کۆرۆنا لە روانگەی کۆمەڵناسییەوە

0

نوچە

ئاماری تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئاستی جیهانی تا دێ بەرز دەبێتەوە و ڕۆژانە بە کاتژمێر و بە چرکە گیانی مرۆڤەکان دەستێنێ.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە بارەی شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا هۆشداری دەدات و وڵاتان تا دێ ڕێوشوێنەکان بۆ ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ئەم پەتایە دەگرنە بەر و هاوکات ڕێنیمایی زیاتر بڵاو دەکەنەوە.

بەڵام ڕووداوێک لە ئاستی جیهانی و کۆمەڵگاکان بەڕێوەیە، لەگەڵ دۆخی کۆرۆنا یەکانگیرە و تا دێ پەرە بە بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە و بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان و قوربانیان دەدات.

ئەوانەی، کە تا دوێنێ لە ماڵەکان دەمانەوە و کۆرۆنا تەنگی پێیان هەڵچنیبوو، ئێستا بێ باکانە دێنە سەر شەقام و ژیانی ئاسایی لە سەر شەقامەکان دەست پێدەکەنەوە. پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان ئاسایی بوونەتەوە و مەترسی زیاتری بلاوبوونەوەی پەتاکە رێگە لە هاتنی خەڵک بۆ سەر شەقام ناگرێت، بۆ چی؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە، کە لە دیدی کۆمەڵناسان و زانستی کۆمەڵناسی تیشكی دەخرێتە سەر و وەڵامی بەردەستمان دەداتێ.

پرسیار: بۆ چی سەرباری هەڕەشە و مەترسیەکانی کۆرۆنا، خەڵک ئەم پەتایە نادیدە دەگرن؟ لە ڕوانگەی کۆمەڵناسانەوە ڕەنگە چەندین هۆکاری هەبێت، کە وەک ئاماژەش بووبێ چەند خاڵێک دەخرێتە بەر دیدی خوێنەر:

قەیرانی بێ متمانەیی

یەکێک لە هۆکارەکانی نادیدەگرتنی مەترسیەکانی کۆرۆنا دەگەرێتەوە بۆ بێ متمانەیی کۆمەڵگا بۆ ئەو ئەو لایەنەی، کە بانگەشەی خۆپاراستن دەکات. واتە پێشتر ئەو دامەزراوە نەیتوانیوە وەڵامدەری ویست و داخوازی خەڵک بێت و لە ئێستادا، کە بانگەشە بۆ تەندروستی کۆمەڵگا دەکەن، متمانەیان لای خەڵکی نەماوە. ئەمە زۆربەی وڵاتانی دواکەوتوو دەگرێتەوە، کە لە ئاست ویست و داواکاری و فەراهەم کردنی پێداویستە ڕۆژانەکانی خەڵکی خۆیان، بێ توانان و خەڵک چیدی متمانەیان پێ ناکات.

تەنانەت ئاستی ئەم بێ متمانەییە بە حکومەت تا رادەیەک دابەزیوە، کە بۆ نموونە ئەگەر بگوترێ ئاماری تووشبووان یان قوربانیان بەو ڕێژەیە، خەڵکەکە لە پشت لێدوانەکان هۆکاری سیاسی و ئەمنی دەخوێنێتەوە و بە چاوی گومانەوە لە ئامارەکان دەڕوانن. ئەمەش وا دەکات، کە کۆمەڵگا لەگەڵ حکومەتی خۆی، کە هەڵبژێردرای خۆیەتی یەک نەگرێتەوە و ببن بە دوو جەمسەر. ئەم حاڵەتانە زۆرتر لە وڵاتانی دیکتاتۆری و داخراو ڕوو دەدات.

