عێراق چی لە جووتیارانی هەرێم دەوێ؟

0

ئەسعەد مورادی

هەر لە دوای ساڵی 2003_وە هەرێمی كوردستان و عێراق لە رووی ئابووری و بازرگانی، بازاڕێكی هاوبەشیان هەیە و ئەو بازاڕە هاوبەشەش بەگشتی بە قازانجی هەر دوو لایەن بووە و كاتێك پێوەندییە بازرگانییەكان تێكەڵ بە كێشە سیاسییەكان دەکرێت، هەردوو لایەن زیانیان بەركەوتووە و ئەو كێشەیەش زیاتر لەلایەن بەغداوە هاتووەتە كایەوە.

وەزیری پێشووی کشتووکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئامانجی بەغدا لە رێگری لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، زیانگەیاندن بە جووتیارانی هەرێمی کوردستانە.

لە هەرێمی كوردستان لە چاو عێراق بە گشتی كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵ خەریكە گەشەکردنە و لەپێشترە و بەشێكی زۆر لە هۆكاری گەشەی پیشەسازی و كشتوكاڵیش لە هەرێمی كوردستان لەسەر ئەو بازاڕە بووە، كە لە ئاستی عێراقدا سوودی لێ وەرگرتووە. لە هەرێمی كوردستانەوە زۆر لە بەرهەمەكانی وەك مریشك، هێلكە، پەتاتە، میوە بۆ پارێزگاكانی عێراق هەناردە دەكرێت و لەوێشەوە بەرهەمی جیاواز هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت.

لە لایەك هەرێمی كوردستان رێیەكی ترانزیتییە بۆ گواستنەوەی بەرهەمەكانی توركیا بۆ پارێزگاكانی عێراق و لە لایەكی تریش بەرهەمەكانی وڵاتانی كەنداو لە باشووری عێراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان دەگوازرێتەوە.

هەرێمی كوردستان لە هەندێك بەرهەم بە خۆبژێویی گەیشتووە و تەنانەت سەرووی پێداویستییەكان بەرهەم دەهێنێت هۆكاری ئەو پەرەسەندنەش بەشێكی پێوەندیی بە بەرزبوونی داواكاری بۆ بەرهەمەكە لە ئاستی عێراقدا هەیە.

زۆر جار پرسیاری ئەوە كراوە مادام هەرێمی كوردستان لە هەندێك بەرهەمدا سەرووی پێداویستییەكانی ناوخۆ خستنەڕووی هەبووە، بۆچی لە هەمان جۆر بەرهەم لە ئێران و توركیاوە هاوردەی كردووە. بۆ نموونە هەرێمی كوردستان سەرووی پێداویستی ناوخۆ دەتوانێت هێلكە بەرهەم بهێنێت، كەچی لە توركیاوە هێلكە هاوردە دەكات.

هۆكاری ئەم دۆخە پێوەندیی بە هەمان پرسی خستنەڕوو و داخوازی هەیە. هەرێمی كوردستان ئەو هێلكەیەی بەرهەمی دەهێنێت، بەشێكی لە ناوخۆ ساغ دەكرێتەوە و بەشێكی بۆ پاریزگاكانی عێراق دێتە ناردن.

” ئەگەر هەرێمی کوردستان ببێتە دەوڵەتیش،
ئەوا ناتوانێت خۆی لە بازاڕی عێراق داببرێت، چونكە بازاڕێكی لەبارە بۆ بەرهەمەكانی“

جۆری ئەو هێلكەیەی لە هەرێمی كوردستان بەرهەم دەهێنرێت رەنگەكەی سپی نییە و خەڵكی هەرێمی كوردستان زیاتر حەز بە هێلكەی سپی دەكەن، بۆیە لە توركیاوە هاوردە دەكرێت. ئەگەر هەرێمی كوردستان دەوڵەت با دەیتوانی رێ لە هاوردەكردنی هێلكە بگرێت چۆنكە دەبوو بە ناچاریش بێت پاڵپشتی بەرهەمی ناوخۆ بكات.

