خانەنشینی پەرلەمانتار، یاسایەکی روون و هەڵوێستێکی ناڕوون

0

ئەسعەد مورادی

خانەنشینی پەرلەمانتار لە هەرێمی کوردستان و عێراق، بابەتێکی گەرمی میدیاکانە و رەنگدانەوەی زۆری لە شەقامی عێراقی و هەرێمیش هەیە، چەندین جار ناڕێزایەتی و خۆپیشاندانیش دژی خانەنشینی پەرلەمانتاران ئەنجام درا. لەم خولەی پەرلەمان لە پرۆژەیاسای چاکسازی لە پەرلەمان، چەنمەرجێک بۆ خانەنشینی پەرلەمانتاران دیاری کرا و ١-٧-٢٠٢٠-وە تەواوی پرۆژەیاسای چاکسازی، کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و چەند پەرلەمانتارێکیش خانەنشینیان (خۆیان) رەتکردوە.

فراکسیۆنەکانی پەرلەمان، هەندێک جار لەسەر پرۆژەیاسای چاکسازی و بەتایبەت کەمکردنەوەی موچەی و خانەنشینی پەلە باڵاکان، بەرانبەر بە یەک هەڵوێستی توندیان وەردەگرت و وەردەگرن. ئەوەی کۆتایی بەو هەڵوێستە جیاوازانە دەهێنی، روونترکردنەوەی یاسای نوێ و کارپێکراوەکانە، نەک دەنگ بەرزکردنەوە و لێدوانی میدیایی.

مێژووی هەڵبژاردن

پاش شكستهێنانی گفتوگۆكانی نێوان بەرەی كوردستانی و ڕژێمی بەعس، لە 26-10-1991 حكوومەتی عێراق دەستی كرد بە كشانەوەی دامودەزگا ئیدارییەكان لە ناوچەكانی كوردستان، ئەوەش بۆشاییەكی یاسایی و ئیداریی دروست كرد، بەرەی كوردستانیش، كە لە 7 حزب پێكهاتبوو لەو كاتەدا وەكوو دەسەڵاتی ناوچەكە لە ئاست ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تەنگژە سیاسی و ئیداری و یاساییەدا و لەپێناو بەڕێوەبردنی هەرێم و دانانی دەسەڵاتی یاسا، بیری لە دامەزراندنی سیستمێكی پەرلەمانی كردەوە لەڕێی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی سەربەخۆی ئازاد و دیموكراتییەوە.

بۆ ئەمەش سەركردایەتی بەرەی كوردستانی لیژنەیەكی تایبەتی 15 كەسی لە دادوەر و پارێزەر و مافپەروەران و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكانی ناو بەرەی كوردستانی پێكهێنا، ئەم لیژنەیە دوای چەند دانیشتنێك لە نێوان 23-12-1991 تاوەكو 28-1-1992 پرۆژە یاسایەكیان پێشكەش بە سەركردایەتی سیاسی بەرەی كوردستانی كرد و لە ڕۆژی 28-4-1991 لەلایەن بەرەی كوردستانییەوە بڕیاری لەسەر درا و بەناوی یاسای ژمارە 1-ی ساڵی 1992 یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان ـ عێراق پەسەند كرا.(١)

خولی یەكەم

یەكەمین ئەزموونی هەڵبژاردنەكان بە شێوەیەكی دیموكراسی لە كوردستانی باشوور لە 19/5/1991 بە بەشداریی نزیكەی یەك ملیۆن دەنگدەر ئەنجام درا و بەپێی یاسای هەڵبژاردن دەبوو هەر لایەنێك 7% ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت بۆ ئەوەی ببێتە خاوەنی كورسییەكی پەرلەمان، لە هەڵبژاردنەكەدا 7 لیست و قەوارەی جیاواز بەشدارییان كرد و بەپێی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن كە لەلایەن دەستەی باڵای سەرپەرشتیاری هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نیشتمانیی كوردستان ڕاگەیەندرا و تەنها پارتی دیموكراتی كوردستان و لیستی هاوبەشی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و حزبی زەحمەتكێشان توانیان بگەنە پەرلەمان و لەكۆی 105 كورسی پەرلەمان پارتی و یەكێتی 50% ی كورسییەكانیان بەركەوت، بەپێی بڕیارێكی سەركردایەتیی سیاسی كوردستانیش كە لە 8/4/1992 دەرچووە، 5 كورسی بۆ مەسیحییەكانی كوردستان تەرخان كرا، كە 4 ئەندامیان لە لیستی بزووتنەوەی دیموكراتی ئاشووری و ئەندامێكیشیان لە لیستی یەكگرتووی مەسیحییەكانی كوردستان تەرخان كرا.

