رێککەوتنی ستراتیژی عێراق و ئەمریکا تاچەند بە زیان یان بەرژەوەندی کوردە؟

0

ئەسعەد مورادی

بڕیار بوو ئێوارەی ڕۆژی ٢٠٢٠-٦-١٠ دانوستاندنەكانی عێراق و ئەمریكا لە ڕێگەی ڤیدیۆ كۆنفراسەوە دەستیپێبکات بۆ پێداچوونەوە بە ڕێكکەوتنامەی ئەمنی لە نێوان عێراق و ئەمریكای ساڵی ٢٠٠٨ و چەند رێککەوتنێکی دیکە. هەروەها شاندی هەرێم ئەمڕۆ ١١-٦-٢٠٢٠ گەیشتنە بەغدا بەمەبەستی ئامادەبوون لە گفتوگۆکان لەوەزارەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە.

پرۆژەكەی ئەمجارەی ئەمریكا بۆ ڕێككەوتن، كە بەهاوكاری چەند ناوەندێكی توێژینەوە ئامادەكراوە و لە ٣٣ بەند پێك دێت، جیاوازە لە ڕێككەوتنەكەی ساڵی ٢٠٠٨ و كەرتەكانی ( سەربازی و ئەمنی ئابوری و سیاسی و پەڕوەروەردە و گەشتیاری و ووزە و خوێندی باڵا و تەندروست و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان دەگرێتەوە).

عێراق و ئەمریكادا سێ جار دانوستاندنی ستراتیژی كردووە و بەمەشەوە دەبێتە چوارەم رێککەوتن.

١- لە ساڵی ١٩٥٢ كەلەنێوان هاری ترومانی سەرۆكی ئەوكاتی ئەمەریكا ومەلیك فەیسەڵەی دووەم (خاڵی مەلیك) دا ئەنجامدرا كە دواتر ئەنجامەكەی پێكهینانی هاوپەیمانی بەغدا بوو لەساڵی ١٩٥٥ دا.
٢- دووەم دانوستاندنی ستراتیژی لە ساڵی ٢٠٠٢ دا بوو لە نێوان ئۆپۆزسیۆنی عێراق و ئەمەریكادا، كە دواتر ڕووخانی ڕژێمی سەدام حسێن سەرۆكی كۆچكردوی عێراقی بەدوادا هات.
٣- دانوستاندنی سێهەم لە نێوان حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی نوری كامل مالیكی و
ئەمەریكادا بوو، كە كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا دواتر سەرهەڵدانی داعشی بەدوادا هات.

د. سەنگەر سەید قادر، بەرپرسی دیسكی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ناوەندی ئیمارات بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی لە راپۆرتێکیدا دەڵێت، دانوستاندنەكان بۆ پێداچوونەوە بە ڕێكەوتنامەی ئەمنیدا لەسەر داوای ئەمەریكا بووە لە چوارچێوەی گۆڕانی ستراتیژی ئەمریكا دا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گۆڕانی ململانێكان بەئاڕاستەی چین و ڕۆژهەڵاتی دوور
چونكە لە ڕابردوودا ستراتیژی ئەمەریكا لە سەر سێ پایە وەستابوون، كە بریتین لە ( ئاسایشی ئیسرائیل و شەڕی دژی تیرۆر و پاراستنی ئاسایشی ووزە لە ناوچەكەدا)، بەڵام ئێستا ئەمریكا چاو بەم ستراتیژەدا دەخشێنێتەوە
چونكە ڕوسیا و چین لە سایەی ئەم پارێزگاریەدا، دەستیان بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ووزەی ناوچەكەدا گرتووە و ئەمەش مەترسی بۆسەر ئاسایشی نەتەوەی ئەمریكا و هەیمەنەی ئەمریكا دروست كردووە.

