ئابووری عێراق تاکەی بەرگەی دابەزینی نرخی نەوت دەگرێت؟

0

ئەسعەد مورادی

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لە جیھاندا، كاریگەری گەورەی كردووەتە سەر ژێرخانی ئابووری وڵاتان، تەنانەت لە ھەندێك وڵاتدا جموجوڵی بازرگانیش خاوبووەتەوە، ئەو وڵاتانەیشی، كە پشتیان بە یەك سەرچاوەی ئابوری بەستووە زیاتر كەوتوونەتە ژێر كاریگەری خراپی ئابوری. لەوانە عێراق.

شارەزایان پێیان وایە، لە بارودۆخە سەختە ئابووریەی عێراق، کە تێی کەوتووە، هەرێمیش دەگرێتەوە و پێدەچێت کاریگەرییە نەرێنییەکانی لە مانگەکانی داهاتوو زیاتر بە دەر بکەون.

دابەزینی نەوت و
ململانێیەی لەنێوان سعودیە و روسیا

لەگەڵ زیاتربونى مەترسیەکانى بڵاوبونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆناى ناسراو بە (کۆڤید 19) و راگەیاندنى پەتاکە وەک پەتایەکى جیهانى، وڵاتانى دنیا رێوشوێنى توندیان گرتوەتەبەر و هەر وڵاتێک ماڵى خۆى قایم دەکات و دەرگاکانى تا ئەوپەڕى توانا بە روى وڵاتانى دیکەدا دادەخات. زۆرینەى کۆمپانیاکان شێوەى کارکردنى خۆیان گۆڕى و کارمەندانیان ناردە ماڵەوە تا لە وێوە بە شێوەى ئۆنلاین کارەکانیان بکەن و پارێزراو بن لە توش بون یان گواستنەوەى ڤایرۆسەکە.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە و دوای ئەوەی ھەشتی ئەم مانگە نەوت نزیكەی سەدا ٢٧ی بەھاكەی لەدەستدا، كە لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردووە وەك خراپترین ھەفتە ناوی برا كاریگەریی زیاتری كردووەتە سەر كەرتی ئابوری لە جیھاندا.

لەمبارەیەوە، د. سەباح سابیر خۆشناو، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر بە ئاژنسی ئەنادۆڵی ڕاگەیاندووە، ”نەوت وەكو كاڵایەك، سێ رەھەندی سەرەكی ھەیە، كە بریتین لە: رەھەندەكانی ئابوری، سیاسی و ستراتیجی، ھەربۆیەش ئەم كاڵایە زۆرجار بۆ مەبەستی سیاسی بەكاردێت، ئەو ململانێیەی لەنێوان سعودیە و روسیادا ھەبوو مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ چوار ساڵ لەمەوبەر، كە گفتوگۆ و رێككەوتن ھەبوو بۆ ئەوەی بتوانن بازاڕی جیھان بەشێوەیەك رێكبخەنەوە و رێكخستنەوەكەی بەشێوەیەك بێت، كە نرخ بەرز بكەنەوە، ئەوەبوو نرخی نەوت تا ٧٠ دۆلار بەرزبووەوە، بەڵام ئەوەی جێی نیگەرانی بوو كە ئەو رێككەوتنە شكستیھێنا، بۆیەش سعودیە بۆ دژایەتیكردنی روسیا، نرخی نەوتی خستەڕوو بە ٣٣ دۆلار، كە ئەمەش بە یەكجاری هاڕەی بە نرخ كرد”.