ئەگەر گریمانەی ئەوە بكرێت ئێستە رێ لە هاوردەی هێلكەی توركیا بگیرێت، ئەوكات نرخی هێلكە لە ناوخۆ بەرز دەبێتەوە، چونكە ئەوەی لە هەرێمی كوردستان بەرهەم دەهێنرێت راستە لە بازاڕی ئابووریدا سەرووی پێداویستی ناوخۆی هەرێمی كوردستانە، بەڵام لە بازنەی ئابووریی عێراقدا لە خوارووی پێداویستیی هەمووی عێراقە و سەرەڕای ئەوەی كە لە پارێزگاكانی تریش پڕۆژەی كێڵگەی پەلەوەر و مریشك هەن، بەڵام نەیانتوانیوە پێداویستییەكانی هەموو عێراق دابین بكەن.

ئەگەر هەرێمی كوردستان بازاڕێكی لەبار بووبێت بۆ زۆر لە بەرهەمەكانی توركیا و ئێران، ئەوا لە داهاتوودا ئەگەر هەرێمی كوردستان ببێتە دەوڵەتیش، ئەوا ناتوانێت خۆی لە بازاڕی عێراق داببرێت، چونكە بازاڕەكەی بازاڕێكی لەبارە بۆ بەرهەمەكانی هەرێمی كوردستان.

ئیسماعیل محمەد لە هۆبەی هاوردە و هەناردەی وەزارەتی بازرگانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان روونی كردەوە ،كە بە وردی نازانرێت چ شتێك لە عێراقەوە بۆ پارێزگاكانی عێراق هەناردە دەكرێت و هیچ دەزگەیەكی تایبەتمەندیش نییە ئەو ئامارە كۆ بكاتەوە، بەڵكو ئەوەی هەیە هەر ئەوەیە لە میدیا و زاری خەڵكەوە گوێبیسی دەبن و ئامارەكان تەنیا لەو دەروازانە دەست دەكەون كە فەرمین و دیارە چ شتێك هاوردە دەكرێت و چ شتێك هەناردە دەكرێت.(١)

بە هۆی ئەوەی مەرزێكی فەرمی لە نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقدا نییە و هێشتا لە رووی یاسایییەوە یەك وڵاتن، هەردوو بە یەك بازنەی ئابووری لە سنوورەكان بەرهەم هاوردە یان هەناردە دەكەن.

هاوردەكردنی بەرهەم لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل تەنیا بۆ هەرێمی كوردستان نییە، بەڵكو بۆ هەموو عێراقە و ئەو پرسە بۆ هەموو ئەو شتانەش راستە كە لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان بەرهەم دەهێنرێن.

ئەگەر هەرێمی كوردستان لە عێراق جیا ببێتەوە، ئەوكات روونتر دەردەكەوێت هەرێمی كوردستان بە گشتی چ بەرهەمێك لە دەرەوە هاوردە دەكات و چ بەرهەمێكش هەناردە دەكات. هەناردەی هەرێمی كوردستان لە بازنەی دەروازە نێودەوڵەتییەكان و مەرزە نیودەوڵەتییەكانی عێراق، ئەوەندە كەمە كە شایانی باسكردن نییە، بەڵام لە ئاستی سنووری نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق بەرزە، بەڵام چونكە حیسابی یەك دەوڵەتیان بۆ دەكرێت، لە ئامارەكاندا ناكەوێتە بازنەی هەناردەی كەلوپەلی بەرهەمهێنراو.

”عەبدولستار مەجید: لە هیچ بارودۆخێکدا
رووینەداوە، کە عێراق بتوانێت
رێگری بەرهەمی کشتوکاڵی هەرێم بکات“

هەڵبەت هەندێك جار سیاسەتی هەردوو حكومەتی بەغدا و هەرێمی كوردستان لە پێوەندییە ئابوورییەكانیان هاوشێوەی دوو دەوڵەت بووە، تەنانەت گومرگیشیان بەسەر بەرهەمەكانی یەكتردا سەپاندووە و دواتر دووبارە لایان بردووە.

