كۆرۆنا و لێكەوتە كۆمەڵایەتییەكانی

0

شلێر سەعید 

توێژەرێک دەڵێت، چەندین خێزان بەهۆی خراپی بژێوی ژیانیان لێکجیابوونەوە و چەندان لێک تۆران و چەندان گەنج بە تەمای ئەنجامدانی پرۆسەی هاوسەرگیری بوون، کەچی بیرۆکەی لەلا نەهێشتن، بەهۆی داڕمانی باری دارایی و نەبوونی کار و کاسبی و ترسی نەخۆشی و دڵەڕاوکێ لە داهاتوو، ئەمەش وا دەکات چەندان کچ و کوڕ لە پرۆسەی هاوسەرگیری دوابکەون.

گەنجێک دەلێت، كۆرۆنا دەرگای خێر بوو چونكە بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆ كەسوكارم نەیان توانی بچن بۆ كوشتنی خۆشەویستەكەم.

ڤایرۆسی كۆرۆنا كاریگەری دروست كرد لەسەر ژیانی هەموان و شوێن پەنجەی لە هەموو شوێنێكی ژیانمان جێهێشت، بەشێوەك هەموو وڵاتانی سەرقاڵ كرد و سنورەكان داخران و خوێندنگاكان داخران و یەك لە زانایان بەناوی باتریس بورد، لە قوتابخانەی خوێندنی باڵای لە زانستی كۆمەڵایەتی دەڵێت: ڤایرۆسەكە هەڕەشەیەك بوو بۆ سەر ژیانی كۆمەڵایەتی؛ شێوەی لە شەڕی ناوخۆ دەچێت و هەركەسەو لە دراوسێیەكەی دەترسێت، هاوكات تاقیكردنەوەیەك بو بۆ كۆمەڵگا و بەشەریەت.

لە پەیوەدندیەكی تەلفۆنی كۆتایی بە خوازبێنیەكە هات بەهۆی كۆرۆنا

دایكی بەسؤز جلی كوردیان دوری پێش ئەوەی ڕێگاكان دابخرێن، بەو شێوەیە بە نوچەی گوت، كورەكەهاتە داخوازی كچەكەمان و ئێمەش وتمان بە پێی دابونەریت دەبێت بیێن ماڵەوەتان ببینین و بزانین كێن پاشان وەڵامتان دەدەینەوە، بەڵام ئەوە زۆری برد بەهۆی نەبوونی ڕێگا نەمانتوانی بچین نەلێیان بپرسین دوای 3 مانگ ئەوان هاتن و ئێمە چوین و تا ڕادەك ڕێكکەوتین بڕیار بوو بێن مارەی بكەن.

دایكی بەسؤز دەڵێت، دیسان ڕێگا گیرایەوە، بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا و چاوەڕێمان دەكرد بێن، بەڵام لە پەیوەندییەكی تەلفۆنیدا گوتیان ڕێگاكە گیراوەتەوە و ئێمە توانای ئەو هاتوچۆیەمان نییە و كۆتایی بە خوازبێنیەكە هات بەهۆی كۆرۆنا.

زەینەب ناوێكی خوازراوی كچێكی تەمەن 19 ساڵە، کە قوتابی ئامادەییە، ئەو بۆ چارەسەركردنی كێشەكەی لەگەڵ خۆشەویستەكەی ڕووی كردە یەك لە سەنتەرەكانی تایبەت بە چارەسەری كێشەكان لە ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكان، بەهۆی ئەوەی زەینەب یەكێكە لە پەنابەران دەتوانێ‌ سەردانی ئەو سەنتەرانە بكات، بەڵام ئەو ئێستا دەڵێ‌ كۆرۆنا كێشەكەی بۆ چارەسەركردم پێش پسپۆری پاڵپشتی دەروونییەكە.

كۆرۆنا دەرگای خێر بوو، چونكە بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆ كەسوكارم نەیان توانی بچن بۆ كوشتنی خۆشەویستەكەم

زەینەب باسی كێشەكەی بۆ نوچە دەگێرێتەوە و دەڵێ‌ كوڕێكم خۆشویست ئەویش منی خۆشویست، بەڵام ئەو زۆر لەمن دوور بوو لە نەتەوە و ئایینم نەبوو، بۆیە كاتێك كەسوكارم بەوەیان زانی، بڕیاریان دا خۆشەویستەكەم بكوژن و منیش بەشوو بدەن.