سعوودیە نزیكەی ٥٠ ملیار دۆلار
كورتھێنانی دەبێت

ئەو پرۆفیسۆرە یاریدەدەرە، بەراوردكاریی ھێزی خستنەڕووی نەوتی رۆژانەی ھەردوو وڵاتی سعودیە و روسیا دەخاتەڕوو و ئاماژە بەوەش دەكات، کە سعودیە دەیەوێت روسیا لە چوارچێوەی خۆی بھێڵێتەوە. “روسیا رۆژانە ١١ ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار بەرمیل دەخاتەڕوو، بەڵام سعوودیە ١٠ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار بەرمیل دەخاتەڕوو، ئەمەش كاریگەری نەرێنی دروستكرد، لە لایەك و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناش رۆڵی ھەبوو لەم بوارەدا، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێكیان پەیوەندی بەوە ھەیە، كە روسیا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەستێكی درێژی ھەیە و رۆڵی ھەیە بەتایبەتی لە سوریادا، دەتوانین بڵێین سعوودیە یەكێك لە ئامرازەكانی ئەمریكایە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، دەیەوێت وا بكات، كە روسیا لە قاڵبی خۆی بھێڵێتەوە، دەبێت ئەوەمان لەبیرنەچێت تێچووی دەرھێنانی یەك بەرمیل نەوت لە رووسیا ١٧ دۆلارە بەڵام لە سعوودیە ١٠ دۆلارە، ئەمەش وا دەكات روسیا كەمتر بەرگە بگرێت”.

دكتۆر سەباح خۆشناو ئەوەشی گوتووە، ”ھۆكارێكی دیكە ھەیە ئەویش سعودیە یەك بەرمیل نەوتی لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ بە ٥٥ دۆلار خەمڵاندووە، بەڵام روسیا بە ٤٢ دۆلار و ٤٠ سەنتی خەمڵاندووە، روسیا بەپێی پلانەكەی بڕی دە ملیار دۆلار زیادەی دەبێت لە بوودجەدا، بەڵام سعوودیە نزیكەی ٥٠ ملیار دۆلار كورتھێنانی دەبێت”.

”نرخی نەوت تا مانگی ئاب
بۆ ٥٠ دۆلار بەرزبێتەوە”

لەبارەی كاریگەرییە نەرێنییەكانی ئابووری جیھان لەسەر عێراق بە گشتی و ھەرێمی كوردستانیش بەتایبەتی گوتوویەتی ”عێراق لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ یەك بەرمیل نەوتی بە ٥٦ دۆلار خەمڵاندووە، ئەمەش گاپێكی گەورە دروست دەكات، چونكە عێراق ئێستا سێ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار بەرمیل ھەناردە دەكات و لە پلانی ستراتیجیدا بوو كە بیگەیەنێتە چوار ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا، بەڵام نەیتوانی، بۆیە ئەگەر لەگەڵ ھەرێمی كوردستان رێككەوتنێك بكات لەسەر ٢٥٠ ھەزار بەرمیلەكە ئەوا رەنگە بتوانێت قەرەبووی خۆی بكاتەوە”.

شێروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی زیانە ئابورییەکانی دابەزینی نرخی نەوت بۆ سەر هەرێم و عێراق، بە نوچە-ی رایگەیاند: بێگومان بەهوی یەک سەرچاوەیی داهاتی عێراق و زیانی و دابەزینی نرخی نەوت، زیانی زۆر بەر ئابووری عێراق دەکەوێت و کاریگەری لەسەر هەرێم دەبێت، بەڵام ئەگەر هەرێم و بەغدا رێککەوتنی نوێ بکەن هەرێم زیانی پێناگات وەک دابین لردنی موچە لە لایەن بەغداوە.

ئاماژە بەوەشدەكات، كە عێراق بڕێكی زۆری یەدەگی ھەیە و ئەمەش وا دەكات زیاتر پشتی بەھێز بێت و لەمبارەیەوە دەڵێت، “ئەوەی زیاتر پشتی عێراقی گرتووە ئەوەیە، ئەو بڕە یەدەگەی كە ھەیەتی نزیكەی ٦٠ ملیار دۆلاری لە بانكی مەركەزی ھەیە، بەڵام ئەو یەدەگە ناكرێت تەنھا بۆ موچە بەكاربھێندرێت، چونكە ئەو یەدەگانە لەلایەن سیاسەتی نەختینەیی دادەڕێژرێت و بانكی ناوەندی دامەزراوەیەكی سەربەخۆیە، بۆیە ئامانجی ستراتیجی ئەوەیە، كە نرخەكان جێگیر بكات بەتایبەتی دینار بەرامبەر بە دۆلار.

