میلیشیاکانی سەر بە سیستانی چ جیاوازییەکیان هەیە؟

0

ئەسعەد مورادی

داهاتووی هێزەکانی حەشدی شەعبی هەر لە سەرەتای ئەمساڵەوە و لە ناوەندە سیاسی و ئەکادیمییەکان گرنگی پێدرواوە و کەوتووەتە بەر باس، بەشێکی زۆری بۆچوونەکان بەو ئاراستەیەن، کە حەشدی شەعبی بەم جۆرە نامێنێتەوە، ئەوەش هەم بەهۆی ناکۆکیی نێوان هێزەکانی ناو حەشد و هەم بەهۆی ئەو ئاڕاستەیەی دەیەوێت هەموو هێزی وڵات لە دەستی دەوڵەتدا کۆبکاتەوە.

میلیشیاکان بەسەر دوو ئاراستە دابەش بوون و کار و کردەوە و هێرش و بەرگریشیان پەیوەندی بە سەرچاوەی ئاراستەکەیانەوە هەیە.

مایکڵ تایسن لە بەشی لێکۆڵینەوە سەربازیی و ئەمنییەکان لە پەیمانگای واشنتۆن باس لەوە دەکات، دەسەڵاتدارانی بەغدا لەگەڵ دەستخۆشیلێکردن و رێزلینان لێیان، هەوڵ دەدەن سنور بۆ حەشدی شەعبی دابنێن، بەڵام تاکو ئێستا تەنها چەند هەنگاوێک نراوە، هەوڵەکانی داهاتوو بۆ ئەوەیە چاکسازیی لە بواری ئاسایشی وڵاتدا بکرێت، بەم جۆرەش وردە وردە چەک لە حەشدی شەعبی دابماڵرێت و تێکەڵ بە هێزی گشتی وڵات بکرێن.

یەکێک لە ئاڵنگارییەکان بریتییە لە سەرکردایەتی و کۆنترۆڵکردن لەم هێزانەدا، تەنانەت حەشدی شەعبی بەبێ ئاگاداری حکومەتی عێراق پلانەکانی دادەڕێژێت و ئۆپراسیۆنەکانی ئەنجامدەدات.

ئەم نەبوونی کۆنترۆڵەی حکومەتی ناوەند کاتێک دەرکەوت کە بەشێک لە هێزەکانی حەشدی شەعبی لە پەلاماردانی خۆپیشاندەرانی بەغدا تێوەگلێندران، هەروەها ئەو کاتەی کە حەشدی شەعبی بە فڕۆکەی بێفڕکەوان هێرشیان کردە سەر سعودییە و پەلاماری هەندێک نێردەی دیپلۆماسیشیان دا، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ لایەنێکی ناو حەشدی شەعبی بەرپرسیارییەتی خۆی لەم هێرشانە رانەگەیاند، ئەمەش وا دەکات بە تەواوی جوڵە و پلانەکانی ئەم هێزانە نەزانرێت و مامەڵەکردن لەگەڵیان ئاسان نەبێت.

جوڵە و هێرشە ناوەخت و نەزانراوەکانی حەشدی شەعبی بەرەو زیان و لێدانێکی مێژووی بردن، کە بەر دڵی هێزەکە کەوت، ئەویش وەڵامی ئەمریکا بوو بۆ ئەم هێرشانە، ئەوەش بوو بە هۆی کوشتنی گەورەترین پشتیوانیان کە قاسم سولەیمانییە، هەروها کوستنی سەرکردەکەیان ئەبو مەهدی موهەندیس.

مستەفا کازمی کە پەیمانی حکومەتێکی بەهێزی داوە، هەوڵ دەدات بیسەلمێنێت تەنها حکومەت هێزی یەکەمی وڵاتە، بۆ نموونە چەند رۆژێک پێش ئێستا هەوڵی دا فشار بخاتە سەر ئەو هێزانەی، کە بە هێرشکردنە سەر خۆپیشاندەرانی باشوری عێراق تۆمەتبار کرابوون و بەڵێنیشی دا لێکۆڵینەوە لە دۆسییەی ئەو خۆپیشاندەرانە بکات، کە دوور لە یاسا دەستگیرکراون یان کوژراون، بەڵام چاودێران پێیان وایە ئەم هەنگاوانە لەسەرخۆ دەبن، چونکە ئەرکی سەرەکی کازمی لە ئێستادا رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، تێکشکاندنی داعش و رزگارکردنی ئابووریی عێراقە.

