پلازمای خوێن لەهەرێم، بەخشین یان فرۆشتن؟

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

بەخشین و هاوکاری یەکتری، یەک لە خەسڵەتە هەرە جوانەکانی کۆمەڵگەی کوردییە، بۆچی ئێستا خەریکە ئەم بەرەو کاڵبوونەوە دەچێت؟ فرۆشتنی پلازمای خوێن کە یارمەتی کەسانی توشبوو بە پەتای کۆرۆنا دەدات، خەریکە دەبێتە بابەتی بازرگانی و مامەڵەکردن، مامۆستایەکی ئاینی دەڵێت: بەخشێنی پلازمای خوێن کارێکی پیرۆزەو پاداشتی هەیە، حکومەتی هەرێمیش رایگەیاند: هەر جۆرە مامەڵەیەک بە پلازمای خوێنەوە دەچێتە چوار چێوەی بازرگانیکردن و بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.       

کۆرنا ڤایرۆس (کۆڤیدی ١٩) نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و لەسەرەتای ئەمساڵەوە لە وڵاتی چین سەری هەڵدا و بەزووی بە وڵاتانی جیهادا بڵاو بوویەوە، کاریگەری خراپی کردە سەر ئابووری جیهان، دۆخ و ژیان و گوزەرانی خەڵکی لە هەموو وڵاتان سەختکردووە و بە ملیۆنان خەڵک لە جهیان تووشی نەخۆشییەکە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن خەڵکی لە جهیان کوشتووە، تا ئێستاش نەخۆشییەکە بە شێوەیەکی چڕ لە وڵاتان بەردەوامە و هیچ ڤاکسینێکیشی بۆ نەدۆزراوەتەوە.                                                                  

پلازمای خوێن چییە؟

هەموو کەسێک، کە خوێن لەجەستەیدا هەیە، پێکدێت لە پرۆتین، خڕۆکەکانی خوێن و ئەو ئاوەی کە لەناو خڕۆکەکانی خوێندایە، کەواتە هەموو خوێن پێکدێت لە پلازمای خوێن و خانەکانی خوێن، خەنەکانی خوێنیش بریتین لە خانەی سور، سپی، خەپلەی خوێن، ئەمانەی لێ جیا بکەیتەوە شلەمەنییەک دەمێنێتەوە پێی دەڵێن پلازمای خوێن، ئەو پلازمای خوێنەش دژە تەنەکانی تێدایە.    

لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچە، د. ئەمیر ئەڵاکەرەم هەورامی، پزیشیکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی، هەناوی، دڵ، سنگ و شەکرە، سەبارەت بە گرنگی پلازمای خوێن، ڕاگەیاند “لە ئێستادا یەکێک لە جۆرەکانی چارەسەرکردنی نەخۆشی کۆرۆنا، بەکارهێنانی پلازمای خوێنی کەسێکی چاکبووەووەی کۆرۆنایە بۆ کەسێکی توشبووی کۆرۆنا، کە باری تەندروستی ناجێگیرە و پێویستی بەو پلازمای خوێنە هەیە، کە گروپی خوێنی هەردووکیان هەمان جۆربن، کەسی بەخشەری پلازماکە دەتوانێت، هەندێک لە پلازماکەی خۆی، کە ١٠٠ سیسییە جیا بکرێتەوە، دەیکەنە جەستەی نەخۆشەکەوە، ئەم پلازمایە دژە تەنەکەی تێدایە، ڤایرۆسی ئەو کەسەی، کە هیلاکە لەناو دەبات و زووتر چاک دەبێتەوە، هەڵبەت تائێستا نە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و نە هیچ ڕیسێرچەری جیهانی نییە لە ١٠٠% گەرەنتی چاکبوونەوەی ئەم نەخۆشییە بکات، نەچووەتە گایرلاینی چارەسەرکردنی نەخۆشی کۆرۆنا و ئەم ڕێگایە وەک ئەزموونێک لە هەندێک وڵات بەکاردەهێندرێت، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان و زۆر وڵاتی تریش”.

