ستراتیژی تورکیا لە عێراق، جێ بە ئێران لەق دەکات؟

0

ئەسعەد مورادی

ئێران لە چەندین پایتەخت، نفوزی کاریگەری هەیە و یەکێک لە پێگە گرنگەکانى ئێران لە دەرەوەى خۆى عێراقە، لەپاش رووخاندنى رژێمى دیکتاتۆرى سەدام حسەین لە ساڵى (2003) ئێران پێگەیەکى بەهێزى لە عێراقدا بۆخۆى دروستکرد، ئەم پێگەیەى ئێران لە عێراقدا نەک هەر دڵخوازی ئەمریکا نەبوو، بەڵکو بۆ تورکیاش دڵخواز نەبووە و ململانێیەى مێژویی لەگەڵ ئێران لەسەر ئەم وڵاتە بۆ دروستکردنى پێگە سەریهەڵدایەوە.

هەر چەندە پێگەى ئێران لە عێراقدا بەراورد ناکرێت بە تورکیا، بەهۆى بوونى سنورى تێکەڵاو و زۆرینەیەکى شیعە لە عێراقدا و هەروەها پشتگیرى پێشوترى ئێران بۆ ئۆپۆزسیۆنى عێراق بەگشتى، بەڵام تورکیاش لە سەردەمى دەسەڵاتى  رەجەب تەیب ئەردۆغان، هەوڵیداوە پێگەیەک بۆخۆى لە عێراقدا دروستبکات.

مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق و هەرێمی کوردستان:

عێراق و تورکیا وەک دوو یەکەی سیاسی هاوچەرخ، مێژووی پەیوەندییەکانیان دەگەڕێتەوە دوای دروستبوونیان و ئەگەرچی پەیوەندییەکان بەردەوام کۆمەڵێک هەڵبەز و دابەزی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەت لە کاتی جەنگی سارد و جەنگی یەکەمی کەنداو و جەنگی دووەمی کەنداو. لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ٢٠٠٣ و زیاتربوونی هێژموونی ئیران-شیعیزم لە عێراق، دووبارە پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دوو ئەکتەرە هەڵبەز و دابەزی بەخۆیەوە بینی و، لە دوایین جاریشدا بە هۆی بوونی “پەکەکە” لە شنگال و هاتنی سوپای تورکیا بۆ باشێک، جارێکی تر پەیوەندییەکانیان ئاڵۆز و خراپ بوو.

لە دوای ڕاپەڕین و دروستبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تورکیا بۆ یەکەم جار لە ڕێگەی سەرۆککۆماری ئەوکات “تورکت ئۆزاڵ”، توانی پەیوەندی لەگەڵ هەرێم دروست بکات و لە ڕێگەی دەستەبژێری سیاسی باشووری کوردستانەوە هەوڵی چارەسەری مەسەلەی کورد بدات لە تورکیادا و لە جه‌نگی ناوخۆی باشووری کوردستانیش، هەوڵی دا ڕۆڵی ناوبژیوان بگێڕێت.

لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوەیش، تورکیا لە ڕێگەی کۆمەڵێک کۆمپانیاوە پەیوەندیی لەگەڵ هەرێم دروست کرد و لە دوای ٢٠٠٨، تورکیا پەیوەندییە سیاسییەکانی خۆی لەگەڵ هەرێم دامەزراند و زیاتر گەشەی پێدا و لە ٢٠١١_یش بۆ یەکەم جار تورکیا کۆنسوڵگەریی خۆی لە هەرێم کردەوە و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بەدامەزراوەیی و بەفەرمی کرد و ئەردۆغان-یش وەک یەکەم سەرۆکوەزیرانی تورکیا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد.  

