تورکیا چۆن جێگای ئێران لە عێراق دەگرێتەوە؟

0

ئەسعەد مورادی

لەپاش رووخاندنى رژێمى بەعس لە ساڵى 2003 لەلایەن ئەمریکاوە، ئێران لە رێگەی ئۆپۆزسیۆنی شیعەی عێراق، کە لە ئێران لەسەردەمی سەدام حوسێن جێگیر ببوون، پێگەیەکى بەهێزى لە عێراقدا بۆخۆى دروستکرد، ئەم پێگەیەى ئێران لە عێراقدا دڵخوازى زۆر لایەن و وڵات نەبوو، لەوانە تورکیا، کە ململانێیەى مێژویی لەگەڵ ئێران هەیە بۆ دروستکردنى پێگە لە عێراقدا.

تورکیا بۆ ئەوەی بتوانێت لەناو خاکی عێراق ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدات لە ساڵی ١٩٨٣ پەیمانی ”ئاسایشی سنوور و پەیمانی هاوکاریی” لەگەڵ عێراق واژۆ کرد و ڕێگەیەکی ڕەوا کردەوە، بە هەمان شێوە لە کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٨٤ لەنێوان عێراق و تورکیا پرۆتۆکۆلی ئاسایشی واژۆ کرا، بەو پرۆتۆکۆلەش ڕێگە بە تورکیا دەدرێت یەکینەکانی تورکیا بێ ئەوەی مۆڵەت لە دامودەزگاکانی عێراق وەربگرن پێنج کیلۆمەتر بێنە ناو خاکی عێراقەوە، تورکیا ئەم مافەی بۆخۆی بەکارهێناوە.

کۆنتڕۆڵى ئێران بەسەر عێراقەوە لاواز بووە(١)

هەر چەندە پێگەى ئێران لە عێراقدا بەراورد ناکرێت بە تورکیا، بەهۆى بوونى سنورى تێکەڵاو و زۆرینەیەکى شیعە لە عێراقدا و هەروەها پشتگیرى پێشوترى ئێران بۆ ئۆپۆزسیۆنى عێراق بەگشتى، بەڵام تورکیاش لە سەردەمى دەسەڵاتى  رەجەب تەیب ئەردۆغان هەوڵیداوە پێگەیەک بۆخۆى لە عێراقدا دروستبکات.

ئەرشەد ساڵحى یەکێک لە کەسایەتیە سیاسیەکانى سەر بە تورکیا لە عێراق دەڵێت “تورکیا هەرگیز گەلى عێراق و تورکمانى بەتەنها بەجێنەهێشتوە” ئەو قسانەى ئەرشەد ساڵحى لەپاى سوپاسکردنى توکیا بو بۆ نۆژەنکردنەوەى بازاڕی مێژویی سەردەمى عوسمانیەکان لە کەرکوک کە سوتابو، تورکیاش نۆژەنى کردەوە لە ساڵى (2018).

بەڵام ئێستا تورکیا پێى وایە دەرفەتى زیاتر کردنى پێگە و دەسەڵاتى خۆى لەسەر حیسابى دەسەڵات و پێگەى ئێران لە عێراقدا هاتۆتە پێش.

Image result for تورکیا لە عێراق

رۆژنامەى (العرب) لە راپۆرتێکدا باس لە هەڵکشانى هەوڵەکانى تورکیا دەکات بۆ فراوانکردنى دەسەڵاتى خۆى لە عێرقدا دەکات، پاش ئەوەى ئێران دوچارى تێکچونى بارودۆخ لەچەند رویەکەوە بۆتەوە.

رۆژنامەى (العرب) دەنوسێت “چاوى  تورکیا لەسەر وڵاتانى عەرەبى بەشێوەیەکى سەرەکى هەمیشە زیاتر  لەسەر عێراق  بوە، بەهۆى چەند هۆکارێک کە هانى تورکیایان داوە زیاتر بیر لەدروستکردنى پێگە لەم وڵاتەدا بکاتەوە، لەوانە هاوبەشى جوگرافى و لاوازى عێراق لە بەرەنگارى بۆ دەستوەردانە دەرەکیەکان و بونى سامانى نەوت لەم وڵاتەدا، بەڵام وادیارە ئێستا دەرفەتەکە بۆ تورکیا لەهەمو کات باشترە، بۆ چڕکردنەوەى دەسەڵاتەکەى لەو وڵاتە، چونکە تورکیا هەستى کردوە مەچەکى کۆنتڕۆڵى ئێران بەسەر عێراقەوە لاواز بووە، بەهۆى ئەو بارودۆخە زۆر ئاڵۆزەى ئێرانى تێکەوتوە، تێکچونى بارودۆخى ئێران کاریگەرى نیگەتیڤی هەیە لەسەر هاوپەیمانەکانى لەناوخۆى عێراقدا کە ماوەى (17) ساڵە بەکاریان دەهێنێت”.