سەبارەت بە دیاردەی فرۆشتنی پلازمای خوێن لە هەرێمی کوردستان، د. ئەمیر هەورامی دەڵێت “بەداخەوە لەم ماوەیەی دوایی، چەند حاڵەتێکی فرۆشتنی پلازمای خوێنی نەخۆشی چاکبووەی ڤایرۆسی کۆرۆنا پەیدابووە، کەسی تووشبوو ناچارە، ئەگەر کەسێکی چارەسەری بۆ پەیدانەکات کەسێکی لەدەستدەدات یان وا بیر دەکاتەوە کەسەکەی لەدەست چووە و دەبێت بەم پلازمایە بیهێنێتەوە، بۆیە ئەو کەسە بۆ پەیداکردنی پلازمای خوێن ناچارە ئەگەر هەموو ژیان، ماڵ و سامانیشی بفرۆشێت بیدات بەو پلازمایە، بەڵام ئەمە ڕەوشتێکی مرۆڤایەتی نییە و دوورە لە هەموو بەهاو ئەخلاقێکی ئەو کەسانەی، کە چاکبوونەوەتەوە، خۆیان عەزابی ئەو نەخۆشییەیان بینیوە و ئێستا بێن بازرگانی بکەن بەخوێنی خۆیانەوە و بیفرۆشن بەکەسێکی تووشبوو، کە هێشتا دڵنیا نییە، ئایا ئەم پلازما چارەسەری ئەو کەسە دەکات یان نا”.                     

د. ئەمیر هەورامی، جەختیکردەوە “خۆشبەختانە هێشتا فرۆشتنی پلازمای خوێن، حاڵەتە و نەبووەتە بەدیاردە، کە بڵێن هەموو کەسێک وایە، چونکە خەڵکانێکی زۆر هەن، کە نەخۆشییەکانیان تێپەڕاندووە و ئامادەن خۆبەخشانە پلازمای خوێن ببەخشن، بەڵام هەندێک کەس، کە ژمارەیان زۆر کەمە پەنا بۆ ئەم حاڵەتانە دەبەن، بۆیە داواکارین لە هەموو ئەو نەخۆشانەی، کە چاکبوونەتەوە، هاوکاری ئەوانە بکەن، کە ئێستا تووشی نەخۆشیییەکە بوونە و خۆبەخشانە هەڵسن بەم کارە، چونکە خۆیان نەخۆشییەکەیان بینیوە و هەست بە ئازار و ناڕەحەتی ئەوان دەکەن، لەوانەیە بەخشینی پلازما بەکەسێکی نەخۆش ڕەنگە ببێتە هۆی ڕزگارکردنی ژیانی نەخۆشێکی کۆرۆنا لە مردن، بەهۆیەوە ڕەنگە خوای گەورە لە دەرد و بەڵا و نەخۆشی لای بدات”.

ئامادەیە پلازما ببەخشێت

مەڵبەند ئەحمەد، کارمەندی تەندروستییە و کەسێکی چاکبووەوەی نەخۆشی کۆرۆنایە، دەڵێت “پێشتر تووشی نەخۆشی کۆرۆنا بووم، دۆخی تەندروستیم وەک هەموو نەخۆشەکانی دیکەی کۆرۆنا لە بارێکی نائاساییدا بووە، بەبێ وەرگرتنی پلازمای خوێن نەخۆشییەکەم تێپەڕاندووە، تاڕادەیەک ە قورسی گرتبووم وەک کارمەندێکی تەندروستی ئاگام لە تەندروستی خۆم بووە و لەماڵەوە چارەسەرم بۆ خۆم بەکارهێناوە لەژێر ڕێنمایی پزیشکدا”.     

سەبارەت بە دیاردەی فرۆشتنی پلازمای خوێن مەڵبەند ئەحمەد، دەڵێت “من ئاگاداری ئەوەنیم، کە کەسانێک هەبێت پلازمای خوێن بە پارە بفرۆشێتەوە، بەڵام منیش بیستوومە، کە ئەو دیاردەیە هەیە، ئەمە بەلای منەوە کارێکی باش نییە، چونکە کەسێک، کە خۆی نەخۆشی کۆرۆنای بووە و چاکبووەتەوە، بێگومان دەبێت ئاگاداری بارودۆخی خەڵکی دیکە بیت، کە هەمان حاڵەتی تۆیان هەیە و حەز بکەیت چاک ببنەوە، پلازما بەخشین کارێکی ئاسایییە و هیچ کاریگەرییەکی خراپی لەسەر کەسی بەخشەری پلازماکە نییە، هەتا پێویستبکات ترسی لێی هەبێت، بۆیە زۆر ئاسایییە کەسی چاکبووەوە پلازمی خوێن ببەخشێت بە کەسێکی نەخۆش، لە ڕووی پزیشیکییەوە کەسی چاکبوو دەتوانێت چواردە ڕۆژ دوای تێپەڕاندنی نەخۆشییەکە پلازمای خوێن ببەخشێت، من هێشتا چواردە ڕۆژم تێنەپەڕاندووە، بەڵام بێگومان دوای تێپەڕاندنی ئەو ماوەیە ئامادەم پلازمای خوێن ببەخشم”. 