خولی دووەم

ڕۆژی 30 كانوونی دووەمی 2005، هەڵبژاردنی خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام درا كە هاوكات بوو لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاكان، ئەوەش یەكەمین هەڵبژاردنی گشتی بوو كە پاش ڕووخانی ڕژێمی سەدام لە كوردستان و عێراق ئەنجام درا.

لەم هەڵبژاردنەدا خەڵكی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە هەرسێ پارێزگای كەركووك و مووسڵ و دیالە ڕێگەیان پێنەدرا دەنگ بدەن بۆ پەرلەمانی كوردستان، بەهۆی ئەوەی چارەنووسی گەڕانەوەیان بۆ سەر هەرێم یەكلایی نەكرابووەوە.

لە هەڵبژاردنەكەدا 13 لیست و قەوارەی جیاواز بەشدارییان كرد و تێیدا یەك ملیۆن و 753 هەزار و 919 كەس لە كورد و توركمان و كلدان و ئاشووری و موسڵمان و مەسیحی و ئێزدی بەشدارییان كرد و ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانیش لە 105 كەسەوە بەرز كرایەوە بۆ 111 ئەندام، لە ئەنجامدا 3 لیست لەكۆی 13 لیست توانییان بگەنە پەرلەمان و ئەوانیش لیستی نیشتمانیی دیموكراتی كوردستان كە 104 كورسی و لیستی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان 6 كورسی و لیستی زەحمەتكێشانی كوردستان و سەربەخۆكان 1 كورسییان بەدەست هێنا.

خولی سێیەم

ڕۆژی 25/7/2009 هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە چوو كە تێیدا 24 لیست و قەوارەی جیاواز بەشدارییان تێدا كرد و 11 لیست توانییان ڕێژەی یاسایی بەدەست بهێنن و ببنە خاوەنی كورسی پەرلەمانی، هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی خولی سێیەمدا، هەڵبژاردن بۆ سەرۆكی هەرێم بەڕێوە چوو كە تێیدا 12 كەس خۆیان بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی کوردستان پاڵاوت و لە ئەنجامدا مەسعوود بارزانی بە بەدەستهێنانی یەك ملیۆن و 266 هەزار و 397 دەنگ سەركەوتنی بەدەست هێنا.

خولی چوارەم

ڕۆژی 21/9/20013 لەسەر فەرمانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە چوو كە تێیدا 31 لیست و قەوارەی سیاسی بەشدارییان كرد و 17 لیست توانییان سەركەوتن بەدەست بهێنن و ببنە خاوەنی كورسی پەرلەمانی.

خولی پێنجەم

سەرلەبەیانی رۆژی 30/9/2018 هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان دەستیپێكرد، بەپێی داتاكانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم، 3 ملیۆن و85 هەزار و 462 هاوڵاتی مافی دەنگدانیان هەیە و 29 لیست و قەوارەی سیاسیش پەسەند كراون بۆ بەشداری كردن لە هەڵبژاردنەكەدا، بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەكەش هەزار و 260 ناوەندی دەنگدان لە چوار پارێزگاكەی هەرێم كراونەتەوە كە 5 هەزار و 941 وێستگەیان تێدایە.

هەروەكو ئەم یاسایە بە ناوەكەیدا دیارە و هەموو یاسا خانەنشینییەكانی پێشووی عێراقیشی، كە نزیكەی لە 10 یاسا زیاترە، لە خۆگرتووە بۆ ئەوەی مووچەی خانەنشینی پلە بالاكان كەمبكرێتەوە و ئەوەی پلە نزمەكانیش زیاد بكرێت و دادپەروەری بەرقەرار بێت و هەموو هاولاتییەكیش كە خانەنشین دەبێت مافی پارێزراو بێت.

