ئایا ئامانجی سەرەکی تورکیا پەکەکەیە؟

0

ئەسعەد مورادی

پێش دەستپێکردنی هێرشەکانی شەوی چواردەی حوزێرانی ئەمساڵ، شاندێکی حکومەتی تورکیا، کە سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئەو وڵاتە سەرۆکایەتی دەکرد، سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عیڕاق کۆبوونەوە. دوای چەند ڕۆژێک هێرشی بەربڵاوی فڕۆکەی شەڕکەری ئێف – 16 و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تۆپخانەکانی تورکیا، لەسەر چەندین ناوچەی جیاوازی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد. وەکو دەستەواژەیەکی هەمیشەیی بەرپرسانی ئەنقەرە، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکەنە بیانوو بۆ هێرشە داگیرکارییەکانیان بۆ سەر خاکی هەرێم و عیڕاق. 

هێرشەکان نوێ نین، درێژکراوەی ئەو هێرشانەن کە ماوەی ساڵێکە بەردەوامە، بەڵام ئەوەی هێرشی ئەمجارەی تورکیا لە هێرشەکانی پێشوو بۆ سەر هەرێمی کوردستان جیا دەکاتەوە، هەمئاهەنگی تەوای داگیرکەرانی کوردستانە، بەتایبەتی هەمئاهەنگی نێوان ئێران و تورکیایە. بۆمبارانکردنی دەڤەری حاجی ئۆمەران لەلایەن تۆپخانەکانی ڕژێمی ئێران بەشێوەیەکی هاوتەریب لەگەڵ هێرشی ئاسمانی ڕژێمی تورکیا بۆ سەر کامپی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور و شوێنەکانی تری هەرێم پێمان دەڵێن کە لایەنی سێێەمیش بەشدارە لەو هێرشانەدا ئەویش بێدەنگی هەرێم وعیڕاقە!

لە ماوەی دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ سەر پێگەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، تاوەکو ئێستا چوار کەسی سڤیل لە سنووری قەزای ئامێدی گیانیان لەدەستداوە.

لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا و لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی “چڕنووکی پڵنگ”، تورکیا لە 24 شوێنی ستراتیژیی سنووری ناحیەی باتیفا جێگیربووە، پێشتر و لە 37 ساڵی رابردوودا 24 بنکەی دیکەی سەربازیی لە سنووری نێروەییەکان و کانێ ماسێ داناوە. بەرپرسێکی سەربازیی لە ناحیەکە دەڵێت، “ئەگەر رێگریی لە ئۆپەراسیۆنی تورکیا نەکرێت، پلان هەیە هەرسێ ناحیەی کانی ماسێ، باتیفا و دەرکارێ بەتەواوی لەلایەن تورکیاوە کۆنترۆڵ بکرێن.”

لە ئۆپەراسیۆنی ئەمجارەیدا بە درێژایی 45 بۆ 50 کیلۆمەتر و قووڵایی 15 بۆ 30 کیلۆمەتر هاتووەتە نێو سنووری ناحیەی باتیفا. بۆیە ئێستا حکومەتی عێراق هێزەکانی پاسەوانیی سنووری لە سێ شوێن لە سنووری هەردوو شارۆچکەی باتیفا و دەرکار نزیک ئەو ناوچانەی لەلایەن تورکیا بۆردووماندەکرێن، جێگیرکردووە، لە هەر یەکە لە بەرزاییەکانی کەلا شابانیێ و سیار بەنا لە سنووری باتیفا و کەلا دێرێ لە سنووری شارۆچکەی دەرکاری سەر بە قەزای زاخۆ.