”سەرکردایەتیی حەشدی شەعبی دەخرێنە ژێر سەرکردایەتی و دەسەڵاتی دەوڵەتەوە”

مایکڵ نایتس پێی وایە چەکداماڵینی هێزەکانی حەشدی شەعبی سەخت و دژوار دەبێت، ئەوەش بەهۆی پێگە و بوونە سەربازیی و سیاسییە گەورەکەی، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەری چاکسازی هەیە، بەتایبەت کە لایەنە عێراقییەکان لە هەندێک بابەتدا کۆکن و ئەگەری نزیکبوونەوەیان هەیە.

نووسەر لەبارەی داهاتووی حەشدی شەعبییەوە دەڵێت، لە هەنگاوی یەکەمدا سەرکردایەتیی حەشدی شەعبی دەخرێنە ژێر سەرکردایەتی و دەسەڵاتی دەوڵەت و گەلەوە. دواتر ئەو فەرمان و ئەرکانە دیاریکراو دەبن، کە بەم هێزانە دەدرێن و دەکرێن بە وزەیەکی تێکەڵکراو لەگەڵ هێزەکانی دیکەدا بۆ بەرگریی نیشتمانی، لە قۆناغی کۆتاییشدا ئەم هێزانە لە مەیدانەکانی شەڕە بۆ هێزی رێزلێگیرا و راهێنراو دەگوازرێنەوە.

شیکەرەوەی کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، حەمدی مالیک، باس لەو هێزانە دەکات، جیاواز لە حەشدی شەعبی پەیوەست نین بە ئێرانەوە و زیاتریش لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقدان یان لانی کەم پەیوەندییان لەگەڵ حکومەتی عێراقیدا بەهێز و ئارامە.

حەمدی باس لە “ألوية العتبات” دەکات کە رێکخراوی نیمچە سەربازین، ناسراون بە “وحدات الأضرحة” و لە چوار هێزی سەرەکی پێکهاتوون؛
“لواء أنصار المرجعية”، “لواء علي الأكبر”، “فرقة العباس القتالية” و “فرقة الإمام علي القتالية”. ئەم هێزانە پەیوەست نین بە (پاسەوانی شۆڕشی ئیسلام)ی ئێران، بەڵکو پەیوەست و بەستراون بە عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق.

ئەندامە کردەییەکانی هەر چوار هێزەکە، نزیکەی ١٨ هەزار کەسن و هەزاران ئەندامی دیکەشیان هەیە و ئامادەی هەر ئەرکێکن لە کاتی پێویستدا پێیان بسپێردرێت.

“فرقة العباس القتالية” بەهێزترین گروپە لە رووی سەربازییەوە، زیاتریش پڕچەک کراوە و لە هاوکارییەکی بەهێز و بەردەوامی سەربازییدایە لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق.

چەند تایبەتمەندییەک ئەم هێزانە لەو هێزانەی دیکە جیادەکاتەوە کە پەیوەستن بە ئێرانەوە؛

ئەم هێزانە تەنها لەگەڵ دامەزراوە نیشتمانییەکانی عێراقدا کار دەکەن و هاوکارییان هەیە، خۆیان لە پەیوەستی بە (پاسەوانی شۆڕشی ئیسلام)-ی ئێران و هێزە دەرەکەییەکانی دیکە دەپارێزن.

جیاوازییەکی دیکەیان ئەوەیە خۆیان لە پڕۆسەی سیاسی دەپارێزن و وەک هێزی سەربازیی دەمێننەوە، لە کاتێکدا هێزەکانی سەر بە ئێران هەوڵ دەدەن تێکەڵ بە پڕۆسەی سیاسی بن و حزبیش دروستبکەن.

ئەم هێزانە ئەمریکا بە “دوژمن” ناناسێنن و لە دروشمی دژ بە ئەمریکا دووردەکەونەوە، بەڵام لە کاتی هێرشی ئەمریکاشدا بێدەنگ نابن و سەرکۆنەی دەکەن، وەک هێرشی ئەمریکا بۆ سەر بنکەیەک لە فڕۆکەخانەی کەربەلا لە مانگی ئازاری ئەمساڵ.

