كۆرۆنا لە قۆناغی سەرەتایە یا كۆتایى؟

0

ئەسعەد مورادی

ڕێژەی توشبوون و مردن بە كۆرۆنا تادێت لە هەڵكشاندایە و جگە لە چین، كە شوێنی سەرهەڵَدان و گەشەی ڤایرۆسەكەیە، لە زیاتر لە ٢٥ وڵاتی دیكە حاڵەتەكانی توشبوون و مردن تۆمار كراون و بەهۆی مەترسیداری ڤایرۆسەكە ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی بۆ پێنجەم جار لە مێژوویدا باری نائاسایی لە سەرتاسەری جیهان ڕاگەیاندووە و هۆشداری تایبەتی داوە بەو وڵاتانەی سیستمی تەندروستیان لاوازە.

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی تووشبووان ١١٩ هەزار و ١٣٢ کەسە و ژمارەی ئەوانەی گیانیان لەدەست داوە ٤ هەزار و ٣٧٣ کەسە و ژمارەی ئەو کەسانەش دوای تووش بوون چاک بوونەتەوە ٦٦ هەزار و ٢٣٩ کەسە.

هاوشێوەی ئەنفلۆنزاكانی باڵندە و بەرازە(١)

توێژەرێکی چینی، بەناوی تانگ چین، لەناوەندی تەندروستی چینی كاردەكات و بە ڕۆژنامەی چینا تودەی ڕاگەیاندووە “تا پلەكانی گەرما بەرزتر ببنەوە ڤایرۆسەكە توانای كەمتر دەبێتەوە، ئەگەر پلەی گەرماش بگاتە ٥٦ پلەی سەدی ئەوا ڤایرۆسەكە بە خێراییەكی زۆر چالاكی و تواناكەی لەدەست دەدات”.

ڤایرۆسی كۆرۆنا لەو جۆرەیانە، كە لە پلەی گەرمای بەرزدا ناژی، ئەمەش هاوشێوەی ئەنفلۆنزاكانی باڵندە و بەرازە، كە ئەوانیش مەترسیدارن و لە وەرزی سەرمادا گەشە دەكەن و گەرما ژینگەیەكی لەبارنییە بۆیان، بەپێی ئامارەكانی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ساڵانە ٢٥٠ بۆ ٥٠٠ هەزار كەس بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكانی وەرزی سەرماوە دەمرن.

بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ كۆرۆنا، چەندین تیمی جیاواز لە تاقیگە و ناوەندە زانستی و تەندروستییەكانی جیهان سەرقاڵی ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەن، توێژەرەێكی فەرەنسیش، كە لەگەڵ تیمێكی پەیمانگای پاستۆر لە پاریس كار دەكات ڕایدەگەیەنێت “دروستكردنی چارەسەر و دەرمانێكی كاریگەر نزیكەی دوو ساڵ كاتی پێویستە.

لای خۆیەوە مایكڵ ڕاین بەڕێوبەری پرۆگرامی تەندروستی لەناكاو لە ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت، زۆر زووە باس لەوە بكەین  كۆرۆنا لە قۆناغی سەرەتا یاخود كۆتایدایە.

مەترسی ڤایرۆسەكە ئەوەیە، كە بە هەوادا بڵاودەبێتەوە و لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە دەگوازرێتەوە، هەروەها بۆ ماوەی نۆ ڕۆژ لەسەر ئەو كەلوپەلانە دەمیێنێتەوە، كە كەسی توشبوو بەكاریهێناون.

كەسانی توشبوو لەگەڵ ئەوەی دەخرێنە ژێر چاودێری پزیشكییەوە پێویستە لە كۆمەڵگە دابڕێنرێن بۆ ئەوەی ڕێگری بكرێت لە بڵاوبونەوەی زیاتری ڤایرۆسەكە.

كۆرۆنا گروپێكی فراوانی ڤایرۆسەكانە، ساڵی ١٩٦٥ لە مرۆڤدا دەستنیشانكراوە. هۆكارەكانی تووشبوون جیاوازن.

نیشانەكانەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا هاوشێوەی پەتا وەرزییەكانە، وەك سەرئێشە، هەڵامەت، كۆكە، لەرز و تا، هەناسە توندی، ئازاری جەستە، لە هەندێ حاڵەتیشدا دەبێتە خۆی هەوكردنی سییەكان و بۆرییەكانی هەوا، بەوەش ئەگەری مردنی كەسی توشبوو زیاتر دەبێت.

 بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسەكە پزیشكانی پسپۆڕ ڕێنمایی هاووڵاتیان دەكەن خۆیان بە دوور بگرن لە تەوقە كردن بەتایبەت لەگەڵ كەسانی توشبوو بە ئەنفلۆنزا‌و دەبێت دوای تەوقەكردن دەست بشۆردرێت‌، نابێت دەست ببرێت بۆ دەم و چاو و لوت بەبێ دەست شتن، هاوكات بەردەوام بەرلە دەست بردن بۆ ئەو ئەندامانەو خواردنی خۆراك، دەست بشۆردرێت.