کۆمکاری عەرەبی
”ئەو خەیاڵەی تورکیا
لەم سەردەمەدا جێی نابێتەوە”

رۆژی 22ـی مانگی رابردوو بۆ ئاگاداربوون لە رەوشی ناوچە سنوورییەکانی نێوان باشوور و باکووری کوردستان، شاندێکی باڵای سەربازیی عێراق بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان سەردانی دهۆکی کرد. شاندە باڵا سەربازییەکەی عێراق بە سەرۆکایەتیی فەریق روکن حامید عەبدوڵڵا، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پاسەوانی سنووریی عێراق بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان سەردانی پارێزگای دهۆکیان کرد.(١)

هەڵوێستی کۆمکاری عەرەبی

لە رۆژی 15-6- 2020, کۆمکاری عەرەبی دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر خاکی باشوری کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە: هێرشی سەربازیی تورکیا بۆ سەر وڵاتانی عەرەبی لە سوریا لیبیا عێراق، سەرچاوەی پشێوییە و مایەی قبوڵ نییە، لەلایەن هەموو دەوڵەتانی عەرەبییەوە ڕەت دەکرێتەوە.

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەی کۆمکاری عەرەبیدا هاتووە: ئەو هێرشە فراوانەی تورکیا پێشینەی مێژووی هەیە، ئەو خەیاڵەی تورکیا لەم سەردەمەدا جێی نابێتەوە و هێرشەکانی دژی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

کاردانەوەی دیپلۆماسی حکومەتی عێراق

لە راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 18-06-2020 بڵاویکردووەتەوە هاتووە: بۆ جاری دووەم فاتیح یەڵدز، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق بانگهێشتکراوە و “پەیامێکی تووند”ی پێدراوە، کە بەخێرایی هێرشەکانیان رابگرن و هێزەکانیان لە عێراق بکشێننەوە. هەروەها رایگەیاندووە “بەتووندترین شێوە دووبارە پێشێلکردنی سەروەریی عێراق لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە لە 17ی ئەم مانگە سەرکۆنە دەکەین، چونکە ئەو هێزانە بۆردوومان دەکەن و هێرشیانکردە سەر چەند ئامانجێک لەنێو سنووری نێودەوڵەتی عێراق، ئێمە ئەو پێشێلکارییانە رەتدەکەینەوە کە پێچەوانەی پەیمان و یاسا نێودەوڵەتییەکانن”.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژە بەوە دەکات “حکومەتی عێراق جەختدەکاتەوە، کە تورکیا هۆکاری زیاتر تێکچوونی ئاسایش بوو لە ناوچەی سنووریی نێوانمان، چونکە پرۆسەی ئاشتی کە لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان لە ساڵی 2013 دەستیپێکرد بووە هۆی جێگیربوونی زۆر لە ئەندامانی ئەو پارتە تورکییە لەنێو خاکی عێراق، بەبێ رەزامەندی یان راوێژکردن لەگەڵ عێراق، ئەوەش وای لێکردین ئەوکات لە ئەنجوومەنی ئاسایش سکاڵا تۆماربکەین”.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوای راگرتنی بۆردوومانەکانی تورکیا دەکات و دەڵێت “هێزە دەستدرێژیکارەکانی لە خاکی عێراق بکشێنێتەوە کە دوێنێ هاتنە چەند ناوچەیەک، هاوکات هێزەکانی لە ناوچەکانی جێگیربوونیان لە سەربازگەی باشیک و ئەوانی دیکە بکشێنێتەوە.”

وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە مافی دەزانێت هەموو رێکارەکان بگرێتەبەر بۆ پاراستنی سەروەری و سەلامەتی گەلەکەی بە داواکردن لە ئەنجوومەنی ئاسایش و رێکخراوە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بەوەی ئەرکی خۆیان راپەڕێنن.

ئەوە دووەمجارە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بانگهێشتی باڵیۆزی تورکیا دەکات، سێشەممەی رابردوو، بەهۆی بۆردوومانی تورکیا بۆ سەر چەند ناوچەیەک لە هەرێمی کوردستان و شنگال، باڵیۆزی تورکیای لە بەغدا بانگهێشتکرد و یاداشتنامەیەکی ناڕەزایەتی رادەستکرد.