ڕۆژنامەنووس شۆڕش غەفوری، کەسێکی تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنایە کۆرۆنایە، سەبارەت بە دیاردەی فرۆشتنی پلازمای خوێن، دەڵێت “مرۆڤ بوونەوەرێکی تەماحکارە و هەمیشە بیر لە پارە و بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکاتەوە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت هەموو کەسێک بەو شێوەیە بیر بکاتەوە لەو حاڵەتانەدا، ئەوەی کە بازرگانی بە پلازمای خوێنی کەسێکی چاکبووەوە لە نەخۆشی کۆرۆنا دەکرێت، بەڕاستی لەم کاتەدا ئەمە کارێکی نا مرۆڤانەیە، بەو مانایەی کە تۆ خۆت بەدۆخەکەدا تێپەڕیوی و ئەو ئازارەت چەشتووە، بۆیە دەبێت لە خەم و ئازاری خەڵکی دیکەدا بیت و لە خەمەکانیان تێبگەیت”.  

هەروەها، گوتیشی “بەخشین یەکێکە لە سیفەتە جوانەکان، کە دەبێت لە مرۆڤدا هەبێت، ئەوەی کە نەتوانێت ببەخشێت شایەنی ئەوە نییە کە شتی لێوەربگیرێت ئەگەر بەپارە بێت، بۆیە بەخشینی پلازمای خوێن یەکێکە لە ڕەفتارە جوان و مرۆڤایەتییەکانی هەر مرۆڤێک کە بتوانێت ببەخشێت بە کەسێکی دیکە، کە ئازاری هەیە تا لەو ئازارە تێپەڕێت، زۆر ئاسایییە و کارێکی مارۆڤ دۆستییە، چۆن دەبێت من ئەو ئازارەم چەشتووە و حەزبکەم کەسێکی دیکە بیچێژێت، ئەمە جۆرێکە لە خۆپەرستی و خۆ بەگەورە زانینە و کارێکی زۆر خراپە، بەدڵنیاییەوە هەرکاتێک چاکبوومەوە ئامادەم پلازمای خوێن ببەخشم”. 

پشتیوان سیدیق، تووشبوویەکی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە لەماڵەوە خۆی کەرەنتینکردووە، دەڵێت “ماوەی دەڕۆژە نەخۆشییەکەم گرتووە و تەندروستیم جێگیرە، خەریکە نەخۆشییەکە تێدەپەڕێنم، هەرکاتیكیش بەتەواوی لە نەخۆشییەکە چاکبوومەوە، وەک ئەرکێکی مرۆڤایەتی ئامادەم پلازمای خوێن بە بێ بەرامبەر ببەخشم بە کەسێکی تووشبووی کۆرۆنا”. 

توێژەرێکی کۆمەڵاتی، ئەم جۆرە بازرگانییە زۆر ترسناکە

بەنان وەهاب شەریف، توێژەری کۆمەڵایەتی، سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشی کۆرۆنا، بەنوچەی، ڕاگەیاند “نەخۆشی کۆرۆنا خۆشییەکی بەربڵاوە و ڕەنگە زۆربەی خەڵک نەخۆشییەکە بگرێت، بۆیە دەبێت لەکاتی ئەم کۆرۆنایەدا مامەڵەیەکی دروستبکەین، بۆ ئەوەی هەندێک سیفاتی ئینسانی هەیە وابکەین لەدەستی نەدەین، بۆ نموونە گیانی یارمەتی، هەنگاوی یەکەم دەبێت خەڵک بەشێوەیەکی عەیبە سەری نەخۆشی کۆرۆنا نەکات و وەک هەر نەخۆشییەکی دیکە لە ناو کۆمەڵگادا سەری بکرێت، هەنگاوی دووەم کەمکردنەوەی ئەو ترس و سترێسەیە کە لەسەر خۆمان و خێزانەکانمان درووستمانکردووە”.                                  

لە بارەی کاریگەرییەکانی بازرگانیکردن بە پلازمای خوێنەوە بەنان وەهاب، دەڵێت “فرۆشتنی پلازمای خوێن، لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە کارێکی نەشیاوە، مرۆڤ دەبێت بزانێت لە چ کاتێکدا باشترین شتی هەیە لەدەستی نەدات و خراپترین شتیشی هەیە کە بەرە و پاشی بەرێت، ئەمەی ئێستا بژاردەیەکی دەروونی کۆمەڵایەتییە کە هاتووەتە بەردەستمان، یەکێک نەخۆشی کۆرۆنای هەیە و پێویستی بە چاکبوونەوە هەیە، نەک خێزانێک بەڵکو کۆمەڵگایەک چاوەڕوانی تۆیە دەستی یارمەتی بۆ درێژ بکەیت، لە بەرامبەردا هەموو ئەو خاڵە لاوازانەی کە هەتە، نابێت کارت لێبکەن، بۆنموونە زۆر پێویستت بە ماددەیە و هەژاریت، یان داخێکی زۆرت لە دڵدایە یان ڕقت لە حکومەتە یان ئەو بۆ وادەکات منیش وادەکەم، یان حکومەت بۆ نایکات ئەی بۆچی من بیکەم، بۆیە دەبێت مرۆڤ بزانێت گۆڕانکاری لە تاکەوە دەستپێدەکات و هەموومان بەرپرسیارین”. 