باڵیۆزى تورکیا لە بەغدا فاتح یەلدز، بەشێوەیەکى ئاشکرا باسى لە گۆڕانى هاوکێشە سیاسەکانى ناو عێراق کردوە دەڵێت “ئەو هاوکێشە سیاسیانەى لە عێراق لەپاش  (2003)-وە دروستبون گۆڕاون، ئێستا ئەنقەرە کار لەسەر هاوئاهەنگى دولایەنەى نێوان خۆى و عێراق دەکات، بەتایبەت لەبوارى ئاسایش و ئابورى”.

رۆژنامەى (العرب)  نوسیویەتى “تورکیا هەمان سیاسەتى ئێران پیادە دەکات لە چاو تێبڕین لەوڵاتانى عەرەبی و لەمەشدا چاوى لەو وڵاتانەیە کە خاڵى لاوازیان زۆرە”.

تورکیا پێشتر ئەم جۆرە سیاسەتەى نەبوە بەڵام لەپاش هاتنە سەرکارى رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە سیاسەتى دەستوەردان دەستى پێکردوە.

ئەم سیاسەتى تورکیا تەنها لە عێراق جێبەجێ ناکرێت، بەڵکو لەسوریا و لیبیا و قەتەر و سودانیش سیاسەتى دەستوەردان بەئاشکرا جێبەجێدەکات، تەنانەت بەشێک لە چاودێران پێیان وایە دەستوەردانى تورکیا گەشتۆتە یەمەنیش، پێگەى سیاسى و سەربازى و ئەمنى خۆشى لە عێراقدا جێگیر کردوە.

ماوەیەک لەمەو بەر تورکیا باڵیۆزخانەى خۆى لە ناوچەى وەزیریەى بەغدا بۆ ناوچەى سەوز گواستەوە، ئەمەش بۆ زیاتر کردنى چالاکى و کاروبارە سیاسى و دبلۆماسیەکان و شکاندنى ئەوساردو سڕیەى لە پەیوەندیەکانى تورکیا لەگەڵ عێراق هەیەتى، بەپێى وتەى باڵیۆزى تورکیا لە عێراق فاتح یەڵدز.

فاتح یەڵدز دەڵێت: تورکیا دەیەوێت لە باڵیۆزخانەکەیەوە لەناوچەى سەوز پەیوەندیەکى باش لەگەڵ گەلى عێراق دروستبکات و چالاکیە دیپلۆماسیەکان زیادبکات.

بەپێى راپۆرتەکەى (العرب) تورکیا لەبەرەو پێشبردنى چالاکیەکانى لە عێراق پشتى بە پاشکشە و لاواز بونى رۆڵى ئێران بەستوە کە پێى وایە ئێران لەسەر ئاستى ناوەو دەرەوە کێشەى هەیە، جگە لەوەى رژێمەکەش پیر بوە، لە نمونەى ئەوکێشانە خۆپیشاندانەکانى عێراق دژ بە ئێران لە بەغدا و بێ توانایی لایەنەکانى سەر بە ئێران لە یەکلاکردنەوەى پۆستى سەرەک وەزیران کە لەپاش (2003)وە هەمیشە ئێران لە یەکلاکردنەوەى ئەم پرسانەدا هاوشانى ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمەریکا رۆڵى خۆى بینیوە.

جگە لە کێشەى سیاسی و جەماوەریەکان دەشێ بارودۆخى سەرهەڵدانى کۆرۆناش ئەوەندەى تر ئێران توشى ماندو بون بکات و پەیوەندیەکانى لاواز بکات، بەتایبەت کە عێراق لە ئێستادا هەستیارانە لە سنورەکانەوە مامەڵە دەکات.

هێرشى بێ بەزەییانەى کۆرۆنا بۆ سەر وڵاتان تەنها لێکەوتەى تەندورستى نیە، بەڵکو چەندین دەرەنجامى ئابورى و سیاسیش بەدواى خۆیدا دەهێنێت و زۆربەى چاودێران لەسەر ئەو بۆچونەن کۆرۆنا گۆڕانکارى زۆر دروستدەکات.

وڵاتێکى وەک ئێران کە چەندین ساڵە بەرگەى گەمارۆى ئابورى و پەراوێزخستنى گرتوە و بگرە توانیویەتى جێ نفوزى خۆى لە چەندین وڵاتى دیکە فراوان بکات، وا ئێستە بە هۆى بڵاو بونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا و گەمارۆى ئابورى و نارەزایەتى جەماوەرى توشى شڵەژانێکى گەورە بۆتەوە کە بەپێى بەشێک لە چاودێران لەوانەیە کاریگەرى لەسەر پێگەى سیاسى ئێران لە ناوچەکەدا هەبێت.