لەلایەكی ترەوە ئێستا ئەمریكا پێویستی بە نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەماوە، چونكە ڕۆژانە خۆی ١٢.٥ ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت و زیادە لە پێویستی ناوخۆی ڕەوانەی دەرەوەی دەكات. هەربۆیە ئەوەی لە سێ پایەكەی ڕابردوو بۆ ئەمەریكا گرنگ بوو ئێستا تەنها ( پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل) لە پلەی یەكەمی ستراتیژی ئەمریكا دایە و پرسی ئاسایشی ووزە و شەڕی دژی تیرۆر پرسی لاوەكین و كاری سەرەكی ئەمریكا سنور دانانە بۆ پەلكێشی و فراوانخوازیەكانی چین و ڕوسیا لەناوچەكەدا. لەم چوارچێوەشدا عێراق گرنگیەكی زۆری لەم ستراتیژە نوێیەدا دەبێت.

پرۆژەكەی ئەمریكا بۆ ڕێككەوتن:

د. سەنگەر سەید قادر پێیوایە لە ئێستادا روسیا دەستی بەسەر سەدا ٦٧% كەرتی ووزەی ( عێراق+ كوردستان)دا گرتووە و لە كۆتای ساڵی ڕابردووشدا چین ڕێكەوتنامەیەكی ٧٠ ساڵەی لەگەڵ عێراقدا ئیمزا كرد بۆ كڕینی نەوتی عێراق لەبەرانبەر قەرزی درێژخایەندا، كە پێشكەشی عێراقی دەكات. لە هەمانكاتدا لەسەر ئاستی ناوچەی ئێران و توركیا، دەستیان بەسەر كایەی سیاسی و ئابوری عێراقدا گرتووە، لە كاتێكدا بە پێی بڕیاری ١٤٤٦ و ١٤٨٣ ئەنجومەنی ئاسایش، عێراق وەك وڵاتێكی داگیركراو لە لەلایەن. ئەمریكاوە ناساندووە.

لە ڕووی ئەمنیەوە ئەمریكا و هاوپەیمانان بەرپڕسیار بوون لە پاراستنی ئاسایشی عێراق و لە ماوەی ١٧ ساڵدا ئەمریكا نزیكەی ٧ ترلیۆن دۆلاری لە عێراقدا خەرجكردووە، بەڵام ئیستا ئاسایشی هێزەكانیشی لە عێراق كەوتووەتە مەترسییەوە.

هەربۆیە ئەمریكا دەیەوێت جارێكی تر دەست بەسەر عێراقدا بگرێتەوە نەك بەتەنها پاسەوان بێت، بەڵكو دەیەوێت كارەكتەری سەرەكی بێت لە كایەی سیاسی و سەربازی و ئابوری و وزەی عێراقدا.

ئامانجی پرۆژەكە، قوڵكردنەوەی پەیوەندیەكانی ئەمریكا و عێراق و بەهێزكردنی هاوبەشی نێوانیانە، كە ئەمە دەبێتە هۆی دەرهێنانی عێراق لە ژێر سایەی هەیمەنەی وڵاتانی ناو جیهانی ناوچە.

ئەگەرەكانی بەردەم دانوستاندنەكان:

یەكەم لە ئەگەری ڕێككەوتندا: ئەگەر عێراق ڕەزامەندی لەسەر پڕۆژەكەی ئەمریكا بدات و بگەنە رێككەوتن، ئەوا ئەمریكا بەپێی پلانێكی ٥ ساڵی بە بڕی ٨٠ ملیار دۆلار هاوكاری عێراق دەكات، لە سەر پێخستنەوەی تەواوی كەرتەكاندا و پارێزبەندی ئەمنی و سەربازی دەبەخشێتە عێراق لە هەر دەستدرێژیەكی دەرەكی و فشار ناوچەی و جیهانی. هەروەها ئاسانكاری بۆ عێراق دەكات، كە هاوكاری دارای لە دامەزراوە نێودەوڵەتیەكان و وڵاتانی كۆمەك بەخش وەربگرێت.

