لێکەوتەکانی جێگیرکردنی سیستەمی پاتریۆت لە هەولێر چیە؟

0

ئەسعەد مورادی

ئەمریکا چەندین ساڵە هەوڵ دەدات ئەو جۆرە سیستەمانە لە سنوورەکانی خۆی یان لە خاکی وڵاتانی هاوپەیمان لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا دابمەزرێنێت. ئەم هەوڵانە هەر لە کۆتایی شەڕی دووەمی جیهانییەوە  و پاش ئەوەی ئاڵمان هەوڵی ئەوەی دا کە مووشەکی دوورهاوێژ بەرهەم بهێنێت، دەستییان پێ کردووە.

بەهۆی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیای موشەکی ئێران و کردنە ئامانجی سەربازگەیەکی ئەمریکی لە عێراق و  مەترسی هێرشی موشەکی زیاتر و توندتربوونی ناکۆکی و ململانێکانی نێوان ئەمریکا لەگەڵ ئێران و  هاوپەیمانەکانی، ئەمریکای ناچار کرد پێداچوونەوە بە سیاسەت و شێوازی بەرگری و خۆپارێزی و کەمکردنەوەی سەربازگەکانیدا بکات.

شارەزایانی سیاسی پێییان وایە، ئەم جموجۆڵە سەربازییە نوێیەی ئەمریکا هەڕەشەی جددییە لەسەر میلیشیاکانی سەر بە تاران و خودی تاران، هاوکات بەرپرسانی ئێران لە چەندین پلە و پۆستی فەرمی باڵادا، لە داوای قسەکانی دوناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، (کە گوتی ئێڕان پلانی زیان گەیاندنی بە هێزەکانی ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانیانی لە عێراق هەیە و ئەم کارەش زۆر گران لەسەر ئێران دەوەستێ و دەبێ باجێکی زۆر قورس بدەن)، ئاماژەیان بە جموجۆڵی نوێی سەربازی ئەمریکا لە عێراق کردووە و بە تێکدانی دۆخی ناوچەکەی دەبیین و دەشڵێن شەڕ دەست پێناکەین و بەرگری لەخۆمان دەکەین. 

سیستەمی دژە موشەکی پاتریوت چییە؟

سیستەمی دەژە موشەکی پاتریوت، بەشێکە لە سیستەمی بەربڵاوتر و گەورەتری بەرگری دژە موشەک ئەمریکا لە جیهان و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. سیستەمی بەرگری دژە موشەکی، جۆرە سیستەمێکە، کە لە ڕێگای سیگناڵی ئاگادارکردنەوەی ئەو ڕادارە پێشکەوتووانەوە، کە لە زەمین یان بۆشایی ئاسماندا جێگیر کراون، ئاراستەی جووڵەی ئەو موشەکانە دیاری دەکات، کە لە لایەن وڵاتانی تر یان دۆژمنانەوە هاوێشتراون و ئەگەر پێشبینی ئەوە بکرێت، کە ئەو موشەکانە خاک یان هێزەکان یان بەرژەوەندییەکانی وڵاتی دامەزرێنەری سیستەمەکە (لێرەدا ئەمریکا) یان هەر ئامانجێکی دیکە دەپێکن، کە لە ژێر چاودێری و کۆنتڕۆڵی ئەو سیستەمانەدان و بڕیارە ئەو سیستەمانە بەرگری لێ بکەن، بە کەڵک وەرگرتن لە موشەکی شوێنگیر دەکرێنە ئامانج و پێش ئەوەی بگەنە شوێنی مەبەست، لە ئاسماندا دەتەقێنەوە و پووچەڵ دەکرێنەوە.

Patriot MIM-104 surface-to-air defense missile system data ...