تورکیا و عێراق نابێت بە تاکە دەرگایەک ببەسترێنەوە

دەروازەی سنووری ئۆڤاکۆی(٢)

باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا، فاتح یڵدز لەبارەی کردنەوەی دەروازەیەکی نوێ لە نێوان تورکیا و عێراق ئاماژەی بەوە دا کە بەمنزیکانە دەست بە سەردانی شاندی تەکنیکی ھەردوو لایەن دەکرێت و گوتی: “پێشھاتەکانی باکوور (ھەرێمی کوردستان) ئەوەی (ریفراندۆم) بە ئێمە نیشان دا کە تورکیا و عێراق نابێت بە تاکە دەرگایەک ببەسترێنەوە”.

یڵدز لەبارەی کردنەوەی دەروازەی سنووری ئۆڤاکۆی لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند، دەروازە نوێیەکە لە رووی بازرگانییەوە لەگەڵ عێراق گرنگی خۆی دەبێت.

باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا گوتی “یەکێک لەو بابەتانە زۆر گرنگی پێ دەدەین دیاریکردنی پێگەی دەروازەی سنووری ئیبراھیم خەلیل و بەستنەوەیەتی بە ئیدارەی بەغدا. ئەگەر ئەمە بکرێت، ئەوا ئێمەش لەبارەی باجی گومرکی دووھێندە ھەنگاوێکی گرنگ دەبڕین. بۆ ئەوەی ھەنگاوێکی باش ببڕین، ئەوا نابێت پرسی دەروازەی سنووری دووەم فەرامۆش بکرێت. ئیتر پێویستە عێراق و تورکیا بابەتی دەروازەی نوێ چارەسەر بکەن”.

فاتح یڵدز روونیشی کردەوە کە بەمنزیکانە لەبارەی کردنەوەی دەروازەی سنووری ئۆڤاکۆی دەست بە سەردانەی شاندە تەکنیکییەکان دەکرێت و گوتی: “بەڵام لەبارەی پێگەی ناوچەی بەرامبەر ئۆڤاکۆی، گفتوگۆکان لە نێوان بەغدا و ھەولێر درێژەی ھەیە”.

باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا ھەروەھا گوتی: “لەگەڵ یەکلاییکردنەوەی پرسی دەروازەکە لە لایەن بەغداوە، ئەوا رێگەیەکی دوورودرێژ بە رووبەڕی ٥٧٠ کلیۆمەتر لە فیشخابورەوە بۆ بەغدا دەبێت. ئەمەش رێگەیەکی راستەوخۆیە کە تورکیا و بەغدا بەیەک دەبەستێتەوە. ئەمەش لەگەڵ ئەو دەرگایە پێکەوە دەکرێتەوە”.

باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا ھەروەھا گوتی: “ئەمە زۆر گرنگە و ھەموو کەسێک دەزانێت بە مانای چی دیت. بۆ ئەمە پێویستە خێرا جموجۆڵ بکەین. پێشھاتەکانی باکوور (ھەرێمی کوردستان) ئەوەی (ریفراندۆم) بە ئێمە نیشان دا کە تورکیا و عێراق نابێت بە تاکە دەرگایەک ببەسترێنەوە”.

جامعەی وڵاتانی عەرەبی هەستیان بە مەترسییەکە کردووە(٣)

دوای ئەوەی تورکیا لە ٤ی کانونی یەکەمی ٢٠١٥ هێزێکی سەد و ٥٠ کەسی بە ٢٥ زرێپۆشی بردە ناو خاکی عێراقەوە و لە بەعشیقە جێگیری کرد، ناڕەزایەکی زۆری لێکەوتەوە لە لایەن بەرپرسانی عێراقەوە بە بیانوی ئەوەی کە حکومەتی عێراقی ئاگاداری هاتنی هێزەکە نەبووە.

لە ڕاگەندراوێکدا ئەمڕۆ ٢٤ی کانوونی دووەمی ٢٠١٥ لە قاهیرە، کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی رایانگەیاند ”هاتنەناوەوەی سوپای تورکیا پەلامارە بۆسەر سەروەریی خاکی عێراق و هەڕەشەیەکیشە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی عەرەب”.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە کۆمەڵەی عەرەبیەکان هاوشێوەی بەرپرسانی عێراق، ناڕازین لە هاتنی سوپای تورکیا بۆ ناو خاکی عێراق، چونکە هێزەکەی تورکیا بە بێ ڕەزامەندی بەرپرسانی عێراق چووەتە ناو خاکی عێراقەوە.

نەبیل عەرەبی، ئەمینداری گشتی دەوڵەتە عەرەبیەکان وتی “هەبوونی سوپای تورکیا لە ناوجەرگەی خاکی عێراقدا پێشێلکاریەکی بێ پەردەی یاسایی نێودەولەتی و سەروەری عێراقە.”

