پسپۆڕێکی دەروونی: ترسی کۆرۆنا مەخەنە ناخی منداڵەکانتان

0

ئەسعەد مورادی

بەڵاوبوونەوە و مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەرتاسەری جیهان، کاریگەرییەکانی بەخرایی دەرکەوتن بە تایبەت لە رووی ئابووری و هەروەها ترس لە ڤایرۆسەکە هێندەی دیکە ژیانی رۆژانەی قورس کردووە.
کاریگەری تەشەنەکردنی ئەم ڤایرۆسە لەسەر ئابووری چۆنە و چ وڵاتانێک زەبری زۆرتر بەر دەکەوێت؟ ئایا مانەوە لەماڵ کاریگەری دەروونییەکەی چییە و چی بکرێت باشە؟

سەر لەبەیانی رۆژی دووشەممە لە كاتی كردنەوەی بازاڕەكانی وزە سەرباری ئەوەی نرخی یەك بەرمیل نەوتی برێنت بە بەراورد لە گەڵ كۆتا نرخی تۆمار كراوی رۆژی هەینی دوو دۆلار بەرزبوونەوەی بە خۆیەوە بینی و بە ٣٥ دۆلار و ٨٥ سەنت مامەڵەی پێوەكرا، بەڵام دواتر بۆ ٢٩ دۆلار و ٥٥ سەنت دابەزی.

هەرچەندە لە ئێستادا بە ٣٠ دۆلار و ٧٦ سەنت مامەڵەی پێوەدەكرێت، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ كاتی كردنەوەی بازاڕ بە رێژەی ٩.١٣% پاشەكشەی كردووە.

دابەزینی نرخی نەوت راستەوخۆ كاریگەری لە سەر ئابوری ئەو وڵاتانە هەیە، كە بە پلەی یەكەم داهاتەكەیان پشت ئەستورە بە فرۆشتن و هەناردەكردنی نەوت، لەوانە عێراق و هەرێمی كوردستان.

ڤایرۆسى کۆرۆناى (کۆڤید – 19)، لەگەڵ بەرکەوتنى بە جەستە و توشکردنى هەزاران کەس لە وڵاتانى جیاجیا، لەهەمانکاتدا بە قورسی چوەتە ناو جەستەى ئابورى جیهان، سیستمى بەرگریى ئابورى جیهانى توشى لەرزین کردوە و زۆربەى وڵاتان خۆیان بۆ لێکەوتەکانى ئامادە کردوە.

ئابورى جیهان پشتى بە چەند سەرچاوەیەک بەستوە، لەوانە سوتەمەنی (نەوت، غاز)، گەشت و فڕۆکەوانى، لەگەڵ هاتنى ڤایرۆسى کۆرۆنای نوێ، هەموو ئەم سەرچاوانە کەوتنە بەردەم هەڕەشەیەکى گەورە یان پەکیان کەوت یان گورزى کاریگەریان بەرکەوت.

ماوەى سێ ساڵ دەبێت وڵاتانى ئۆپیک پلەس توانیویانە نرخى نەوت لە سەرو حەفتا دۆلارەوە رابگرن، بەڵام بەهۆى هێرشى کۆرۆنا ڤایرۆس و شکستى ئەو وڵاتانە بۆ کەمکردنەوەى بەرهەمهێنان، ئەو نرخە زۆر بە خرایى دابەزى و تا خوار (٣٠) دۆلار بۆ هەر بە رمیلێک هات.

لەهەمانکاتدا کەرتى فڕۆکەوانى و گەشتە ئاسمانییەکان بە رێژەیەکى گەورە راگیران و کەرتى گەشتوگوزار لێدانى گەورەى بەرکەوت، هەروەها دەستى کارو بەرهەمهێنان و جوڵەى بازاڕەکانیش بە ئاستێکى خراپ خاوبونەوە.

