانی دیکەی مەترسیدارن و رەنگە ببنە هۆی مردن.

جۆرە مەترسیدارەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا:

  • MERS-CoV : ئەم جۆرە لە کۆرۆنا لە ساڵی ٢٠١٢ لە سعودیە بڵاوبووەوە و پاشانیش لە دەیان وڵاتی دیکە ڤایرۆسەکە بەدیکرا. رێژەی مردن بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە نزیکەی ٣٤٪ـە، واتە لەکۆی ٢٤٩٤ حاڵەتی تووشبوو ٨٥٨ کەسیان مردوون. هیچ جۆرە دژەڤایرۆسێکی نییە، بەڵام نیشانە و ئازارەکانی کەمدەکرێنەوە لەڕێگەی وەرگرتنی چارەسەری کۆکە و هەڵئاوسانی سییەکان.
  • SARS- CoV: بۆ یەکەمجار لە تشرینی دووەمی ٢٠٠٢ لە چین ئەم جۆرە ڤایرۆسە دەستنیشانکرا. لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٢ تاوەکو ٢٠٠٣، ٨ هەزار و ٩٢ حاڵەتی تووشبوو بەم ڤایرۆسە تۆمارکران و بووە هۆی کوشتنی ٧٧٤ کەس، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٤ـەوە هیچ حاڵەتێکی دیکە بەدی نەکراوە. هیچ جۆرە پێکوتەیەک بۆ ئەم ڤایرۆسە نەدۆزراوەتەوە، بەڵام رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بەردەوامە لە چاودێریی کردنی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە.
  • 2019-nCoV: ئەم جۆرەیان لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٩ لەڕێگەی خواردنە دەریاییەکانەوە لە چین بڵاوبووەوە و لە ٩ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ لەلایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانی بە جۆرێکی نوێی کۆرۆنا ناسێندرا. تاوەکو ئێستا هیچ جۆرە چارەسەر و پێکوتەیەک نەدۆزراوەتەوە بۆ ئەم نەخۆشییە و بووەتە هۆی مردنی ٢٥٩ کەس و ١٢ هەزار و ١٩ حاڵەتی دیکەش تۆمارکراون.(١)

زلهێزەکان یەکتری تۆمەتبار دەکەن

روسیا و چین، ئەمریكا بە دروستكردن و بڵاوكردنەوەی ڤایرۆسەكە تۆمەتبار دەكەن، واشنتۆنیش جارێك مۆسكۆ و جارێك پەكین تۆمەتبار دەكات، سەرەڕای ئەوەی زانایانی بواری ڤایرۆسیش پێیانوایە بابەتی دروستكردنی ڤایرۆسەكە پشت بە هیچ بنەمایەكی زانستی و لۆژیكی نابەستێت، بەڵام ئەوانەی بڕوایان بە بیردۆزی “پیلانگێڕی” هەیە سورن لەسەر بۆچونەكەی خۆیان، زانایانیش بە ئەستەمی دەزانن مرۆڤ گەیشتبێتە ئەو ئاستەی بتوانێت گۆڕانكاری لە ڤایرۆسەكاندا بكات.

سەبارەت بەو بابەتە ڤلادیمێر جیرینۆڤسكی، سەرۆكی حزبی لیبراڵ دیموكراتی روسیا و پەرلەمانتاری ئەو وڵاتە لە كۆبونەوەیەكی لەگەڵا مامۆستایانی پەیمانگای شارستانیەتە جیهانیەكان لە شاری مۆسكۆ وتی “ئەمریكا لە پشت بڵاوكردنەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوەیە، زۆر دڵنیاشم لەو زانیاریانە، كۆمپانیاكانی دەرمان ملیارەها دۆلاریان دەستدەكەوێت و سوپای ئەمریكاش چەكی ڤایرۆسی خۆی تاقیدەكاتەوە”.

جیرینۆڤسكی دەشڵێت “ڤایرۆسەكە بۆ ئیستفزازكردنی چین-ە و یەكەم ڤایرۆسی لەو جۆرەش نییە، بەڵكو پێشتر ڤایرۆسەكانی “ئەنفلۆنزای باڵندە” و “شێتی مانگا”ی بڵاوكردەوە، ئەمریكییەكان لەوە دەترسن نەتوانن چین تێپەڕێنن و دەیانەوێت لانیكەم هاوشانی ئەو وڵاتە بڕۆن. چەندەها كەس، كە لە سویسرا دەژین، بەهۆی ئەو فرۆشتنی چارەسەری ڤایرۆسەوە، بونەتە خاوەنی ملیارەها دۆلار”.