 سیستەمی نایک-زئوس، سیستەمی نایک-ئیکس، سیستەمی سەنتینێڵ، سیستەمی سەیفگۆرد یان پاسەوان، و داهێنانی بەرگری ستراتیژیک  یان شەڕی هەسارەکان ئەو سیستەمانە بوون کە ئەمریکا هەوڵی دا لە قۆناغی جەنگی سارددا لە نێو سنوورەکانی خۆی جێگیریان بکات. لە قۆناغی پاش شەڕی ساردیشدا هەموو سەرۆک کۆمارەکان، واتا بۆش، کلینتون، جۆرج واکر بۆش و ئوباما پلانی جیاواز و تایبەت بە خۆیان هەبووە بۆ دامەزراندنی سیستەمی بەرگری دژە مووشەکی. هەروەها ئەمریکا لەگەڵ هەندێ لە وڵاتانی جیهان وەک ئەوروپا (لە چوارچێوەی ناتۆ)، وڵاتانی عەرەبی کەنداوی فارس (بەحرەین، قەتەر، کوەیت، عەرەبستان)، ئیسرائیل، ژاپۆن، تایلەند و کوریای باشوور و ئێستاش عێراق و هەرێمی کوردستان، هاوکاری کردووە بۆ دامەزراندنی سیستەمی بەرگری دژە موشەکی.لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا هەوڵی ئەمریکا ئەوەیە کە لە ئاکامدا بتوانێت ئەو سیستەمە جیاوازانە پێکەوە گرێ بدات و لە کۆتاییدا بتوانێت سیستەمێکی بەربڵاوی جیهانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەڕەشەی موشەکی وڵاتانی دژبەری ئەمریکا پێکبهێنێت. 

Safeguard : آخرین گام های یک محکوم به مرگ

بۆ ئەو مەبەستە ئەمریکا کەڵکی لە هەندێ سیستەمی جۆراوجۆر بۆ جێگیر کردن و دامەزراندن لە دەریا، زەمین و ئاسمان وەرگرتووە، بۆ ئەوەی بتوانێت ڕووبەڕووی هەموو جۆرە هەڕەشەیەکی موشەکی (موشەکی دوورهاوێژ، نێوان هاوێژ و کورت هاوێژ) ببێتەوە. هەندێ لەو سیستەمانە بریتین لە سیستەمیئاسمانی  تاد، سیستەمی دەریایی ئەیجیس (Aegis) کە لە سەردەمی ئوباما بەتایبەت لە ئەورووپای ڕۆژهەڵات جێگیر کرا و هەروەها سیستەمی پاتریوت یان ڕاداری شوێنگری قۆناغی بۆ پێکانی ئامانج(Phased Array Tracking Radar Intercept Of Target).  

سیستەمی پاتریوت، کە بڕیارە لە هەرێمی کوردستان جێگیر بێت، سیستەمێکی بەرگری دژە موشەکی هێزی زەمینی ئەمریکایە، کە یەکەم جار کۆمپانیای ئەمریکی ڕایتۆن (Raytheon) لە کۆتایی دەیەی 1970 بەرهەمی هێنا و لە ئەڵمانیای ڕۆژئاوا خرایە خزمەتی ناتۆ. پاتریوت توانای شوێنگرتن و پووچەڵ کردنەوەی مووشەکی باڵستیکی تاکتیکی و مووشەکی کرووزی لە هەموو کەش و هەوایەکدا هەیە. پاتریوت ڕاداری پێشکەوتووی هەیە و لە کاتی نزیکبوونەوەی مووشەکدا چالاک دەبێتەوە و بۆ تێکشکاندنی هەر مووشەکێک کە بەو ئاراستەیە دێت. ئەم سیستەمە لە سی ساڵی ڕابردوودا لە شەڕ و  پێکدادانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕۆڵێکی زۆر گرنگ و بەرچاوی گێڕاوە. لە جەنگی یەکەمی کەنداودا لە ساڵی 1991، ئەرکی پاراستنی ئاسایش و بەرگری کردن لە عەرەبستانی سەعوودی و ئیسرائیلی لە ئەستۆ بوو. . ئێستاش ئەو سیستەمە لەو دوو وڵاتە جێگیرە (هەڵبەت لەم ڕۆژانەدا دەنگۆی ئەوە هەبوو کە سیستەمەکەی کوەیت گوازراوەتەوە بۆ عێراق) جگە لەوانە لە وڵاتانێکی وەک ئیمارات، قەتەر، کوەیت، هۆلەند، کووریای باشوور، ژاپۆن، ئەڵمانیا، یۆنان، تایوان و ئیسپانیا کەڵکی لێ وەرگیراوە. شایانی ئاماژەیە کە لە ساڵی 2003، بە مەبەستی پووچەڵ کردنەوەی مووشەکەکانی عێراق، پێشکەوتووترین نوسخەی پاتریوت – PAC-3- لە کوەیت جێگیر کرا.