سیاسەتی دەرەوەی تورکیا و پرسی ئاسایش

ئاسایش یەکێکە لەو پرسە ستراتیژییانەی، کە تورکیا بەردەوام لە سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا گرنگی پێدەدا. ئاسایشی هەرێمی لە ڕوانگەی تورکیاوە پەیوەستە بە ئاسایشی ناوخۆ و ئاسایشی نەتەوەییی تورکیاوە. لە دوای دروستبوونی داعش و تێکچوونی دۆخی سووریا و دابەشبوونی سووریا، بۆ کۆمەڵێک هێز و ئەکتەر لە ڕووی جیۆپۆلیتیک و جیۆستڕاتیژییەوە و تێکچوونی ئاسایشی هەرێمی (ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) و تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و خراپبوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕۆژئاوا (ئەمریکا و یەکێتیی ئەوڕوپا)؛ تورکیا ڕووبەڕووی کێشەی ئاسایش بۆتەوە.

تێکچوونی باڵانسی هێز لە ناوچەکە و بە”ئەنارکیزم”بوونی سیسته‌م (نەبوونی دەسەڵاتێکی ناوەندیی سەروو دەوڵەتی)، مەترسی بۆ تورکیا دروست کردووە. تورکیا هەوڵ دەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق ئاسایی بکاتەوە، لەو ڕوانگەیەی عێراق دەتوانێت هەڕەشەکانی سەر ئاسایشی تورکیا کەم بکاتەوە؛ تورکیایش لە ڕێگەی عێراقەوە، دەتوانێت جۆرێک لە هاوسەنگی هێز دروست بکات و رۆڵ و پێگەی سیاسی بۆ خۆی بگەڕێنێتەوە.

ئەرشەد ساڵحى یەکێک لە کەسایەتیە سیاسیەکانى سەر بە تورکیا لە عێراق دەڵێت “تورکیا هەرگیز گەلى عێراق و تورکمانى بەتەنها بەجێنەهێشتووە”، ئەو قسانەى ئەرشەد ساڵحى، لەپاى سوپاسکردنى توکیا بو بۆ نۆژەنکردنەوەى بازاڕی مێژویی سەردەمى عوسمانیەکان لە کەرکوک، کە سوتابوو، تورکیاش نۆژەنى کردەوە لە ساڵى (2018).

تورکیا پێى وایە لە ئێستادا دەرفەتى زیاتر کردنى پێگە و دەسەڵاتى خۆى لەسەر حیسابى لاوازی دەسەڵات و پێگەى ئێران لە عێراقدا هاتۆتە پێش.

رۆژنامەى (العرب) لە راپۆرتێکدا باس لە هەڵکشانى هەوڵەکانى تورکیا دەکات بۆ فراوانکردنى دەسەڵاتى خۆى لە عێرقدا دەکات، پاش ئەوەى ئێران دووچارى تێکچوونى بارودۆخ لەچەند روویەکەوە بۆتەوە.

رۆژنامەى (العرب) دەنوسێت “چاوى تورکیا لەسەر وڵاتانى عەرەبى بەشێوەیەکى سەرەکى هەمیشە زیاتر  لەسەر عێراق بووە، بەهۆى چەند هۆکارێک، کە هانى تورکیایان داوە زیاتر بیر لە دروستکردنى پێگە لەم وڵاتەدا بکاتەوە، لەوانە هاوبەشى جوگرافى و لاوازى عێراق لە بەرەنگارى بۆ دەستوەردانە دەرەکیەکان و بونى سامانى نەوت لەم وڵاتەدا، بەڵام وادیارە ئێستا دەرفەتەکە بۆ تورکیا لەهەمو کات باشترە، بۆ چڕکردنەوەى دەسەڵاتەکەى لەو وڵاتە، چونکە تورکیا هەستى کردووە مەچەکى کۆنتڕۆڵى ئێران بەسەر عێراقەوە لاواز بووە، بەهۆى ئەو بارودۆخە زۆر ئاڵۆزەى ئێرانى تێکەوتووە، تێکچوونى بارودۆخى ئێران کاریگەرى نیگەتیڤی هەیە لەسەر هاوپەیمانەکانى لەناوخۆى عێراقدا، کە ماوەى (17) ساڵە بەکاریان دەهێنێت”.