ساڵی داھاتوو عێراق تووشی داڕمان دێت

ھەروەھا بەپێی دوایین لێدوانی پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق، عەلی عەلاق دەڵێت، ئێمە موچەی نۆ مانگمان ئامادەیە، واتا ساڵی ٢٠٢٠ كێشەی موچەمان نابێت، بەڵام ئەگەر ساڵی ٢٠٢١ نرخی نەوت ھەروا بەردەوام بێت ئەوا بە دڵنیایییەوە رەنگە كێشەیەكی گەورە بۆ عێراق دروست بكات، بەڵام زۆربەی شارەزایان پێشبینی ئەوە دەكەن، کە نرخی نەوت لە مانگی ئاب بەدواوە بەرەو بەرزبوونەوە بچێت، بەھۆی نەمانی ‘ڤایرۆسی كۆرۆنا’ و كاڵبوونەوەی ململانێی نێوان سعودیە و روسیا، بۆیەدۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا ھاتووەتە سەر ھێڵ لەگەڵ سعودیە و پێشبینی دەكەین نرخی نەوت تا مانگی ئاب بۆ ٥٠ دۆلار بەرزبێتەوە”.

سەباح سابیر لەبارەی ئەوەی كە ئەگەر نرخی نەوت بەرزنەبووەوە و ھەر بەمشێوەیە ئێستا مایەوە  دەڵێت، ”ئەگەر نرخی نەوت ھەروا بێت ئەوا ساڵی داھاتوو عێراق تووشی داڕمان دێت و دەبێت چاكسازییەكی ریشەیی بكات لە بابەتی موچەخۆراندا، فرەجۆریشی بكات بۆ ئەوەی كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی پەرەپێبدات، ئێستا زیاتر لەسەدا ٩٠ی داھاتی عێراق پشتی بە نەوت بەستووە و ئەمەش ئاڵنگارییەكی زۆری دەوێت، چونكە ڤایرۆسی كۆرۆنا كاریگەرییەكی نەرێنی دروستكرد لەسەر پیشەسازی، بۆ نمونە وڵاتی چین سەدا ٢٠ی كۆی پیشەسازی جیھان پێكدێنێت و سەدا ٥٠-ی تووش پووكانەوەی كرد، ھەر بۆ زانیاری، وڵاتی چین رۆژانە ١٣ ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ پیشەسازییەكانی خۆی بەكاردەھێنێت، دەتوانین بڵێین چین حەوت تا ھەشت ملیۆن بەرمیل خواستی كەم بووەوە لە جیھاندا، ئەمەش كاریگەری لەسەر كەمبوونەوەی خواست ھەبوو، بەڵام ئێستا پیشەسازی چین بەرەو كرانەوە دەچێتەوە و بەمەش رەنگە نرخی نەوت بەرزبێتەوە”.

سەبارەت بە هاوکاری وەزارەتی تەندروستی بە عێراق بۆ وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، لەم بارودۆخە سەختە ئابوورییە، لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، د. دالیا فەرھاد سلێڤانەی، ئەندامی لیژنەی تەندروستی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند: وەزارەتی تەندوستی عێراق، بۆ رووبەڕووبەنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تەرخانکردووە بۆ هەرێی کوردستان، هەروەها ئەو پێداویستیانەی لە وڵاتی چینەوە بۆ عێراق هاتوون، پشکی هەرێی کوردستانییش تێدایە.

دالیا فەرهاد سلێڤانەیی دەشڵێت، هەوڵ دەدین بە زووترین کات ئەو پارە و پێداویستیانە بگەنە هەرێی کوردستان.