ئەمریكاش بێدەنگ نەبووە لە بەرانبەر ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی دەكرێن، بەرپرسانی ئەو وڵاتە بە ئاژانسی هەواڵی “فرانس پرێس”ی فەرەنسییان وتووە “روسیا لە رێگەی ئەكاونتەكانیەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا زانیاری ناڕاست بڵاودەكاتەوە و دەیەوێت رای جیهان بەلاڕێدا ببات”.(٢)

لای خۆیەوە فیلیپ ریكەر یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری ئەوروپا و ئۆراسیا دەڵێت “مۆسكۆ دەیەوێت لەرێگەی ئەو پڕوپاگەندانەی بڵاویاندەكاتەوە، پێگەی دامەزراوەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لاواز بكات”. ئاماژە بەوەشدەدات، روسیا زانیاری نادروست لەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاودەكاتەوە و ئەو لایەنە روسیانەی نیازی خراپیان هەیە، دەیانەوێت جارێكی تر سەلامەتی گشتی بخەنە مەترسییەوە ئەوەش لەرێگەی بەلاڕێدابردنی بیروبۆچون و دروستكردنی كاردانەوەیەكی جیهانی لەسەر پەتاكە.

بیل گەیتس
بە دروستكەری ڤایرۆسەكە
تۆمەتبار دەكرێ

هەروەك بەرپرسانی ئەمریكا پێیانوایە روسیا هێرشەكانی لە رێگەی ئەكاونتە ساختەكانیەوە، كە بە زمانەكانی روسی، ئینگلیزی، فەرەنسی، ئیسپانی، ئیتاڵی و ئەڵمانی پەخش دەكەن، ئەنجامدەدات.

یەكێك لە پروپاگەندەكان دەڵێت “كۆرۆنا لەلایەن دەزگای هەواڵگریی ئەمریكا CIA-وە پەرەی پێدراوە و وەك شەڕێك دژی چین بەكاردێت و چەكێكی بایۆلۆژیە و لە چوارچێوەی ستراتیژی خۆرئاوادایە بۆ بەرەنگاربونەوەی پەكین”.

تۆمەتەكان تەنها بەرپرسانی ئەمریكای نەگرتوەتەوە و چەندین كەسی تر ناویان هێنراوە وەك بیل گەیتس دامەزرێنەرو خاوەنی كۆمپانیای مایكرۆسۆفت، كە بە دروستكەری ڤایرۆسەكە تۆمەتباردەكرێت، ئەوەش لەكاتێكدایە دامەزراوەكەی گەیتس ملیارەها دۆلاری لە بەرنامەی چارەسەركردنی كێشە تەندروستییەكانی جیهاندا خەرجكردوە.

Image result for بیل گەیتس

زۆربەی پڕوپاگەندەكان لەسەر بنەمای زانیارییەكی پێشتر بەهێز و تۆكمە كراون، ئەویش راپۆرتێكی پێشوی كۆشكی سەرۆكایەتیی روسیا “كرملن”ە، كە باس لەوە دەكات، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا تاقیگەیەكی لە جۆرجیا هەیە و لەوێدا چەكی بایۆلۆژی لەسەر مرۆڤ تاقیدەكاتەوە.

بەشێك لە راپۆرتە روسییەكان ئەوەیان بڵاودەكردەوە، كە ڤایرۆسی كۆرۆنا تەنها ئاسیاییەكان دەكاتە ئامانج و چەكێكی نەژادییە، بەڵام لەماوەی دواییدا ئەو گروپاگەندانە هەڵوەشانەوە دوای ئەوەی ڤایرۆسەكە گەیشتە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكای لاتین و تەنانە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكاش و ژمارەیەكی زۆر قوربانی لێكەوتوەتەوە.

ئێران: کۆرۆنا تیرۆری ئابووری ئەمریكایە

لەوبارەیەوە محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت “سوپاسی رێكخراوی تەندروستی جیهانی و دەوڵەتە دۆستەكان دەكەین لە هاریكاریەكانیان بۆ ئێران بۆ روبەڕوبونەوەی تیرۆری ئابوریی ئەمریكی، كە ژیانی ئێرانییەكانی خستووەتە مەترسییەوە (وەك ئاماژەیەك بۆ بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا)”.

حیشمه‌توڵڵا فه‌لاحه‌ت پیشه‌، ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسه‌ته‌كانی ده‌ره‌وه‌ له‌ په‌رله‌مانی ئێران رۆژی هه‌ینی رابردوو ڕایگه‌یاند “چین و ئێران ڕوبه‌ڕوی هێرشێكی بایۆلۆژی تیرۆرستیانه‌ بوونه‌ته‌وه‌”.

