زێڕی رەش سەری عێراقی سپی کرد

0

ئەسعەد مورادی

بەرلەوەى کۆرۆنا بگاتە عێراق و نرخى نەوت دابەزێت، ئەم وڵاتە خۆى بەدەست کێشەى سیاسییەوە گیرۆدە و نقوم بووە؛ بۆیە کێشەى عێراق تەنها قەیرانەکە نییە، بەڵکو تواناى وڵاتەکەیە بۆ روبەڕوبونەوەى قەیران و قەیرانەکانە، چونکە لە بنەماوە وڵاتەکە بەدەست نەبوونى دام و دەزگاى شەفاف و کاربەدەستانی ناشایستەوە دەناڵێنێت، کە ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، کە لە بنەماوە بەرگریى عێراق سست و شکستخواردووە.

هۆکاری دابەزینی نرخی نەوت

نەوت بەردەوام لە بازاڕدا کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت، مانگانە گڕیبەستەکان بەسەر دەچن و تەواو دەبن، دوایین کەس، کە گرێبەستەکەی بەدەستەوەیە ناچارە ئەو بڕە نەوتەی لە گرێبەستەکەدا هاتووە باری بکات، پێش بارکردنیش شوێنێکی بۆ بدۆزێتەوە بۆ کۆگاکردن، شوێنیش نییە، بۆیە نەوتەکە پارە ناکات، نەک پارە ناکات، دەبێت پارە بدات تاوەکو یەکێک لێی وەربگرێت.

سەرەتای ئەم دۆخە لە کوشینگی ئۆکلاهامای ئەمریکا دەرکەت. گەورەترین کۆگای نەوتی جیهان لەو شوێنەدایە. 19 تێرمیناڵی نەوتیی لێیە و، توانای کۆگاکردنی 90 ملیۆن بەرمیلی هەیە، 13٪ ی نەوتی هەموو ئەمریکا لەوێ کۆگادەکرێت، بەتەنیا ئەو بۆڕییانەی کە کۆگاکان بەیەکەوە دەبەستن توانای هەڵگرتنی 6.5 ملیۆن بەرمیلی هەیە، یەکەمجارە کۆگاکانی کۆشینگ خۆیان بۆ پڕبوونەوەی تەواوەتی ئامادە دەکەن کە لەڕووی لۆجستیکییەوە، تەحەددایەکی گەورەیە.

هەرچی کۆگای دونیا هەیە، کۆیان بکەیتەوە، 6 ملیارو 800 ملیۆن بەرمیل نەوت دەگرن، ئێستا 76 لەسەدیان پربوونەتەوە لە نەوت، زۆری نەماوە بەتەواوی پڕ ببنەوە و هەروەها لە ئێستادا 160 ملیۆن بەرمیل نەوت لەناو کە شتییەکاندایە و لەدەریادان و کۆگاکراوە.

عێراق لەهەموان زیاتر زیانى بەردەکەوێت

فاتیح پیرۆڵ، بەڕێوەبەرى جێبەجێکار لە ئاژانسی وزەى نێودەوڵەتى لەبارەى دۆخى عێراق و دابەزینى نرخى نەوتەوە دەڵێت: دابەزینى نرخى نەوت زیانى گەورەى بە هەمو ئەو وڵاتانە گەیاندوە کە ئابوریەکەیان پشت بە نەوت دەبەستێت، بەڵام عێراق لە هەموان زیاتر زیانى بەرکەوتوە.

پیرۆڵ پێیوایە؛ عێراق لە هەمو وڵاتانى بەرهەمهێنى نەوت زیاتر کاریگەریى دۆخەکەى بەسەرەوە دەردەکەوێت، چونکە یەدەگى پارەى نەختینەى  پێویستى لە سندوقدا نییە و (90%)ى داهاتیشى لە نەوتەوە دابین دەکات، ئەمە جگە لەوەى خودى ژینگەى سیاسى عێراق لە حاڵێکى خراپدایە.

