قەیرانی قوڵتر ڕوو لە عێراق دەکات

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، دەسەڵاتدار و حزبەکانی عێراق هیچ خەمخۆر نین بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان.

سەرەڕای بوونی مەترسی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، کە ڕووی لە جیهان کردووە و ئابووری زۆربەی وڵاتانی خستووەتە بەردەم مەترسییەکی گەورەوە و خەریکە ئابووری جیهان دادەڕمێنێت، بەڵام عێراق خۆی چەندین قەیرانی دیکەی هەیە، لە هەمووشیان مەترسیدارتر قەیرانی ئابووری و تەندروستییە، دابەزینی نرخی نەوت هێندەی دیکە ئەرکی قورستر کردووە.       

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، لە بارەی پەرەسەندنی قەیرانەکانی عێراق، ڕایگەیاند: عێراق دەوڵەتە و خەڵکی لەژێر دەستە، ناچارە ڕووبەڕووی قەیرانەکان بێتەوە، چونکە هیچ ڕێگاچارەیەکی دیکەی نییە، بۆیە ئەگەر ڕووبەڕووی ئەم قەیرانانە نەبێتە، ئەوا قەیرانی دیکە ڕوو لە عێراق دەکات، کە ڕەنگە پەلکێشی بکات بۆ شەڕی ناخۆ و دابەشبوونی عێراق.

جەمال کۆچەر گوتیشی “ئێستا بۆ عێراق قەیرانێکی ئابووری و تەندروستییە، ئەگەر چارەسەر نەکرێت ئەوا دەبێتە قەیرانێکی سیاسی، ئەمنی و جڤاکی، چونکە خەڵک پارەی پێ نەبوو ناو ماڵی تێکدەچێت، دەبێت دەسەڵاتدارانی عێراق بەجددی بێنە سەرخەت بۆ چارەسەرکردنی، ئەگەرنا قەیرانەکان فراوانتر دەبێت”.

ئەو پەرلەمانتارە کوردە ئاماژە بەوە دەکات، تا ئێستا دەسەڵاتدار و حزبەکانی عێراق خەمخۆرنین بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان، دز هەر دزە و خۆفرۆش هەر خۆفرۆشە. دەشڵێت “بەزەڕە خۆیان نەگۆڕیوە و شعوری ئەوە ناکەن، کە عێراق لە مەترسیدایە و پێویست بەوەدەکات، کە هەندێک شت دەبێت بگۆڕن، ئەوان تا ئێستاش قبووڵی ئەوە ناکەن هەموو کەسێک ببێتە سەرۆک وەزیران و دەبێت هەر لە خۆیان بێت، بەڕاستی هیچ هەست بەوە ناکەیت، کە ئەمانە پیاوی دەوڵەت بن یان شعوری بەرپرسیاریەتیان هەبێت”.  

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com