موچەی مانگەکانی رابردوو چۆن دەدرێت

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەپێی یاسای چاکسازی ڕێکخستەنەوەی مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەران و مووچە خۆرانی هەرێم، لە دوای ١ ی ٧ ی ٢٠٢٠ وە دەبێت.   

(پێنجشەممە ١٦-١-٢٠٢٠)، لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستاندا بە دەنگی ٨٩ پەرلەمانتار، پڕۆژەیاسای چاکسازی بە تێکڕای بڕگە و ماددەکانی پەسەند کرا، دواتر یاساکەی ڕەوانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا و حکومەت لەماوەی ٩٠ ڕۆژدا توانی یاسای چاکسازی بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە واتە لە (١-٧-٢٠٢٠) یاساکە چووەتە بواری جێبەجێکردن، ئەوەی جێگای نیگەرانی فەرمانبەران و مووچە خۆرانی هەرێمە، ئەوەیە کە چارەنووسی مووچەی مانگەکانی ٣، ٤، ٥  و ٦ ی ئەمساڵیان چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.   

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، ئەرشەد لولانی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، لە بارەی گرنگی جێبەجێ کردنی یاسای چاکسازی رایگەیاند: یاسای چاکسازی یاسایەکی زۆر گرنگبوو، کە پەرلەمانی کوردستان دەریکردووە و ئێستاش یاساکە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە چووەتە بواری جێبەجێکردن، لەو بڕوایەدام، کە حکومەتی هەرێم بە زووی کاری لەسەر دەکات و پەلەمانی کوردستانیش چاودێری ووردی جێبەجێ کردنی یاساکە دەکات.  

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ڕاپۆرتی خۆی لەسەر یاسای چاکسازی و سەرجەم ئەو پەیڕەوانەی، کە حکومەت بۆ یاساکە دەری کردوون، ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان دەکات.   

سەبارەت بە چارەنووسی مووچەکانی پێش مانگی ٧-ی مووچەخۆران و فەرمانبەران، کە لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە، ئەرشەد لولانی، دەڵێت “بەپێی یاسای چاکسازی، کە لە ١-٧-٢٠٢٠-وە چووتە بواری جێبەجێکردن، ڕێکخستەنەوەی مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەران و مووچە خۆرانی هەرێم، لە دوای ئەو مایەوەیە دەبێت، واتە مووچەی مانگەکانی پێش ١-ی ٧، کە ئێستا لەلای حکومەتی هەرێمی کوردستانە، فەرمانبەران و مووچە خۆرانی هەرێم وەک مانگەکانی ڕابردوو وەری دەگرن”.  

لای خۆشیەوە عەباس فەتاح، جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە میکانیزمی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە ڕووە یاسایییەکەیەوە بەسەر مووچە خۆران، بەنوچەی، ڕاگەیاند، هەر یاسایەک کە دەر دەچێت لە پەرلەمانی کوردستان، لەو ڕۆژەی کە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، دەبێت لەو ڕۆژەوە یاساکە جێبەجێبکرێت، ئەگەر پێچەوانەی ئەوە بکرێت ئەوا پێچەوانەی یاساکەیە”.    

جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، گوتیشی “پرسی ڕێکخستنەوەی مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەران و مووچە خۆرانی حکومەتی هەرێم لە یاسای چاکسازی، لە ڕووی یاسایییەوە دەبێت لەو ڕۆژەوە دەستپێبکات، کە یاساکە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، واتا یاساکە لە مانگی ٧ جێبەجێکراوە، دەبێت لەو مانگەوە مووچە و دەرماڵەکان ڕێکبخاتەوە”. 

عەباس فەتاح، دەشڵێت ”تاکو ئێستا هیچ ئاسەوارێکی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی دیار نییە، بۆیە جارێ زوو قسەی لەسەر بکەین، بەڵام کە سێک کە دوو مووچەی بە نایاسایی وەرگرتووە دەبێت ڕابگرێت، چونکە بەنایاسایی وەری گرتووە و بابەتەکە پەیوەندی بە مانگەکانی ڕابردووەوە نییە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com