ئایا کازمیش دەگاتە بنبەست؟

0

نوچە: ئاژانسەکان

لە کاتێکدا یەک لە سەر سێی مۆڵەت و کاتی مستەفا کازمی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بە سەر چووە، لایەنەکان لە بارەی بە ئەنجام نەگەیشتنی پڕۆسەی سیاسی عێراق و ئاڵۆزتربوونی دۆخی ئەم وڵاتە هۆشداری دەدەن. تەنانەت لایەنی سیاسی وا هەیە، کە لە بارەی کشانەوە لە ڕەوتی گفتوگۆ و دانوستانەکان هۆشداری دەدات.

لە ئەگەری درێژەکێشانی ئەم ڕەوتە و بە ئەنجام نەگەیشتنی دانوستانەکانی پەیوەست بە ڕێککەوتنی لایەنەکان لە سەر پێکهاتەی حکومەتی کازمی، پێناچێ سەرۆک وزیرانی ڕاسپێردراو بتوانێ لە کاتی دیاریکراودا کابینەکەی بە پەرلەمان بناسێنێت و دەنگی متمانەی بۆ وەربگرێت.

ئەم بنبەستە، تاکوو ئێستا دەرەنجامی پێداگری لایەنەکان بووە لە سەر داواکاری و مەرجەکانیان بۆ پەیوەست بوونیان بە پڕۆسەیەکی نوێی سیاسی و ئیداری لە عێراق.

بەپێی لێکدانەوەی شارەزایان و چاودێرانی سیاسی، رەوتی گفتوگۆی نێوان لایەنەکان جێی خۆی داوە بە کۆمەڵێک داواکاری و مەرج، کە ئەمەش گرفتەکانی بەردەم پێکهێنانی کابینەی حکومەتی زیاتر کردووە.

بە گوێڕەی بۆچووونی شارەزایانی سیاسی، کە لە نزیکەوە چاودێری دۆخی سیاسی عێراق دەکەن، خاڵی هاوبەشی سێ پێکهاتەی کورد، سوننە و شیعە، لە یەک خاڵدا کۆدەبێتەوە، ئەویش پێداگری هەر کامەیانە لە سەر پشكی ئەوان لە دەسەڵات و ژمارەی ئەو پۆست و وەزارەتانە، کە دەبێ ڕادەستیان بکرێت.

چەند سەرچاوەی ئاگادار لەم بارەوە هۆشداری دەدەن و دەڵێن، تەوەری ناکۆکیەکان پەیوەستە بە جیاوازی لایەنەکان سەبارەت بە پۆستە سیادییەکانی وەک وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی بەرگری، وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی دارایی و پلاندانان. ئەمەش لە کاتێکدایە، کە کورد پێداگری لە سەر مانەوەی فواد حوسێن لە وەزارەتی دارایی دەکاتەوە.

هاوکات ڕەوی حیکمە، بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم، لە بارەی کشانەوەیان لە پرۆسەی گفتوگۆکان هۆشداری دەدەن و جەخت دەکەنەوە، کە بابەتی پشک پشکێنە و مەرجەکانی لایەنەکان زیاتر لە هەموو کاتێک بەرجەستە بۆتەوە و ئەمەش وای کردووە، کە لەمپەر لە سەر ڕێی بەردەوام بوونی ئەم پرۆسەیە دروست بکات.

حسن فدعم، ئەندامی ڕەوتی حیکمە دەڵێت، گفتوگۆکانی نێوان تیمی کازمی و فراکسیۆنە سیاسییەکان بۆ بە ئەنجام گەیاندنی پێکهاتەی حکومەت بەرەدوامە، بەڵام هەندێ، لە لایەنەکان بە راشکاوی و بە شێوەی ئامانجدار پێداگری لە سەر مەرجەکانیان دەکەنەوە و ئەمەش زیانی بە تەندروست بوونی پڕۆسەی گفتوگۆکان و ئەنجام بەخش بوونی گەیاندووە.

فدعم ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ئەگەر بەرەدوام بوونی لایەنەکان لە سەر بابەتی پشک پشکێنە، لە پرۆسەی گفتوگۆکان دەکشێنەوە.

لەم بارەوە موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، ئیدانەی ئەو لایەنانە دەکات، کە کێشە لە بەردەم پێکهاتەی کابینەی کازمی دروست دەکەن و بە پێگەی العربی الجدیدی گوتووە: هەموو فراکسیۆنە سیاسییەکان بۆ رێککەوتن لە پێناو پێکهێنانی کابینەی نوێی حكومەت بەرپرسیارن، بەڵام بەرپرسارێتی گەورە لە ئەسۆی فراکسیۆنە شیعەکانە، کە کازمییان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران کاندید کردووە.

بەردەوام بوونی ئەم ناکۆکیانە وای کردووە، کە هەندێک لایەن و کەسایەتی سیاسی لە بارەی بە بنبەست گەیشتنی پڕۆسەی سیاسی لە عێراق هۆشداری بدەن.

لەم بارەوە، بهاء الاعرجی، جێگری پێشووی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە بارەی هەرەسهێنانی پرۆسەی سیاسی لە عێراق هۆشداری دەدات و داوای لە لایەنەکان کردووە لە سەرخستنی پرۆسەی سیاسی عێراق و یارمەتیکردنی مستەفا کازمی هاوکار بن، تەنانەت ئەگەر ناکۆکی و جیاوازی بۆچوونیشیان لەگەڵ هەبێت، هەر چۆنێک بێت ئاماژەکانی بە بن بەست گەیشتنی پڕۆسەی سیاسی لە عێراق وەدیار کەوتووە و پێدەچێ بنبەستێکی دیکە لە پرۆسەی سیاسی عێراق تۆمار بکرێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com