ئەحمەد سەحاف گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی عیراق رایگەیاند، سەدان كۆمپانیای بازرگانی و ئابوری توركیا لە عیراقدا كاردەكەن، بەڵام تائێستاش وەزارەتی دەرەوەی عیراق وای دەبینێت چارەسەری سیاسی و پێویستی درێژەدان بە هاریكاری نێوان هەردوولا بنەمایە بۆ كەمكردنەوەی بارگرژی و كۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە یەكلایەنییەكان.

وتەبێژەكە بە كەناڵی سكای نیوز عەرەبی وتوە “كۆمەڵێك ئاماژە و بەرژەوەندی هەن، كە عیراق دەیخاتە پاكێجی لەپێشینەی بۆ پێداچونەوەیەكی خێرا…دەیان كۆمپانیای توركی هەن لە بەغدا و باڵانسی بازرگانیش لە بەرژەوەندی عیراقە”.

هەروەها جەختی لەوەشكردوە، كە عیراق دەتوانێت داوای دانیشتنی بە پەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بكات یاخود كۆبونەوەی ئاستی وەزیرانی دەرەوەی جامیعەی عەرەبی سەرەڕای گرتنەبەری كۆمەڵێك رێوشوێنی پەیوەندیدار بە لایەنی ئابوری.

ئەحمەد سەحاف وتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی عیراق جەخت لەوەش دەكاتەوە، عیراق دەیەوێت زیاتر پەنا بۆ بنەماكانی دراوسێیەتی باش، پابەندبون بە یاسا نێودەوڵەتییەكان ببات، كە جەخت لە پێویستی رێزگرتن لە سەروەریی نیشتمانیی دەكەنەوە..هەروەك پێویستە خاكی عیراق بۆ زیانگەیاندن بە هیچ وڵاتێكی دراوسێ بەكارنەهێنرێت.

لە كۆتاییشدا وتی “هەر دەبێت درێژە بە هاوئاهەنگی و دیالۆگی نێوان هەردوولا بدرێت، چونكە ئەو ئۆپەراسیۆنانە ئاستی بارگرژی زیاتر بەرزدەكاتەوە و هیچ ئەنجامێكیشیان نابێت”.(٢)

کاردانەوەی سەربازی حکومەتی عێراق

فەرماندەی هێزی یەكەی پاسەوانیی سنووری سەر بە هێزەكانی حكوومەتی عیراق دەڵێ، لەبەر ئەو گرژییانەی لە نێوان هێزەكانی توركیا لەنێو خاكی عیراق و هەرێمی كوردستاندا ڕوویان دا، دەستیان بە جووڵە كردووە بۆ ئەوەی هێزە بیانییەكان لە خاكی عیراق دوور بنەوە.

دلێر فەرزەندە زێباری، فەرماندەی هێزی یەكەی پاسەوانی سنووری سەر بە هێزەكانی حكوومەتی عیراق

دلێر فەرزەندە زێباری فەرماندەی هێزی یەكەی پاسەوانیی سنووری سەر بە هێزەكانی حكوومەتی عیراق بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندووە: “هەر دوای ئەم گرژییانە، حكوومەتی عێراق لیژنەیەكی پێك هێنا و دەستیان بە جووڵەی هێزەكانیان كرد و لە سەرەتای ئەم مانگە هاتنە قەزای زاخۆ و لە چەند شوێنێك بارەگایان دانا بۆ ئەوەی شەڕی نێوان پەكەكە و توركیا زیاتر نەیێتە نێو خاكی عێراقەوە.”

وتیشی: “لە پێنج شوێن نیشتەجێ بووین، ئەو شوینانەش شوێنی ستراتیژین لە زنجیرە چیای كێرە و قەڵای شەهبانیێ.”

باسی لەوەشكرد: “هەبوونی هێزەكانی سنوور و جیگیربوونیان شتێكی نوێ نییە، پێشتریش هێزەكانمان لە سنوور هەبوون.”(٣)

فاکتەرە گرنگەکان چین

د. سەردار عەزیز، لە نوسینێکدا لەبارەی هێرشی ئاسمانی سەر باشوری کوردستان دەڵێت، بۆ خوێندنەوەی ئەم هێرشە لەم کاتەدا دەبێت چەند فاکتەرێک لە بەرچاو بگرین، لەوانە:

یەکەم، هەدەپە بە نیازی ڕێپێوانە، ئەم هێرشە بۆ هەڕەشەیە لە سەر ئەوان و هەروەها بۆ ختوکەدانی یادەوەری تورکە بە پرسی پەکەکە، وەک هێرشێکی پڕوپاگەندەیی بۆ سەر هەدەپە.