ئەحمەد بن حلی جێگری سەرۆکی جامعەی وڵاتانی عەرەب لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا ڕاگەیەندراوەکەی خوێندەوە و وتیشی کە سوپای تورکیا ”پشێوی و تەشقەڵەیان لە ناوچەکەدا زیاد کردووە”.

مەترسییە جددییەکانی دەروازەی سنوری ئۆڤاکۆی(٤)

ناوچەی ئۆڤاکۆی لە ڕووی جیۆگرافیەوە بایەخێکی گرنگی ھەیە بۆ ھەردوو وڵاتی تورکیا و عێڕاق، کە دەکەوێتە سەر سنوری عێڕاق، ھەرێم و تورکیا، لەگەل عێڕاق ھاوسنورە لەگەل شارۆچکەی تەل-ئەعفەر لەگەڵ تورکیا ھاوسنورە لەگەڵ شاری سلۆپی و لەگەڵ ھەرێم ھاوسنورە لەگەل شارۆچکەی زاخۆ بەدووری 12 کیلۆمەتر لە باشووری خۆرئاوای دەروازی سنوری پێشخابوور، ھەرچەندە ئەم ناوچەیە لە دیوی عێڕاق لە ژێر کۆنتڕۆڵی ھێزی پێشمەرگەیە، بە دووری 30 کیلۆمەتر لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندییەوە دوورە و پێدەچێت بە بێ ڕەزامەندی پارتی کارێکی ئاسان نابێت.

لە 16 ی ئۆکتۆبەر سوپای عێڕاق ھەوڵیدا لە ڕێگەی شەڕەوە دەست بەسەر ئەم ناوچەیەدا بگرێت، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، بەڵام لە ئێستادا تورکیا و عێڕاق سورن لەسەر ئەوەی کە دەبێت پێشمەرگەکانی پارتی ئەو ناوچەیە ڕادەستی ھێزەکانی پۆلیسی فیدڕاڵی بکات و بە پێی ھەندێک سەرچاوەش وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەم پرسەی لەگەڵ سەرانی ھەرێم باسکردووە و داوای کردووە ڕێگری نەکەن لە کردنەوەێ ئەم دەروازەیە.

ئامانجەکانی تورکیا لە کردنەوەێ ئەم دەروازەیە و کۆمەڵێک مەترسی گەورەی دوور مەودا لەسەر ھەرێم و ڕۆژئاوای کوردستان دروستدەکات:

1- تورکیا ھیچ سنورێکی جیۆگرافی لەگەڵ عێڕاقدا نییە و کردنەوەێ ئەم دەروازەیەش گرێیەکی گەورەی مێژوویی بۆ تورکیا دەکاتەوە و لەم ڕێگەیەوە دەتوانێت بازرگانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ عێڕاقدا بگات، ئەمەش دەبێتە ھۆی پەراوێزخستنی ھەرێم و وەک بەدیلێک بەکاریدێنێت بۆدەروازەی سنوری ئیبڕاھیم خلیل جوڵەی بازرگانی لەم دەروازەیە سنوردار دەکات، و لە ھەمان کاتدا نیگەرانیەکانی عێڕاق دەڕەوێنێتەوە لە ھەمبەر کرینی نەوت لە ھەرێمی کوردستان.

2- یەکێک لە ئامانجە ستراتیژییەکانی تورکیا ئەوەیە ھەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان لەیەکتر داببڕێت ئەگەر ئەم ھەڵەش سەربگرێت دەتوانێت ھەرێم و ڕۆژئاوای کوردستان بە دووری 30 کیلۆمەتر لەیەکتر دوور بخاتەوە ئەمەش گورزێکی گەورەی مێژوویی دەبێت کە لە پرسی کوردی دەدات.

3- تورکیا ماوەیەکی زۆرە لەڕێگەی عێڕاقەوە ھەوڵدەدات ھەژموونی ھێزەکانی پەکەکە لە شەنگال و ناوچەکانی تر کۆتایی پێبێنێت.

لێرە چەند پرسیارێک دروست دەبێت، ئەویش ئەوەیە، کە ئایا ئەگەر تورکیا لە عێراق بەهێز بێت وەک ئێران چ کاریگەریەکی لەسەر پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەبێت؟ مامەڵەی تورکیا لەگەڵ خودی هەرێم چۆن دەبێت؟ ئایا هەرێم خۆی بۆ ئەم ستراتیژییەی تورکیا لە عێراق ئامادە دەکات؟

سەرچاوەکان:

١_ https://www.sbeiy.com/Details.aspx?jimare=21643

٢_ https://www.aa.com.tr/ks/1106036

٣_ http://chawigal.com/?p=4147

٤_ http://www.wtarikurd.info/2019/05/04

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com