ئایا کۆرۆنا یەکێتی ئەوروپا لەبەریەک هەڵدەوەشێنێتەوە؟

0

نوچە

ئەگەر چی یەکێتی ئەوروپا قەیرانی برێکزیت و داتەپینی ئابوری ساڵی ٢٠٠٨ی تێپەڕ کردووە، بەڵام گریمانە دەکرێت قەیرانی کۆرۆنا، ئەم یەکێتییە بەرەو هەڵوەشاندنەوە ببات. هاوکات لەگەڵ بە دەسەڵات گەیشتنی ڕەوتی توندڕەوەکان لە سەرتاسەری ئەوروپا، قەیرانی کۆرۆنا بۆتە کێشەیەکی مەزن لە بەردەم داهاتوی ئەوروپا.

ئەم قەیرانە هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ پۆلێن کردنی ئەوروپا بە ئەوروپای پیر و ئەوروپای گەنج. بەڵام بە دوور نییە، کە ڤایرۆسی کۆرۆنا یەکێتی ئەوروپا بەرەو لێواری هەڵوەشانەوە ببات.

کۆرۆنا تەنها قەیرانی تەندروستی گشتی نییە، بەڵکو قەیرانێکی سیاسی و ئابوریش هەژمار دەکرێت. ئەم پەتایە نەک هەر زیان و خەساری زۆری بە بیاڤی تەندروستی گشتی گەیاندووە و گیانی هاوڵاتیانی کردۆتەوە ئامانج، بەڵکوو شۆکێکی ئابوریشی بە دواوە بووە، کە ڕەهەند و لایەنەکانی بە بەراورد لەگەڵ قەیرانی ٢٠٠٨ بەربڵاوترە. دیارە ئەمە تەنها تایبەت بە یەکێتی ئەوروپا نییە، بەڵکوو سەرلەبەری ئابوری و ژیانی وڵاتانی جیهانی کردۆتەوە ئامانج.

سیاسەتی کەرەنتینە بۆتە هۆی کەم بوونەوە و دابەزینی چالاکییە ئابورییەکانی وڵاتان. کریستیەن لاگارد، سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەوروپا لە بەیانێکدا دەڵێت، دەبی یەکیەتی ئەوروپا چارەسەرێکی بۆ کێشەکانی خۆی بدۆزێتەوە. وڵاتانی وەک ئیتالیا، ئیپانیا و فەرەنسا زیاتر لە ئەوانیتر کەوتۆتە ژێر کاریگەری کۆرۆناوە. دۆخی ئابووریان باش نییە و تەنانەت بڕیاری ئەم دواییانەی کۆمیسیۆنی ئەوروپا بۆ یارمەتیکردنی وڵاتانی ئەندام تاکوو ئێستا نەبۆتە چارەسەر.

ئیتالیا هۆشداری دەدات

سەرۆکوەزیرانی ئیستالیا پەیامێکی هۆشدارئامێزی ئاراستە کردووە و دەڵێت، ڕەنگە یەکێتی ئەوروپا بە هۆی شکستهێنانی لە کۆنتڕۆڵکردنی ئیپیدیمی کۆرۆنا لە بەریەک هەڵبوەشێتەوە. هەر بۆیە دەبێ ئەندامانی ئەم یەکێتییە بە هاوئاهەنگییەوە بەرەنگاری ئەم قەیرانە ببنەوە. هیچ کات بوونی یەکێتی ئەوروپا بە ڕادەی ئێستا لە بەردەم مەترسیدا نەبووە.

ئەنجامی ڕاپرسیەکان دەریدەخات، کە گومان و دوڕدونگی ئیتالیاییەکان بە نیسبەت مانەوە و خۆڕاگری یەکێتی ئەوروپا تا دێ زیاتر دەبێت. تەنانەت نیوەی دانیشتانی ئیتالیا خوازیاری دەرچوونی ئەم وڵاتە لە ئەندامەتی ئەم یەکێتیەن.

دوای دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا لە سەرەتای ساڵی زایینی، بڵاوبوونەوەی خێرای پەتای کۆرۆنا و گەیشتنی بە سنووورەکانی ئەوروپا، زیانێکی زۆر و هەمەلایەنەی بەم یەکێتییە گەیاند. لە ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی قەیرانی کۆرۆنا، وڵاتانی ئەوروپی کێشە و گرفتەکانیان زیاتر دەبێت و ئەمەش  قەیرانی گەورەتری بەدواوە دەبێت.

ئێران و ئەکتەر بوونی ئەوروپا

لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا، یەکێتی ئەوروپا لە پەیوەندی لەگەڵ رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران، پێگە لاوازەکەی دەرکەوت. هەر جۆنێک بێت ئەوروپییەکان نەیانتوانی رێککەوتنی ئەتۆمی وەک دەستکەوتی سیاسی خۆیان بپارێزن و تێچووەکەی بدەن. ئەمەش بووە هۆکاری کشانەوەی ئێران لەو بەڵێنانەی، کە واژۆی لە سەر کردبوو. دواتر وەک کاردانەوە، ئەوروپییەکان میکانیزمی ئینستێکسیان هەڵبژارد، ئەمەش ئەو بەڵێنە نەبوو، کە ئەورەپییەکان لە کاتی کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنەکە بە ئێرانیان دابوو.

شێوەی مامەڵەکردنی لەگەڵ ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و جۆری ئەکتەربوونی ئەوروپا بە کردەوە پرستیژی بۆ ئەم یەکێتییە نەهێشتووەتە. ئەنجامەکان دەریخست، کە پەیوەندییەکانی ئەوروپا و شێوەی ڕوانینی بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی زیاتر لەوەی ئیرادەی ئەوروپای لە پشت بێت، دەرکەوت، کە زۆرتر لە ژێرکارگەری ئەمریکا و قورسایی هێز و سەنگی واشنتۆندایە.

هەر چۆنێک بێت کۆرۆنا بۆتە هۆکارێک، کە ئەوروپییەکان بەرەبەرە تەرکیز لە سەر ناوخۆ و کیشەکانی خۆیان بکەن. ئەوەی، کە کۆرۆنا تا کەی دەتوانێ وڵاتان بە خۆوە خەریک بکات ڕوون نییە. بەڵام تاکوو ئێستا پەیوەندییە ناوخۆییەکانی ئەم یەکێتییەی لاواز کردووە.

ئێستا ئەگەر یەکێتی نەتوانێ سیاسەتێکی تۆکمە و یەکگرتوو بەرامبەر بەم قەیرانە بگرێتە بەردەم، بە دوور نییە، کە مەیلی ئەندامانی بۆ مانەوە لەم یەکێتییە لاواز ببێت و یەکە یەکەیان لە چەشنی بەریتانیا ڕێگای جیابوونەوە بگرنە بەر.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com