راگەیەندراوێكی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر

0

نوچە

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بە سەرپەرشتیی د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر، کۆبوونەوەیەکی ئەنجام دا و چەند بڕیارێكی دەركرد.

ئەمشەو (چوارشەممە ٢٥-٣-٢٠٢٠)، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆبوونەوەیەکی ئەنجام دا و لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار درا بانکە ئەهلیەکانی هەولێر، لە ڕۆژانی (یەکشەممە و چوارشەممە) کراوە دەبن لە کاتژمێر (8)ی بەیانی تاوەکو (1)ی دوای نێوەڕۆ، بەمەرجی ئەوەی هەر بانکێک لە (5) کارمەند زیاتری لێ نەبێت بۆ ڕاییکردنی کارەکانیان، بۆیان هەیە تەنها (1) ئۆتۆمبێل بەپێی باجێکی تایبەتی قایمقامیەتی ناوەندی هەولێر، بۆ هاتوچۆکردنیان بەکاربهێنن.

هەروەها بڕیار درا نووسینگەکانی ئاڵۆگۆڕکردنی دراو، ئەوانەی لە دەرەوەی شەقامی (60) مەتریین بەهەمان شێوەی بانکە ئەهلییەکان، ڕۆژانی (یەک شەممە و چوار شەممە) لەکاتژمێر (10)ی بەیانی تاوەکو (3)ی دوای نیوەڕۆ کراوە دەبن، هەروەها نووسینگەکانی تری ناو بازاڕی دۆلار فرۆشانی شێخەالله، دەتوانن لەگەڵ نووسینگەکانی دەرەوەی شەقامی(60)مەتری کە مۆڵەتیان هەیە، یان لە شوێنێکی تری دەرەوەی بازنەی هەمان شەقام، بەشێوەیەکی کاتی شوێنێک بۆخۆیان دابین بکەن و نووسینگەکانیان بکەنەوە.

لەسەر تەواوی هێزە ئەمنییەکان و پۆلیس و ئاسایش و بازگەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، پێویستە ئەم بڕیارەی سەرەوەی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر جێبەجێ بکەن.

ژوورەكە بە پێویستیشی زانی جارێکی تر سوپاسی هێزەکانی (ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانی، پێشمەرگە، پۆلیسی هاتووچۆ، پاسەوانی سنوور، لەگەڵ سەرجەم پێکهاتەکانی هێزەکانی ناوخۆ بکەن، کە ماندوونەناسانە بە ئەرکی سەرشانی خۆیان هەڵساون و شەو و ڕۆژ هەموو توانای خۆیان لەپێناوی پاراستنی هاوڵاتیانی شارەکەمان خستۆتەگەڕ.

هەروەها سوپاسی زۆری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی هەولێر و هێڵی گەرمی 122 و تاقیگەی پشکنینی کۆرۆنا و کارمەند و نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنا و سەرجەم کارمەندانی تەندروستی دەکەن کە لە سەنگەری پێشەوەی بەرەنگاربوونەوە و خۆپارێزی لەڤایرۆسی کۆرۆنا وەستاون و دڵسۆزانە کارەکانی خۆیان ئەنجام دەدەن.

سوپاسی هەماهەنگی داواکاری گشتی لەگەڵ ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێری كردووە. سوپاسیش دەزگای خێرخوازی بارزانی و لقی هەولێری مانگی سووری عێراقی و هەموو دەزگاکانی تری خێرخوازی و خێرخوازان كردووە کە بەردەوامن لە گەیاندنی کۆمەک و یارمەتی و هاوکاری بۆ هەژاران و کەمدەرامەتانی سنووری پارێزگای هەولێر. سوپاسی شارەوانی و کارەبا و ئاو و بەرگری شارستانی و کشتوکاڵی كردووە. لەگەڵ سوپاسی ئیدارە و کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگایی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران.

دڵنیاییشی داوەتە هاووڵاتییان و هاوشاریانی سنووری پارێزگاکە، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بە هەموو تواناییەوە لە هەوڵەکانی بۆ پاراستن و پارێزگاری لێکردنیان و بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەوامە، لەگەڵ ئەوەشدا جارێکی دیکە جەخت لەسەر پابەندبوونی هاوڵاتییان بە قەدەغەکردنی هاتووچۆ و بڕیار و ڕێنماییە تەندروستییەکان دەکەینەوە و داواکارین خۆیان بپارێزن و لەماڵەکانیان بمێننەوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com