چوارەم تایبەتمەندی ئەم هێزانە ئەوەیە، تاکو ئێستا بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ تۆمەتبار نەکراون، یەکێکیش لە هۆکارەکان ئەوەیە نیازیان نییە لە ناوچە سوننە نشینەکاندا پێگە و بارەگایان هەبێت، کە شوێنی پێشێلکردنی مافی سوننەکانە لەلایەن هێزە شیعییەکانی دیکەوە. پێگەی سەرەکی ئەم هێزانە شارە شیعییە “پیرۆزەکانە” بەتایبەت کەربەلا، نەجەف و بیابانی پەیوەست بە پارێزگای ئەنبار.

لێکۆڵەر پێی وایە ئەم تایبەتمەندییانەی لەم هێزانەدا هەیە، راستەخۆ دەیانخاتە بەرەی دژ بە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران. زانیاریی هەیە ،کە پێش کوشتنی لەلایەن ئەمریکییەکانەوە، ئەم هێزانە هەوڵیانداوە ئەبو مەهدی موهەندیس لە سەرکردایەتیکردنی حەشدی شەعبی دووربخەنەوە، دوای کوشتنیشی دژایەتی خۆیان بۆ دانانی ئوبە فەدک لە شوێنەکەی دەربڕی، ئەوەش بەهۆی نزیکی لە ئێرانەوە.

لە کۆتاییدا ئەم هێزانە لە چوارچێوەی حەشدی شەعبی کشانەوە و بەڵینیشیان دا، کە هاوکاری هەر هێزێکی دیکەی ناو حەشدی شەعبی بن بۆ کشانەوە و دەرچوون لێیان.

بەشێک لە چاودێران پێیان وایە ئەم کشانەوەیەی هێزەکانی سەر بە سیستانی لە حەشدی شەعبی، مانای کۆتاییهاتنە بە پشتگیری گەورەترین پێگەی ئاینیی شیعەکانی عێراق لە حەشدی شەعبی.

بۆ ئەوەی رێگربن لەم دوورکەوتنەوەی سیستانی لێیان، هادی عامری، ئەحمەد ئەسەدی و چەند سەرکردەیەکی دیکەی دیاری حەشدی شەعبی و هێزەکانی نزیک لە ئێران، سەردانی نوێنەری سیستانیان لە کەربەلا کرد، تاکو ئەم هێزانە پەشیمان بکەنەوە لە کشانەوە و قایلیان بکەن بگەڕێنەوە ناو چوارچێوەی حەشدی شەعبی.

ئەیمەن جەواد تەمیمی شیکەرەوە و خوێندکاری دکتۆرا لە زانکۆی سوانزی بۆچوونی وایە، بەشێک لە هێزەکانی ناو حەشدی شەعبی وەک هێزی بەرگری دژ بە ئەمریکا و خاوەن تۆماری رەسمی لە دەوڵەتی عێراق، خاوەن ناسنامەی دژ بەیەکن کە دیارترینیان “عصائب أهل الحق و وكتائب حزب الله”ن.(١)

لە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی بەشێک لە کەسایەتییە دیارەکانی ناو حەشدی شەعبی دەرکەوتنیان لە میدیاکاندا کەمکردووەتەوە، بەتایبەت قەیس خەزعەلی سەرکردەی عەسائیبی ئەهلی حەق، ئەوەش لە ترسی بە ئامانجگرتنیان لەلایەن فرۆکە ئەمریکییەکانەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا هێزەکانی حەشدی شەعبی بە گوتاری جیاوازەوە بەردەوامن لە دژایەتیکردنی بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و بەردەوامیش هەڕەشەن بۆ سەر سەربازە ئەمریکییەکان.

بەشێک لە هێزەکانی حەشدی شەعبی سەرەڕای دژایەتیکردنی هێزەکانی ئەمریکا و بە ئاشکرا رایانگەیاندووە، بەڵام لەبەرئەوەی بەشێکن لە دامەزراوەی سەربازی حکومەتی عێراق، ناتوانن راستەوخۆ هێرش بکەنە سەر سەربازە ئەمریکییەکان.