لەلایەكی دیكەوە حسێن سەلامی، فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێرانی ئەمریكا تۆمەتبار دەكات بە بڵاوكردنەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و شەڕی بایۆلۆژی و ئاماژەی بەوەداوە، كۆرۆنا هێرشێكی بایۆلۆژیی ئەمریكایە، كە لە چینەوە دەستیپێكرد و دواتر گواسترایەوە ئێران و ناوچەكانی تری جیهان.

مرۆڤ هێشتا نەگەیشتوەتە ئەوەی
گەشە بە ڤایرۆسەكان بدات و بیانگۆڕێت

سەرەڕای چەندین تۆمەت و دەنگۆ لە چین سەبارەت بەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا شەڕی ئەمریكایە دژی وڵاتەكەیان، بەڵام تائێستا هیچ سەرچاوەیەكی فەرمی ئەو وڵاتە بەئاشكرا باسی لەو بابەتە نەكردوە، لەگەڵ ئەوەشدا لەسەرئاستی حكومەت، پەكین رەخنەكانی روبەڕوی واشنتۆن كردوەتەوە و “هوا شونینگ” وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكە دەڵێت “تائێستا حكومەتی ئەمریكا هیچ هاوكارییەكی بۆ روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا پێشكەش نەكردوە، تەنانەت یەكەم وڵاتیش بوو تیمە دیپلۆماسییەكەی و كارمەندانی كونسوڵگەریەكەی لە ووهان كەمكردەوە، یەكەم وڵاتیش بوو رێگەی لەوە گرت هاووڵاتیانی چینی بچنە وڵاتەكەیەوە، سەرەڕای هەموو ئەوانەش كار بۆ بڵاوكردنەوەی “ترس و تۆقاندن” سەبارەت بە ڤایرۆسەكە دەكات”.

ئۆرلی لیفی، ئەندامی كنێستی ئیسرائیلی و سەرۆكی حزبی “گیشر”ە، دەڵێت “با ساویلەكە نەبین، پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاوبوەوە لەبەرئەوەی وەك چەكێكی بایۆلۆژی دروستكرا”، بەڵام ئەندامەكەی كنێست “پەرلەمانی ئیسرائیل” هیچ لایەنێكی بە دروستكردنی چەكەكە تۆمەتبار نەكردووە.

پەتای “گەڕی” لە ئەوروپا و بەتایبەتی فەرەنسا،
پیلانگێڕیی موسڵمانانە

لەدوای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا زانایان و ناوەندە زانستیەكان چەندین بابەت و راپۆرت و شیكردنەوەو بۆچونیان لەسەر ڤایرۆسەكە بڵاوكردەوە، سەرەڕای ئەوەی تا ئێستا زانیاریەكی ئەوتۆ لەسەر ڤایرۆسەكە بەردەست نییە، بەڵام هەندێكیان ئەوە بەدور نازانن چەكێكی بایۆلۆژی بێت و هەندێكیشیان بەتەواوەتی ئەوە رەتدەكەنەوە و پێیانوایە “مرۆڤ هێشتا نەگەیشتوەتە ئەوەی گەشە بە ڤایرۆسەكان بدات و بیانگۆڕێت”، هەروەك وای دادەنێن، ئەو پروپاگەندانە لەلایەن ئەو كەس و لایەنانەوە بڵاودەكرێنەوە، كە هەر لەسەرەتادا بڕوایان بە بیردۆزی پیلانگێڕی هێناوە و هەرچی لە جیهاندا رودەدات، بە پیلانگێڕی دەزانن.

سەرەتاكانی بیركردنەوە لە پیلانگێڕی و بیردۆزەكەی مێژوویەكی دورودرێژی هەیە، بەڵام ناوبەناو دێتەوە سەر زار، یەكێك لە كۆنترین پروپاگەندەكانیش بڵاوبونەوەی پەتای “گەڕی” بوو لە ئەوروپا و بەتایبەتی فەرەنسا لە سەدەی چواردەیەمدا، دەسەڵاتدارانی ئەوكاتەی فەرەنسا باسیان لەوەدەكرد پەتاكە پیلانگێڕیی موسڵمانانە ئەویش بە هاوكاری جوەكانی ئەوروپا جێبەجێیانكردوە، بەجۆرێك موسڵمانان دەیانەوێت ئایینی مەسیحی لە ئەوروپا لەناوبەرن و لەبەرانبەریشدا قودس بدەن بە جوەكان، بەڵام زانایان و مێژونوسان دەڵێن “ئەو بۆچونە دورە لەراستییەوە و وەك زۆربەی ئەو پیلانگێڕیانەی لەمێژودا باسیان لێوەدەكرێت هیچ بنەمایەكی زانستی و دروستی تێدا نییە”.

سەرچاوەکان:

١_ https://www.rudaw.net/sorani/health/010220202

٢_ https://www.radionawa.com/Ku/all-detail.aspx?jimare=3155

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com