نێچیرڤان بارزانی ئاماده‌یی و به‌شداریی هه‌رێمی له‌ دیالۆگی ستراتیژیی ئه‌مریكی ـ عێراقی راگەیاند‌

0

نوچە

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی له‌ گرنگی ئاماده‌یی و به‌شداریی هه‌رێمی كوردستان له‌ دیالۆگی ستراتیژیی ئه‌مریكی ـ عێراقی كرده‌وه،‌ كه‌ بڕیاره‌ مانگی داهاتوو ده‌ستپێبكات.

رۆژی شه‌ممه‌ له‌ هه‌ولێر، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ مێجه‌ر جه‌نه‌رال ئیریك هیل فه‌رمانده‌ی هێزی ئۆپه‌راسیۆنی تایبه‌تی هاوپه‌یمانان له‌ عێراق و سوریا كۆبووه‌وه‌.

به‌پێی راگه‌یێندراوێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌، نێچیرڤان بارزانی، جه‌خت له‌ گرنگی هه‌بوونی میكانیزمێك بۆ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدرالی عێراق ده‌كاته‌وه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ” داعش” به‌تایبه‌تی له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان، كه‌ جموجووڵ و هێرشه‌كانیان مه‌ترسییه‌كی راسته‌قینه‌ له‌سه‌ر ئاسایشی عێراق و هه‌رێمی كوردستان دروست ده‌كات، ئاماده‌یی هه‌رێمی كوردستانیشی بۆ هه‌ر هاوكارییه‌ك له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌ربڕی. 

نێچیرڤان بارزانی وێڕای دووپاتكردنه‌وه‌ی گرنگی و پێویستی به‌رده‌وامی پشتگیریی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌ شه‌ڕی دژی تیرۆردا، جه‌ختیشی له‌سه‌ر “پێویستی هه‌نگاونانی سیاسی له‌ عێراق كرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پێكهاته‌ عێراقییه‌كان هه‌ست به‌ هاوبه‌شی و متمانه‌ و پارێزراویی ئێستا و داهاتوویان له‌ عێراقدا بكه‌ن.”

ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ باسی دیالۆگی ستراتیژیی ئه‌مه‌ریكی ـ عێراقی كراوه‌ كه‌ بڕیاره‌ مانگی داهاتوو ده‌ست پێبكات و تیایدا نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌ك بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێستا و داهاتووی عێراق و ئه‌مریكا تاوتوێ بكرێت، له‌مباره‌یه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانی “جه‌ختی له‌ گرنگی ئاماده‌یی و به‌شداریی هه‌رێمی كوردستان له‌و دیالۆگه‌ و له‌ دانان و ئاماده‌كردنی نه‌خشه‌ڕێگه‌كه‌دا كرده‌وه‌”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com