کێشەکانی بەردەم کازمی چین؟

0

نوچە

سەرئەنجام دوای ماوەیەک مشتومڕ و ناڕوونی لە دۆخی سیاسی عێراق، مستەفا کازمی، بە دەنگی نە چەندان بە هێز و پاڵپشتییەکی لاوازی لایەنە سیاسییەکان، کابینەی حکومەتەکەی خۆی پێکهێنا. سەرەتای ئەم سەرکەوتنەی سەرۆکوەزیران هاوکات بوو لەگەڵ پێشوازی هەر یەک لە تاران و واشنتۆن، وەک دوو لایەنی یەکلاکەرەوەی هاوکێشە سیاسییەکانی بەغدا.

ئێستا ئیدی کازمی لەگەڵ کۆمەڵێک کێشە و قەیران بەرەوڕوویە، کە بە بۆچوونی شارەزایان و چاودێرانی سیاسی، رێگایەکی دژوار و هەناسە بڕ لە بەردەم سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراقدایە و دەبێ پەنجە لەگەڵ ئەم کێشانە گەرم بکات.

یەکەم پرس، کە نیوەچڵ ماوەتەوە، پرسی ناساندنی چەند ئەندامێکی نادیاری کابینەیە بە پەرلەمان؛ کابینەیەک، کە تاکوو ئێستا ڕێککەوتن لە سەر پێنج وەزارەتی نەکراوە و هەر یەک لە وەزارەتەکانی نەوت و دەرەوەش کێشە و مشتومڕی لەسەرە، بەڵام ئەمە سەرەتای کێشەکانی سەر ڕێی کازمییە و بەمە کۆتایی نایەت.

دەنگی شەقام

دووەمین کێشەی جیدی کازمی بەدەست هێنانی متمانەی شەقامە و وەڵامدانەوەیە بە داواکاری و خواستی خۆپیشاندەرانی عێراقی، کە لە ئێستادا بەبێ دەنگی خۆیان مات داوە و دەڕواننە کارنامە و هەنگاو و پلانی کابینەی نوێ بۆ چارسەری کێشە و قەیرانە کەڵەکەبووەکان. شەقامێک، کە ئێتساش بۆنی خوێنی لێ دێ و داواکانی بە ئاگر و گولە وەڵام دراوەتەوە.

تاکوو ئێستا ڕاپۆرتێکی ورد لە بارەی توندوتیژییەکانی یەک ساڵی ڕابردووی هێزە میلیشیایی و ئەمنیەکان بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنی و ناڕازی ئامادە نەکراوە. شەقامی تووڕەی عێڕاق، تەنها بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ماوەیەکی کاتی بێ دەنگ بووە و تاکوو ئێستاش لە بارەی ناسنامەی ئەو هێزە چەکدارانە، کە تەقەیان لە خۆپیشاندەران دەکرد، زانیاری تەواو لەبەر دەست نییە و خەڵکی وەڵامێکیان بۆ ئەم بابەتە دەوێ.

داهات و موچە

کێشەیەکی دیکەی کازمی، پرسی موچەی فەرمانەرانە. ئێستا کازمی خاوەن کابینەیەکە، کە بە سەر ئابووریەکی داڕماوادا کەوتووە و لانیکەم لە شەش پارێزگای ئەم وڵاتە، ئاسەوارەکانی شەڕی داعش بەجێ ماوە. هاوکات لە کاتێکدا پێ دەنێتە کۆشكی سەرۆکوەزیران، کە لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوت بەروڕوویە و ئەمەش هاوسەنگی لە نێوان داهات و موچەی فەرمانبەرانی تێکداوە.

عێراق لەمساڵدا ٣٠ ملیار دۆلار لە بودجە کەمی هێناوە و پێدانی موچەی فەرمانبەران بەم دۆخەوە چاوەڕوان ناکرێت. لە لایەک کازمی دەبێت موچەی فەرمانبەران بدات، لە لایەکی دیکەوە کار بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بکات و لەگەڵ ئەوەشدا ژێر خانی تێکڕووخاوی زۆریەک لە شارەکانی عێراق ئاوەدان و نۆژەن بکاتەوە.

گەڕانەوەی داعش

بابەتێکی سەربازی و ئەمنی هەستیاری دیکە، کە نابێ نادیدە بگرین، گەڕانەوەی داعشە و دوای ئەم دۆخەی، کە بە سەر عێراقدا هاتووە، رێکخستەکانی خۆی کچالاک کردۆتەوە و هێرشەکانی لە چەند خاڵێکەوە بەردەوام و توندتر کردووە.

کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق

هەر چەند ناکرێ بە دڵنیاییەوە قسە لە پاشەکشەکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بکرێت، بەڵام کازمی لەگەڵ ئەوەی، کە دەبێ ململانێی سوننەکانی عێراق بکات، نیگەرانییەکی دیکەش ئەوەیە، کە ئەمریکا هێزەکانی لەم وڵاتە بکشێنێتەوە، ئەمەش کۆی هاوکێشەکان دەگۆرێ. دەبێ چاوەڕوان بین تاکوو ئەنجامی دانوستەکانی بەغدا و واشنتۆن بە کوێ دەگات. پرسیارەکە ئەوەیە، کە ئایا ڕێککەوتنێکی نوێ واژۆ دەکەن و ئەمریکا سەربازەکانی دەهێڵێتەوە یان پێچەوانەکەی ڕوودەدات.

کۆرۆنا

بە دڵنیاییەوە، ئەولەویەتێکی دیکەی کابینەی کازمی، بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە، کە تەنگی بە زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی جیهان هەڵچنیوە.

هەر چۆنێک بێت داهاتووی عێراق پێشبینی ناکرێ، بەڵام دەکرێ بە بەدبینییەوە لێی بڕوانین. عێراق لە جەرگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵکەوتووە، کە مەودای نێوان قەیران، شەڕ و ئەو کێشانەی، کە بەرۆکیان پێ گرتووە، یەک جار کەمە، ئەزموونی کردنی چوار دەیە شەڕ و کاولکاری و قەیرانی سیاسی و سەربازی و ئەمنی،  دیمەنەکانی بەردەستی ئەم وڵاتەن و کازمیش یەک لەو سەرۆکوەزیرانەیە، کە دەبێ چانسی خۆی تاقی بکاتەوە و دەست و پەنجەی لەگەڵ نەرم بکات.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com