باڵیۆزى تورکیا لە بەغدا فاتح یەلدز، بەشێوەیەکى ئاشکرا باسى لە گۆڕانى هاوکێشە سیاسەکانى ناو عێراق کردووە و دەڵێت “ئەو هاوکێشە سیاسیانەى لە عێراق لەپاش  (2003)وە دروستبوون گۆڕاون، ئێستا ئەنقەرە کار لەسەر هاوئاهەنگى دوولایەنەى نێوان خۆى و عێراق دەکات، بەتایبەت لەبوارى ئاسایش و ئابورى”.

رۆژنامەى (العرب)  نوسیویەتى “تورکیا هەمان سیاسەتى ئێران پیادە دەکات لە چاو تێبڕین لەوڵاتانى عەرەبی و لەمەشدا چاوى لەو وڵاتانەیە، کە خاڵى لاوازیان زۆرە”.

تورکیا پێشتر ئەم جۆرە سیاسەتەى نەبووە، بەڵام لەپاش هاتنە سەرکارى ئەردۆغانەوە، سیاسەتى دەستوەردان دەستىپێکردووە.

ئەم سیاسەتى تورکیا تەنها لە عێراق جێبەجێ ناکرێت، بەڵکو لە سوریا، لیبیا، قەتەر و سودانیش، سیاسەتى دەستوەردان بەئاشکرا جێبەجێدەکات، تەنانەت بەشێک لە چاودێران پێیان وایە دەستوەردانى تورکیا گەشتۆتە یەمەنیش، پێگەى سیاسى و سەربازى و ئەمنى خۆشى لە عێراقدا جێگیر کردووە.

بەپێى گوتەى باڵیۆزى تورکیا لە عێراق فاتح یەڵدز، تورکیا باڵیۆزخانەى خۆى لە ناوچەى وەزیریەى بەغدا بۆ ناوچەى سەوز گواستەوە، ئەمەش بۆ زیاتر کردنى چالاکى و کاروبارە سیاسى و دیپلۆماسییەکان و شکاندنى ئەو سارد و سڕیەى لە پەیوەندیەکانى تورکیا لەگەڵ عێراق هەیەتى.

یەڵدز دەڵێت تورکیا دەیەوێت لە باڵیۆزخانەکەیەوە لەناوچەى سەوز پەیوەندیەکى باش لەگەڵ گەلى عێراق دروستبکات و چالاکیە دیپلۆماسیەکان زیادبکات.

بەپێى راپۆرتەکەى (العرب) تورکیا لەبەرەو پێشبردنى چالاکیەکانى لە عێراق پشتى بە پاشکشە و لاواز بوونى رۆڵى ئێران بەستووە، کە پێى وایە ئێران لەسەر ئاستى ناوەو دەرەوە کێشەى هەیە، جگە لەوەى رژێمەکەش پیر بووە، لە نمونەى ئەو کێشانە خۆپیشاندانەکانى عێراق دژ بە ئێران لە بەغدا و بێ توانایی لایەنەکانى سەر بە ئێران لە یەکلاکردنەوەى پۆستى سەرۆک وەزیران، کە لەپاش (2003)وە هەمیشە ئێران لە یەکلاکردنەوەى ئەم پرسانەدا هاوشانى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا رۆڵى خۆى بینیوە.

کاریگەرییەکانی کۆرۆنا

جگە لە کێشەى سیاسی و جەماوەریەکان، دەشێ بارودۆخى سەرهەڵدانى کۆرۆناش ئەوەندەى تر ئێران توشى ماندوو بوون بکات و پەیوەندییەکانى لاواز بکات.

هێرشى بێ بەزەییانەى کۆرۆنا بۆ سەر وڵاتان تەنها لێکەوتەى تەندورستى نیە، بەڵکو چەندین دەرەنجامى ئابورى و سیاسیش بەدواى خۆیدا دەهێنێت و زۆربەى چاودێران لەسەر ئەو بۆچوونەن کۆرۆنا گۆڕانکارى زۆر دروستدەکات.