قەتەر و ئیمارات بۆ کڕینی سیستەمی بەرگری دژە موشەکی ئەمریکا نزیکەی 8 ملیارد دۆلاریان پێشکەشی کۆمپانیای “مارتین لاکهید” کرد تا وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بڕیار بدات سیستەمی ئیکس-باند و سیستەمی “تاد” لە وڵاتەکەیان جێگیر بکات.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، محەمەد حوسێنزادە، دکتۆرا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لەبارەی گرنگی دانانی سیستەمی موشەکی پاتریۆت لە هەولێر، رایگەیاند: ئەگەر ئەو هەواڵە ڕاست بێت، کە سیستەمی بەرگری دژە موشەکی پاتریوت لە هەرێمی کوردستان جێگیر دەبێت، ئەوە لە ڕووی سیاسی-ستراتیژیکەوە بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە و لە داهاتوودا کاریگەری پۆزەتیڤی دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی هەرێم و ئەمریکا. جگە لەوەی کە جێگیر کردنی ئەو سیستەمە لە هەرێمدا نیشانەی ئەوەیە کە ئەمریکا کوردستان بە ناوچەیەکی ئەمنتر دەزانێت بۆ هێزەکانی خۆی، ئەگەر چاو لەو وڵاتانەی بکەین کە پێشتر بەشێک لە سیستەمەکانی ئەمریکایان تێدا جێگیر کراوە، ئەو وڵاتانە بوون کە ئەمریکا وەک هاوپەیمان و هاوکاری خۆی چاوی لێ کردوون. جێگیر کردنی ئەو سیستەمانە ئەگەر بۆ ماوەیەکی درێژ خایەن بێت دەبێتە هۆی پێکهاتنی پەیوەندییەکی نوێ بە تایبەت لە بواری سەربازی – زنیارییەوە لە نێوان ئەمریکا و ئەو وڵاتانەی کە سیستەمەکانیان تێدا جێگیر دەبێت. 

د. محەمەد حوسێنزادە ئماژەی بەوەدا، کە دوو وڵاتی قەتەر و ئیمارات بۆ کڕینی سیستەمی بەرگری دژە مووشەکی، پێشنیاری مامەڵەیەکی 6.7 ملیارد دۆلاریان پێشکەشی کۆمپانیای “مارتین لاکهید” کرد تا وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بڕیار بدات سیستەمی ئیکس-باند و سیستەمی “تاد” لە وڵاتەکەیان جێگیر بکات. ئەویش دوای ئەوەی، کە ڕێکخراوەی هاوکاری بەرگری- ئەمنییەتی قەناعەتی بە کۆنگرە هێنا، کە هەڕەشەی موشەکی ئێران لە ناوچەی کەنداو، جددییە.  ماماڵەکە بە گشتی نزیکەی 8 میلیارد دۆلار تێچووی هەبوو. 

THAAD SYSTEM

حوسەینزادە دەڵێت، لە لایەکی ترەوە، لەو ساڵانەی دواییدا لە هەندێ وڵاتدا، کە ئەمریکا ویستوویەتی سیستەمی دژە موشەکی دامەزرێنێت، خەڵکی دەوروبەری ئەو ناوچەیە، کە بڕیار بووە سیستەمەکەی تێدا جێگیر بێت، خۆپیشاندانیان کردووە (وەک کۆماری چیک، پۆڵەندا و کۆریای باشوور). بیانوویشیان ئەوە بووە، کە رادارەکان کاریگەری خراپ دادەنێن لەسەر سڵامەتی و تەندروستی خەڵک و بەرهەمی کشتوکاڵی.