بەوتەى چاودێرانى ئابورى لەماوەى چەند ساڵى رابردودا هەرگیز بەم شێوەیە بازاڕەکانى پشک لێدانى بەرنەکەوتووە و ئەمەش کاریگەریى خراپى کردوەتە سەر جوڵەى بازاڕ و ئابورى جیهان، ئەگەر بەزویی چارەسەرى کۆرۆنا نەکرێت ئەوا جیهان روبەڕوى گەورەترین چەقبەستنى ئابورى دەبێتەوە.

کاریگەریە ئابوورییەان جیاوازن

ئەو سیستمە ئابورییە جیهانییە، هەروەک سیستمى بەرگری جەستەیە، کە مەترسی توشبوونی بە ڤایرۆسەکە زیاترە، بەهەمانشێوە کە سیتسمى بەرگریەکەى لاواز بێت، خراپتر بەدەست ئەم ڤایرۆسە و لێکەوتەکانیەوە دەناڵێنێت، ئەو وڵاتانەى تەنها پشت بە یەک یان دوو سەرچاوەى ئابورى وەک نەوت و گەشتیاریى دەبەستن، خراپتر لێکەوتەکانى ئەم قەیرانە ئابوری و تەندروستییە دەیانگرێتەوە.

وڵاتێکى وەک ئێران، کە خۆى لە بنەماوە گەمارۆى ئابوریى لەسەرە، بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکەش کێشەى زیاترى بۆ دروستدەکات، بەشێوەیەک کە زۆرجار ئەو وڵاتانە قوربانى بە لایەنى تەندروستى دەدەن بۆ هێشتنەوەى ئابورى لە ئاستێکدا، کە بەتەواوى سفر نەبێتەوە و رانەوستێت، بەڵام باجى ئەمەش دیسانەوە هاوڵاتیان دەیدەن، بۆنمونە لەگەڵ بڵاوبوونەوەى ڤایرۆس لە چین، بەڵام ئێران نەیتوانى ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانى لەگەڵ ئەو وڵاتە رابگرێت، ئێستاش، کە ئێران خۆى بووە بە سەرچاوە، عێراق و هەرێمى کوردستان ئامادەنین ئاڵوگۆرى بازرگانى بەتەواوەتى رابگرن.

چەند وڵاتێک وەک (سوریا و تورکیا و سعودیە) بەدەست جەنگ و تێچووەکانییەوە گیرۆدەن، بۆیە بە هاتنى ڤایرۆسەکەش بەرەیەکی نوێی جەنگ بە روویاندا کرایەوە و ئەمەش بارى سەرشانیان قورستر دەکات.

لە عێراق، کە بەدەست گەندەڵى و خراپى بەڕێوەبردنى ئیدارى و ململانێى سیاسییەوە گیرۆدەیە، ژێرخانە ئابورییەکەى پتەو نییە، کۆرۆنا خراپتر زیانى پێدەگەیەنێت، کە لەوانەیە بەشێکى زۆر لەو زیانانە بشاردرێنەوە یان لەڕێگەى قەرز و بەکارهێنانى یەدەکەوە چارەسەری کاتی بۆ بدۆزنەوە، بەڵام لێکەوتەکانى چەند ساڵى داهاتوو دەردەکەون.

لە ئێستادا لەسەرتاسەری جیهان نزیكەی ١٧٥ هەزار كەس تووشی كۆرۆنابوون و لەو ژمارەیە نزیكەی ٧٧ هەزار كەس چاكبوونەوە و زیاتر لە شەش هەزار و ٦٠٠ كەسیش گیانیان لەدەستداوە.

کاریەگەرییە دەروونییەکان چین و چۆن منداڵەکان بپارێزین؟

هەر شتێک کە مرۆڤەکان لێی بترسن و بەتایبەت حاڵەتێی وەک بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کەوتنەوەی قوربانی زۆر لە وڵاتە جیاوازەکان لە رووی دەروونییەوە بێ شوێن پێ نابێت.