ئەمەریكا لە ڕووی ژمارەوە هیزەكانی كەم دەكاتەوە و سوپای عێراق بەهێز دەكات و لە ڕووی هەیمەنە و لۆجستیەوە بوونی خۆی لە عێراق بەهێز دەكات، كە ئەمە دەرفەت بۆ بەهێز بوون و دروستبوونی حكومەتێكی سەربەخۆ و خاوەن بڕیار لە بەغدا دەستبەر دەكات، چونكە ئەمریكا بەرنامەیەكی مەشق و ڕاهینان و پڕچەك كردنی سوپای عێراقی ئامادەكردووە و ساڵانە هاوشێوەی ئیسرائیل و پاكستان و میسر بە بڕی ٢ ملیار دۆلار هاوكاری سەربازی سوپای عێراق دەكات.

ئەگەری دووەم: لە ئەگەر شكستهێنانی دانوستانەكاندا ئەمریكا هیزەكانی دەكیشێتەوە بۆ كوردستان و هاوكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، وەك چەقی ستراتیژی ئەمریكا و لە كوردستانی باشورە، چالاكیەكانی لەشەڕی تیرۆر لە سوریا و عێراق بەڕدەوامی پێدەدات و ئەگەری دروستكردنی دیفاكتۆیەكی سەربەخۆی لە هەرێم دەبێتە ئەگەرێكی كراوە.

لەهەمانكاتدا سزای ئابوری توند بەسەر عێراقدا دەسەپێنێت و پارەی نەوتی عێراق، كە لە بانكی TBI هەڵگیراوە بلۆك دەكات و ڕێگری لە فرۆشتنی نەوتی عێراق دەكات. هەڕوەها ڕێگەنادات دامەزراوە نێودەوڵەتیەكانی وەك بانکی نێودەوڵەتی و بانكی دراو، هاوكاری عێراق بكەن هاوشێوەی یاسای قەیسەر، كە سوریای كردووە بە جەستەیەكی مردوو بەدەست روسیاوە، بە هەمان شێوە عێراق مایە پوچ دەكات.

لە ڕووی دیبلۆماسیشەوە عێراق لە جیهان دادەبڕێت و لە ئەگەری ڕێكنەكەوتندا دۆخی ئەمنی عێراق ئاڵۆز دەبێت و نێردە دیپلۆماسییەكان و باڵیوزخانەكان بە تایبەت وڵاتانی ئەوروپا لە عێراق دەكشێننەوە و هاوشێوەی ڕژێمی سەدامی دوای داگیركردنی كوەیت عێراق لە جووڵە دەكەوێت.

لە ڕووی ئەمنیشەوە لە ئەگەر كشانەوەی ئەمریكادا، داعش بەهێز دەبێت و لە ماوەیەكی كورتدا دەست بەسەر ناوچەیەكی بەرفراوانی عێراقدا دەگرێت و ڕێكخراوی جیهادی نوێ سەرهەڵدەدەن لە ژێر ناونیشانی جیاوازدا، چوونكە مایە پوچ بوونی كەرتی ئابوری عێراق و لاوازی سوپا و دەستبەسراوی ئێران وادەكات دۆخی ئەمنی لە عێراق بتەقێتەوە.

هەڵوێستی عێراق لەسەر دانوستاندنەكان:

لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق تا ئێستا میلیشیاكانی ( نوجەبا، حیزبوڵڵا و عەسائیبی ئەهلی حەق) تەنها بەمەرجێك لەگەڵ دانوستانەكاندان، كە ڕێككەوتن بكرێت بۆ دەركردنی تەواوی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق وەك لە بەیانامەی ڕۆژی ٢٠٢٠/٦/٢ هاتووە، بەڵام ئەم ملیشیایانە دەربڕی سیاسەتی ئێرانن و هەڵوێستەكەیان تەنها لە چوارچێوەی فشاردایە( لە بڕگەی ئێران و ڕێككەوتنامەكەدا ڕوون دەكرێتەوە).