Environmental Monitor | X-Band Radar Monitors El Niño Rainfall ...
X-BAND RADAR

حوسێنزادە گوتیشی، من نازانم زانستی پزیشکی لەو بارەوە چی دەڵێت و ئایا ڕاداڕەکان کاریگەری خڕاپیان لەسەر تەندروستی دەبێت یان نا، بەڵام دەزانم هەمووی ئەو سیستەمانەی، کە لە ساڵی 1957 تا سەرەتای 1980 لە ناوخۆی ئەمریکا جێگیر دەکران و هەڵدوەشانەوە، هەمیشە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی هەڵوەشانەوەیان ناڕەزایەتی خەڵک بووە. دەشڵێت ”پرسێکی گڕنگە بۆ لێکۆڵینەوە و دەبێ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەستیار بێ لەسەر شوێنی دامەزراندنی سیستەم و بەتایبەت رادارەکان (نەک لەسەر هەبوونی سیستەمەکە)”.

پاتریۆت لە بەغدا جێگیرکرا

سەرچاوەیەکی ئەمنی بە ماڵپەڕی النهرین، رۆژی چوارشەممە ١-ی ئەپریەڵ، ئاشكرای کرد، کە ئەمریکا سیستمی بەرگری موشەکی پاتریۆت لە باکوری بەغدا جێگیر کردووە.

سەرچاوەکە ئەوەش دەخاتەڕوو، کە ئامانج لە جێگیرکردنی ئەم سیستمە موشەکییە، بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشانەیە، کە دەکرێتە سەر بنکە سەربازییەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق. جەختیش دەکاتەوە، ئەم سیستمە موشەکییە، لە بنکەی تاجی لە باکوری بەغدا جێگیر کراوە.

ترەمپ: گروپەكانی نزیك لە ئێران
پلانیان دژ بە هێزەكانی ئەمریكا
لە عیراق هەیە

دۆناڵد ترامپ، سەرۆكی ئەمریكا، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لە كۆشكی سپی رایگەیاند، زانیارییان دەستكەوتووە، كە گروپەكانی نزیك لە ئێران بەنیازی كارێكن دژ بە هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق، “ئێران خۆی نایكات، بەڵكو گروپەكانی سەر بەو وڵاتە دەیكەن”.

سەرۆكی ئەمریكا دوپاتیشیدەكاتەوە، جیاوازی لەنێوان ئەو گروپانە و ئێراندا نییە و خودی تاران سەرپەرشتی ئەو هەڕەشە و پلانانە دژی هێزەكانی ئەمریكا دەكات، بۆیە هۆشدارییان دەداتێ و دەڵێت ”شتی وا مەكەن، ئەگەرنا باجی زۆر قورسی ئەو كارە دەدەن”.

دواتریش دۆناڵد ترامپ لە تویتێكدا دووبارە جەختی لە زانیارییەكانیان لەبارەی ئەگەری هێرشی گروپە چەكدارەكانی عیراق بۆسەر هێزەكانی ئەمریكا كردەوە و نوسیوێتی ”ئەگەر ئەوە رووبدات ئێران لەبەرامبەر ئەو كارەی باجێكی زۆر قورس دەدات”. 

حەشدی شەعبی ئامانجی هێرشەکانی ئەمریکایە

کریم علیوی، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بە پێێ ئەو زانیاریانەی، کە لە بەردەستدان، ئەمریکا لە پلانیدایە، کە لایەنە شێعەکانی وەک حەشدی شەعبی و حزبوڵڵا و هەروەها ژمارەیک سەرکردەی سیاسی و سەربازی ئەم گروپانە بکاتە ئامانجی هێرشەکانی.