ئێستا (٢٦-٣-٢٠٢٠) لەجیهاندا ژمارەى توشبوان بە ڤایرۆسەکە لە نیو ملیۆن نزیک دەبێتەوە(٤٦٢،٤١٩)، هەرچەندە ژمارەى گیانلەدەستدان گەشتوەتە (٢٠،٨٦٤) کەس، بەڵام خۆشبەختانە ژمارەى چاکبوەوان(١١٣،٨٠٢)، بەڵام کێشەى وڵاتان زیاتر لەگەڵ ئەو حاڵەتانەیە کەهێشتا پشکنینیان بۆ نەکراوە و دەرنەکەوتون و کەرەنتینەش نەکراون، مەترسی ئەو حاڵەتە نەناسراوانە ئەوەیە بێ ئەوەى بەخۆیان بزانن ڤایرۆسەکە بڵاودەکەنەوە.

تواناى دەوڵەتان بۆ روبەروبونەوە

لەبەر ئەوەى ڤایرۆسەکە نوێیە بۆیە هەمو وڵاتان ناتوانن بەئاسانى چارەسەرى توش بوان بکەن، ئەمەش واى کردوە ژمارە و رێژەى مردن لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکى تر بگۆڕیت.

ئەگەر ڤایرۆسەکە بکوژیش نەبێت، بەڵام ئەگەر کەسی توشبو بەخێرایی چارەسەرى پێویست وەرنەگرێت ئەوا ئەگەرى مردنى هەیە ئەوە جگە لەو مەترسى توشکردنى کەسانى تر بەتایبەت نزیکەکانى، لەو وڵاتانەش کە ئاستى داهات و تواناى تەندروستیان سنوردارە، تاکە رێگە بۆ روبەرو بونەوە، پاراستنى هاوڵاتیانە لە توش بون بە ڤایرۆسەکە، بۆیە تاکە لایەنى پەیوەندیدار لە جیهاندا ئەمڕۆ کە سەرقاڵى روبەروبونەوەى کۆرۆنایە، تەنها وەزارەتى تەندروستى نیە، بەڵکو وەزارەتى ناوخۆ و ئیدارە خۆجێییەکان رۆڵى سەرەکیان هەیە لە روبەروبونەوەى پەتاکە، لە هەرێمى کوردستانیش بەهەمان شێوە هەماهەنگیەکى باش لە نێوان کۆى سەنتەرەکاندا هەیە.

د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگارى سلێمانى، دەڵێت: “خۆشبەختانە لە هەرێمى کوردستان هەماهەنگى تەواو هەیە لەنێوان کۆى لایەن و سێکتەرەکان بۆ روبەڕوبونەوەى پەتاکە”، قائیمقامى سلێمانیش سوپاسى خەڵکى کرد کە پابەندن بە قەدەغەى هاتوچۆ.(٢)

مەوعیدی موچە بەغدا دیاریدەکات و
ئەگەری زۆرە دوابکەوێ

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە کەناڵی رووداو-ی لەبارەی هاتنی پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند “ئەمڕۆ پارەکە لە بەغداوە خراوەتە سەر هەژماری هەرێمی کوردستان و ئەوەش دوای هەوڵێکی زۆر لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق”.

ئاوات شێخ جەناب هۆکاری دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی بۆ قەدەخەی هاتووچۆ و نەبوونی دەوام لە بانک و وەزارەتەکان گەڕاندەوە و دەڵێ “بەهۆی کۆرۆنا لە بەغدا دەوام نییە، ئێمەش بۆ نیوەی مووچەی فەرمانبەران چاوەڕوانی بەغداین”. سەبارەت بەوەی ئایا مەترسی هەیە موچە ئیتر لەو بارودۆخەدا بەوشێوەیە دوابکەوێت، گوتی “مەوعید بەغدا دیاریدەکات و ئەگەری زۆرە دوابکەوێ”.

وەزیری دارایی و ئابووریی سەبارەت بەوەی ئایا لەو دۆخەدا بەنیازن دەستکاریی موچە بکەن؟ گوتی: “ئەگەر هەست بە بەرپرسیارێتی بکەین و راستگۆ بین دەبێ بیری لێبکەینەوە، چونکە ئێستا خەرجییەکانمان زیاترە لە داهات”.(٣)

سەرچاوەکان:

١_ https://www.sbeiy.com/Details.aspx?jimare=21516

٢_ https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/2603202015

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com