ئەم یاسایە لە 1-1-2014 كەوتۆتە بواری كارپێكرنەوە. لە هەرێمی كوردستانیش تا ئێستا نزیكەی 17 یاسای خانەنشینی هەیە و كاریان پێدەكرەێت و پێویستە هەموو ئەو یاسایانە لە یەك یاسای خانەنشینی هەرێمدا كۆبكرێنەوە و بۆ ئەم مەبەستەش یان سوود لە یاسای خانەنشینی یەكخراوی عێراق ژمارەی 9- ی ساڵی 2014 وەربگیرێت بۆ دانانی یاسایەكی خانەنشینی گشتی بۆ هەرێم یان ئەم یاسای خانەنشینی یەكخراوەی عێراق وەك بنچینە وەربگیرێ و هەندێك گۆڕانكاری كەمی تێدا بكرێ كە لەگەڵ واقیعی كوردستاندا بگونجێ بەمەرجێك ناوەرۆكەكەی بپارێزرێت و مووچەی خانەنشینانی هەرێمی كوردستان لەوانەی هاوتاكانیان لە عێراق كەمتر نەبێت.

گرنگترین خاڵە گرنگەكانی یاسای خانەنشینی یەكخراوی ژمارە 9-ی ساڵی 2014 عێراقی فیدراڵ خراونەتەڕوو، وردەكارییەكانی ماددە و بڕگەكانی ئەم یاسایە لەم نوسینەدا ناكرێت باس بكرێن چونكە نوسینەكە دوورودرێژ دەبێت. لەو خالانەی لەم نوسینەدا خراونەتەڕوو، لە كۆتایی هەر خاڵێكیاندا لە ناو كەوانەدا ماددە یان ماددە و بڕگەی یاسای خانەنشینی یەكخراوی عێراق نوسراوە ئەویش بۆ ئەوەی ئەگەر خوێنەر ویستی وردەكاری ماددەكە یان بڕگەكە بزانێ لە دەقی یاساكەدا بە ئاسانی بیدۆزێتەوە(٢)

بۆ بینی دەقی یاسای خانەنشینی لێرە کلیک بکەن..

پەرلەمانی کوردستان لە نوسراوێکدا، کە واژووی سەرۆکى دیوانى پەرلەمانى لەسەرە رایگەیاندوە، هەر ئەندام پەرلەمانێک لە خولی پێنجەم و پەرلەمانتارانی خانەنشین لە خولەکانی دیکە، دەیانەوێت ئارەزوو مەندانە دەستبەرداری موچەی خانەنشینی پەرلەمانتاری بن.

لە نوسراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە کە پەرلەمانتاران دەتوانن لە رێکەوتی 1-7-2020-ەوە بۆ ماوەی 30 ڕۆژ سەردانی سەرۆکایەتی دیوانی پەرلەمان بکەن، بە مەبەستی وەرگرتنی ڕێوشوێنی یاسایی.

لەسەرەتای ئەمساڵ یاسای چاکسازیی لە خانەنشینی موچە و دەرماڵە، بە دەنگی 89 پەرلەمانتار لە پەرلەمانی کوردستان پەسەندکرا، بەشێک لەپەرلەمانتاران بانگەشەى ئەوە دەکەن ئەو فۆڕمە پڕ دەکەنەوەو زۆرینەشى ئامادە نییە پڕی بکاتەوە.

سامان ئەحمەد، بەرێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستانی، رۆژی چوارشەممە 1-7-2020، لە لێدوانێدا رایگەیاندووە “ژمارەیەک پەرلەمانتار فۆڕمی رەتکردنەوەی خانەنشینیان وەرگرتووە، لە ئەمرۆوە تاکو کۆتایی مانگی تەمموز پەرلەمانتارانی ئەم خولە و خولەکانی دیکە، بە ئارەزومەندانە دەتوانن فۆڕمەکە پڕبکەنەوە، دوای کۆتایی هاتنی پرۆسەکەش ئەوان ناوی سەرجەم پەرلەمانتارەکان پڕدەکەنەوە”.

بەرێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستانی دەشڵێت “سەرەتای مانگی ئاب ناوەکان ئاشکرا دەکەین”.(٣)

پەرلەمانی کوردستان، ماوەی یەک مانگی دیاریکردووە بۆ ئەو پەرلەمانتارانەی دەیانەوێت مووچەی خانەنشینی رەتبکەنەوە. هەروەها ئەو پەرلە مانتارانەی تاکو ئێستا فۆڕمەکانیان پڕکردووەتەوە بریتین لە ( کازم فاروق، کاوە عەبدولقادر، مژدە مەحمود، سیپان ئامیدی، لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ، شیرین ئەمین لە فراکسیۆنی گۆڕان).

”هەندێك پەرلەمانتار
رەتكردنەوەی خانەنشینی،
كە شمولیان ناكات
بە خەڵك دەفرۆشنەوە”

شێركۆ جەودەت سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوی ئیسلامی، لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووك، نوسیویەتی “یاسای عێراق شمولتان ناكات خانەنشینیتان بە ستەملێكراوان مەفرۆشنەوە.”

بەپێی نوسینەکەی شێركۆ جەودەت، یاسای خانەنشینی یەكگرتوی عێراق سەرجەم ئەندامانی فراكسیۆنی یەكگرتوی ئیسلامی دەگرێتەوە، چونكە ھەمو پەرلەمانتارانی یەكگرتو مەرجی پەنجا ساڵ تەمەن و پانزە ساڵ خزمەت زیاتریشیان ھەیەو دەبێت. دەشڵێت “بەڵام بەداخەوە ھەندێك، ھیچكام لەم مەرجانەی تیا نییەو دێت و رایدەگەیەنێت، كە (خانەنشینی پەرلەمانتاریم ناوێت) و بەو گەلە ستەمدیدەیەی دەفرۆشێتەوەو ئێمەش ناچار ئەكات راستییەكان بخەینەڕو”.

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتو ئەوەشی خستۆتەڕوو “ئێمە وەك پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی یەكگرتوو تەنانەت مانگانە و لەكاتی خۆیدا خانەنشینی زیاتر لە پانزە ساڵ خزمەتی وەزیفی پێش پەرلەمانتاریشمان لێبڕاوە، كە ئێستا ھەندێك دەیانەوێت لێیخۆشبین بۆ ئەم حكومەتە گەندەڵكارە و بە دڵی خۆمان پرۆژەو ئەركی خێرخوازی پێنەكەین.”

لەكۆتاییشدا نوسیویەتی،”بۆیە زۆر پێویستە كە رونبێتەوە خانەنشینی پەرلەمانتار دوجۆرن، یەكەمیان تەواو یاسایی و دروستە و دوەمیان ستەمە لە سیستمی خانەنشینی و بەبێ خزمەت و تەمەنی پێویستە، كە بەداخەوە ھەندێك دەیفرۆشنەوە بەم میللەتەو رەتیدەكەنەوە بێ ئەوەی شمولیان بكات”.

ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان، روبینا تیاری، لەمبارەیەوە بە نوچەی گوت، لە یاسای چاکسازیدا هاتووە و پەرلەمانتارە سەرپشک دەکات، خۆی خانەنشین بکات یان نا، کە خانەنشینی-یش بە یاسا رێکخراوە.

روبینا تیاری دەشڵێت، ئەگەر بەراوردێک بکەین لە خولەکانی یەکەم تا چوارەمی پەرلەمان لەگەڵ ئەم خولە جیاوازی هەیە؛ چونکە لە خولەکانی پێشوو 80% خانەنشین کراون، بەڵام لە خولەی پەرلەمان تەنیا 20% خانەنشین دەکرێن، بە گوێرەی یاسای خانەنشینی.

لەبارەی رەتکردنەوەی موچەی خانەنشینی چەند پەرلەمانتارێک روبینا تیاری گوتی، ئەو پەرلەمانتارانە بە گوێرەی مەرجەکانی یاسای خانەنشینی پەرلەمان، خانەنشین نابن.

سەرچاوەکان:

١_ http://www.basnews.com/so/babat/469582

٢_ https://www.sharpress.net/op-detail.aspx?jimare=105725

٣_ https://www.rachlaken.com/details/8603

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com