علیوی هۆشداریش دەدات، هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر ئەم لایەنانەوە بێ وەڵام نامێنێتەوە.

ئێران: توندترین کاردانەوەمان دەبێت

سوپاسالارمحمد حسێن باقری، سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران، رۆژی پێنجشەممە ٢-ی ئاپریل لە بارەی جووڵە سەربازیەکانی ئەمریکا لە ئێڕان و ناوچەی کەنداو هەڵوێستی وەرگرت و رایگەیاند: دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێران بە وردی چاودێری ئەم جموجۆڵانەی ئەمریکا دەکەن لە عێراق و ناوچەکە.

باقری گوتیشی، لە ئەگەر هەر هێرشێکی ئەمریکا، توندترین کاردانەوەیان دەبێت.

سوپاسالاری ئێران هەروەها رەتی کردەوە، کە ئەوان هێرشیان کردبێتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە  عێراق.

سەبارە بەوەی کە ئێران چۆن لەو سیستەمە دەڕوانێت؟ محەمەد حوسەینزادە گوتی ”دیارە ئێران دامەزراندنی ئەو سیستەمانە بە هەڕەشەیەک لە دژی خۆی دەزانێ و هەڵبەت ئەمریکایش بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە، کە بۆ بەرگری کردن لە بنکە و هێزەکانی خۆی لەبەرانبەر هەڕەشە موشەکییەکانی ئێران و گروپە مییلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێران ئەو سیستەمانە جێگیر دەکات؛ لەبەر ئەوەی، کە ئەو سیستەمانە دەتوانن موشەکەکانی ئێران پووچەڵ بکەنەوە، ئێران بە نیگەرانییەوە چاویان لێ دەکات. ئەوە دەتوانێت کاریگەری هەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی تاران و هەوڵێریش و ئەگەری ئەوەیە هەیە، کە ئێران گوشار بخاتە سەر هەرێم. 

سەبارەت بەوەی کە ئایا دانانی ئەو سیستەمانە دەستپێکی شەڕێک بێت لە دژی ئێران و هاوپەیمانانی؟ حوسەینزادە پێیوایە، کە تەنیا بە جێگیرکردنی ئەو سیستەمانە ناتوانێت نیشانەی نییەتی ئەمریکا بێت بۆ دەستپێکردنی شەڕێکی بەربڵاو بەتایبەت لەگەڵ ئێران. بەڵام دامەزراندنی ئەو سیستەمانە هاوکات لەگەڵ جوڵەکانی تری ئەم دواییانەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچە نیشانەی ئەوەیە، کە ئەگەری ئەوە هەیە شەڕێک بە تایبەت لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ئێران لە عێراق ڕوو بدات. هیچ کەسیش ناتوانێت گەرەنتی ئەوە بکات، کە ئەو شەڕە نەبێتە هۆی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران و ئەمریکا، بەتایبەت، کە ترامپ ڕایگەیاندووە هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر هێزەکانیان لە لایەن هەر گروپێکەوە بێت، ئێران بە بەرپرسیار دەزانن. 