ئەو توێژەرە کۆمەڵایەتییە، دەشڵێت “بۆئەوەی ئێمە بتوانین لە ژێر ئەم بژاردە مرۆڤایەتییە دەربچین، دەبێت دەستی یارمەتی درێژ بکەین بۆ یەکتر، بەبێ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانمان و دەبێت ڕقمان لە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆماندا بێت، ئەوە نەکەین لە داخی حکومەت کە موچەم دواکەوتووە و دەزانین کەسێک پێویستی بەیارمەتییە و یارمەتی نەدەم، لەم کاتەدا تۆش بەم ڕەفتارەت هیچ جیاوازییەکت نییە لەگەڵ ئەو حکومەتەی کە تووندوتیژی بەرامبەر بەکار هێناوی، ئەم دیاردەیە دیاردەیەکی زۆر ترسناکە لەسەر کۆمەڵگە، بەتایبەتی کە کۆمەڵگەی کوردی سەرنج دەخاتە سەر چاولێکەری، بەو پێیەی کە خەڵک چاولێکەری دەکات ئیتر دیاردەکە شەرعییەت وەردەگرێت و لای خەڵک ئاسایی دەبێتەوە کە بەئاشکراش بیفرۆشێت، ئەمە کێشەیەکی زۆر گەورەیە”. 

وەک بەنان وەهاب ئاماژەی بۆ دەکات، ئەم دیاردەیە کاریگەری لەسەر لێکترازانی خێزان هەیە ڕەنگە کێشە بخاتە ناو خێزانەکانیشەوە، چونکە لەوانەیە کەسێک پلازمای خوێنەکەی بفرۆشێت، بەڵام هاوسەرەکەی ڕازی نەبێت، چونکە پێیوایە ئەمە کارێکی نا مرۆڤانە و وای لێدێت کەس متمانە بەکەس  نەکات، گوتیشی “ئەگەر فرۆشتنی پلازمای خوێن ببێتە دیاردە لە ناو کۆمەڵگا زۆر ترسناک دەبێت و بازرگانی دروست دەبێت بەم دیاردەیە و دەبێتە ڕێگایەک بۆ پارە پەیداکردن و خەڵک ویژدانی دەفرۆشێت، کە ڕەنگە دواتر کۆمەڵێک گروپ و مافیا لە پشتی ئەم جۆرە بازرگانییانەوە دروست بێت”.  

مامۆستایەکی ئایینی، نەمانی بەخشین کۆمەڵگا هەڵدەوەشێنێتەوە

ئازاد هەورامی مامۆستای ئایینی، لە بارەی حەڵاڵ و حەرامی دیاردەی فرۆشتنی پلازمای خوێنی چاکبووانی کۆرۆنا بە نوچەی، ڕایگەیاند “فرۆشتنی پلازمای خوێن بە پارە، لە رووی حەڵاڵ و حەرامییەوە ئەوە دەبێت لیژنەی فتوا بڕیاری لەسەر بدەن، بەڵام ئەگەر ئەم جۆرە بەخشینانە ببێتە پارە وای لێدێت بواری هاوکاری کردن و بەخشین لە ناو کۆمەڵگادا نامێنێت، کە ئەمەش کارێکی خراپە”.  

ئەو مامۆستا ئاینییە، دەشڵێت “هەرکاتێک گیانی هاوکاری لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگادا نەما نیشانەی ئەوەیە، کە کۆمەڵگا بەرەو هەڵوەشاندنەوە دەروات، بۆیە بەخشینی پلازمای خوێن بەبێ بەرامبەر بە کەسێکی نەخۆش، کە پێویستی پێیەتی و ڕەنگە ژیانی لە مردن ڕزگار بکات، کارێکی زۆر پیرۆزە و لای خوای گەروە پاداشتێکی زۆری گەورەی هەیە، خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دە فەرموێت (ئەگەر کەسێک بتوانێت کەسێکی دیکە ڕزگار بکات وەک ئەوە وایە کە هەموو مرۆڤایەتی ڕزگار کردبێت)، جا ئەگەر بزانیت بە بەخشینی پلازمای خوێن، کە هیچ زیانێکی بۆ تەندرووستی خۆت نییە، بە کەسێکی نەخۆش ژیانی لە مردن ڕزگار دەکەیت، بەڵام بڵێیت من حەقم نییە بەسەریەوە، بەڕاستی بەمە گوناحبار دەبیت”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com