بەگشتی عێراق بازاڕێكی لەبارە بۆ بەرهەمەكانی كوردستان، چونكە ئەوەی لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ عێراق دەگوازرێتەوە، هیچ گومرگێكی لەسەر نییە و زۆر باشترە لەوەی لە ئێران هاوردەی بكات و گومرگی بێتە سەر، پێوەندییەك كە پێچەوانەكەشی دروستە.

زۆریك لە بازرگان و وەبەرهێنەر و جووتیارەكانی هەرێمی كوردستان بەو هیوایەی بەرهەمەكانیان هەناردەی مووسڵ و بەغدا و پاریزگاكانی تری عێراق دەكرێت، پەرە بە بەرهەمهێنان دەدەن كە لە داهاتوودا پێ دەچێت ئەو پێوەندییە لە پڕكردنەوەی پێداویستی ناوخۆی عێراقەوە بۆ هەناردەی بەرهەمی وڵاتێك بۆ وڵاتێكی تر دێتە گۆڕین.

لە سالی 9-2-2016 لە راگەیێندراوێکدا وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو شەش بڕیار دەردەکات و تێیدا هەناردەی سەرجەم بەروبوومە ئاژەڵییەکان بۆ نێوەڕاست و خوارووی عێراق قەدەغە دەکات. (٢)

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە “لە پێناو پاراستنی بەرهەمی ناوخۆی پەلەوەر لە گۆشت و هێلکە وەک پەرچە کردارێک بۆ بڕیارەکانی لیژنەی باڵای ئەنفلەوەنزای باڵندەی عێراقی فیدڕاڵ و وەزارەتی کشتوکاڵی بەغدا بۆ ئەو بڕیارە سیاسییەی داویانە لە قەدەخەکردن و رێگرتن لە هەناردەی مریشک و هێلکەی هەرێمی کوردستان بۆ نێوەڕاست و خوارووی عێراق.

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئەم بڕیارانەی دا”.

1- رێگەنەدان بەهەناردەی سەرجەم بەروبوومی ئاژەڵی بۆ نێوەڕاست و خوارووی عێراق لەگەڵ گشت ئەو بەروبوومانەی لە عێراق لەدەرەوە هاوردەیان دەکات بەشێوەی پەڕینەوە  کە بە خاکی هەرێمدا دەڕوات.
2- خاوەن کێڵگەکانی هێلکەی خواردن دەتوانن بەرهەمەکانیان لە بازاڕەکانی هەرێم ساغ بکەنەوەو هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ فەراهەم دەکرێت و بۆ ماوەی دوو مانگ سەربەست دەبن لە فرۆشتنی هێلکە بەبێ مۆری بەسەر چوون و، لەم ماوەیە دەبێت مۆری تایبەت دروست بکەن و خەتمی دیاریکردنی رێکكەوتی بەسەرچوون بۆ هێلکەکان لە دوای دوو مانگەکە دەبێتەوە مەرج لەسەریان .
3- رێگە نەدان بە هەناردەی ئالیک و پێکهاتەکانی لە خاکی هەرێم و ئەوانەی لە دەرەوەش هاوردە دەکرێن بۆ نێوەڕاست و خوارووی عێراق.
4- ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەگەل کۆمەڵەی بەخێوکردنی پەلەوەر بۆ دۆزینەوەی چارەسەری خێرا بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان و لەوانەش هەوڵی وەزارەت بۆ دابینکردنی بودجەیەک بۆ کڕینەوەی بەشێک لە بەرهەمەکان.
5- کەمکردنەوەی هاوردنی گۆشتی مریشک لە دەرەوە لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێم و هەرکاتێک نرخ بەرز بووەوە، چاوخشاندن بەم بڕیارە دەکرێتەوە .
6- داوا لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت ئەو وەزارەتانە پابەند بکات بە کڕینەوەی گۆشتی مریشک و هێلکەی خۆماڵی کە گرێبەستی دابینکردنی خۆراکیان لەگەڵ بەڵێندەراندا هەیە.

