کازمی لە روانگەیەکی جیاوازەوە

0

نوچە

دوای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی عێراق و کاردنەوەی توندی شەقام بەرامبەر بە دۆخی قەیراناوی ئەم وڵاتە و دیاردەی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و دواتر دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆکوەزیران، پڕۆسەی سیاسی ئەم وڵاتە کەوتە قۆناغیکی نوێوە و لەم قۆناغەدا سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێرداو، تۆفیق عەلاوی بەرەوڕووی شکستی سیاسی بووەوە. دوای ئەم پڕۆسەیە بوو، کە مستەفا کازمی توانی دنەگی متمانەی پەرلەمان مسۆگەر بکات و کابینەکەی بە پەرلەمان بناسێنێت.

لە لایەکەوە پێکهێنانی کابینە و دەستبەکاربوونی کازمی، خاڵێکی سەرکەوتن هەژمار دەکرێت، لە لایەکی دیکەوە پلان و نەخشەڕێگای سەرۆکوەزیرانی نوێ بۆ دەربازکردنی عێراق لە بنبەستی سیاسی و دارایی کۆمەڵێک پرسیاری لەسەرە، کە دەبی ڕاوەستەیان لەسەر بکرێت.بەشێک لە پرسیارەکان ئەمانە: پلانی کازمی سەبارەت بە سیاسەتی ناوچەیی بە چ شێوەیەکە؟ دیدی سەبارەت بە پرسە هەستیارە ناوخۆییەکان چۆن دەبێت؟

سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، کە بە کابینەیەکی تەکنۆکراتەوە گەمەی سیاسی و ئیداری خۆی دەستپێکردووە، هەر لە سەرەتاوە نیشانی داوە، کە ڕاگرتنی هاوسەنگی هێز لەم وڵاتە لە ئەولەوییەتی بەرنامەیدایە و بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ زۆر لایەنی ناوخۆیی کەوتە گفتوگۆوە.

کازمی هەروەها لەگەڵ پێشوازی زۆریەک لە سەرانی وڵاتانی ناوچە و جیهان بەرەوڕوو بووەوە و پشتگیری ئەوانی بە دەستهێناوە، ئەمەش سەرچاوەیەکی جێی دڵنیاییەوە، تاکوو کار بکات بۆ سەرخستنی بەرنامەکانی.

پلانی ئابوری کازمی کاریگەری ڕاستەوخۆی لە سەر هەلومەرجی ناوخۆی ئەم ڵاتە دەبێت. بەرەدوام بوون یان کۆتاییهاتنی خۆپیشاندانەکان رێک لە ژێر کاریگەری ئەم فاکتەرەدایە و گرێدراوی ئەم پرسیارەیە، کە ئاخۆ دەوڵەت تا چەند توانای ئیدارەدانی وڵاتی هەیە و تا چ ڕادەیەک بەرامبەر بە ویست و داواکاری خەڵکی ناڕازی عێراق وەڵامدەرە.

وەک لە بەرنامەکانی کازمی دەردەکەوێ، سەرۆکوەزیران بۆ دەربازبوون لە ژێر فشارە ناوخۆییەکانەوە بە تایبەت دابەزینی نرخی نەوت و کورتهێنانی بودجە، بیر لە وەبەرهێنانی دەرەکی و کرانەوەی دەرگاکانی عێراق دەکات بە رووی کۆمپانیا بیانیەکان، کە ئەمەش لە خۆیدا بەندە بە کرانەوەی سیاسی و ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانی بەغدا لەگەڵ دراوسێکان و وڵاتانی ناوچە و تەنانەت جیهان.

گرینگتر لەم باسە تێپەڕبوونی دەوڵەتی عێراقە لە مەسەلەی گەندەڵی و بادانەوەی بەرەو شەفافییەت لە کاروباری ئیداری و دارایی، تاکوو بتوانێ خزمەتگوزارییەکی شیاو پێشکەش بە هاوڵاتیان بکات. ئەگەر بێتو کازمی ئەم هەنگاوەش بە سەرکەوتوویی بنێ، لە لایەک وەڵامێکی گونجاوی بۆ مەرجەعییەتی باڵای شێعەکان پێیە و لە لایەکی دیکەوە دەنگی ناڕازی شەقامی بێ دەنگ دەکات.

دۆخی هەستیار و ناسکی عێراق دەخوازێ، کە کازمی کەسایەتییەکی جیاواز لە خۆی نیشان بدات و شێوەی جیاواز بۆ ئیدارەدانی وڵات هەڵبژێرێت. کازمی لەم ڕوانگەوە گرنگی بە دەنگ و ویستی شەقام داوە و بەڵێنی پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی داوە و جەختی کردۆتەوە سەر ئازادکردنی خۆپیشاندەرە بەندکراوەکان و پشتگیری داواکارری شەقامی کردووە، لە هەمووی گرینگتر جەخت لە سەر گەڕانەوە بۆ مافە بنەڕەتییەکانی خەڵکی عێراق دەکاتەوە. ئەمەش سیمایەکەی نوێیە، کە کازمی لە خۆی نیشانی داوە.

وەک هەنگاوێکی سەرەتایی، کازمی کە زیاتر دەموچاوێکی ئەمنییە، گرنگی بە مەدەنی کردنی سیاسەت لەم وڵاتە داوە. ئەم ڕوانگە ئەمنییە، کە گرنگی بە ئاسایشی وڵات و هاوڵاتیان دەدات، ڕەنگە تایبەتمەندییەکی ئەرێنی بێت تاکوو بتوانێ پرۆسەی سیاسەت لە عێراق بگەڕێنێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی. بە تایبەت کە ئێستا عێراق گیرۆدەی پەتای کۆرۆنایە و لەم  ڕووەوە کازمی دەبێ پلانێکی تۆکمەی بۆ ئاسایش و باری تەندروستی خەڵکەکە هەبێت.

لە ڕەهەندی سیاسەتی دەرەوەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق گرنگی بە پاراستنی هاوسەنگی هێز و هاوکیشە سیاسییەکانی ناوچەکە دەدات، وەک خۆی باسی دەکات، کازمی جەختی لە سەر هاوکاری و پەیوەندی دۆستانە و بەرانبەر کردۆتەوە و لەم ڕووەشەوە دەبێ چاوەرێی دانوستان و گفتوگۆ و دیپلۆماسیەتی چڕ و پڕ بین لە نێوان بەغدا و وڵاتانی ناوچە و جیهاندا، بە تایبەتی لە ئاستی وڵاتانی عەرەبی.

پاراستنی هاوسەنگی ناوخۆیی و دەرەکی ڕەنگە کاکڵی ئەو نەخشەڕێگایە بێت، کە کازمی بیهەوێ بەم رێگەوە عێراق لە بنبەستی سیاسەتی ناوخۆیی و ناوچەیی ڕزگار بکات.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com