بە وتەى شارەزایان؛ یەدەگى نەختینەى عێراق تەنها (62) ملیار دۆلارە، ئەمەش بە پێوەرى سندوقى نەختی نێودەوڵەتى بڕێکى کەمى پارەى یەدەگە بۆ وڵاتێکى وەک عێراق.(١)

زیانەکانی عێراق

عێراق لە ماوەی چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵ بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو لە دابەزینی نرخی نەوتدا 11 ملیار دۆلاری لەدەستداوە.

بەپێی داتا و ئامارەکانی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت – سۆمۆ، عێراق لە ماوەی چوار مانگی ئەمساڵدا بە بڕی نزیکەی 409 ملیۆن و 96 هەزار و 972 بەرمیل نەوتی خاوی فرۆشتووە، کە نرخی بەرمیلێک نەوت تێکڕا 38 دۆلار بووە، کۆی گشتیی داهاتەکەی 15 ملیار و 391 ملیۆن و 201 هەزار دۆلار بووە.

ئەمە لەکاتێکدا، چوار مانگی یەکەمی ساڵی 2019، عێراق 423 ملیۆن و 254 هەزار و 489 بەرمیل نەوتی فرۆشتبوو، بە تێکڕای نرخی 62 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، داهاتەکەشی 26 ملیار و 275 ملیۆن و 283 هەزار دۆلار بوو.

کازمی داوای هاوکاری دەکات(٢)

ئەمڕۆ دووشەممە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق داوای لە یەكێتی ئەوروپا كرد یارمەتی ئابووری و سەربازی حكومەتەكەی بدەن.

ئەمڕۆ كازمی لە میانی دیداریدا لەگەڵ باڵوێزانی وڵاتانی ئەوروپا لە بەغدا، رایگەیاند: یەكێتی ئەوروپا هاوڕێ و هاوبەشی عێراقە، ئومێدەوارن وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا درێژە بە یارمەتییەكانیان بدەن بۆ عێراق. باسی دۆخی خراپی ئابووریی وڵاتەكەی كرد و بە باڵوێزەكانی گوتووە، بە تایبەت لەم كاتەدا عێراق پێویستی بە یارمەتی ئابووری هەیە، ئەمەش بە هۆی دابەزینی نرخی نەوت و بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا.

بەڵێنی ترەمپ

دۆناڵد ترەمپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا په‌یوه‌ندیی به‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی عێراقه‌وه‌ (مستەفا کازمی) كردووه‌ هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ میدیای فه‌رمی عێراق، له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ ئاشكرایانكردووه‌، ترەمپ جه‌ختی له‌ پێشكه‌شكردنی هاوكاریی دارایی پێویست بۆ پاڵپشتیكردنی ئابوریی عێراق كرده‌وه‌ته‌وه‌، به‌ كازمی راگه‌یاندووه‌، عێراق وڵاتێكی به‌هێز و گرنگه‌ و رۆڵێكی كاریگه‌ر له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌گێڕێت و فاكته‌ری سه‌قامگیریی هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تییه‌.

راستییەکان دەشارنەوە

ئلیسا رۆبن، پەیامنێرى نیۆیۆرک تایمز لە بەغدا نوسیویەتى: لەگەڵ ئەوەى عێراق بەرەو ئەو چارەنوسە خراپە هەنگاو دەنێت کەچى تائێستا هیچ کام لەبەرپرسانى عێراقى غیرەت ناکەن راستیەکان بە خەڵک بڵێن سەبارەت بە کێشە داراییەکان، تەنانەت لەو کاتەى بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمار و عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانى دەستلەکارکێشاوە هانى خەڵکیان دەدا رێنماییەکانى تەندروستى جێبەجێ بکەن، بەڵام هیچکامیان باسیان لە داهاتوى بارودۆخى دارایی و ئابورى وڵات نەکرد.

دەشڵێت “بەرپرسانى عێراق بۆیە راستیەکە لە خەڵک دەشارنەوە، چونکە لەبەرامبەردا ناتوانن هیچ دڵنیاییەک بدەن و ئەلتەرناتیڤێکیان پێ نیە بۆ چارەسەرى دۆخەکە”.

سەرچاوەکان:

١- https://www.sbeiy.com/Details.aspx?jimare=21938

٢- http://www.basnews.com/so/babat/603010

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com