وەک دیارە لە ئێستادا حکومەتی عێراق هاوکات لەگەڵ چوونی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا تایبەت بە پرسی رێککەوتنی کۆتایی لە نێوان هەرێم و بەغدا، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بڕیاری داوە رێگری لە هەنارەدەی سەرجەم بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هەرێ بۆ پارێزگاکانی عێراق بکات. بەمەش کێشە بۆ جووتیارانی کوردستان دروست دەبێ لە رووی ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیانەوە.

”عێراقمان ناچار کرد
بڕیارەکەی هەڵبووەشێنێتەوە“

عەبدولستار مەجید، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی کوردستان، هەروەها کابینەی پشووتری حکومەتی هەرێم وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بووە. لەبارەی بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵی بەغدا بۆ رێگری لە بەرهەمی جووتیارانی کورد بە نوچەی رایگەیاند: ئەو بڕیارە بێگومان بۆ زیانگەیاندنە بە جووتیارانی هەرێمی کوردستان دیارە حکومەتی عێراقی، دوای 2003 بەتایبەتی پارێزگاکانی ناوەڕاست و خواروو، زۆر پێویستیان بە بەرهەمە کشتوکالییەکانی هەرێمی کوردستانە، چونکە هەم بارودۆخەکە ئارام بووە و هەمیش بەرهەمی کشتوکاڵی هەیە.

عەبدولستار مەجید دەڵێت،عێراق دەیهەوێت ئەو پلانە پیادە بکات، رێگری بکات لە بەرهەمی دەرەوە بۆ ئەوەی، بەرهەمی ناوخۆی خۆیان ساغ ببێتەوە و خەڵک روو لە کشتوکاڵ بکەن و زیانیش بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هەرێم بگەیەنن. لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان هەر سەر بە عێراقە و لە هیچ بارودۆخێکدا شتی وا رووینەداوە، کە عێراق بتوانێت رێگری بکات، ئەوان بە حسابی خۆیان دەیانەوێت بە خۆبژێوی بگەن.

ئاماژە بەوە شدەکات، کە عێراق تاکو ئێستا رێگری لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان نەکردووە و ئێمە کردوومانە، لەکاتێکدا عێراق هەندێک رێوشوێنی گرتەبەر بەرانبەر بە بەرهەمەکانی ئێمە و جووتیاران، ئێمەش بڕیارمان دا هەرچی بەرهەمەی هەرێی کوردستان هەیە و بەر ترانزێتیشەوە، کە هەرێمی کوردستاندا بێت رێگە نادەین بۆ عێراق بچێت؛ دواتر عێراق ناچار بوو بڕیارەکانی خۆی هەڵبووەشێنێتەوە. بەڵام ئەوەی ئێستا روودەدات دەگەڕێتەوە سەر لاوازی دەسەڵاتی هەرێم، هەرکاتێک عێراق لاوازی ببینێ مەرجەکانی فەرز دەکات و لەهەر بوارێکدا بتوانێ زیان بە هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.

سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمان پێیوایە، کە عێراق بە دوو مەبەست ئەو بڕیارەی داوە یەکەم بۆ خۆبژێوی، کاتێکدا دەبێ لەگەڵ وڵاتان دەورووبەر ئەوە بکات نەکە هەرێم کە بەشێکە لە عێراق. دووەم بۆ فشار دروستکردنە لەسەر جووتیارەکانی هەرێم، چونکە بازاڕەکانی عێراق بەرەهەمکانیانی تێدا ساغ دەبێتەوە دەیهەوێ زیانیان پێ بگەیەنێ.

وەزیری پێشووی کێستوکالی هەرێی کوردستان دەڵێت، هەرێم لە زۆر رووەوە لاوازی زۆری پیشان بەغدا داوە و باردۆخە سیاسی و ئابووریەکەی هەرێمی کوردستان بەهێز نییە تاکو بتوانێت کارتی فشار بەکار بهێنێ، ئەگەرنا کارتی فشار زۆرە. بەڵام باشترین رێگە ئەوەیە هەرێم بە رێککەوتن ئەم کێشەیە چارەسەر بکات.

سەرچاوەکان:

١_ http://www.sulcci.com/details.aspx?=hewal&jmare=9157&Jor=1

٢_ https://www.rudaw.net/sorani/business/090220169

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com