د. محەمەد ناسر سیمایی، دەروونناس و مامۆستای زانکۆ لە کۆیە، لەبارەی کاریگەری کۆرۆنا و رێنمایی دەروونی بە نوچە-ی راگەیاند: لەماڵەوە مانەوە بۆ چ مەبەستێک جیاوازی زۆرە، لە ئێستا خەڵک بە هۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە فێڕ بوون لە ماڵ بمێننەوە، لە بارودۆخی ترس و فشاری دەروونی مەسەلەی ئەوە دێتەپێش ئەوەیە، ئێمە چۆن لەگەڵ یەکتردا مامەڵە بکەین ئەو ترس و دڵەڕاوکێ سترێس زیاتر نەبێت، لەم ماوە چەندین رێنمایی بۆ خۆپارێزی و کەمکردنەوەی فشارە دەروونییەکان لە میدیان باس کراوە.

سیمایی دەشڵێت، بۆیە پێویستە لە ماڵەوە، کە گوێ لە هەواڵ دەگرن زۆر کاتی بۆ تەرخان نەکەن، وەک ئاماری تووشبوون گەیشتە چەند و قەرەنتینەکان چەند کەسی تێدایە و …هتد، چونکە ئەوانەی دەترسن هەست بە نیگەرانی زیاتر دەکەن.

ئەو دەروونناسە جەخت لەوەدەکاتەوە، کە پێویستە زیاتر ئاگاداری منداڵەکان بن بەتایبەت بچووکەکان، چونکە ترسەکەیان ئەگەری هەیە ببێت بە وەسواس و لە داهاتوودا شتێکی دیکەی لێدەربچێت، چونکە ئەمانە ئەزموونی گەورەکانیان نییە، لەبەر ئەوەی گەورەکان قەیرانی دیکەیان وەک شەڕی ئێران و عێراق و شەڕی کوێت و شەری ئەمریکا و عێراق، سترێس و زەبری دەروونیمان پێگەیشتووە، بەڵام بۆ ئەمان یەکەم جارە.

لە بنەڕەتا چەند خاڵ هەیە، کە دەبێ رەچاو بکرێ لە بارودۆخی وا، بەڵام ئەوەی لە میدیاکان باسنەکراوە لێرە باسی دەکەن:

  • کاتێ قسەیان لەگەڵ دەکەن چاو لە ناوچاویان بکەن و دەست لەسەر شانیان دابنێن، نەک چاو لە تی ڤی و… بکەن.
  • ئەگەر تەمەنی مندڵەکە ١٠ ساڵ بەرەوسەرترە، دەبێ پێی بگوترێ ئەگەر بارودۆخێکی خراپیش بێتە پێش، ئێمە کەسانێکین کە رۆژوومان گرتووە و بەرگری ئەو حاڵەتانەمان پێدەکرێت.
  • ئەگەر منداڵ یان کەسێک گەورەتریش هەیە و دەترسێ، پێویستە پێکهاتەی ئۆمێگا 3 و رۆژانە چەند جارێک سێو بخوات، لەبەرئەوەی ماددەی دژە خەمۆکیان تێدایە.
  • دەبێ ئاگاداری ئەو کەسانێ بین، کە پێشتر فۆبیا یان جۆرێک خەمۆکی هەبووە، ئەگەری هەیە ئەو نەخۆشییانە سەرهەڵبدەنەوە، بۆیە دەبێ ئاگادار ئەوانە بین.
  • دەبێ یاری کردنی دڵخۆشکەرمان بیر نەچێ لە گەڵ منداڵەکان، ئەگەریش زۆر سەرقاڵ بوون دەبێ بە منداڵەکان و زوو زوو پێیان بڵێن کاتم دەبێت لەگەڵتان یاری دەکەم و مەترسن.

ئێستا پرسیار ئەوەیە، کە ئایا عێراق و بەتایبەتی هەرێمى کوردستان، تواناى بەرگەگرتنی لێکەوتە ئابورییەکانى کارەساتى بڵاوبونەوەى کۆرۆنای هەیە؟ ئایا پیشتر ئەم وڵاتانە سیستمە بەرگریەکەیان بەشێوەیەکە بەرامبەر کارەسات یان رووداوى کتوپڕ خۆڕاگرە؟

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com