سیستەمەکانی پاتریۆت بێ کەموکورتی نین

ئەو شارەزایەی کاروباری نێودەوڵەتییە زیاتر روونی کردەوە و گوتی، تەنانەت ئەگەر هیچ جۆرە شەڕێکیش نەیەتە ئاراوە، جێگیر کردنی ئەو سیستەمانە کاریگەری نەرێنی لەسەر ئێران دادەنێن. خوێندنەوەی ئێران ئەوەیە، کە دامەزراندنی سیستەمی زیاتر لە نزیک سنوورەکانی، مانای ئەوەیە، کە بەربەست بۆ توانا موشەکیەکەی دروست دەبێت، ئەوەش مانای ئەوەیە، کە ئاسایشی نەتەوەیی خۆی لە مەترسیدا دەبینێتەوە. بۆیە عەقڵ دەڵێت، کە ئێران هەوڵ دەدات موشەکی باشتر و زیاتر بەرهەم بهێنێت. بەرهەمهێنانی موشەکی زیاتر یان بەرز کردنەوەی ئاستی تەکنۆلۆژیای موشەکەکانیش پێوستی بەوە هەیە، کە ئێران لەو بوارەدا سەرمایەگوزاری زیاتر بکات، ئەوە لە حاڵێکدایە، کە ئێران ئێستاش هەم بە هۆی گەمارۆکانی ئەمریکا و هەم بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و هاوکات داشکانی نرخی نەوت، تووشی قەیرانێکی ئابووری بووە. ئەگەر لە کەرتەکانی تر سەرمایە بگوازێتەوە بۆ بەشی سەربازی و موشەکی، گوشاری دەکەوێتەوە سەر هاوڵاتیان، بۆیە ئەو سیستەمانە تەنانەت بە بێ دەستپێکردنی شەڕیش دەتوانن تا ڕادەیەک هەڕەشە بن لەسەر ئێران. هەڵبەت ئەوەی کە باس کرا بەستراوەتەوە بەوەی، کە گۆڕانکارییەک لە پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا ڕوو نەدات و لەسەر پرسە جێ ناکۆکییەکان گفتوگۆ نەکەن. 

لەبارەی ئەوەی ئایا ئەو سیستەمانە هێچ کەموکورتییەکیان هەیە حوسەینزادە گوتی، هەڵبەت دامەزراندنی سیستەمی پاتریوت بەو مانایەش نییە، کە هێزەکانی ئەمریکا هیچ جۆرە مەترسییەکی موشەکییان لەسەر نییە. هۆکارەکەی ئەوەیە، کە ئەو سیستەمانە هەم دەتوانن فریو بدرێن و هەم دەتوانن پڕ ببنەوە یان ئیشباع ببن. مەبەست لە فریو دان ئەوەیە، کە لایەنێک، کە موشەک دەهاوێژێت دەتوانێت هەندێ شتی دیکە لەگەڵ موشەکەکان بهاوێژێت و رادارەکان فریو بدات. مەبەستم لە پڕکردن یان ئیشباع کردنیش ئەوەیە، کە ئەگەر سیستەمە بەرگرییەکە توانای شوێنگیری ٦ موشەکی بە شێوەی هاوکات هەبێت، لایەنی بەرانبەر دەتوانێت هاوکات ١٠ موشەک بهاوێژێت و سیستەمەکە ئیشباع بکات. بۆیە دەڵێن ”ئەو سیستەمانەیش بێ کەموکورتی نین”. 

ئەنجام

هێرشی موشەکی ناوە ناوە بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە لالەی میلیشیاکانی سەر بە ئێڕان، نیگەرانی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا، هەرچەند دوای کوشتی قاسم سولەیمانی، فەرماندی فەیلەقی سوپای پاسدارانی ئێڕان و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری دەستەی حەشدی شەعبی، لە بەغدا، گورزێکی کوشەندە بوو بۆ ئێران و میلیشیاکان، بەڵام نە لایەنی ئێرانییەکان وازیان لە دنەدانی ئەمریکا هێنا و نە ئەمریکاش ئەمەی پێ قبووڵ دەکرێ.

بە دانانی سیستەمی پاتریۆت لە هەرێمی کوردستان، بێگومان کۆمەڵێک دەرهاوەشتەی باش لەوانەیە خراپیش بە دواوە بێت بۆ هەرێمی کوردستان، بەم تێگەیشتنە ئایا هەرێمی کوردستان خزاوەتە ناو یارییە مەترسیدارەی ئەمریکا لەگەڵ ئێران و هاوپەیمانەکانی؟ ئایا ئەمریکا بۆ جارێکی دیکە پشتی هەرێم بەرنادات (16-ی ئۆکتۆبەر 2017) لە هەر مەترسییەک کە بۆ هەرێم بێتە ئاراوە؟

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com