یەکێکی دیکە لە ناکۆکییەکانی ناو حەشدی شەعبی ئەو کاتە دەرکەوت کە بەشێک لە هێزەکان بە ئاشکرا دژایەتی خۆیان بۆ کاندیدکردنی مستەفا کازمی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دەربڕی و بە هاوکاریکردنی ئەمریکا لە کوشتنی سولەیمانی و موهەندیس تۆمەتباریان کرد، ئەمە لە کاتێکدا بەشێکی دیکەی حەشدی شەعبی پشتگیرییان کرد.

چەند رۆژێک دوای ئەوەی بوو بە سەرۆک وەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی دەستیکرد بە جوڵە لە دژی گروپی “ثأر الله” بە تۆمەتی تێوەگلانیان لە کوشتن و بریندارکردنی خۆپیشاندەرانی بەسرە، ئەمەش بە هەوڵێکی رێکخراوی حکومەتەکەی دادەنرێت بۆ دژایەتیکردنی حەشدی شەعبی و گروپە هاوشێوەکانی، بچوکی ئەم گروپەش لە چاو کەتائیبی حزبوڵا و عەسائیبی ئەهلی حەق هۆکار بووە بۆ ئەوەی کازمی بە ئاسانی بتوانێت دژایەتی بکات.

دوای ئەوەی، کە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی ئەمریکا و هێزە ئەمنیەکانی عێراق بۆ سەر  بنکە و بارەگاکانی حزبوڵڵای عێراق بەڕێوەچوو، سەرۆکوەزیرانی عێراق وەک یەکەمین هەلوێستی فەرمی خۆی هاتە گۆ و گوتی: رێگە بە هیچ لایەنیکی بیانی نادەین، کە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق بکات، عێراق وەڵاتێکی پەراوێزخراو و گۆشەگیر نییە.

تا بەرلەم ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەی ئەمریکا و هێزە ئەمنیەکانی عێراق، کە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی مستەفا کازمی ئەنجام درا، لە مانگی ئۆکتۆبەرەوە نزیک بە ٣٥ جار هێرشی ڕۆکێتی کرابووەوە سەر بنکە سەربازیەکانی ئەمریکا و هەروەها زونی سەوز. هەر چۆنێک بێت ئەم هێرشانە لە خۆیدا بەرژەوەندیەکانی ئەمریکای کردۆتە ئامانج.

واشنتۆن، کە بەردەوام حزبولڵای عراقی بە هێرش بۆ سەر بنکە سەربازی و کۆمپانیاکانی خۆیی تۆمەتبار کردووە، پێشتر بە فەرمی داوای لە بەغدا کردووە، کە رێگری لە ئەنجامدانی ئەم هێرشانە بکات و فشار بخاتە سەر ئەم لایەنە، کە هێرشەکانی ڕابگرێت. هەر چەند بە گوتەی بەرپرسانی سەربازی عێراق، هیچ هێزێکی ئەمریکی بەشداری ئەم هێرشە نەبووە، بەڵام ئەو زانیاریانەی، کە بڵاو بوونەتەوە، ئەم بانگەشەیە پشتڕاست ناکەنەوە.

دەزگای دژە تیرۆری عێراق لە دوای کەوتنی رژێمی بەعس لە ٢٠٠٣ بە یارمەتی ئەمریکا هاتە کایەوە و لە ڕووی دارایی و مەشق و ڕاهێنانی سەربازی و لۆجستی لە لایەن ئەمریکاوە یارمەتی و تەیار کراوە. لەم ڕووەوە پەیوەندییەکی چڕی لەگەڵ واشنتۆن هەیە و بەر لە هێرشەکەس بە بڕیای مستەفا کازمی، «عبدالوهاب سعدی» وەک فەرماندەی ئەم هێزە دیاری کرا.

کەناڵی جەزیرە لە راپۆرتێکدا دەڵێت، دوای ئەم هێڕشە، ژمارەیەک لە ئەندامانی حزبوڵڵای عێراق هێرشیان کردە سەر زۆنی سەوز و لە بەردەم بینای دەزگای دژە تیرۆر کۆبووەوە و خوازیاری ئازادکردنی ئەندامە دەستگیرکراوەکانیان کردووە.