زەینەب لە بەشیَكی دیكەی قسەكانی دەڵێت، بۆ من كۆرۆنا دەرگای خێر بوو، چونكە بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆ كەسوكارم نەیان توانی بچن بۆ كوشتنی خۆشەویستەكەم و دوایی وازیان لێهێنا بەو مەرجەی چیدی ئێمە یەكتر نەبینین و بەهەمان شێوە بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆ منیش شوکردنە بە زۆرەكەم شكستی هێنا، بۆیە هەر دەڵێم بەخێرهاتی كۆرۆنا.

بڕیار مشیری، پارێزەرە پێی وایە كۆرۆنا بۆ هەندێك خێر و بۆ هەندێك شەڕ بووە.

ئەو پارێزەرە لە لێدوانێكی بۆ نوچە دەڵێت: زۆر كێشە لەم ماوە رووی دا، كە كۆرۆنا سەریهەڵدا ئەویش بۆهەندێكیان مایەی خێر بو و بۆهەندێك بۆیە مایەی ناخۆشی و لێك جیابونەوە.

ئەو پارێزەرە گوتیشی، ناخۆشترین كەس بینیم نێوانی دوو گەنج تێكچوو نەیان توانی هاوسەرگیری بكەن بەهۆی ئەوەی دەبوو بچنە هەولێر پشكنینی هاوسەرگیری بكەن و دووجار لەو ڕێگەیان دا مۆڵەتیان پێنەدرا و گەڕانەوە لە ئەنجامدا نێوانی ئەو كوڕ و كچە تێكچوو-و هاوسەرگیریەكە هەڵوەشایەوە. 

لێکەوتەکان

عوبێد خدر گۆمەشینی، توێژەر و رۆژنامەنووس لە گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ نوچە دەڵێت، ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری زۆری لە رووی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و تەنانەت کولتوورییەوە هەبوو، سەردەمی کۆڕۆنا زۆر جیاواتر بوو لە سەردەمی بەر لەم ڤایرۆس و پەتایە، چونکە نەخۆشییەکی لەناکاو و نادیار و جیهانییە، لە کۆندا تاعوون و پەتای جۆربەجۆر یەخەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی گرتووە، بەڵام گوندێک یان ناوچەیەک یان وڵاتێک یان چەند وڵاتێک گرتۆتەوە، بۆ وڵاتانی دیکە بڵاونەبۆتەوە، بەڵام ڤایرۆسی کۆرۆنا چەندین واتای گرنگی بە مرۆڤایەتی بەخشی، بۆ مرۆڤەکانی سەلماند، کە لەوانەیە ڤایرۆسێکی بەچاو نەبینراو هەموو ژیانی کۆمەڵگە و جیهان بشێوێنی و ئەو هەموو تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەی وڵاتان شانازی پێوە دەکەن تەنانەت ناتوانێ رێگری لێبکەن و چارەسەری بکەن، کەواتە جیهان ئەو گوندە بچووکەیە لەوانەیە بە بچووکترین ڤایرۆس و پەتا سەرنخوون بێت و لەناو بچێت.

 ئەو  توێژەر پیی وایە سەردەمی دوای کۆرۆنا زۆر جیاوازتر دەبێت لە سەردەمی کۆرۆنا و سەردەمی بەر لە کۆرۆنا، ئەوە بە زەقی رەنگدانەوەی لەسەر ژیان و تێکڕای کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی کردووە، وایکرد مرۆڤ نەتوانێ سەردانی ئازیزترین کەس و نزیکترین کەسی خۆی بکات، تەنانەت نەتوانێ بەشداری لە پرسە و رووداوی جەرگبڕی خۆی بکات، دایک و باوکی لە منداڵەکانی دابڕاند و منداڵەکانی لە دیدەنی و سەردانی دایک و باوک و خوشک و براکانی بێبەش کرد، ئەمەش کاریگەری زۆر لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و خزمایەتییەکان کرد. چەندانی وا لێکرد بۆ ماوەی چەند مانگێک نەتوانن یەکتر ببینن، تەنانەت لەکاتی نەخۆشی و ناخۆشیش یەکتر بەسەر بکەنەوە و دڵنەوایی یەکتر بکەن، نێوانی شار و لادێکانی ئەوەندە دوورخستەوە وەک ئەوەی هەریەکە لەوڵاتێک و لە کیشوەرێکی دیکە بێت و تەنیا بەهۆی تەلەفۆن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئاگاداری بارودۆخی یەکتر بن.