وڵاتێکى وەک ئێران، کە چەندین ساڵە بەرگەى گەمارۆى ئابورى و پەراوێزخستنى گرتووە و بگرە توانیویەتى جێ نفوزى خۆى لە چەندین وڵاتى دیکە فراوان بکات. ئێستاش بە هۆى بڵاو بوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا و گەمارۆى ئابورى و ناڕزایەتى جەماوەرى، تووشى شڵەژانێکى گەورە بۆتەوە، کە بەپێى بەشێک لە چاودێران لەوانەیە کاریگەرى لەسەر پێگەى سیاسى ئێران لە ناوچەکەدا هەبێت.

سادق مەلەکی، کارناسی پرسه‌کانی تورکیا و ناوچە لە ئێران، بە ئاژانسی مێهری راگەیاندووە، تورکیا لە ستراتژیی باڵای خۆی هاوکێشەکانی دوای ڕووخانی سەدام حسێن لە بەرژەوەندیی خۆیدا نابینێت و گەورەترین کێشەی تورکیا لە ئێستادا ئەوەیە کە دەیەوێ بە هەر چەشنێک بێت، تەنانەت لە رێگەی دەستدرێژی بۆ سەر خاکی عێراق و ئاژاوەنانەوە لەو وڵاتە هاوکێشەکان لە بەرژەوەندیی خۆیدا بشکێنێتەوە. چوونی هێزەکانی تورکیا بۆ ناو خاکی عێراق ناچێتە ژێر هیچ چوارچێوەیەکی نێودەوڵەتی و تێکرای کاربەدەستانی عێراقی ئەو کارە شەرمەزار دەکەن و خوازیاری دەرچوونی هێزەکانی تورکیا لە باکووری عێراقن.

شوکریا برادۆست: ئێران ناتوانێت
ململانێی تورکیا لە ناو عێراقدا بکات

تورکیا هۆی چوونی هێزەکانی بۆ باکووری عێراق گرێ داوەتەوە بە ڕاهێنان و مەشق پێ‌کردنی هێزەکانی هه‌رێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش. ئەمە پاساوهێنانەوەیەکی درۆیینە، چونکا زانیارییە بڵاوکراوەکان لە لایەن ڕووسیا و زۆرینەی دژبەرانی دەوڵەتی تورکیا لە ناوخۆی ئەو وڵاتە، پشتیوانیی دەوڵەتی تورکیا لە داعشیان سەلماندووە. پێدەچێت کە تورکیا دەیەوێ بەم بیانووە داعش وەک دەرفەت و بیانوویەکی دیکە بۆ خۆی بپارێزێت.

لە ستراتژی باڵادا تورکیا دەیەوێ باڵ بە سەر عێراق و سووریادا بکێشێت و لەو پێناوە هەموو ده‌فرایه‌تییه‌ پێویسته‌کان به‌کاردێنێ، کە نموونەی ئەو سیاسەتانە لە کردەوەی وەک پەنادان بە هاشمی، بە ڕوونی دەردەکەوێت. یان لەويش گرینگتر کڕینی نەوتی هەرێمی کوردستان لە عێراق بە بێ هاوئاهەنگی لە گەڵ دەوڵەتی ناوەندی نموونەی بەرچاوی ئەو سیاسەت و ستراتژییانەیە.

ستراتیژی تورکیا و کوژرانی قاسم سلێمانی

شوکریا برادۆست، قوتابی دوکتورا لە بواری ئاسایشی نێودەوڵەتی و سیاسەتی دەرەوە لە ئەمریکا، لەبارەی ململانێی تورکیا و ئێران لە عێراق، بە نوچەی راگەیاند: پێموانییە تورکیا هەوڵبدات تەنیا هەرێمێک بۆ سوننەکان دروست بکات، چاو لە نەقشەی عوسمانییەکان دەکەن و هەوڵدەدات ئەو سنوورانەی لەداوی رووخانی عوسمانییەکان لەدەست تورکیا دەرچووە، بیگەڕێنێتەوە، کە یەکێکیان ویلایەتی موسڵە، ئێستاش تورکیا لەگەڵ ئەوەیە، کە موسل بەشێکە لە تورکیا و ئەوە بەشێکە لە سیاسەتی تورکیا بۆ جێبەجێکردن یان پشتگیری کردنی سوننەکان لە عێراق و بەشەکەی دیکەشی ململانێی ئێران و تورکیا لە عێراق، کە لە رووی ئابوورییەوە تورکیا براوەی مەیدانە، چونکە ئابووری تورکیا چ لە رووی خزمەتگوزارییەوە و چ لە رووی کۆمپانیاکانیەوە؛ کۆمپانیاکانی تورکیا زۆر سەرکەوتوو تر لە لەوانەی ئێرانن لە عێڕاق.