بوونی قوربانی و توشبوو بە ژمارە بێ ڕۆحەکان

 چۆنیەتی میدیایی کردنی پرسی کۆرۆنا و ئاگادارکردنەوەی خەڵک لە مەترسیەکانی ئەم پەتایە، هۆکارێکی دیکەی نادیدەگرتنی خودی مەترسییەکەیە. زۆر جار دەبینرێ، کە بۆ نموونە وەزارەت تەندروستی وڵاتان تەنها ئاڵوگٶڕ بە ژمارەکان دەکەن. ئەگەر چی ئەم ژمارانە سەرەتاکان ژمارەگەلێکی جیدی  بوون و خەڵکیان هۆشیار دەکردەوە، بەڵام ئێستا، کە کۆرۆنا بە بەربڵاوی ژیانی مرۆڤەکانی تەنیوەتەوە، هەر کە باس لە ژمارەی تووشبووان دەکرێ، هیچ هەستێک لای خەڵک دروست ناکات، بەلكوو ژمارەکان ئاماژەەیک بۆ کۆمەڵێک ژمارەی تووشبوو، کە کۆمەڵگا دەرکیان پێ ناکات و وەک ئەوەی بڵێی ژمارەگەلێکی بێ ڕۆحن، لە کاتێکدا قوربانیەکان و تووشبووان تەنها ژمارە  نین، بەڵکوو مرۆڤن و خاوەن کەرامەت و رێز و مافی ژیانن. لە ئەنجامدا دۆخێک دیتە ئاراوە، کە سەرباری ئامادەبوونی کۆرۆنا لە هەموو شوێنەکان، شایی و پرسە و بازاڕکردن و هاتووچۆکان بەردەوامن، ئەمە مانای وایە، کە کۆمەڵگا لە قووڵایی کارەساتەکە یان تێناگات یان بۆی گرینگ نیە، کە چی ڕوودەدات و ژمارە بێ ڕۆحەکان جێی مرۆڤی گیاندار دەگرنەوە.

زانیاری چەواشەکارانە

ڕاگەیاندنی ئامارەکان لە ڕوویەکی دیکەشەوە یارمەتی بە بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی دەکات. لەو ڕووەوە، کە ڕەنگە ژمارەیەک لە خەڵک تووشی پەتاکە بووبێتن، بەڵام لە نەبوونی پشکنین لە ڕیزی تووشبووان هەژمار نەکرێن. ڕاگەیاندنی ئاماری ئەو کەسانەی، کە ڕەوانی نەخۆشخانە کراون یان ئەوەی، کە بەو هۆیەوە مردوون، نیگای کۆمەڵگای لە سەر ژمارەیەکی زیاتر بەلاڕێدا دەبات، کە لە دەرەوەی نەخۆشخانەکان تووشىوون، بەڵام تێکەڵ بە کۆمەڵگان و تەنانەت ڕەنگە ژمارەیان چەند بەرابەری رێژەی تووشبووان بێت.

نەبوونی گرەنتی  ودڵنیایی

بەرپرسانی حکومەت بەرەدوام باس لە بەکارهێنانی دەمامک و هاتوچۆی بەمەرج و سنووردار دەکەن، ڕۆژێک دەڵێن دەبێ هەموو شۆفیرەکان دەمامک ببەستن، ڕۆژێک مەرجێکی دیکە بۆ خەڵکەکە دادەنێن، ڕۆژێکی دیکە بڕیارەکە دەشکێنن. کۆی ئەم هۆکارانە دەبنە هۆی ئەوەی، کە رێنماییەکان دوای ئەوەی، کە دەردێنە کۆمەڵگا، وەک خۆیان بەڕێوە نەچن. بەو مانایە، کە لێرەدا هیچ گرەنتییەک بۆ بەردەوامی بڕیارەکان بوونی نییە. تەنها لە یەک حاڵەتدا ڕێنماییەکان بەڕێوەدەچن، ئەویش ئەوەیە، کە یەک بڕیاری گشتگیر بۆ هەموو کۆمەڵگا بدرێت و گرەنتی ئەوەی لە پشتەوە بێت، کە جێبەجێ بکرێت؛ بە پێچەوانەوە خەڵکەکە مەترسیەکانی ئەم پەتایە نادیدە دەگرن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com