“تاکی کورد ئەمساڵ وا هەست دەکات لە دۆزەخدا ژیاوە هەستی بە ئارامی و خۆشی نەکردووە”

ئەو  توێژەرە زیاتر باسی کاریگەری بابەتەکە دەکات و دەڵێت، ئەوانەی باسمانكرد کاردانەوەی لەسەر باری دەروونی تاک کردووە و وایکرد تووشی دڵەڕاوکی و ترس و بێ ئومێدی ببێت، وا هەست بکات ئیتر جارێکی دیکە ژیان وەک خۆی جوان نابێتەوە و ئەوەی جاران ئاسان و ئاسایی بوون ئێستا بوونەتە زەحمەت و ئەستەم، بەتایبەتی لە کاتێکی زۆر هەستیاری ساڵ سەریهەڵدا بەهۆی نزیکبوونەوەی بەهار و نەورۆز و جەژنی رەمەزان، کە ساڵانە هاوڵاتیان خەریک خۆ ئامادەکردن بۆ بەهار و سەیران دەبوون و جلوبەرگ کڕین و چوونە نەورۆز، بۆیە تاکی کورد ئەمساڵ وا هەست دەکات لە دۆزەخدا ژیاوە هەستی بە ئارامی و خۆشی نەکردووە.

“هەندێک ناویان ناوە ساڵی شووم، ساڵی نەهامەتی و دەردەسەری”

 عوبید خدر دەشڵێت جگە لەوەی بەهۆی خراپی بارودۆخی سیاسی و ئابووریش کاردانەوەکان زیاتر بوون، نەبوونی بژێوی ژیان و نەبوونی ئاسۆیەک بۆ تەواو بوونی ئەم پەتایە، ترس و دڵەڕاوکێ ئەمانە هەموو بوونە هۆکاری تێکچوونی شیرازەی خێزان و چەندین خێزان بەهۆی خراپی بژێوی ژیانیان لێک جیابوونەوە و چەندان لێک تۆران و بەردەوام ژاوەژاو و هاتوهاوار لەنێوان ئەندامان خێزان، بارودۆخێکی سەخت و قورسی بۆ تاکەکان دروست کردووە، چەندان گەنج بە تەمای ئەنجامدانی پرۆسەی هاوسەرگیری بوون کەچی بیرۆکەی لەلا نەهێشتن، بەهۆی داڕمانی باری دارایی و نەبوونی کارو کاسبی و ترسی نەخۆشی و دڵەڕاوکێ لەداهاتوو، ئەمەش وا دەکات چەندان کچ و کوڕ لە پرۆسەی هاوسەرگیری دوابکەون و نەتوانن هاوسەرگیری بکەن.

“خەریکە کۆمەڵگەی کورد بەتەواوی لەبەریەک هەڵبووەشێتەوە”

رەنگە هەر تەنیا ئەو ڤایرۆسە هۆکار نەبێت، بەڵکو هۆکارەکان دەرئەنجامی کەڵکەبوونی چەند ساڵەن، وەک نەبوونی دەرفەتی دامەزراندن و نەبوونی دەرفەتی کار و نەبوونی موچە و داهاتێکی جێگیر، کەواتە کۆرۆنا کێشەکانی قووڵتر و ئاڵۆزتر کرد، کۆمەڵگەیەکە بەردەوام لەناو کێشە و ناسەقامگیری سیاسی و دارایی دەژیت، بۆیە خەریکە کۆمەڵگەی کورد بەتەواوی لەبەریەک هەڵبوەشێتەوە، گەر رێگەچارە بۆ کێشە دارایی و سیاسییەکان نەدۆزنەوە، چونکە کۆمەڵگە بە قۆناغێکی سەختی کۆمەڵایەتی تێدەپەرێت لە رووی لە دەستدانی بەها کۆمەڵایەتی و نەریتە رەوشتی و رەفتارییەکان.

مرۆڤەکان پێویستە دوای تەواوبوونی ئەم سەردەمە پڕ لە بەدبەختییە بەخۆیان دابچننەوە و ژیان بەجۆرێکی دیکە و بەشێوازێکی دیکەی باشتر بونیاد بنێنەوە، خێزان رێچکەیەکی دیکە بۆ پەروەردە و لەئامێزگرتنی ئەندامەکانی بەکار بهێنێ.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com