شوکریا برادوست دەشڵێت، ئێران بەهۆی ئەوەی ئابووریەکەی تووشی شکستی گەورە بووە و ئابڵوقەی لەسەرە، ئابووریەکی رووخاوە، بۆیە ناتوانێت ململانێی تورکیا لە ناو عێراقدا بکات.

هەروەها ئەو شارەزایەتی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەلێت، دوورکەوتنەوەی سوننە لە ناوەند (دەسەڵات لە بەغدا) نزیکبوونەوەیانە لە ئاڵترناتیڤێکی تر، لە ئێستاشدا ئاڵترناتیڤێکی دیکە بۆ ئەوان تورکیایە، لەگەڵ ئەوەی سعودیە هەوڵیدا رۆڵی هەبێت لە عێڕاق بە هێزی نەرمی خۆی و پرۆژەی ئاوەدانکردنەوەی هەبێ. هەروەها سنووری جۆغرافیایی لە دروستکردنی هاوپەیمانی زۆر گرنگە و ئێستا تورکیا لەو سنوورە زیاتر لە سوننەکان نزیکترە تاکو سعودیە. هەروەها تورکیا هەوڵدەدات بەتایبەتی موسڵ و دواتر کەرکوک، بکەوێتە ژێر رکێفی ئەم وڵاتە (تورکیا).

برادۆست لەبارەی هۆکاری لاوازبوونی ئێران ئاماژە بەوە دەکات، کە کوشتنی قاسم سلێمانی، گورزێکی هەرە گەورە بوو، کە لە ئێران درا لە بابەتی سیاسەتی دەرەوەی ئێران، چونکە قاسم سلێمانی کەسی دووەمی ئێڕان بوو. هەروەها فشارەکانی ئیدارەی ترەمپ بووەتە هۆی ئەوەی ئێڕان ناتوانێت وەک جاران پشتگیری لە گروپە میلیشیا شیعەکان بکات لە رووی ئابوورییەوە بۆ دابین کردنی چەک و پێداویستییەکانی دیکە. لە ئێستادا ئێران ئەو هێزەی نەماوە و ئێران جاران بودجەی لە خودی بەغدا بۆ پشتگیری میلیشیاکان بە کاردەهێنا، بەڵام بەغدا بەهۆی قەیرانەوە بودجەی لە بەردەست نامێنێت. لە لایەکی دیکەشەوە دەرچوونی عێراق لەو قەیرانانە پێویستی بە پشتگیری ئەمریکایە و دوورکەتنەوە لە ئێڕان.

سەرچاوەکان:

١_ http://penus.krd/index.php/ckb/2018-04-02-19-12-28/item/906-2018-09-02-18-56-38

٢_ https://www.sbeiy.com/Details.aspx?jimare=21643

٣_ https://ku.mehrnews.com/news/996/%D9%87%DB%95%D9%88%DA%B5%DB%8C-%D8%AA%D9%88%D8%B1%DA%A9%DB%8C%D8%A7-%D8%A8%DB%86-%DA%AF%DB%86%DA%95%DB%8C%D9%86%DB%8C-%D9%87%D8%A7%D9%88%DA%A9%DB%8E%D8%B4%DB%95%DA%A9%D8%A7%D9%86%DB%8C-%D8%B9%DB%8E%D8%B1%D8%A7%D9%82-%D9%84%DB%8E%D8%AF%D9%88%D8%A7%D9%86%DB%95%DA%A9%D8%A7%D9%86%DB%8C-%D8%A6%DB%95%D8%B1%D8%AF%DB%86%D8%BA%D8%A7%D9%86

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com