دووەم، هێرشەکە چەند ڕۆژێک دوای سەردانە نهێنییەکەی حەقان فیدان دێت بۆ بەغدا. حەقان نزیکایەتی لەگەڵ کازمیدا هەیە، چونکە کازمی کاری پێشوی بەرپرسی دەزگای ئیستخبارانی عێراقی بو، لە ڕێگای ئەو کەناڵەوە پەیوەندییان هەبوە. بە دڵنیاییەوە، پرسی ئەم هێرشە تاوتوێکراوە.

سێیەم، دەستپێکردنی گەڕی یەکەمی دانوستانی ئەمریکا و عێراق، تورکیا دەیەوێت ئەم پرسەش بکاتە پرسێکی دانوستان لە مانگی داهاتودا.

چوارهەم، سەردانی نهێنی مەزلوم کۆبانی بۆ بەغدا، پاڵنەری سەرەکی سەردانەکی حەقان فیدان بوو، هێرشەکانیش بۆ هەمان مەبەستە.

ئەمڕۆ یەكشەممە، شاندێكی پەرلەمانی كوردستان بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە رەوش و گوزەرانی ھاووڵاتیان، سەردانی ناوچە سنوورییەكانی پارێزگای ھەولێریان كرد، ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت، هەوڵ دەدەین لە رێگای دەزگا فەرمیەكانەوە ئاگاداری توركیا و ئیران بكەینەوە كە ڕێز لە سنوورەكانمان بگرن.

لەلێدوانێکی تایبەت بەنوچە، عوسمان سێدەری، ئەندامی لیژنە هاوبەشەکە نوێیەکە و ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کودستان لە “فراکسیۆنی یەکێتی”، لەبارەی سەردانیان بۆئەو ناوچانە راگەیاند: بە مەبەستی ئامادەكردنی ڕاپۆت و بەدواداچوونی تۆپباران و هێرشەكانی سەر هەرێمی كوردستان لە لایەن توركیا و ئێرانەوە سەردانەکەیان کردووە.

عوسمان سێدەری گوتی، دەیانەوێت بزانن چی لەو ناوچانە دەگوزەرێت و دۆخی هاوڵاتیان چۆنە. دەشڵێت ”ئێمە لە ڕاپۆرتێكدا هەموو زیانەكان و پێشێلكارییەكان تۆمار دەكەین و ئامادەی دەكەین بۆ ئەوەی دانیشتنێكی پەرلەمان تایبەت بكەین بەم بابەتە، دواتر بەو بڕیارانەی دەردەکرێن هەوڵ دەدەین لە رێگای دەزگا فەرمیەكانەوە ئاگاداری توركیا و ئیران بكەینەوە كە ڕێز لە سنوورەكانمان بگرن.

لە ٢٠٠٣ پەرلەمانی کوردستان بڕیارێکی دەرکرد بۆ کردنە دەرەوەی هێزەکانی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان، بەڵام جێبەجێ نەکرا، ئایا ئەم جارە هیچ ئەنجامێکی کرداریی دەبێت، لەم بارەیەوە سێدەری گوتی: ئێمە هەوڵ دەدەین بەوپەڕی تواناكانمان ئەم بەدواداچوون و ئەم ڕاپۆرتەمان كاری گەری خۆی هەبێت لەسەر ئەو هێرش و بۆردوومان و تۆپبارانانە.

سەرچاوەکان:

١_ https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/0407202011

٢_ https://www.radionawa.com/Ku/all-detail.aspx?jimare=37085

٣_ https://www.radionawa.com/Ku/all-detail.aspx?jimare=37076

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com