حزبوڵڵای عێراق ئەو رێکخراوەیە، کە شانە سەرەتاییەکانی لە ساڵی ٢٠٠٣ دامەزرا، بەڵام چوار ساڵ دواتر بە فەرمی دەست کرد بە چالاکی سەربازی و بە فەرمی خۆی وەک رێکخراویکی چەکدار ڕاگەیاند. پانتای کاروچالاکیەکانی لە سوریا و عێراق بووە و لە ساڵی ٢٠٠٩ بە فەرمی لە لایەن ئەمریکاوە خرایە لیستی ڕەشەوە. یەکینەکانی حزبوڵڵای عێراق، کۆڵەکەی سەرەکی حەشدی شەعبی هەژمار دەکرێت، کە ساڵی ٢٠١٤ بە فەرمی دامەزرا. حزبوڵڵای عێراق ئامانجی یەکەم و سەرەکی خۆی بەم شێوەیە ڕاگەیاندووە: ئامانجی سەرەتایی و سەرەکی ئێمە، تێکشکانی پلانەکانی ئەمریکا لە ناوچەیە، کە بە هۆی داگیرکاری سەربازییەوە شكۆی عێراقی پێشێل کردووە، هەر بۆیە دەرکردنی هێزی سەربازی ئەمریکا لە عێراق، ئەولەوییەتی سەرەکی ئەوانە.

پەلاماردانی هێزێکی سەر بە ئێران لە عێراق لە لایەن ئەمریکاوە، تا دێ دۆخەکە بۆ کابینەی نوێی حکومەت و تەنانەت ئێران ئاڵۆزتر دەکات.

واثق الهاشمی، سەرۆکی ناوەندی لێکٶڵینەوەی ستراتیژی عێراق پێی وایە، کە کازمی بەم بڕیارەی، داهاتووی  پرۆسەی سیاسی عێراقی ناڕوون کردۆتەوە، بە تایبەت، کە پەرە بە ململانێکانی تاران و واشنتۆن دەدات.

حسان الشمری، سەرۆکی ناوەندی توێژینەوە سیاسییەکان ڕای وایە، کە ئەم بڕیارەی کازمی ڕەنگە ببێتە هۆی  پێکهاتنی جەمسەربەدنییەکی نوێ بۆ لایەنە شیعەکانی عێراقی و دۆخی بەغدا ئاڵۆزتر بکات.(٢)

هەر چۆنێک بێت کازمی دەبێ تێچووی ئەم بڕیارە بدات و پابەندبونی خۆی بە بانگەشە و بەڵێنەکانی بسەلمێنێ و هاوکات هاوسەنگییەک لە نێوان کۆنترۆڵکردنی گروپە میلیشاییەکان لە لایەک و جێبەجیکردنی بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ دەرکردنی هێزە بیانیەکان و ئەمریکا پێکبێنی.

دوای ئەوەی هێزی دژەتیرۆر هێرشیان کردە سەربارەگایەکی حزبوڵڵای عێراقی و چەند کەسێکیان دەستگیر کرد، قەیس خزعەلی، ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلحەق رایگەیاند: هەوڵێکی نێودەوڵەتی هەیە بۆ لێدانی هێزەکانی حەشدی شەعبی. 

قەیس خزعەلی دەڵێت، هیچ سەربازگەیەکی عێراقی نەکراوەتە ئامانج، هێزەکانی “بەرخۆدان” لە ناوچەی سەوز دام و دەزگا حکومییەکان ناکەنە ئامانج ، بەڵکو تەنیا باڵیۆزخانەی ئەمریکایان کردووەتە ئامانج.

  قەیس خەزعەلی هەڵکوتانە سەر بارەگای حەشدی شەعبی بە رووداوێکی مەترسیدار ناودەبات و دەڵێت، نە سەرۆکوەزیران و نە هیچ کەسێکی دیکە ناتوانن رووبەڕووی حەشدی شەعبی بووەستنەوە. کازمی تۆمەتبار دەکات کە یەکەمین سەرۆکوەزیرانە هێزەکانی حەشدی شەعبی دەکاتە ئامانج و دەڵیت، هیچ سەرۆکوەزیرانێکی پێشوو “بەرخۆدانی” نەکردووەتە ئامانج.(٣)

سەرچاوەکان:

١_ https://www.peyserpress.com/detail/5576#

٢_ http://www.nuche.net/?p=156924

٣_ https://www.rudaw.net/sorani/middleeast/iraq/27062020

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com