هەروەها نە مانەوە لە شوێنی قەرەباڵغ و داخراو، چونكە لەو شوێنانە ئەگەری بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەكە هەیە و بەهۆی پژمین‌ و كۆكە و هەناسەی كەسێكی توشبووەوە كەسانی دیكەش دەگوازرێتەوە، بۆ ئەوەش باشترە ماسكی تایبەتی پزیشكی بەكاربهێنرێت.

سەبارەت بەو كەسانەی نەخۆشییەكانی  كۆئەندامی هەناسە و ڕەبۆ و نەخۆشییە درێژخایەنەكانیان هەیە زیاتر مەترسی توشبونی ڤایرۆسەكەو كاریگەریی خراپی ڤایرۆسەكەیان لەسەرە، بۆیە دەبێت زیاتر ئاگاداری خۆیانبن.

ڤایرۆسەكە لە دەرەوەی چین و
لە دوو هەفتەی رابردوودا،
بە رێژەی ١٣ هێندە زیاد بووە.

ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی، نیگەرانی بەرانبەر خێرا تەشەنەكردنی ڤایرۆسەكە راگەیاند و دەڵێت: ئێستا ڤایرۆسی كۆرۆنا وەكو پەتایەكی جیهانی پۆلێن دەكەین.

تیدرۆس ئەدهانۆم، ئەمینداری گشتی رێكخراوەكە دەڵێت، ڤایرۆسی كۆرۆنا پەتایەكی جیهانییە، ژمارەی تووشبوون بە ڤایرۆسەكە لە دەرەوەی چین و لە دوو هەفتەی رابردوودا، بە ڕێژەی ١٣ هێندە زیاد بووە.

هاوکات داوا لە وڵاتانی جیهان دەکات، رێوشوێنی توند بۆ خۆپاراستن بگرنە بەر.

كۆنگرەی ڤایرۆسی كۆرۆنا
بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا
هەڵوەشایەوە

ئەمڕۆ (چوارشەممە ١١-٣-٢٠٢٠) ئەنجومەنی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەمریكا، بڕیاری دا بەستنی كۆنگرەی ڤایرۆسی كۆرۆنا هەڵبوەشێنێتەوە، كە بڕیار بوو رۆژی هەینی لە نیویۆرك ببەسترێ، ئەمەش بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئەمریكا، كە ژمارەی تووشبووان تا ئەمڕۆ لە هەزار كەس نزیك بووەتەوە.

ئەنجومەنە ئەمریكییەكە، كە بارەگای سەرەكی لە شاری نیویۆركی ئەمریكایە، تەنها بە هەڵوەشاندنەوەی كۆنگرەكە نەوەستاوە، كە بڕیار بوو بە ناونیشانی “ئەنجامدانی كاری بازرگانی لەژێر هەڕەشەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ” ببەسترێ، بەڵكو بڕیاریشی داوە كۆنگرە و كۆبوونەوەكانی تری خۆیشی هەڵبووەشێنێتەوە، كە بڕیار بوو لە ١١-ی ئەم مانگە و ٣-ی نیساندا ببەسترێن. هەروەها كۆبوونەوەكانی لە تەواوی ئەمریكادا راگرت.

ئەو کەسانەی نێرگەلە و جگەرە دەکێشن
نیشانەکانی کۆرۆنا
بە شێوەیەکی توندتر تیایاندا دەردەکەوێت

محەمەد قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی دەرکەوتنی نیشانەکان لە کەسانی تووشبوو بە نوچە-ی راگەیاند “پێویستە هەموو لایەک خۆیان بپارێزن لە تووش بوون بەم ڤایرۆسە و ڕێنماییەکانیە تەندروستییەکان جێبەجێ بکەن. ئەو کەسانەی نێرگەلە یاخود جگەرە دەکێشن نیشانەکانی کۆرۆنا-یان بە شێوەیەکی توندتر تیادا دەردەکەوێت، هەروەها ئەو کەسانە مەترسییەکانی ئەو ڤایرۆسەیان زیاتر لەسەرە و ئەگەری مردنیشیان لە کەسێکی ئاسایی زیاترە”.

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم دەڵێت، ئەو کەسانەی جگەرە و نێرگەلە دەکێشن لێی دوورکەونەوە و خۆیان بپارێزن و سەرجەم ڕێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێ بکەن. پێویستە ئەو کەسانە دوورکەونەوە لێی، نەک تەنیا کۆرۆنا، جگەرە و نێرگلە بەرگری لەش لاواز دەکات و مەترسی دەیان نەخۆشی تر لەسەر ئەو کەسانە زیاد دەکات”.

سەرچاوەکان:

١_ https://www.knnc.net/Details.aspx?jimare=27615

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com