لەسەر ئاستی سیاسی ئەوەی تا ئێستا هەڵوێستی ڕوونی هەبووە موقتەدا سەدرە، كە لە بەیانامەی ڕۆژی ٢٠٢٠/٦/٦ مەرجی سەربەخۆی و پاراستنی سەروەری خاكی عێراقی وەك تاكە مەرج دیاری كردووە بەبێ ئەوەی ئاماژە بە دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا بكات لە عێراق.

هەوڵوێستی حكومەتی عێراق:

گەڕانەوەت هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان لەسەر داوای فەرمی حكومەتی عێراق بووە لە ساڵی ٢٠١٤ لە دوای هێرشی داعش واتە بوونی ئەم. هێزانە تا ٢٠٢٠-١-٥ شەرعی بوو، بەڵام لە كوژرانی قاسم سولەیمانی لە كۆتای ساڵی ٢٠١٩ لە ٢٠٢٠-١-٥ پەرلەمانی عێراق بڕی دەركردنی هێزە بیانیەكانی لە عێراق پەسەند كرد.

ئەگەرچی لە ناوەڕۆكی بڕیارەكەدا ئاماژە بەدەركردن و نایاسای بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق نەكراوە و تەنها حكومەتی پابەند كردووە بە دانوستاندن بۆ دەركردنی ئەو هێزانە، بەڵام لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بڕیارەكە گومانی لە شەرعی بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق دروست كردووە.

كە ئەمە یەكێك بوو لە هۆكارەكانی داواكاری بۆ دانوستاندن و گێڕانەوەی شەرعیەت بۆ بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، لەسەر ئاستی حكومەتی ئێستای عێراقیش مستەفا كازمی پشتیوانی مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكایە لە عێراق.
چونكە چارەنوسی كازمی و حكومەتەكەی پەیوەستە بە سەركەوتنی دانوستاندنەكان. و گەشتەنە ڕێككەوتن لەگەڵ ئەمەریكادا، بۆئەمەش كازمی كازمی تاكتیكی comprise و هاوسەنگی لە نێوان بەرژەوەندی ئەمەریكا و ئێراندا بەكار دەهێنێت و لە ڕابردووشدا كازمی لە ساڵی ٢٠١٦-٢٠٢٠ ئەڵقەی پەیوەندی نیوان ئەمەریكا و ئێران بووە.

چارەنووسی حەشدی شەعبی:

بە گوڕەی راپۆرتەکە، بڕیاری ئەمریكا بۆ سنورداركردنی نفوزی ئێران لە عێراق بە بێ سنورداركردنی دەسەڵاتی حەشدی شەعبی مەحاڵە، بۆیە ئەمریكا بەپێی ڕێككەوتنەكە یەكێك لە مەڕجەكانی توانەوەی حەشدی شەعبی دەبێت ئەمەش لە ڕێگای بەهێز كردنی حكومەت و سوپای عێراقەوە.

حەشدی شەعبیش لەو ڕاستیە تێدەگات، كە لە ئەگەری ڕێككەوتن یان ڕێككنەكەوتندا چارەنوسیان لەقاڵبدان و توانەوە دەبێت، بۆیە دەیانەوێت بە كەمترین زیان لەو پێشهاتە نوێیە ڕزگاریان بێت و لایەنی كەمی دەسەڵاتیان بپارێزن
چونكە لەئەگەری ڕێككنەكەوتندا ئیسرائیل دەستكراوە دەكرێت بۆ لێدان لە حەشدی شەعبی و هاوكات سزا بەسەر سەركردەكانیاندا دەسەپێنێت و مایە پوچ بوونی ئابوری عێراق لە ئەگەر سەپاندنی سزای ئەمەریكا بەسەر عێراقدا دەكەوێتە ئەستۆی ئەو هێزانە و شەقام دژی حەشد و دەستەی سیاسی دەجوڵێت.

سەرچاوەکان:

١_ https://www.facebook.com/kirdarpage/posts/674700559774602?_rdc=1&_rdr

٢_ https://www.facebook.com/JaffarEminki/

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com