ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی موچە بڕیاری دا

0

نوچە

ئەنجومەنی وەزیران بە كۆی دەنگ بڕیاریدا، كە بەرنامەی ئەنجومەنی وەزیران دابینكردنی موچەی فەرمانبەرانی حكومەت و دەستكاری نەكردنیەتی. 

لە كۆبوونەوەكەیدا ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە گرنگی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی كردەوە و بە كۆی دەنگ پەیڕەوی ئاسانكاریی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی پەسەند كرد.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: كاری لە پێشینەی ئێستای حكومەت پاراستنی ژیان و سەلامەتی خەڵكە لە ڤایرۆسی كۆرۆنا و دابینكردنی خۆراك و دەرمان و موچەیە.

دەقی راگەیەنراوەكە

ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/4/1 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە رێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەشداربوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت كۆبووەوە. 

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا راپۆرتێك دەربارەی بارودۆخی دارایی هەرێمی كوردستان و لێكەوتە ئابوورییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا و هەوڵەكانی ڕێكخستنەوەی داهات و خەرجییەكان لە هەرێمی كوردستان لە لایەن وەزیری دارایی و ئابووری و سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران پێشكەشكرا. 

سەرۆكی حكومەت جەختی لەوە كردەوە كە سەڕەڕای كەمبوونەوەی رێژەیەكی زۆری داهاتەكانی هەرێمی كوردستان، بەڵام حكومەت هەموو هەوڵی خۆی دەدات بۆ ئەوەی كەمترین زیان بە هاووڵاتییان بگات. گوتیشی كاری  ئێستای حكومەتی هەرێم پاراستنی تەندروستی هاووڵاتییان و دابینكردنی خۆراك و دەرمان و مووچەیە . 

سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بەوەدا، كە هەمەجۆركردنی ئابووری و سەرچاوەكانی داهات و گرنگیدان بە سەرجەم كەرتەكانی ئابووری بەتایبەتی كشتوكاڵ، بەشێكی گرنگی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە. بۆیە ئێستاش زیاتر جەخت لە گرنگیدان بە كەرتی كشتوكاڵ دەكەینەوە و لەمبارەیەوە پشتیوانی لە هەوڵەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو دەكەین.

ئەنجومەنی وەزیران بە كۆی دەنگ بڕیاریدا، كە بەرنامەی ئەنجومەنی وەزیران دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی حكومەت و دەستكاری نەكردنیەتی، هەروەها ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریاندا نیوەی مووچە و دەرماڵەی دوومانگی خۆیان ببەخشن بە گەنجینەی حكومەت بۆ ئەوەی بە سەر خەڵكانی كەمدەرامەت دابەش بكرێت .   

لە بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكەدا رەشنووسی پەیڕەوی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئاسانكاریی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی ژمارە (2) ی ساڵی 2020 خرایە روو. ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە گرنگیی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی كردەوە بە ئاڕاستەی زامنكردنی شایستەداراییەكانی مووچەخۆری شایستە و لە دوای گفتوگۆ بە كۆی دەنگ پڕۆژەی پەیڕەوەكە پەسەند كرا بە چەند گۆڕانكارییەكەوە.

سەرۆكی حكومەت لیژنەیەكی یاسایی لە ئەنجومەنی وەزیران راسپارد بۆ ئەوەی میكانیزمی یاسایی بدۆزنەوە بۆ كەمكردنەوەی بارگرانیی لە سەر شانی خەڵكی كاسبكار وكرێچی كە بەهۆی رێكارەكانی خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا زیانیان بەركەوتووە. 

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا پێشنیاری وەزیری دارایی وئابووری و سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران پەسەند بكات كە خەرجی بەكاربردنی وەزارەتەكان و دامەزراوەكان بە شێوەیەكی بەرچاو كەمبكرێتەوە و ئەولەویەت بدرێ بە دابینكردنی مووچە و خزمەتگوزارییە گشتیە بنەڕەتییەكان وبڕیاریشدرا ھەرچی زووشە یاسای چاكسازیی بۆ كەمكردنەوەی خەرجی ناپێویست بخرێتە بواری جێبەجێكردن تا ئەنجامەكەی بخرێتەوە خزمەتی مووچەخۆرانی شایستە.

لە بڕگەیەكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا هەردوو بەڕێزان وەزیری پەروەردە و خوێندنی باڵا وتوێژینەوەی زانستی پلانی تەواوكاری خوێندنی ساڵی خوێندنی 2019 ـ 2020 یان خستەروو سەبارەت بە پرۆسەی خوێندن و خشتەی تاقیكردنەوەكان. ئەنجومەنی وەزیران جەختی كردەوە، كە نابێت خوێندنی ئەمساڵی قوتابیان بەفیڕۆبچێت و رەزامەندیدا لەسەر پێشنیاری فەراهەمكردنی خوێندن و فێربوون بەشێوازیی پاڵپشتیكار لە ڕێگای پرۆژەی خوێندنی ئەلیكترۆنی بۆ قوتابیان و خوێندكاران و بەردەوام بوونی پیادەكردنی شێوازی ئۆنلاین یان ئەلیكترۆنی لە ناوەندەكانی خوێندنی ناحكومی وەك شێوازی پاڵپشتیكار تاوەكو سەرجەم پێداویستی تەكنیكی وكارگێڕیی وقانونییەكانی خوێندنی ئۆنلاین لە هەرێمی كوردستان دابین دەكرێت.

دواتر بەڕێز وەزیری تەندروستی ڕاپۆرتێكی پوختی لەسەر بارودۆخی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنای لە هەرێم خستەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران سەرەڕای دەستخۆشی لە پزیشك وپەرستار و كارمەندانی تەندروستی و هێزەكانی ئاسایش و ئاسایشی ناوخۆ و و كارمەندانی شارەوانی و گشت یەكە ئیدارییەكانی هەرێم ، بڕیاریدا كە وەزارەتی تەندروستی پێداویستییەكان لە دەرمان و ئامێر  و پێداویستیە پزیشكییەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگارەكان و سەرۆكی ئیدارە سەربەخۆكان ئامادە بكات بۆ ڕووبەڕروبونەوەی قۆناخی ئێستا و پێشبینیكراویش . 
 ئەنجومەنی وەزیران سوپاسی خۆڕاگریی و پابەندبوونی خەلكیشی كرد لەمبارەیەوە و داوایكرد بەردەوام بن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com